Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە قارەمانی زیندان, نەمر مەنسوور ئاڕوەند

نەمر مەنسوور ئاڕوەند کوڕی (ڕەحمان) و (خەدیجە ڕەحیم سووری) لە ڕێکەوتی ٣١/٠٦/١٣٥٤ لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. هەر لەو شارە خوێندنی خۆی تا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپڵۆم درێژە پێدەدات. بە هۆی خۆشەویستییەکی زۆری بۆ وەرزش و بە تایبەت وەرزشی زۆرانێ (کوشتی)، بوو بە کەسێکی دیار لەو وەرزشەدا. ئەو کە کەسێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن ڕەوشتێکی بەرز بوو، بەردەوام هەوڵی دەدا کە لە ڕێگای وەرزشەوە خزمەت بە لاوان و هاوڵاتیانی خۆی بکات و لە هەوڵی ئەوە دابوو کە لە داو و تەڵەکەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەدووریان بگرێ. بۆ ئەو مەبەستەش باشگایەکی وەرزشی ڕێکخست و بە زووترین کات ئەو باشگایە بوو بە جێی متمانەی لاوان  و خەڵکی شار. پاش ماوەیەک  زەماوەند دەکات و دەبێتە خاوەن منداڵێک.

mansoor Arwand (1)

نەمر مەنسوور لە ساڵی ١٣٨٢ ڕا بە فەرمی پێوەندی بە شانە نستووەکانی حدک دەکات و وەک ئەندامی نهێنی ئەو حیزبە کار و چالاکییەکانی ڕادەپەڕێنێ تا بە داخەوە لە ساڵی ١٣٩٠ دەکەوێتە ژێر چاوەدێری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و دەیگرن. بۆ ماوەی چەند مانگان لە ژووری تاکەکەسیدا دەیهێڵنەوە و نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکانی لەسەر تاقی دەکەنەوە. ئەو نەمرە سەرەڕای ئەو ئەشکەنجە دژوارانە، هیچکات بە چۆک دانایەت و ناتوانن ورەی پۆڵایینی بڕۆخێنن و زانیاری لێوەربگرن. جەلادەکانی کە ئەو خۆڕاگرییە بێوێنەیەی لێدەبینن و بێهێوا دەبن لە وەرگرتنی زانیاری لە نەمر مەنسوور ئینجا وازی لێدێنن و پاشی تێپەڕاندنی یەک ساڵ لە زیندانبوونەکەی، حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنن. ئەو حوکمە بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ورەی پۆڵایینی ئەو قارەمانە ناکات و بەوپەڕی ورەوە دەبێتە پشت و پەنای گشت زیندانییەکان، تا ئەو جێگایەی کە لە ساڵی ١٩٩٣ بە هاوکاری باقی بەندکراوەکان چالاکییەکی مانگرتن  لە زیندانی ورمێ ڕێکدەخەن و بناخەی زوڵم لەو زیندانەدا دەلەرزێنن.

ڕێک هاوتەریب دەگەڵ ئەو دۆخەدا پڕۆسەی ناڕەزایەتی دەرحەق بە حوکمە نادادپەروەرانەکەی ئێستا کۆتایی پێنەهاتبوو کە جەللادانی ئیدارەی ئیتلاعات حوکمی ئێعدامەکەی بۆ وەپێش دەخەن و لە بێدەنگی خەڵک و بنەماڵەکەیدا ئێعدامی دەکەن و دوو یا سێ حەوتوو دواتر واتە ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ی 24ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٤ بنەماڵەی ئەو قارەمانە لە ئێعدام کردنی ئاگادار دەکەنەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهید کرانی ئەو لاوە قارەمانە، نەک هەر شاری مەهاباد، بەڵکوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ مەرگی ئەو ماتەمبار بوو. کۆماری ئیسلامی کە تەرمی ئەو شەهیدەشی نەدابۆوە بە بنەمالەکەی و هەواڵی ئێعدامکردنەکەشی بە چەند حەوتوو درەنگتر بە بنەمالەکەی راگەیاندبوو، لە هاوخەمیی خەڵک لە گەڵ بنەماڵەی شەهید مەنسوور، نیگەران بوو. هەر بۆیە هەڕەشەی لە بنەمالەکەی کرد کە نابێ ڕێورەسمی سەرەخۆشی بۆ ئەو ئازیزەیان دابنێن. سەرەڕای دەستگیرکردنێکی کاتی برای نەمر مەنسوور بە ئامانجی هەڕەشکردن لێیان تا کۆڕی ماتەمینی دانەنێن، بەڵام بنەماڵەکەی و خەڵکی مەهاباد گوێیان بەم جۆرە هەڕەشە و کردەوانە نەدا. نەک هەر لە نێوخۆی مەهاباد بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە، خەڵک خۆیان گەیاندە ماڵی مەنسووری ئاروەند و هاوخەمیی خۆیان پێ ڕاگەیاندن.    

ڕۆحی ئەو نەمرە شاد و یادی هەرمان