Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر عوسمان فەتاحی

نەمر عوسمان فەتاحی لە ساڵی ۱۳۳۰ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە گوندی (قەرەڵی) ناوچەی بۆکان لە دایک بووە.سەردەمی مناڵی لەو گوندە تێپەڕ کرد. ئەوکات کە وەک گەنجێک تەمەنی ڕووی لە هەڵکشان بوو بۆ کار کردن ڕووی لە شاری مەهاباد کرد و خەریکی کاری سیم کێشی بەرق بو. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی و دامەزرانی “کۆمەڵی ڕێگای ڕزگاری زەحمەتکێشان” لە شاری مەهاباد وەک یەک لە هەڵسووڕانی کۆمەڵە چالاکی نواند . خەم و ئازاری خەڵکە بەش مەینەتەکەی ببو بە خەمێکی گەورەی و لە هەموو کات و ساتێک دا بیری یارمەتی گەیاندن بە کۆمەڵانی هەژار ببوو بە ئەرکی ڕۆژانەی . لەگەڵ نەمر سەید محەمەد سەلیمی لە شوێنێک بەیەکەوە کاریان دەکرد و هاوتەریب دەگەڵ کارکردنیدا،  لە چالاکی ڕێکخراوەییەکەیدا ببوو بە کەسێکی جێ متمانەی هاوڕیانی.

دوای بە دوای گەڕانەوەی ئەرتەش و پاسدارەکان بۆ ناو شاری مەهاباد بە ورەیەکی پتەوتر درێژەی بە چالاکی دا و زۆر زوو لە لایەن پاسدارانی سپای مەهاباد ناسرا و لە پاییزی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی دەسبەسەر کرا و بە دڕەندانەترین شێوە درا بەر ئازار و ئەشکەنجە بەڵام زمانی لە باوەڕی پتەوتر بوو و هیچی نەدرکاند و پاش چوار مانگ لە گرتووخانە ئازاد کرا. لەپاش ئازادبوونیشی هیچکات لە خەبات بۆ وەدیهاتنی ئازادی نەتەوەئەکەی وچانی نەدا و سەرەنجام لە بەهاری ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی سەر لە نۆی لە لایەن  ئیتلاعات دەسبە سەر دەکرێتەوە و ئەمجارەیان لە جاری پێشووتر زیاتر و بێ بەزەیانەتر کەوتە ژێر ئەشکەنجە و بە هەموو شێوەیەک ئازاری جەستەیان لە سەر تاقی کردەوە، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی نەمر عوسمان زۆر لەوە پتەوتر بوو کە بە چۆک دابێ.

دایکی نەمر عوسمان کە له گرتووخانەی ورمێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکات و پێدەڵێ: رۆڵە گیان بۆ وات کرد لە خۆت؟ بۆچی دانت بەو تاوانانە داناوە کە خستوویانەتە پاڵت؟ لە وڵامدا بە دایکی دەڵێ: دایە گیان، من ئەو کەسە نیم کە بچمە ژێر باری هیچ تاوانێکەوە و ناشچم. لەو پێناوەشدا تەنیا گیانێکم هەیە و چەند دڵۆپێک خوێن کە منەتم پێیان نییە و با بێن و لێم بستێنن. لەو کاتە دا ئێخەی کەراسەکەی دەکاتەوە و سینگی نیشانی دایکی دەدا و پێدەڵێ: دایە گیان چاو لێبکە بزانە بە ئوتوو چییان لێ کردووم، تەواوی سینگیان سووتاندووم بەڵام دیسانیش منەتم پێیان نییە.

دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر سەرەنجام هاوڕێ لە گەڵ ٤٦ قارەمانی گرتووخانە بۆ وێنە هاوڕێ عومەر ئەمین پوور، نەجات ماملێ و… لە مانگی خەرمانانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی لە گرتووخانەی تەورێز ئیعدام کرا .

ئامادەکار: قادر سۆهرابی