کاک حوسێن نیازی لە ڕێکەوتی بیستی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٤۱ی هەتاوی(٢٠/٣/١٣٤١ه – ١٠/٠٦/١٩٦٢ز) له بنەماڵەیەکی کەمداهات لە ئاوایی “چۆڕ”ی سەر بە مەریوان لەدایک بوو. تەمەنی کە گەیشت بە شەش ساڵانە ڕووی کردە قوتابخانە و تا پۆلی دوازدە درێژەی بە خوێندن دا. نەمر حوسێن کاتێک کە تەمەنی نۆ ساڵانە دەبێ، دایکیان کۆچی هەتایی دەکات و هاوڕێی خوشکەکەی لە ژێر دەستی باوەژندا، لە کارەساتدا دەژیان.
کاتێک کە شۆڕشی یەکێتی جوتیاران دەهات کە خۆ بگرێ، سەرەڕای ئەوە کە نەمر حوسێن لە هەڕەتی لاوێتیدا بوو بەڵام بەو حاڵەشەوە هەستی بە جیاوازی چینایەتی دەکرد و پێیوابوو کە دەبێ بۆ یەکسانی و نەهێشتنی زوڵم و بێدادی تێکۆشانی هەمەلایەنە بکرێ. بۆیە بوو بە ئەندامی یەکێتی جوتیاران و تێکەڵ بە چالاکی سیاسی بوو و لە کۆمەڵەدا خۆی دۆزییەوە.
بە هۆی نزیکایەتی و هاوڕیەتی لەگەڵ کاک (محەمەد حوسێنی) کۆی چالاکێکانی هاوڕێ لەگەڵ ئەودا و وەک برا بەردەوام بەڕێوە دەبرد و بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی هەناردەی شارەکانی سـنە، سەقـز، مەهاباد، بـۆکان و ئەهـواز کرابوو. بە هـۆی خوو و خدەی جوان و کرداری باشی، لەناو خەڵکی ئەو شار و ناوچانەی کە چالاکی سیاسی لێ بەڕێـوە دەبرد، جێی جۆی کردبۆوە و ببو بە خۆشەویستی جەماوەر.
بە داخـەوە، لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٦١ه کاتێک کە بۆ بەڕێـوبردنی ئەرکەکانی لە شاری سـنە بوو، کار و چالاکییەکانی و هەروەها شوێنەکەی ئاشکرا دەبێت و لەلایەن پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر دەکرێ.
مخابن دوای حەوت مانگ و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە ڕێکەوتی ۲٥/۳/١٣٦٢ هەتاوی لە گرتووخانەی شاری سـنە وێـڕای پۆلێک لە هاوڕیانی کە یەک لەوان کاک (محەمەد حوسێنی) بوو لە سێدارە دەدرێ و تەرمی پـیرۆزی لە قەبرستانی شاری کرماشان ئەسپاردەی خاک کـرا.
یاد و ناوی هەرمان
تێبینی” بەداخەوە هیچ وێنەیەک لەو نەمرە نەگەیوەتە دەستی ناوەندی نەمران. تکایە گر دەتوانن ئەو ناوەندە یارمەتی بدەن و وێنەیەک لەو نەمرە بۆ ئێمە بنێرن. بە سپاسەوە.