Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر مەنسوور خوسرەوی

یای زارا قادر دەروێشی و کاک محێدین خوسرەوی لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٣٩ لە شاری مەهاباد کۆرپەیەکیان دەبێ کە ناوی دەنێنن مەنسوور. کاک محێدین کە فەرمانبەری ئیداری پەروەردە دەبێ بۆ درێژەدان بە خزمەتەکانی بۆ شاری سەردەشتی ڕادەگوێزن، لەوێ لە باوەشی خەڵکە مێهەربان و بەڕێزەکەی ئەوشارەدا درێژە بە خزمەت دەدات و منداڵەکانیشی هەر لەو شارە خڕۆکە و گەورە دەبن. کاک محێدین  و دایە زارا هەوڵ دەدەن کە منداڵەکانییان بەوپوڕی هەست بە بەرپرسیارەتی پەروەردە بکات تا بەرانبەر بە گەل و نیشتمانەکەیان هۆ بدەنەوە و خزمەتیان بکەن. لەو پێوەندییەدا بەڕێز کاک ئەیوب خوسرەوی برای نەمر مەنسوور ئاوا دەدوێ:

نەمر مەنسوور خوسرەوی

(ساڵی ١٣٥٧ی کۆچیی هەتاوی من پۆلی دووهەمی دواناوەندییم دەخوێند. کەمتر لە ساڵێک پێشتر و دوای چەند ساڵ پاڕانەوە لە باوکم، ئیزنم پێدرابوو کە ببمە ئەندامی بەناو “جویەندە سەییار” کە کۆڕێکی هاوشێوەی پیشاهەنگ واتە scout بوو. لە گەڵ نەمر مەنسوور چەند ساڵ بوو هاو پۆل بووین، بۆ ئەو کەسانەی کە ئەندامی جویەندە سەییار یا پیشاهەنگ بان هەموو ساڵێ لە وەرزی بەهار حەوتوویەک هەبوو بەناوی حەوتووی کاری باش کە بە فارسی پێی دەگوترا “هفتە نیکوکاری”. بەهاری ساڵی ١٣٥٧ لە یەکەم ڕۆژی حەوتووی کاری باش ڕاهێنەرەکەمان ئاغای دەستوری لە حەوشەی قوتابخانەکەمان کۆی کردینەوە و دوو کەس دووکەس دابەشی کردین. پاشان هەر تاقمەی کارێکی پێ سپارد کە ئامانجەکەی کۆ کردنەوەی پارە بوو تا پاشان کۆی ئەو پارەیە بە سەر خەڵکی فەقیردا دابەش بکرێ. من و نەمر مەنسوور پێکەوە یەکێک لەو تاقمانەمان پێک هێنا. ئاغای دەستوری کامێرایەکی پۆلارۆیدی پێ داین و گوتی لە شار دا بگەڕێن و وێنەی خەڵکی بگرن، ئەو پارەیەی پەیداتان کرد بێننەوە بۆ من. ئەوەندەشی زیاد کرد کە وا باشە بچینە دامودەزگا حوکومییەکان و وێنەی بەرپرسەکان بگرین کە بێگومان دەبێتە هۆی پەیدا کردنی پارەی باش. ئەوڕۆژی سەردانی چەند شوێنمان کرد کە لەناویاندا دایرەی پەروەردە و فێرکردن و فەرماندارییم لە بیر ماون، ئەگەر هەڵە نەبم ئەوڕۆژی پارەیەکی باشمان پەیدا کرد و لە کۆتایی دا پارەکەمان تەحویلی ئاغای دەستوری دا. چەند مانگ دواتر و ڕێک لە سەروبەندی وەرگرتنی بڕوانامەی دیپڵۆمەکەی،  شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەیشتە شاری ئێمەش واتە سەردەشت. نەمر مەنسوور لە زۆربەی هەرەزۆری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دا بەشداریی دەکرد. لە ڕۆژی چاردەی سەرماوەز کە خۆپیشاندانی خەڵکی شار کەوتە بەر هێرشی ئەرتەشی پاشایەتی کە لە پادگان ڕا بە زرێپۆش هاتبوون و بە شەقامەکانی شار دا دەگەڕان تا ڕاوی خۆپیشاندەران بکەن، نەمر مەنسووریش یەکێک لە بریندارەکانی ئەو کارەساتە بوو.)

 باوکی نەمر مەنسوور لە دایرەی پەروەردە و فێرکردن دا کاری دەکرد. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بنەماڵەی نەمر مەنسوور گەڕانەوە بۆ مەهاباد و لەوێ نیشتەجێ بوون. نەمر مەنسووریش وەک زۆربەی هەرە زۆری لاوانی ئەو سەردەمی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ئەوکاتی بێ تەفاوەت نەبوو و کاتێک کە کۆماری ئیسلامیی هێرشی کردە سەر مەهاباد تا لە دەست حیزبە کوردییەکانی دەر بێنێ، نەمر مەنسوور چالاکانە وەک خۆبەخشێک و وەک کەسێکی نەتەوەیی و بێلایەن، یارمەتی پزیشکیی بە بریندارەکان دەگەیاند.

نەمر مەنسوور لە ڕۆژی ٩ خەزەڵوەری ١٣٥٩ واتە ڕێک لە بیستەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لایەن سەرکوتکەرانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر دەکرێ و بۆ شاری ورمێ بەڕێ دەکرێ. تەنیا نۆ ڕۆژ دواتر واتە ڕۆژی ١٨ی خەزڵوەر بێ مەحکەمە لەگەڵ ٧ کەسی لە شاری ورمێ لە تۆڵەی کۆمەڵێک پاسداری کوژراو کە لە شەڕێکیان دەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکڕات کوژرابوون، تیرباران دەکرێ و ناوی دەچێتە ناو کاروانی نەمرانی گەلەکەمانەوە.  ناوی چوار کەس لەو نەمرانە بەو شێوەیە:

be-wene-bo-Piyaw-2

٣- حوسێن نەغەدەیان

be-wene-bo-Piyaw-2

٤- کەریم ئیراندووست

کاک ئەیوب خوسرەوی برای نەمر خوسرەوی دەگێڕێتەوە کە:

( ئێمە کە تازە هەواڵی دەستبەسەرکرانی مەنسوورمان بیستبوو، هەوڵمان دەدا تا سەر و سۆراغێکی بزانین بۆیە سەردانی بەر دەرگای سپاسی پاسدارانمان کرد تا بزانین کوڕەکەمان لەوێیە؟ لەوێ گوتیان ناردوومانەتە ورمێ و دەتوانن بچن لەوێ چاوتان پێی بکەوێ، کە چووین، لەوێ پێیان ڕاگەیاندین کە تەرمی ئەو ٧ کەسەمان داوەتەوە بە دایکی نەمر حوسێن نەگەدەیان تا بیباتەوە بۆ مەهاباد. بەڵێ، ئەو ژنە جەرگسووتاوە یەرمی کوڕەکەی خۆی دەگەڵ ئەو ٦ نەمرەی تر بە تاقی تەنیا دەهێنێتەوە مەهاباد و بنەماڵەکانیان ئاگادار دەکاتەوە.)

یادی نەمر مەنسور و گشت نەمرانی تر تا سەر لە دڵمان دا دەمێنێتەوە.

بێوران لە سەردەشت. ساڵی ١٣٥٦. لە ڕاستەوە: وریا ماملێ، نەمر مەنسوور خوسرەوی، نەمر نەجات ماملێ (عەبدولڕەحیم)