Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر موسا پەیەمبەر نیژاد (پێغەمبەر نیژاد)

کەریم، حوسێن و موسا پەیەمبەر نیژاد سێ برا کە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٢ لە سێدارە دران

من لەکاتێکدا یادی سـێ برام بە ناوەکانی حـوسێن، مـووسا و کەریم دەکەمەوە و یادیان بەرز ڕادەگـرم کە لە ساڵـی ١٣٦٢ی هەتاوی پـۆلێک گەنج و لاوی شۆڕشـگێری مەهاباد دەسبەسەر کران و بەشێکیان بە داخـەوە ئیعدام کران کە ئەو سێ برایەم دەگەڵیان بوون.

ئاخ کە چەند ناخهەژێنە کاتێک بیرم دێتەوە ڕۆژانی خۆشی دەگەڵبوونتان. چ جەرگبڕن ئەو بیرەوەرییە خۆشانەی دەگەڵ ئێوە هەمبوون. قەت نەمدەزانی لێم دەبن بە نەشتەر و دەبان و تا هەتایە ڕۆح و دەروونم زامدار دەکەن. ئەوە کام جەرگە دەتوانێ بەرگەی ئەوە بگرێ کە سێ برای لە ماوەی سێ مانگاندا لێ ئێعدام بکەن و هێز و وزەی هەبێ میوانی بیرەوەرییەکانیان بێت و بیاننوسێتەوە؟ ئەوە کام دڵە ترپەترپی نابێتە زرم و هوڕ و لە سینگ نایەتە دەر کاتێک لە ئازار و بەسەرهاتە دڵتەزێنەکانتان باس دەکات؟ ئەی هاوار لە خۆم! ئەی هاوار لە خۆم!

ئیتر نامهەوێ ئەو یاد و بیرەوەرییانە دەگەڵ جەستەم وەک دەیان ڕازی سەربەمۆرم گڵیان بەسەردا کرێ و خۆڵی فەرامۆشی بپۆشن. ڕەنگە دەست بردن بۆ خامە و نووسین لەسەر سێ برای قارەمانم، زۆر هاسان نەبێ بەڵام، تەنیا کارێکە کە دەتوانم وێژدانی خۆمی پێ ڕازی کەم و بیکەمە چەپکە گوڵێکی وەفا و خۆشەویستی بۆ سەر گۆڕی غەریبیان.

ها، ڕێک لێرەدایە کە یادیان لە مێشکمدا کەروێشکە دەکەن و دەمبەنەوە ساڵانی ڕابردوو. لـە سووچێکی ژوورەکم کرووشمە دانیـشتووم، ئەژنۆکانم بە سینگمەوە جووت کردوون و وێـنەی مووسام بە هەر دووک دەستم بەرامبەر بە خـۆم ڕاگـرتووە و دەگەڵی دەدوێم بەڵکوو ورە وەرگرم و دەست دەمە خامە بەڵام لەبەر ڕێژنەی فرمێسک و نزگەرەی هەنیسکانم، نازانم چۆن و لە کوێڕا دەستپێبکەم؟!

نەمر موسا پەیەمبەر نیژاد

خۆم لەوێ بووم و دیتم. مەهاباد – گرتووخانەی ئیتلاعاتی سەر بە سوپای پاسداران. ورمێ – ئەشکەنجەگای شێـخ تەپە. گرتووخانەی “دریا”. دەنگی پێی پۆستال ڕەشەکانی ناو بەندیـخانە دێ. ئەشـکەنجە، بـۆنی خوێن و گۆشتـی برژاوی مرۆڤـەکان، نیـنۆکی دەرهێندراوی دەست و پێ، داغ کـردن بە سیغار و ئۆتوو، کون کردنی دەست و لاقەکان بە درێـلی کارەبایی، گوڕاندنی جەللادان و ئەشکەنجەگران بە قسەی سووک و جنـێو دان. دەیانگوت بەو شێوەیە دەمانهەوێ حـوکمی ئیسلام لە سەر ئـێوە زاڵ بکەین

پێش لەسێدارەدانیان دەستدرێـژییان بـە کیژ و لاوەکان دەکرد چوون پییان وابوو ئەوانە نابێ داوێنیان خاوێن بێ کاتێک دەکوژرێن، دەنا دەچنە بەهەشت بۆیە، دەبێ هەتک بکرێن و دەستڕێژییان بکەینە سەر تا نەچنە بەهەشت.

ورەی بەرز و خوێندنەوەی سـروودی شۆڕشگێـڕانەی بەندکراوان، بێدەنگـی گرتووخانەی شکاندبوو و لەرزەی خستبوو گیانی پاسداران. خەڵخاڵی جنایەتکار حاکـمی شەرع هاتبووە ورمـێ، ئیتر ئەوەی دەمانبیست دەنـگی تەقەی چەک و تـیری خەڵاس بوو. ئاخ لەو ڕۆژە ڕەشەی! ئاخ دڵ بۆ ناتوێیەوە!

بەڵێ، ئەو سات و ئانانە بوون، بەرەبەیانی ۲ی پووشپەڕی ساڵـی ١٣٦٢ی هەتاوی مووسا هاوڕێ لەگـەڵ براکەی حـوسێن و ۳۲ کـچ و کوڕی قارەمان، پاش ئازار و ئەشـکەنجەیەکی زۆر و بێ بەزەیانە لە شاری ورمێ تیـرباران دەکـرێن و هـەر لە ورمێ بە خاکیان دەسپـێرن.

مووسا لە ڕێـکەوتی ١٨ی مانـگی ڕەشەمەی ساڵـی ۱۳۳۷ی هەتاوی لە شاری مەهاباد چاوی بـۆ دونیا هەڵێناوە، دایـکی دەیگوت: (جیـرانێکی جولەکەمان هەبوو و لە سەر داواکاری ئەو جیـرانەمان ناومان ناوە مووسا). تاکوو پۆلـی سێ ناوەندی دەرسی خوێـندوە. لە مناڵێـوە حەزی لە وێـنەگرتن بوو. ئەو خولیایە کە لە بـواری وێنەگرتن هەیبووە، کاریـگەری داناوە کە لە لای وێنـەگری بە ناوبانگ و بە ڕەگەز ئەرمنی مەهاباد “جینا” دەست بە کار بکات و ئەزموونی باشی لەو مامۆستا وێنەگر وەرگـرت، جینا لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە مەهاباد کـۆچ دەکات و شـوێنی کارەکەی بە مووسا دەسپێـرێ و مووساش بەو پەڕی ڕاستی و یەکڕەنگی کار دەکات و داهاتی وێـنەکێشان بـۆ جینا خاوەن کارەکەی دەنێـرێتەوە.

نەمر موسا پەیەمبەر نیژاد

مووسا پاش شۆڕشی گەلانی ئێـران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و بە هـۆی هەڵسووڕانی حوسێـنی برای و لەگەڵ بیر و باوەڕی کۆمەڵە ئاشنا دەبێت.  سەرەڕای ئەوەی کە مووسا کوڕێکی هەبوو بەڵام خۆشەویستی ئەو بە ڕێبازەکەی و بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوەکەی بەو ئاستەی برد کە پێـوەست بوو بە هـێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و لە پەلـی شەهید “خانە” ڕێـکخرا. مووسا پێشمەرگەیەکی چالاک بوو و ئەو ئەرکانەی پێ دەسپێردرا بەو پەڕی لێهاتوویی و بە دڵ و گیان بەڕێـوەی دەبرد.

لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی و بە بیستنی هەواڵی دەسبەسەر کرانی براکانی “حوسێن” و “کەریـم” لە سەر ئیـزنی کۆمەڵە و بۆ زانیاری زیاتر لە سەر دۆخـی براکانی دەچێـتەوە ناو شاری مەهاباد و هەر کە دوور و نزیـکی ماڵی خۆیان دەبێـتەوە لە لایان بەکرێگیـراوانی ڕێژیم گەمارۆ دەدرێ و دەیگرن و ڕەوانەی گرتووخانەی مەهاباد و پاشان ورمـێ دەکـرێ و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر و  بێ بەزەیانە و لە سەر بـڕیاری خەڵخاڵی وەک حاکـمی شەرع و بێ هیـچ مافی بەرگـری کردن لە خـۆی، وێـڕای براکەی حوسـێن و هاوڕێ لە گەڵ پـولێک کچ و کوڕی قارەمان لە بەرواری ۲ی پووشپەڕی ساڵـی ١٣٦٢لە ورمێ تیرباران دەکـرێ و هەر لە ورمێ بە خاک دەسپێردرێ.

یادی مووسا و هاوڕیانی کە گیانی خۆیان فیـدای ڕێبازی گەل دۆستی و وڵات پارێـزی کرد بەخێـر بێت و ناویان هەرمان.