ماوەی کەمتر لە سێ مانگی لە تەمەنی ماڵپەڕەکەمان تێدەپەڕێ. ئەو هەنگاوانەی کە #ماڵپەڕی_نەمران لەو ماوە کەمەدا هەڵیهێناوەتەوە، ئەوەندە گەورە و جێی مەتمانە بووە کە ببێتە سەرچاوەی مێدیا و ڕاگەیاندنەکانی کورد و غەوارە و ڕێکخراوەکانی تری مافی مرۆڤ. هەر لەو ماوە کەمەدا بە خۆشییەوە دەریایەک لە پێشنیار و ڕەخنەی چاکسازانەمان بۆ هاتووە جگە لە پشتگرتن و هاوکاریکردنی کۆمەڵێک لە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران.
ئەو ڕاپۆڕتەی لەبەردەستتانە و دەیبینن، پشبەستوویە بە زانیاریی و تێکۆشانەکانی تێکۆشەرانی ماڵپەڕەکەمان. ناپڕژێینە سەر هەندێک وردەکاری و کەموکوڕی ناو ڕاپۆڕتەکە، ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە:
- مێدیایەکی فارسیزوان بەسەرهاتی ئەو بەناحەقکوژراوانەی بۆ گرینگ بووە و کاتی بۆ تەرخان کرد.
- ئەوە گرینگە کە پەردەی لەسەر پەڵەیەکی ڕەشی تر لە تەوێڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لادا.
- گرینگ ئەوەیە کە بەسەرهاتی ئەو نەمرانە زیاتر لە ٣٧ساڵە لەلایان کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەی سیستێماتیک و دەوڵەتی، بە هەڕەشە لە بنەماڵەکان و ئەمنیەتی کردنی شوێنی ناشتنەکانیان، هەوڵی سڕینەوە و کپ کردنی دەدرێت.
- ئەوەی گرینگە ئەوەیە گەر ئێمەی کورد نەبینە هاواری ئێش و ئازارەکانمان کەسی تر ناتوانێ ئەو هاوارەمان بۆ بکات.
- ئەوە گرینگە کە دەبێ ئەزمون لە هەڵەکانی پێشوو وەرگرین و بیانکەینە پەیژەیەک بۆ داکۆکیکردن و وەدەست هێنانی مافە بەحەق و پێشێلکراوەکانمان.
- لەو گرینگانە زۆرن بەڵام هەڵیاندەگرین بۆ کاتێکی تر…
لە کۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێین کە ماڵپەڕی نەمران کە لەلایان بەشێک لە بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و هەندێک هاوکاری نیشتمانپەروەر کە بەو پەڕی دڵسۆزی و لە خۆبوردوویی ھاوکارمانن، بەڕێوە دەچێت، زانیاریی زۆر ورد و گرینگی لەسەر کەیسە جیاوازەکانی لەسێدارەدراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و ئەو چەند پۆلە لەسێدارەدراوانەی مەهاباد بەدەستی گەیوە کە لە هەوڵی لێکۆڵینەوە و پۆلێنبەندی و ڕێکخستنیان داین و لە داهاتوویەکی نیزیکدا بە وردی ئەو زانیارییانە بڵاو دەکەینەوە.
بە پێویستی دەزانین پێشەکی دەستخۆشی لە رادیۆ رۆژھەڵات و ڕادیۆ دەنگی ئامریکا بکەین کە وەک مێدیایەکی سەربەخۆ و بێلایەن یەکەم مێدیا بوون کە سەرنجیان دا بەو نەمرانە و لە پاشان سپاس لەو کاناڵە تێلێڤیزیۆنییە فارس زمانە بکەین کە هیممەتەیان نواند کەیسەکەیان بە گرینگ زانی و فوکووسیان خستە سەر. هیوادارین مێدیای کوردیش بۆ بەرەوپێش بردنی ئەرکی نەتەوەیی و ئینسانی خۆیان چالاکتر و ئەکتیڤتر کار بکات.
دەستەی بەڕێوبەری ناوەندی نەمران