Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر مامۆستا حەسەنی قزڵجی، ئەو خۆرەی تا هەتایە دەدرەوشێتەوە.

مامۆستا حەسەنی قزڵجی (١٥/٩/١٩١٤  –  ٢٨/٩/١٩٨٥) ناوێکە کە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا ناسیاوە و خزمەتەکانی بە مرۆڤایەتی و کوردایەتی هەروەها بە ئەدەبیات و وێژە و زمانی کوردی وێردی سەر زارانە و کەمتر کوردێک هەیە کە وەرگێڕان و نووسینەکانی ئەو مەزنە پیاوەیان نەخوێندبێتەوە یا لانیکەم نەبیستبێ.  

ئەوەی لە کەسایەتی ئەو بەرزەناوەدا بەدی دەکرێ، زانست، خۆنەویستی، نیشتمانپەروەری و لەخۆبردوویی بووە و هەموو ژیانی خۆی لەپێناو مرۆڤایەتیدا کردە قوربانی.  مامۆستا حەسەن قزڵجی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، پاشی ساڵانێک ئاوارەیی و دەربەدەری هاتەوە بۆ ئێران و لە تاران دەگیرێت. لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا و لە رێکەوتی ٢٨/٩/١٩٨٥ لە ژێر نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکانی جەللادەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانی پاکی داناوە.

مامۆستا حەسەن قازڵجی بۆخۆیان سبارەت بە گیانبازی و گیاندان بۆ نیشتمان لە پێشەکی بۆ کتێبی “کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئیران، نووسینی: کەریم حیسامی  – بەغدا  – ساڵی ١٩٧١ دا دەنووسێ:

karwanek-le-shahidan

[لەخۆبوردن و گیان لە پێناونان کارێکی سووک و ئاسان نییە و لەدەست هەموو کەس نایە. تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن گیانی خۆیان لە پێناوی ئاوات و ئامانجی پیرۆزەکانی گەل نێن، وە خۆیان بکەنە قوربانی لە ڕێگای ئازادی و بەختەوەری خەڵکدا. کە گەل و نیشتمانیان لە خۆیان خۆشتر بوێ.

ئاگری ڕزگاریخوازی ئەوەندە لە دڵیاندا بڵێسەی سەندبێت، کە سەری خۆیان بکەنە بەردەبازی ڕێگای گەلەکەیان و، لەشیان بکەنە لەمپەر و قەزا و بەڵاگێڕی نیشتمانەکەیان.

گەلی قارەمان پەروەری کورد بە درێژایی مێژووی تاڵ و پڕ لە کوێرەوەری خۆی، هەمیشە وەجاخی ڕوون بووە. ڕۆڵەی ئازا و نەبەز و گیانفیدای زۆر پێگەیاندووە، هیچ کاتێک لە قوربانیداندا بەرچاوتەنگ نەبووە.

ئەم کەژ و کێوە بەرزانە، ئەم شیو و دۆڵە زەنوێرانە بە دلێری ئەو ڕۆڵە گیان لە پێناوانە پارێزراون، و ئەم نزار و لێڕەوارە سەوز و خەمڵیوانە بە خوێنی ئەوان ئاو دراون.

ژیان لای هەموو کەس شیرینە و، گیان لە لای هەموو کەس بە نرختیرین شتە.

حەسەن قزڵجی]

ڕێزدار موحسین قزڵجی برازای نەمر مەلا حەسەن قزڵجی سەبارەت بە مامیی ئاوا دەڵێ:

نەمر مامۆستا حەسەنی قزڵجی

[ناوی حەسەن كوڕی مەلا عەلی قزڵجی‌یە.  ساڵی ١٩١٤ لە شاری بۆكان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لەدایك بووە.  سێ برا و دو خوشكی بوون.  ئەحمەد، عومەر، عوسمان، مەعسومە و توبا.  سەرەتا لای بابی خۆی و قازی “كاكەحەمە” خوێندویەتی و پاشان لە خزمەت مامۆستایانی گەورەی وەک مەلا ئەحمەدی فەوزی و مامۆستا ئەحمەدی تورجانیزادە و مەلا محەمەدی برا گەورەشی گەشەی بە زانستی خۆی داوە.  لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا ئەندامی كۆمەڵەی ژ. ك بووە بە ناوی نهێنی (ژیر).  ڕۆڵی گرینگی ئەو مامۆستایە لە چالاکییە فەرهەنگییەکانی ئەو سەردەمدا بە ڕوونی دەردەکەوێ و  جگە لە هاوكاری کردن دەگەڵ ڕۆژنامەی كوردستان ئەو سەردەم بە نووسینی بابەت و وەرگێڕان، چوار ژمارەی گۆڤاری “هەڵاڵە”ـشی لە بۆكان لەگەڵ هەڤاڵانی چاپكردووە.   هەر لە سەردەمی گەنجی و بەر لە كۆماری كوردستانەوە هاوڕێی مامۆستا هەژار و مامۆستا عەبدوڵڕەحمان زەبیحی (مامۆستا عولەما) بووە کارمەندی پلە باڵای فەرمانداریی مهابادیش بووە.  یەكێك لەو كەسانە بووە كە پێشەوای نەمر قازی محەممەد زۆری خۆش ویستووە و گرینگی پێداوە.  جگە لە خزمایەتی نێوانیان، بێگومان كارامەیی خۆی هۆكاری سەرەكیی ئەو خۆشەویستییە بووە.  بەر لە تێكچونی كۆمار لەگەڵ یای (رەزیە قزڵجی) زەماوەندی كرد و سێ كچ بە ناوەكانی حەمیدە، سۆیبە و تەلیعە یادگاری مامۆستا قاڵجی بوون.

مامۆستا حەسەن قزڵجی شارەزایی تەواوی لە زمانی كوردی، فارسی، توركی و عەرەبی هەبووە.  پێدەچێت بوڵغاری و ئەڵمانی باش زانیبێت.  یەكەم وێستگەی ئاوارەیی پاش  تێکچوونی كۆمار گوندی “سیتەك” بووە لە ماڵی شێخ لەتیف.  ماوەی نزیك سێ ساڵانیش لە خانەقای نەقشبەندی لە هەڵەبجە ماوەتەوە پاشان لە سلێمانی، بازیان و بەغدا ژیاوە.  لانیكەم تا ساڵی ١٩٦١دوجار سەردانی رۆژهەڵات و تارانی كردووە.  لە لایەن حكومەتەكانی عێراقەوە جارێك گیراوە و جارێكیش پاش گیران، ڕادەستی ئێران كراوەتەوە.  لە عێڕاق ناوی خوازراوی “مەلا سەعید” بووە.   توتنەوانی، وێنەگری، ژمێریاری رێستوران و دوكانی ناوبازاری لە بەغدا كردووە.  لە عێراقەوە حیزبی تودەی ئێران دەیباتە شاری سوفیا و لە رادیۆ “پەیكی ئێران” كار دەكات لەوێ نوسەری بەرنامە و بێژەر بووە و دەورێكی گرینگی لە گواستنەوەی زانیاری و بیری ئازاد گێڕاوە. ]

مامۆستا حەسەن قزڵجی لە دوای خۆی ئەو ئاسەوارە ئەدەبییانەی بۆ بەجێهێشتووین:

ئاشتیخوازیی‌ لادێیی‌ و پەیمانی‌ دوولایی‌- نووسراوی‌ حەسەن قزڵجی‌ و عەبدولڕەحمانی‌ زەبیحی‌، بەغدا ١٩٥٩. پێکەنینی‌ گەدا کۆمەڵە چیرۆک، ١٩٧٢، بەغدا. بەرھەمی‌ چاپ نەکراو: تیۆری‌ ئەدەبی‌، وەرگێڕان لە بولگارییەوە. زاراوەی‌ سیاسی‌ کۆمەڵایەتیی‌ وەرگێڕان. کورتە چیرۆکەکانی‌ ئەنگیل کارالچیڤ، وەرگێڕان لە بولگارییەوە.

لە کتێبی رۆژنامەی کوردستان ، ئامادەکردنی رەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، بنکەی ژین ساڵی ٢٠٠٧ کورتە یادیک لە مامۆستا حەسەن قزڵجی کراوە دەڵی:

[ حەسەن کوڕی مەلا عەلی کوڕی مەلا حەسەن کوڕی مەلا عەلی کوڕی مەلا محەمەدی قزڵجییە، ساڵی ١٩١٤ لە شاری بۆکان لە دایک بووە. بە مناڵی خراوەتە بەر خوێندن، سەرەتا لای باوکی، دواتر لای مامۆستا مەلا محەمەد فەوزی و مەلا ئەحمەد تورجانیی مامی خوێندوویە. چەند شوێنێکی تری کوردستان گەڕاوە بۆ درێژەدان بە خوێندن. پاشان بووتەوە فەرمانبەر لە مەهاباد. پلەکەی گەیشتووەتە جێگری فەرمانداری مەهاباد.

کە کۆمەڵەی ( ژ.ک ) دامەزراوە، بووە بە ئەندامی بە ناوی نهێنی ” ژیر “. چالاکانە کەوتووەتە کاری حیزبی، لە رۆژگاری حکوومەتی کوردستاندا لە مەهاباد، گۆڤاری ” هەڵاڵە “ی وەک زمان حالی لقی بۆکانی یەکەتیی جەوانانی دیموکراتی کوردستان دەرکردووە، وتاریشی بۆ کوردستان نووسیوە و وەرگێراوە. دوای ڕووخانی حکوومەتەکە پەریوەی دیوی کوردستانی عیراق بووە. و لە دێی ( سیتەک ) لای شێخ لەتیفی حەفید گیرساوەتەوە. لەوێ لەگەڵ ” غەنی بلووریان “دا پێکەوە بلاوکراوەی ” ڕێگا “یان دەرکردووە.

کاتێک مەترسی لە مانەوەیان کراوە، ناچار بووە بچێتە بەغدا. لەوێ کرێکاری و حەماڵی و شاگردی و دەستفرۆشی کردووە. پاش ماوەیەک گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، خەریکی فۆتۆگرافچێتی بووە، چووتەوە بۆ بەغدا لە رێستورانی عەبدوڵلا شەریف بووە بە کاتب. پۆلیس گرتوویە و نزیکەی ساڵێک لە زینداندا ماوەتەوە. نیسانی ١٩٥٤ حکوومەتی عێڕاق تەسلیمی ئێرانی کردووتەوە. بەڵام خۆی رزگار کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ عێڕاق. ئەمجارە سێ ساڵ لە بازیان خەریکی تووتنەوانی بووە.

پاش ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ لە خۆوەشێری و ترس دەرباز بووە، لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا دەستی کردووە بە نووسین. ساڵی ١٩٦١ ڕووی کردووتە دەرەوەی عێڕاق لە بوڵگاریا جێگر بووە. لە رادیوی پەیکی ئێران دا کاری کردووە، ساڵی ١٩٦٥ لەگەڵ ‘ دۆکتور قاسملو و کەریم حیسامی “دا رۆژنامەی ” کوردستان “ی دەرکردووە. ٢٦ ژمارەیان تا مارتی ١٩٧٠ لێ بڵاو کردووتەوە. ئەو ساڵانە بووە بە ئەندامی حیزبی توودەی ئێران. لەوێوە بابەتی بۆ گۆڤار و رۆژنامەی کوردیی عیراق ناردووە.

پاش رووخانی رژێمی شای ئێران گەراوەتەوە بۆ بۆکان بە وەزیفەی حیزبی توودە چووتە تاران. لە حدڤدەمین پلینۆمی توودەدا هەڵبژێردراوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، لە بەشی پێوونییەکانی دەرەوەدا دانراوە، ئەو سەردەمە، رۆژنامەی ” نامەی مەردوم “ی وەک زمانی حاڵی توودە بە کوردی دەرکردووە. کە حکوومەتی جەمهووریی ئیسلامی ئێران بڕیاری نەهێشتننی توودەی داوە ٥/٢/١٩٨٣ دەستگیر کراوە. دوای چەند مانگێک ئەشکنجە و ئازار تشرینی دووەمی هەمان ساڵ کۆچی دواییی کردووە.

حەسەن قزڵجی وەک چیرۆکنووسێکی هەڵکەوتوو بوو، وتار نووسێکی سیاسی و شارەزایەکی زمانەوانی و رۆژنامەوانیش بوو، سەرجەمی بەرهەمەکانی کۆکراوەتەوە و بەر بەرکێک لە چاپ دراوە.

حەسەنی قزڵجی ١٣ وتار و بابەت بە دانان وەرگێرانەوە. یەکەم چیرۆکی خۆی بە ناوی ( فیلمی عاسمان لە سینەمای کوردستان )وە تێدا بڵاو بووتەوە.

مامۆستا هێمن موکریانی کە دۆست و هاواڵ و هاوسەنگری مامۆستا قزڵجی بووە لە سەردەمی کۆماردا، سەبارەت بەو گەورەپیاوەی کورد، لە پێشەکییەک بۆ کتێبی “پێکەنینی گەدا” نووسینی مامۆستا حەسەنی قزڵجی دەنووسێ:

[شەو درەنگانە، بێدەنگییەکی بەسام ژوورە سارد و سڕ و چۆل و هۆل و نیوە تاریکەکەی داگرتووم. لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە بوومەوە، لە حاڵێکدا کە کارێکی زۆریان کردۆتە سەر مێشک و دەمارم و وردە فرمێسکیان پێ هەڵوەراندووم. بە ئەسپایی دەفتەرەکە دادەنێم. چراکە دەکوژێنمەوە، لە جێگاکەم دەخزێم و چاو لێک دەنێم بەڵکوو سەرخەوێک بشکێنم و خەم و پەژارەم بڕەوێنم.

کەچی خەیاڵ هەڵمدەگرێ، دەمبا… دەمبا… دەوەنا و دەوەن و ڕەوەزا و ڕەوەز بەسەر بەفری سەری کوێستاناندا، بەنێو دارستان و لێرە چڕوپڕەکاندا، بە پێدەشت و گۆڕ و نەرمانەکاندا، بە نواڵە زنوێر و بژوێنەکاندا، بە بەستێنی چۆمی «تەتەهوو»دا بۆ شارە خونچیلانەکەی مامۆستا، بۆ بۆکان، بۆ بووکی شارەکانی کوردستان، بۆ کانگای ئەوین و دڵداری، بۆ مەکۆی خەبات و فیداکاری بۆ بەر سەلای سەرداری شەهید، بۆ سەر حەوز و کانییە جوان و بەناوبانگەکەی، بۆ تەماشای بەژن و باڵا و خاڵ و میل و چاو و برۆ و کەزێ و ئەگریجە و پووز و بەلەک و سەر و شەدە و شان و دەسماڵ و قەد و پشتێنی کیژە بۆکانییان، کە دەستە دەستە و پۆل پۆل وەک مێگەلی مامز و ئاسک بە لەنجە و لار و تاسکە تاسک دێنە سەر حەوز، وەگۆزە سوور و نەخشاوەکانیان بە ناز لە کانی هەڵدەدەن و وێنەیان لە ئاوێنەی ڕوون و بێگەردی حەوزەکەدا جیلوەیەکی ئاسمانی هەیە کە فریشتە و پەری وەبیر دەێنێتەوە شعوور و زەوق مشتوماڵ دەکا و هەست و خەیاڵ دەبزوێنێ.

گوێم لە دەنگی ئەو منداڵە ڕەزاسووک و بزۆز و ڕووتەڵە هەڵوافرۆشانە دەبێ. کە تەبەکی هەڵوا دەگێڕن و بە هەوایەکی خۆش پێی هەڵدەڵێن و هاوار دەکەن:

هەڵوای تەن تەنانی، هەتا نەیخۆی نایزانی

لە جێگاکەمدا ئەمدیو و ئەودیو دەکەم. بە ناهومێدییەوە هەناسەیەک هەڵدەکێشم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم خۆزگە و هەزار خۆزگە منیش وا پیر و کەنەفت و شەکەت و کەلەلا نەدەبووم. ئەوەندەم هێز و گوڕ و تین و توانا دەما تا پڕ بە ئامێزم لەو چیرۆکانە هەڵگرتبا و بە هەموو شار و لادێ و کووچە و کۆڵان و خەیابان و باژێڕی کوردستاندا گەڕابام و یەک بە خۆم هاوارم کردبا:

خەڵکینە ئەگەر شتی لە هەڵوا شیرینتر و لە گوڵاڵەی نواڵان بەبۆن و بەرامەترتان دەوێ وەرن، وەرن بخوێننەوە، بخوێننەوە تا ئاهی خۆشتان لە دڵ و دەروون بگەڕێ بخوێننەوە تا تامەزرۆییتان بشکێ، بخوێننەوە تا کوڵوکۆتان دابمرکێ، بخوێننەوە تا کۆمەڵەکەتان باشتر بناسن و لە دەرد و ئازاری بگەن. بخوێننەوە تا پتر شاییتان بە زمانەکەتان بێ. تا نەیخوێننەوە نازانن قەڵەمی سیحراوی مامۆستا قزڵجی چ شوێنەوارێکی بەنرخ و بێوێنەی خوڵقاندووە. بیری ورد و خەیاڵی بڵیند و هەستی ناسکی ئەم نووسەرە بلیمەتە چ نموونەیەکی ئەدەبی بەرزی داڕشتووە و پەنجەی بەهێز و ڕەنگینی ئەم هونەرمەندە گەورە لیزگەیەکی چۆنی لە دوڕ و گەوهەر و مرواریی نایاب بۆ هۆنیونەوە؟

لە موکریان باوە دەڵێن: «بنەماڵەی قزڵجی وەک بێچووە مراوی وان هەر لە هێلکە هاتنەدەر مەلەوانن». مەبەستیان ئەوەیە ئەوی لەم بنەماڵە بێ، هەر لە منداڵییەوە زانا و پیتۆڵە. بەڕاستیش ئەم بنەماڵە بەڕێزە گەلێک ڕۆڵەی بلیمەت و زانای لێ هەڵکەوتووە، کە بێ ئەوەی بۆ خۆیان ویستبیان ناوبانگی زانست و هونەریان لە دنیادا بڵاو بۆتەوە.

مامۆستا حەسەنی قزڵجی ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتووی ئەم بنەماڵە گەورەیە، کە مایەی شانازیی نەتەوەکەمانە. ئەو ڕێبازی باوک و باپیرەکانی نەگرت و ڕێگایەکی تری هەڵبژارد و، لەباتی خزمەتی ئایین، کە ڕێگای باوک و باپیرەکانی بوو خزمەتی ئەدەبی وەئەستۆ گرت ئەویش چ ئەدەبێک؟ ئەدەبێکی بەرزی کۆمەڵایەتی.

یەکێک لە سیاسەتە شوومەکانی ڕەزاخانی پەهلەوی لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی فاشیستی خۆیدا هەوڵی بێوچان و بێڕەحمانە بوو بۆ تواندنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا. بۆ جێبەجێ کردنی ئەم مەبەستە شەیتانییە، داب و شوێن و جلوبەرگ و ئەدەب و زمان و مۆسیقا و سەمای کوردی بە سەختی قەدەخە کردبوو.

بەڵام بەو هەموو هێزە شەیتانییەوە نەک هەر کوردی کۆڵنەدەری بۆ نەبەزی و دەرۆستی نەهات. بەڵکوو ئەم سیاسەتە و ئەم زەبر و زەنگە بوو بەهۆی ڕاپەڕینێکی بەرینی فیکری لە کوردستاندا.

هەزاران پێچ و پشتێن و ڕانک و چۆخە و پەستەی پیاوی کورد و شەدە و هەوری و دەسماڵ و کۆڵوانەی ژنی کورد دڕا و سووتا، بەڵام جلوبەرگی کوردی وەک سوننەتێکی میللی هەر ماوە.

لە قوتابخانە و ئیدارە، تەنانەت لە کووچە و خەیابان هەزاران کورد بە تاوانی کوردی گوتن گیران، ئازار دران و سووکایەتییان پێ کرا بەڵام زمانی کوردی وەک سەرمایەی نەتەوایەتیمان هەر پارێزرا. کورد نەتواوە و ئابڕوو تکاوی و ڕیسواییی مێژوو بۆ پۆلیسی ڕەزاخان مایەوە.

لەو سەردەمە تاریک و تنووک و ئەنگوست لە چاوەدا لە مەڵبەندی موکریان بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ سیاسەتی تواندنەوەی کورد، کۆمەڵێکی نهێنی لە زانایان و ڕووناکبیران و گەورەپیاوانی کورد بە ڕابەریی مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی، سەیفی قازی، پێشەوای نەمر، قازیی بۆکان شێخ ئەحمەدی سریلاوا و گەلێکی تر لە ڕووناکبیری ئەو سەردەمە پێک هاتبوو کە ئامانجی ئەساسی و هەرە گەورەیان پاراستن و پەرەپێدان و بووژاندنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی بوو. کتێب و ڕۆژنامەی کوردییان کە لە عێراق بڵاو دەبوونەوە بە زەحمەت پەیدا دەکرد و بە ئیحتیاتەوە بەسەر لاوانی بڕوا پێکراودا بڵاو دەکردەوە تا فێری کوردی خوێندنەوە بن. ئەوان بەتایبەتی مامۆستا فەوزی دەستەیەک لاوی ڕووناکبیریان پێ گەیاندن کە لە دواڕۆژدا شاعیر و نووسەری زۆر خزمەتکار و بەناوبانگیان لێ هەڵکەوت. یەکێک لە دەسپەروەردەکانی و هاوبیرەکانی ئەوان کاک حەسەنی قزڵجیی خۆمانە. کە هەر لەو دەمیڕا فێری کوردی خوێندنەوە ببوو. ئەوەبوو دەگەڵ سایەی شوومی پەهلەوی لاچوو تەمومژی چارەڕەشی و نەگبەتیی کورد ڕەوی. وەک ئەستێرەیەکی گەش و ڕووناک و پڕشنگدار لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا درەوشایەوە. لاپەڕەی گۆوار و ڕۆژنامەکانی کوردی بە نووسراوە جوانەکانی خۆی ڕازاندەوە.

لە سەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستاندا مامۆستا قزڵجی بێ ئەوەی سینگ ڕەپێش خا و خۆ ڕانێ یەکێک لە خۆشەویستترین نووسەران و نیزیکترین دۆستانی پێشەوا قازی محەممەدی ئەدەبدۆست و هونەرپەروەر بوو. بێجگە لەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبدا دەینووسی سەرنووسەری گۆوارە جوانەکەی هەڵاڵەش بوو.

پێشەوا لە ئاخرین ڕۆژانی دەسەڵاتیدا خەریک بوو مامۆستا قزڵجی و چەند شاعیر و نووسەری لاو و تازە پێگەیشتوو بنێرێتە دەرەوە تا بە قەولی خۆی چاو و گوێیان بکرێتەوە و شتی تازە فێربن. بەڵام بەداخەوە نەگەیشت و ئەم ئاواتەشی وەک زۆر لە ئاواتە پیرۆزەکانی نەهاتە دی.

وەک ئێستا لەبیرمە و تا گڵەبانی چاوم دەکەن لەبیرم ناچێتەوە. ڕۆژێکی سارد و سەهۆڵبەندانی مەهاباد بوو، خۆم کوزوو کردبوو و بە پەلە دەڕۆیشتم جێگایەکی گەرموگوڕ ببینمەوە. تەماشام کرد پێشەوا لەبەر بێڵاکەی هاتوچۆ دەکا و ڕۆژنامەی کوردستانی بە دەستەوەیە و یەکێک لە نووسەرانی ڕۆژنامەکەی لەلایە. خەریک بووم فیزماڵکی بدەمێ و خۆم ببوێرم. دیتمی و بانگی کردم. هێشتا دوور بووم فەرمووی «دیوتە ئەم قزڵجییە چۆنی نووسیوە؟».

زانیم مەبەستی ئەم پارچە ئەدەبییە جوانەیە کە قزڵجی لەم ژمارەیەدا نووسیویە. گوتم: «بەڵێ دیومە و بەڕاستی چاکی نووسیوە. کاکی نووسەر هەڵی دایە و گوتی: بەڵێ چاک دەنووسێ بەڵام کەم دەنووسێ. پێشەوا بزەیەکی هاتێ و سەری ڕاوەشاند، ئەم دوو شێعرەی سەعدی خوێندەوە:

خاک مغرب شنیدهام که کنند

به چهل سال کاسهی چینی

صد بروزی کنند در بغداد

لاجرم قیمش همی بینی؟

کە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای سەفوەت ئاوای کردووە بە کوردی:

بیستوومە کە وا لە ڕۆژهەڵاتا

بە چل ساڵ ئەیکەن یەک کاسە چینی

لەمەردەشت ئەکەن سەدی بە ڕۆژێ

بۆیە قیمەتی وایە ئەیبینی

دیسان ڕووی لە من کرد و فەرمووی: «بریا زۆری وامان هەبان» و پێش ئەوەی من جوابی دەمەوە بۆ خۆی گوتی: «ئەگەر بۆ خۆمان بین زۆری وامان لێ هەڵدەکەون».

داخی گرانم زۆر زوو هێلانەکەمان لێ شێوا، سایەی ئەو پیاوە نیشتمانپەروەر و ئەدەبدۆست و هونەرپەروەر و قەدرزانەمان لەسەر وەلا کەوت.

قزڵجیش وەک زۆر لە نووسەر و شاعیرەکانی کورد بێئەنوا و بێداشدار و دڵسۆز مایەوە و لە دەس زوڵم و زۆری ڕێژیم ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران بوو.

هەر بۆ خۆی دەزانێ لەم ماوە دوور و درێژەی لێقەومان و دەربەدەریدا چەن تاڵ و سوێریی ژیانی چێشتووە، چەندی سەرما و گەرمای دنیا دیوە، چەندی پەند و گۆڵمەز بەسەر هاتووە. چەن گیراوە و ئازار دراوە، چەن هەوراز و نشێوی پێواوە و ئەمدیو ئەودیوی پێ کراوە و بۆ پەیدا کردنی پارووە نانێکی بێ منەت ناچار بووە بەو دەستەوەستانیی خۆیەوە، کاری چەن سەخت و گرانی بەدەنی بکا و سەر بۆ ناکەسان شۆڕ نەکاتەوە.

مامۆستا لە کۆڕی خەباتدا قاڵ بووە، خاراوە و لە کڵ هاتۆتەدەر. لەو هەموو کوێرەوەری و دەربەدەری و چەرمەسەرییە شت فێر بووە، زانستی بەرەو ژوورتر چووە. تەجرەبەی وەسەر یەک ناوە، کۆمەڵی خۆی باشتر ناسیوە، هەستی بە ئێش و ئازاری کردووە و دەرمانی بۆ دۆزیوەتەوە و بۆتە فەیلەسووفێکی پسپۆڕ و نووسەرێکی ڕئالیست و واقعبین.

پاڵەوانانی چیرۆکەکانی قزڵجی هیچکامیان بۆ خوێنەرێکی کورد نەناسیاو نین. هەموویانی لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری هەڵبژاردووە. کارەساتی ژیانی ئەوان بە کوردییەکی ساکار، بەو زمانەی هەموو کوردێکی نەخوێندەوار و ساوێلکە لێی حاڵی دەبێ شی کردۆتەوە. خوێنەری ورد تێدەگا مامۆستا قزڵجی تا چ ڕادەیەک شارەزای زانستی ڕەوانشناسییە و چۆنی ڕووحی پاڵەوانەکان ناسیوە و چۆتە ناخی دەروونیانەوە.

مامۆستا قزڵجی کۆمەڵی کوردەواریی زۆرباش ناسیوە. خوێنەر لەم کورتە چیرۆکانەدا نموونەی ژیانی دەرەبەگێکی چەکمەڕەق، کۆنە بەگێکی بارگین تۆپیو، شێخێکی دەسبڕ، دەروێشێکی زەرک وەشێن، جووتیارێکی زۆرلێکراو، باب نۆکەرێکی زمانلووس، کاربەدەستێکی بەرتیلخۆری بێگانە، تاجیرێکی سووتخۆری تەماعکار، جاسووسێکی نیشتمانفرۆش تەنانەت، ژنێکی چارەڕەش و بێبەشی کورد دەبینی.

خوێنەر پاش خوێندنەوەی زۆربەی چیرۆکەکان پێکەنین دەیگرێ، بەڵام چ پێکەنینێ؟ پێکەنینێکی تاڵتر لە کەکرە.

ئەوەی بۆ کوردێکی دڵسۆز جێی داخ و خەفەتە ئەمەیە: کە دەگەڵ ئەوەشدا زیاتر ڕووداوەکانی نێوەرۆکی چیرۆکەکان دەگەڕێنەوە بۆ سی ساڵ لەوەی پێش کەچی دەبینی ئێستاش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە وەزعی کۆمەڵایەتیی کورددا ڕووی نەداوە کە ئەم چیرۆکانە تازەیی خۆیان لەدەس بدەن.

ئێستاش جووتیار بە چەشنێکی نوێ دەچەوسێنرێتەوە و لەبەر زۆری ئیجارە و قیست و سوورسات دەس لە زەوی و زاری خۆی هەڵدەگرێ و ڕوو لە شاران دەکا. ئێستاش تونی حەمام پڕن لە هەژارە بێ جێ و ڕێیەکان. ئێستاش بازرگانی سووتخۆر و سفتەباز، شێخی کۆنەپەرست و دەسبڕ، دەروێشی فریودراوی زەرگ وەشێن لە کوردستاندا کەم نین.

ئێستاش دایک و باوکی کورد بۆ چاری دەردی منداڵە نەخۆشەکانیان، دەس و دامێنی ئامینە خانی نووشتەنووس دەبن و زۆر ئامینە خانی بێبەش و چارەڕەش ماون کە لەبەر وەزعی نالەباری کۆمەڵایەتی، هەوەس ناچاریان دەکا بە فێڵ ڕەشید فێر کەن نووشتەیان دەکۆشی باوێ.

ئێستاش سەرکار ڕەزای پاسگاکانی کوردستان لە جەنابی سەرهەنگ ئیجارە دەگرێ و بۆ ئەستاندنی بەرتیل و ساز کردنی پەڵپ و بیانوو حوسێن قوڵی هەر بەدەستەوەیە.

خوێنەرانی بەڕێز؛ من لەو سەرەتا کورتەدا ناتوانم مامۆستا قزڵجی بە ئێوە بناسێنم. خۆتان کتێبەکەی بەسەرنجەوە بخوێننەوە تا ئەم نووسەرە هەڵکەوتووە بناسن و لەبیری بەرزی بەهرە وەرگرن.

با تێکڕا فەرمایشەکەی پێشەوای نەمرمان دووپاتە بکەینەوە و بڵێین: «بریا زۆری وامان هەبان«.

مامۆستا هەژار موکریانی کە دەگەڵ مامۆستا هێمن و مامۆستا عەبدوڵڕەحمان زەبیحی و مامۆستا حەسەن قزڵجی چوار گۆشەی چالاکییە فەرهەنگیەکانی کۆماری کوردستانیان لەسەر شان بووە و بەیەکەوە دارەدارەی نوسین و ئاڵوگۆری ئەزمونی ئەدەبییان کردووە، سەبارەت بە نەمر مامۆستا حەسەنی قزڵجی‌دا ئاوا دەنووسێ:

[لەسەرەتای کۆمەڵەی ” ژ ــ ک “، چاپخانەیەکی دەستی چکۆڵەی هەرزانمان کریبوو. رووسان بەناوی یارمەتی فەرهەنگی، چاپخانەیەکی گەورەیان داینێ کە ڕۆژنامەی پێ چاپ بکەین و بۆ هەر کارێ دەرکاری بێنین. چاپخانە چکۆڵەکە دڕا بە بۆکان، دەگەڵ کاک ” حەسەنی قزڵجی ” چەند نەشرە و نوسراومان پێ چاپ کرد و گۆڤاری ” هەڵاڵە “مان دەرخست. هەوەڵ ژمارەمان بۆ پێشەوا بڕد. تۆنێک کاغەزی خەڵات کردین. کە هاتێشمەوە سابڵاغ قزڵجی دەگەڵ کۆنە مامۆستاکەم، سەید محەمەد حەمیدی کە سەرنووسەری ڕۆژنامە بوو، هاوکاری دەکرد. ” هەڵاڵە ” چوار ژمارەی دەرچوو. چێشتی مجێور – لاپەڕەی ٨٧

بەرەبەری نەورۆز ” قزڵجی ” و مام غەفور و من و هەمزە چوێنە گوندی ( ستیەک ). پاش دوو ڕۆژ میرزا رەحمان یەک باری کوتەکی کتێبی بۆ ناردین کە وەرەز نەبین. کتێبی چۆن؟ هەر لە تالیفاتی مارکس و ئینگلسەوە تا خەتی منی هێتلەر، لە حەدیس و شەرعەوە تا تەرجەمەی کتێبی بێ شەرمانەی بازاڕیی ” سان دۆنی ” پاریسی، تا کەرامەتی شێخ حیسامەدین. خۆڵاسە ئەوەندەی دژ لێک کۆکردبۆوە کە باسی نەکرێ. ڕۆژانە من و هەمزە بە تفەنگێکی تاپڕی شێخەوە دەچوێنە ڕاو، سوێسکە و کۆتر و کەومان ڕاو دەکرد. قزڵجی لە ماڵەوە کتێبی دەخوێندەوە. شەو حاسڵی ڕاومان دەخوارد و گوێمان لە قزڵجی دەگرت کە وەک حکایەت خوانی لەزەبر، چی خوێندبۆوە دەیگێڕاوە.

شەوێک قزڵجی لە مەلا عەولای پرسی:

ـ ئەگەر کەرێک زۆریش تێر بێ، وێنجەی تەڕی بۆ بەرن نای خوا؟

ــ  جا ئەوە پرسیاری دەوێ؟

ـ دە بڕوانە لەم کتێبەدا دەڵێ: شێخ حیسامەدین چوبووە باغێک، کەرێک لەوێ بەسترابۆوە، فەرمووی ئەو کەرە دەڵێ: برسیمە. وێنجەیان بۆ بڕد خواردی!

گوتی: چ سەگبابێک نووسیویە؟

. خەلیفە مەحموود.

. جنێو بە خەلیفە نادەم، بەڵام قسێکی بێ تامە! چێشتی مجێور- لاپەڕەی ١٠٤

نانمان هەبوو، پێخۆرمان کەم بوو، ماست هەر دەس نەدەکەوت. ڕۆژێک دەگەڵ قزڵجی لەسەر مانای شیعرێک کێشەمان بوو، قزڵجی گوتی: بە ماست، بە مریشک سوێند ئەخۆم قسەی من ڕاستە!

ـ یانی چی؟

ـ ئاخر ئەگەر ئەوانە موقەددەس نین بۆ کەس نایان خوا؟! چێشتی مجێور – ل: ١٠٦

پەنامان بە مام و ئامۆزای قزڵجی برد ئامۆزاکەی جەمە نانێکی داینێ، مامیشی نسحەتی کردین ببینە واکسی لە بەغدا و ئیتر نەمان دێتنەوە. با خۆمان حەولی کار بدەین. ئوتێل دەری نەدەهێنا بەجێمان هێشت. کۆنە خانێک هەبوو بەناوی ( منزل السرور ) چەند وەتاغێکی شڕ و شەوێقی تێدابو، وەتاغێکمان مانگی بە دینارێک گرت. دوو تەختی هەرزانی نووستن مەنجێکیئەڵمونیوم، دوو قاپ و کەوچکێک کەتری و چادان و ئیستیکان ، تاوەیەکی قوڕکێشی بۆ جل شوتنمان کڕی، دامەزراین. وەتاغەکانی تەنیشتمان هەر یەکەی یەکی لە ئێمە بەدبەخت تری تێدا بوو. من کەرستەم لە بازار دەکڕی و قزڵجی ئاشپەز و چاپەز بوو. سەر و حەسیر و پەتوشمان هەبوو. بە قەولی قزڵجی” سیرمان دەخوارد و زوڕنامان لێ دەدا “. چێشتی هەرە خۆشمان یارەڵماسی و پیوازاو بوو. بەیانیەک بە قرپ و هۆڕی پێکەنینی قزڵجی وەخەبەر هاتم: ـ خێرە؟

ـ خەونم دیوە، کابرایەک لە خەوما گوتی: بۆ ناچنە مەرقەدی غەوس بۆ کار بپاڕێنەوە؟

قزڵجیەک کە بە عومری خۆی عاقیدەی بەو شتانە نەبوو لەو ناچاریەدا تەواو دڵگەرمی خەونەکەی بوو. چوینە زیارەتی غەوس و پاراینەوە، بەهرەی نەدا. چەند رۆژێک پێ چو خەونێکی دیکەی دیبوو:

ـ کابرایەک لە خەوما گوتی: غەوس چکارەیە؟ بۆ ناچیە زیارەتی ئیمام موسا کازم؟

ناچاری هەموو کار بە پیاو دەکا. چوینە کازمین و داوای کارمان کرد، بەڵام لە گەڕانەوەدا بیست فلسی ئوتوبوسمان نەبوو. بە پیادەیی گەڕاینەوە بەغدا. ئیمامیش وەک غەوس گوی بە کلاوی نەپیواین. چێشتی مجێور – ل: ١١٥ـ ١١٦

ئامۆزایەکی قزڵجی شیرەشوانەی هێنابۆوە، دوکانوکێکی پەیدا کردبوو کە قزڵجی شەربەتی تێدا بفرۆشێ. بەختی قزڵجی لە تەنیشت ئەو ئوتێلێک دروست دەکرا کە پێشتی دوکانەکەی ئەو گیرابوو. کەسی پێدا رانەدەبرد. شەربەت گەرم دادەهات و سەهۆلی تێ دەخرایەوە و بە نەفرۆشراوێ دەمایەوە، ئەویش چی لێ پەیدا نەبوو. رۆژێک لە چێشتەنگاودا چومە لای قزڵجی، بۆ هەوەڵجار دیتم گریا بوو. خەبەر چیە؟

ـ کاکە ئەوە ژیان نیە، وەرە با بچینەوە سولەیمانی، هیچ نەبێ کوردستانە و ئاشنا و روشنایەکمان هەیە.

ـ تۆ خۆت دەزانی بەڵام هەر گا بیستەوە کەلاکێکی لە برسان مردویان لە کۆلانی بەغدا دیتەوە ئەوە بزانە منم. یان کار پەیدا دەکەم یان بە ناهومێدی سەر دەنێمەوە.

ـ ئێستا پوڵی قەتارم هەبا دەچوومەوە کوردستان. چێشتی مجێور – ل:  ١١٩

دێتە بیرم کە تازە دەگەڵ قزڵجی لە خانونەکەی بەغدا بوین. چوم برینج بکڕم، بەقاڵ گوتی: ” شگەت “. بەغار هاتمەوە لە قزڵجیم پرسی، نەیزانی. خۆم گەیاندە مام ۆوسێن گوتی: یانی چەند؟ بە قزڵجیم گوت: ئەوە عەرەبی نیە گوخواردنە!

گوتی: برام ئێمە ئیحتیاجیمان بەو گوخواردنە هەیە ! چێشتی مجێور – ل:  ١٤٩

قزڵجی لە خانێکی توتن و مازو کڕین لە لای عەبدول قادر ئەفەندیەک کاری دۆزیەوە، کەسێک ” پیکەنینێ گەدا “ی خوێندبێتەوە سوزانی قزڵجی لەوێ چۆن ژیاوە و بۆچی دەرکراوە، بەیانی زوو من دەچوومە سەمونی گەرم و پێخۆر کڕین، زەبیحی چای لێ دەنا، قزڵجیش هەر خواردنی لەسەر بوو. چێشتی مجێور – ل:  ١٧٩

بەهۆی مستەفا کوێر ناوێکی بە چاوێک کە خۆی بە خزمی زەبیحی دەزانی، زەبیحی و قزڵجی لە کافە رستورانێکی هەرە بەناوبانگی بەغدایە، کە خاوەنەکەی عەبدوڵلا شەریفی کۆنە ساباڵاغی و میلیۆنیر بوو، بۆ نووسەر دامەزران. چێشتی مجێور – ل:  ١٨٠

زەبیحی و قزڵجی لە مەحەللاتی شەریف  گیران و خرانە گرتوخانەوە. زوو ئیقراریان کردبوو کە ئیرانین. ئیتر عەبدوڵلا شەریف نەیتوانی بەریاندا، نزیک ساڵێک مانەوە و ئاغاکان زۆر مەردانە یاریدەدەی دەدان. دایاننەوە دەست ئیران.

سەردەمێک کە من شاگردی وەستا برایم بووم. قزڵجیش هاتۆچۆی عەکاسیەکەی دەکرد و فێری رتوش و وردەکاری تر ببوو. ڕۆژێک سەیدێکی جحێلیکەواشۆڕ لە دوکانی وەستا روی دە ئێمە کرد: برا من ناوم سەید ئیبراهیمی … ئەگەر دنیا بو ڕێگەتان کەوتە قەسری شیرین سەرم لێ بدەن. لە هەر کەس بپرسن دەمناسن. عیراقی لە خانەقینەوە داویانن بە پۆلیسی ئێرانی و رەسیدیان وەرگرتوە. لەو ساڵە حەبس و زۆر لێ پرسینەدا ناو تێکەلاوبوون. زەبیحی کە ناوی روالەتی قادرە سور و لە پاش گیران گوتویە عەبدورەحمان حەمەدەمینم، ناوەکە بۆتە حەمەدەمینی قاڵەسوری سەعید رەحیمەکەی قزڵجیش کە دوایە بۆتەوە حەسەن عەلی، بۆتە عەلی رەحیمی سەعیدی. ئەم ناوانەش وەک دوو گوناحباری سیاسی لە دەفتەری سنوروانانی ئێرانی دا نیە. ئەوانیش وەک ئەو هەموو بۆیاغچیانە حیساب کراون کە پەستا عیراقی دەیان دەنەوە بە ئیران ئەوەشمان لەبیر نەچێ لەو چەند ساڵەدا زەبیحی و من زۆر باش فێرە عارەبی ببوین بەڵام قزڵجی هەرچەند مەلا بوو عەرەبی ناو کتێبی زۆر باش دەزانی ئێستا و ئیستاش وەک لازمە فێری عەرەبی بەغدایی نەبوو کە نەبوو . ئەگەر قسەی دەکرد دەتگوت پیرە مەلای عەجەمە و لەسەر مینبەر رەوزەخوانی دەکا! زۆر جار جوابی عەرەبانی بە کوردی دەداوە.

زەبیحی کوتی ئەو رۆژە کە دایانینەوە بە ئێران سەرهەنگێکی زۆر بێ شەرمی قسەقوت بازجویی لێ دەکردین بە منی گوت: ئێوە چکارێکتان کردووە کە دەوڵەتی هاوسامانتان توڕە کردوە؟

 ـ جەناب ئێمە دەس فرۆشی ناو بازار بوین بێ خەتاین.

ـ باشە ئاغای سەعیدی تۆ قسە بکە.

ـ نەعەم؟!

سەرهەنگ هەر نەعەمی بیست، راستەوە بوو چەقەنەی لێ دەدا و قنگی بادەدا:

ـ ڤەن نەئەم! ئاغای ئێرانی، ئەم نەئەمەت لە کوێ هێناوە؟!

ـ کاکە قزڵجی گیان! تۆ بە کوردی جوابی عارەب دەدەیەوە، چۆن بو لێرە عەرەبیت هەستاوە کە گاڵتەمان پێ بکەن؟!

دەیان بەنە قەسری شیرین و دەیان خەنە گرتوخانەوە. ناوی سەیدەکەیان بیر دەکەوێتەوە لە پاسەوانێک دەپرسن: سەید فلان دەناسی؟ پاسەوان کڕئوشێک دەبا و دەچێ بانگی ئەفسەرێک دەکا. ئەفسەر دەڵێ: بۆ چیتانە؟

ـ خزممانە!

ـ ئێمە خاک بەرپێی ئاغاین فەرموون بتان بەم.

سەید کە تۆمەز شێخی ئەهلی حەقە و زوربەی خەڵکی شار مریدتەتی دەڵی: بەڵێ خزمی منن. شیویان دەداتی و ئەفسەر ڕادەسپیری کە زۆری ئاگا لێ بن و دێنەوە گەتوخانە. بەیانی ئەو رۆژە دەیان هێنە کرماشان.

ـ کوتێان دەوی بتان بەین ئازادن.

ـ لە کرماشان دەمێنینەوە، خواحافیز!

بە جوتە دێنە تاران. دەچنە ماڵی عەولاغای ئیلخانی زادە کە پورزای قزڵجیە و زۆر نزیکە لە دیوان.عەولاغا دەڵێ عیلاجتان نایە. بڕۆن خوبشارنەوە. قزڵجی بەرەو کرماشان بۆ لای سەعیدی حافیدی ئاموزای کە ( مودەعیل حام )بو دەڕوا. چێشتی مجێور – ل: ٢٢٣ـ ٢٢٤

دەگەڵ زەبیحی کەوتینە نیگەرانی، خوایە قزڵجی لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا چی بەسەر هات؟ دەیانگوت بۆتە فاڵچی لە کرماشان، تور و گێزەر دەفرۆشی. سۆراغمان هەر نەکرد. دوای دوو مانگ کە هاتینەوە بەغدا، قزڵجی پەیدا بوو. کە دەگەڵ زەبیحی لێک هەڵبڕابون ببوە میوانی حافیدی ئاموزای و خۆی گەیاندبوە هەڵەبجە. ئەو هەموو مابەینە بۆتە سۆفیەکی ریش درێژ لە تەکیەی شێخێک و نوشتەی لەباتی شێخ نووسیوە و نان و دۆی تەکیەی خواردوە. تا کودتای قاسم چەند مانگی بەسەردا تێ پەڕیوە، تازە وێراویە دەرکەوێ. دیسان سێ تفەنگدار گەیشتینەوە یەک! چێشتی مجێور – ل: ٢٨٣

لە ساڵی ١٩٦١ دا بارزانی دەگەڵ قاسم تێک گیران و شەر هەڵگیرسا. قزڵجی زۆر دەترسا کە هەر چونکە بارزانی ئەوی بە دەوڵەت ناساندوە. بیگرن. منیش تازە لە موسکو گەڕابومەوە حیزبی کمونیستی عیراق بە من و قزڵجی یان راگەیاند کە ئەگەر پێتان خۆش بێ لە ئەلمان دادەمەزرێن و دەکرێنە مامۆستا لە دانشگاە. من قبولم نەکرد و گوتم: ئەگەر ئەلمان بام و بارزانی لە دەوڵەت هەڵگەراباوە، لەوێوە دەهاتمەوە.

قزڵجی قبولی کرد و ناردیان. بەڵام لەباتی ئەلمان بردیانە بلغاریا. وتاری تودەی دەکردە کوردی و دەگەڵ کەریم حیسامی تەسجیلیان دەکرد و لەسەر رادێو ” پەیکی ئیران ” لە ئەلمانی رۆژهەڵاتەوە دەخوێندرایەوە. دەمێک بو رادێوکە نەمابوو، هیچ خەبەرمان لە قزڵجی نەبوو. لە پر سەر و کەلــلەی لە تاران پەیدا بوو.کە پاش سەرکەوتینی ئینقلابی ئیسلامی دەگەڵ  ” ئیحسان تەبەری ” هاتبووە. لەسەر رۆژنامەی مەردومی تودە دامەزرا، بەشە کوردی یەکەی بۆ دەنوسین. جار جار دەهات لە کەرەج سەری دەدام. چەند رۆژێک پێکەوە دەژیاین. بەڵام قەت ئادریس و تەلەفۆنی خۆی نەدامێ! حیزبی تودە کردبویە کاندیدای بۆکان لە ئینتخاباتدا، لەوی سەرنەکەوتبوو. تا لەپڕ خەبەر هات کە هەر کێ دەنکە خۆیەکی تودەی خواردوەگیراوە. بیستمانەوە کە قزڵجی دەگەڵ عەلی گەلاوێژ گیراون. تا لە رۆژی ٢٧ی سپتامبری ١٩٨٤دا بیستمان کە لە زیندانی ( ئەوین )دا وەفاتی کردوە و تەنانەت نەمانزانی قەبرەکەشی لە کوی یە… ل:٥٧٦] سپاس لە کاک فاروق فەرهاد کە ئەو بەشەی بۆ ناردین.

چالاکی سیاسی بەڕێز کاک حەسەنی ماوەڕانی سەبارەت بە کەسایەتی بەرزی مامۆستا حەسەنی قزڵجی لە گۆڤاری” هاوار ” ژمارە ٩ ساڵی ٢٠٠٠ دەنوسێ:

[مامۆستا مەلا حەسەن قزڵجی نە وەدوای ژیانی ڕواڵەتی کەوت و نە وەدوای پارە دەرهێنان کەوت و نە پلە و پایە.  

ئەو ئەوینداری نیشتمان و هۆگری ڕزگاری چینی چەوساوە بوو.  ئەو گێرۆدەی ئەدەبیات و نووسین بوو و عاشقی پەڕەکردنی زمانی کوردی بوو.  لەم ڕێگەیەشدا و هەر بەم تاوانەش لە ئەشکەنجەگادا شەهید کرا دەنا جەللاەکانیش باشیان دەزانی کە هیچ نهێنییەکی ڕێکخراوەیی بەلای ئەوەوە نییە.

دەشیانزانی کە بە ٧٢ ساڵ تەمەنەوە توانای مانەوەی بەر ئەشکەنجەی نییە.  بەڵام خامەکەی و بیری تیژی کۆمەڵایەتییەکەی و بە کوردی نووسینەکەی بۆ کوشتنی ئەو بەس بوو.

لە ماوەی زینداندا تەنیا مامۆستا مەلا ساڵحی ئیبراهیمی ئیزنی درا کە لە زینداندا چاوی بە مەلا حەسەن بکەوێ.  من لە پاش مردنی مەلا حەسەن بە هەر شێوەیەک ئاگاداری ئەو چاوپێکەوتنە بوومەوە.  کاتی چاوپێکەوتن حاڵی مەلا حەسەن ئەوەندە خراپ بووە کە بە ڕاکشاوی هێناویانە و مەلا ساڵح گێڕایەتەوە: لەسەر تەختێک ڕاکشابوو.  قسەکانی زۆر مەفهوم نەبوون.  سەرم خوار کردەوە و گوێم بردە بەر دەمی دەیگوت: سلاوی برادەر و دۆستان دەگەیەنم و گەردن ئازایی لە هەمووان دەخوازم.

مەحموود ڕۆغەنی کە لە زیندانی ئێوین بە زیندویی نەجاتی بووە و لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی حیزب لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە لە بارە مەلا حەسەنەوە دەڵێ: مەلا حەسەن لە زینداندا مرۆڤێکی لەسەر دڵان بوو جەللادەکان ئەو پیاوە پیرەیان بێڕەحمانە ئازار دەدا.  هەر لە ئەنجامی ئەو ئازارانەشدا بوو کە گیانی دا و شەهید بوو.

بەم جۆرە شۆڕە سواڕی چیرۆکنووس و مامۆستای ڕۆژنامەوانی و ئەدیب و تێکۆشەری دادپەروەریخواز و نیشتمانپەروەری کورد لە ١٦ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦١ دا گیرا و لە پایزی ساڵی  ١٣٦٢ دا لە تەمەنی ٧٢ ساڵێدا بەدەستی پیاو کوژەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیندانی ئێویندا شەهید کرا.  

چەند خو و سروشتی تایبەتی مامۆستا ” قزڵجی ” بە ڕاشکاوی ئەویان لە زۆر کوری تری سیاسی و پەرەوازە و تەنانەت نووسەر و تێکۆشەریش جیا دەکردەوە.

یەکەم ئەو زۆرخاکی و خۆمانە و بێ تەکلیف بوو.   دووهەم بێ شیلە و پیلە و ڕاستبێژ بوو.  سێهەم بە لەسەرخۆیی بەڵام دەقوودۆغری قسەی خۆی دەگوت: بۆ وێنە جارێک لە ماڵەکەی مامۆستا لە تاران بووین و کیانوری و عەموویی و شەهید کاک ڕەزا شەلتوکی هاتبوونەوێ باسێ بارودۆخی کوردستان دەکرا.  مامۆستا ” قزڵجی ” کە بە هۆی ئێکزیما هەمیشە خەریکی خوراندنی پشتی دەستی بوو، لەسەرخۆ گوتی:

ـ هاوڕی کیانوری تۆش بەم خەتی ئیمامەت سەرمان بە فەتەرات دەدەی.

کیانوری هەڵبەزییەوە بەڵام بە حورمەتەوە گوتی: بەڵێ مامۆستا؟

مامۆستا گوتی ( بە فارسییەکی زۆر کوردانە ): ئاخیر قوربان موللا و اینقلابی ( مەلا و شوڕشگێڕ!)

حەسەن ماورانی

بەیادی نووسەر و ئەدیب و تێکۆشەری شەهید مامۆستا حەسەنی قزڵجی]

سپاس بۆ هاوکاری کردنی کاک فاروق فەرهاد