شەهین باوەفا کچی ئیبراهیم باوەفا لە ساڵی ١٣٢٦ لە ناوچەی جۆڕئاوای شاری سنە لە دایک بووە. ئەو نەمرە کە بچوکترین منداڵی بنەماڵە بوو، هەر لە کاتی منداڵێوە بە هۆی ئاکارە تایبەتییەکانییەوە لە ناو بنەماڵە، خزمان و دەوروبەری کەسێکی دیار و لەبەرچاو بوو.
خۆێندنی دەبیرستانی لە قوتابخانەی “پروین اعتصامی” تەواو کردووە و دواتر بۆ درێژەپێدانی دەرس لە زانکۆی شاری “گیلان” درێژەی بە خوێندن دا لە کۆلێجی پەرەستاری. لە دۆای کۆتایی زانکۆ لە ساڵی ١٣٥٢ لە بنکەی تەندرووستی کوردستان دەستی بەکار کرد، هاوکات لە نەخۆشخانەی “پهلوی”ـش کاری دەکرد. ئەو دوای ماوەیەکی کورت بە هەستکردن بە بەرپرسێارەتی و لێهاتوویی لە لایەن بنکەی تەندروستی کوردستان بۆ خولێکی لێکۆڵینەوەی چەند ساڵە ڕەوانەی ناوەندی پزشکی “داریوش کبیر” (نەخۆشخانەی شەریعەتی ئێستا) سەر بە زانکۆی تاران کرا.
ئەو ناوەندە زانستیە وەک یەکێک لە ناسراوترین بەشی پسپۆڕی تەندروستی لە ئێران دەناسرا. بە هۆی ئەوە کە شوێنی بەڕێوەچوونی ” کۆنگرەی نێونەتەوەیی نەشتەرگەری مێشک و دەمار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و هەروەها شوێنێک بووە کە لەوێڕا کۆمەڵێک نووسراوە و لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەش بە کۆنگرە ناونەتەوەییەکانی جیهانی و هەروەها گۆڤار و بڵاڤوکی زانستی لە جیهان دەکرا، بۆیە ئەو ناوەندە قورساییەکی باشی لە ڕوانگەی زانستییەوە هەبوو.
شەهین باوەفا دوای کۆتایی ئەو دەورەیە لە ساڵی ١٣٥٦ دیسان گەڕاوە بۆ نەخۆشخانەی پەهلەوی شاری سنە و وەک بەڕێوبەری بەش دەستی بەکار کردەوە. هەڵسووکەوتی گەرم لەگەڵ کەسانی دەوروبەری و بە تایبەت لە گەڵ نەخۆشەکان، کەسایەتێکی جێ متمانەی خەڵکی لەو کەسە دروست کرد و لە یەکەمین چاوپێکەوتندا، سرنجی نەخۆشەکانی ڕادەکێشا.
لە دوو هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی شاری سنە لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ و شەڕی بەرگری ٢٤ رۆژە لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ شەهین باوەفا دەورێکی بەرچاوی لە تیمارکردنی بریندارەکانی ئەو کارەساتانەدا گێڕا. ناوی ئەو لە هەموو بنکەکان، ناوێکی دێار و ناسراو و خاوەن ڕێز بوو.
لە شەری بەرگری ٢٤ رۆژەی شاری سنە بە هۆیتۆپباران و گولەبارانی خەستی شار لە لایەن هێزە هێرشکەرەکان، نەخۆشخانەی نۆێ قانع کە لە دەرەی شاربوو، لە رۆژە سەرەتاییەکانی شەڕ ئەو نەخۆشخانەیە داخرا، نەخۆشەکان و پێرسۆنێل نەخۆشخانە گۆازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی پەهلەوی.
نەخۆشخانەی پەهلەوی وەک کۆنترین نەخۆشخانەکانی شار دەناسرا و شۆێنێکی بەرتەسک و کەرەسەی کەمی تێدابوو، بەو هۆیەوە جێگەی ئەو هەموو نەخۆشە کە رێژەیان هەر لە زێادبووندا بوو نەدەبۆوە. ژوورەکانی کار، رێرەوەکان و حەوشەی نەخۆشخانە پڕ بوو لە نەخۆش و برینداری شەڕ. بڕیارێکی بە پەلە درا کە نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە بۆ شوێنی کاتیی بگۆازرێنەوە و بە شێوەی گەرۆکی سەردانیان بکرێ. ئایا ئەو کارە بە بێ بەرنامەیەکی تۆکمە دەکرا؟ بە هۆی چڕکردنەوەی هێرشەکان لە ڕێگەی هەوایی و زەوێوە بە مەبەستی گرتنەوەی شار، رێژەی کوژراوەکان و بریندارانی نەخۆشخانە روو لە زیادبووندا بوون.
شەهین باوەفا یەکێک لەو کەسانە بوو کە بێ پسانەوە و بە شەو و رۆژ بەرپرسیارەتی نەخۆشخانەی “پەهلەوی” لەسەر شان بوو. لە گەرمەی شەڕ و ڕێک لەو کاتەدا کە شەڕی ٢٤ ڕۆژە نیوەی تێپەڕاندبوو، تیمێکی هاریکاری تەندروستی کە پێکهاتبوون لە دوکتۆرەکانی نەشتەرگەری و دەرمانی هاتنە شاری سنە و بە ڕێنوێنی شەهین باوەفا یەکەمین دەرمانگەی گەڕۆک لە ژێرزەمینی یەکێک لە ماڵەکان لە شەقامی “وەلیعەهدی” پێشوو دامەزرێندرا.
پزیشکەکان بە هۆی گولەبارانی چڕوپڕ کە بە چەکی سووک و قورس لە دەوروبەری نەخۆشخانەی پەهلەوی دەدرا، مەجبوربوون بەشی هەرە زۆری نەشتەرگەرێکان هەر لەو ژێرزەمینەدا بەڕێوە بەرن.
لە رۆژی شازدەهەمی شەڕی سنە، سێ رۆژنامەنووسی غەوارە کە ئەوڕوپایی بوون بۆ ئامادەکردنی ریپۆرتاژ لەسەر وەزعەکە، بە نهێنی هاتبوونە ناو شار. ئەوان کە بۆخۆیان شایەدحالی بۆمباران و گولەبارانی ماڵ و حاڵی خەڵکی ئاسایی بوون کە لە لایەن پاسداران و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرا. ئەو کارەساتەیان وەک ژینۆسایدی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان پێناسە دەکرد.
دوای کۆتایی پێکدادانەکان و دەرچوونی هێزی پێشمەرگە لەناو شار، هێزە داگیرکەرەکانی بە نێو سپای ئیسلام تا چەند رۆژان غیرەتی هاتنە ناو شاریان نەبوو، دۆاتر بە پشکنینی هەموو ماڵێک و تاڵانکردنی ئەو ماڵانە، دەستیان بە گرتنی لاوانی ئەو شارە کرد. یەکێک لە شەوانی ناوەڕاست مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ بەگرێگیراوانی سپاە و ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی یای شەهین باوەفا بەسەر ماڵی ئەوانیان دادا و گرتیان.
شەهین باوەفا لە ماوەی گرتنیدا، لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و روحیدا بوو. ئەو بە ورەیەکی بەرز و خۆڕاگرانە لەبەرانبەر ئەشکەنجەگەران راوەستا و بەهەمان ورەی بەرزەوە بەرەو کۆتا ساتەکانی مەرگ رۆیشت.
شەوی ٢٤ی جۆزەردانی سالی ١٣٥٩ نەمر شەهین باوەفا هاوڕێ لەگەڵ دوو لە چالاکوانانی “سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵک”، نەمران “فرشتە گوڵ عەنبەریان” و غوڵامرەزا خاکبار” بە لە سێدارەدان مەحکوم کران و لە ناوەندی دادگای شۆرشی سنە لەبەر چاوی کۆمەڵێک بەندکراوانی سیاسی لە سێدارەدران.
نەمر شەهین باوەفا لە ماوەی کورتی ژیانی خۆی، بە هۆی کەسایەتی بەرز و خزمەتی بێوێنەی بۆ خەڵکی شاری سنە، جێیەکی تایبەتی لەناو کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆردستاندا لە خۆی بەجێهێشت. ناوی بەرزی ئەو نەمرە لە مێژووی خەباتی حەقخۆازانەی کوردستان هەروەک سومبولی بوێری و مرۆڤدۆستی دەدرەوشێتەوە. یادی بەرز و بەرێز بێ.
ئەمیر لوتوفوڵا نژادیان
دەقی وەرگێردراوی بابەتێکی حەوتوونامەی ئێکسپرێس (چاپی پاریس) لە ژێر ناوی “ئێران: دۆازدە گولە ئایەتوڵا”
ژان فرانسۆ ریوڵ (١)
Express du 5-11 juillet 1980
رۆژی سێشەممە، شەشی مانگی مەی، ساڵی ١٩٨٠، کریستان هوش(٢) و ژاک ئالیو(٣)، هەناردەکراوانی تایبەتی حەوتەنامەی ئێکسپرێس بە هاوڕیەتی هانری بورو(٤) لە ئاژانسی زیگما، بە نهێنی چونە ناو شاری سنە کە دەبێتە ناوەندی کەرتی ناوەندی لە کوردستان (مەبەستیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە – وەرگێڕی کوردی). لە چەند حەوتوو پێشەوە، ئەو شارە لەلایان ئەرتەشی ئێرانەوە بۆ دژایەتی گەلی کورد ژینۆساید دەکرا و بە خەستی و بێبەزەییانە شەو و ڕۆژ بۆمباران دەکرا.
سەرلە بەیانی، کۆمەڵێک پێشمەرگە (هیزی پارێزگاری خەڵک) بۆ پارێزگاری لە ئێمە ئەو سێ هەواڵنێرە یارمەتییان داین بچین بۆ نەخۆشخانەی “شهدا” لە ناوەندی شار. ئەو ناوەندە تەژی لە خۆێن و تەرمی کوژراوەکان بوو، گوێمان لە دەنگێکی ناسک بوو: شەهین باوەفا، خاتونێک کە تەمەنی دەوری سی ساڵە، بەرپرسی نەخۆشخانە بوو. کوشت و کوشتاری بێ بەزەیانەی “سپای پاسدارانی شۆرشی ئێران” کە بێباکانە خەڵکی بێتاوانیان بۆمباران دەکرد لەسەر رووخساری ئەو خاتوونە سەبارەت بەو کوشتارانەی وێنا دەکرا و بە وردیش بۆی باس دەکردین. هەروەها لە بۆمبارانی خەست و هۆڤانە کە بە مەبەستی کوشتاری بە کۆمەڵ وەگەڕ خرابوو، دە لە دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ بەرەنگاری ئەو کارەساتانە ماندوویینەناسانە هەوڵیان دەدا، بۆمان دەدوا. بەرپرسی نەخۆشخانەکە بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی پیشانداین کە شەوی پێشتر بە خۆمپارەی ١٢٠ میلیمیتری وێران کرابوو. شەهین باوەفا بۆی باس کردین کە ئێرانێکان تەقە لە ئامبوڵانسەکانیش دەکەن. سێرۆم و ئانتیبیوتیک و دەرمانی بێهۆشی و تەنانەت کەرەسەی ئاسایی تیمارکردنی برینیشمان نەماوە. کاتی بەجێهێشتنی شوێنەکە، ئەو خاتونە داوای لە ئێمە دوو هەواڵنێری تایبەتی ئێکسپرێس کرد کە بەڵێن بەو بدەین کە هەواڵی بێزاری و دڵەڕاوکێ ئەو لە لاپەڕەی گۆڤارەکەماندا بڵاو بکەینەوە و ڕای گشتی وڵاتانی رۆژئاوای لێ ئاگادار بکەینەوە. ئەو داوای لە کریستیان هوش کرد کە ناوی ئەو وەک سەرچاوەی رێپۆرتاژەکەیان بێنن. کریستیان هوش سەبارەت بە ئەگەری مەترسی بۆ ئەو، هەوڵی ئەوەیدا ناوی ئەو نەهێندرێ. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە کرد و وتی گۆازتنەوەی ئەو هەواڵانە بە ناوی خوازراوەوە، لە قورسایی و متمانەی هەواڵەکان کەم دەکاتەوە و ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەو: “ترسی لە مردن نییە”.
کریستیان هوش لە ڕاگەیاندنی خۆی ئاوا باس دەکا: ” من خاتونێکی لاوی دوو گیانم بینی سەرەڕای ئەوە کە لاقی چەپی پەڕیبوو، مناڵەکەشی بە مردوویی لە دایک ببوو، بەڵام دیسان وزەی پێکەنینی هەر پێمابوو”.
شەهین باوەفا، ژنی سی ساڵە، بەرپرسی نەخۆشخانە لەبەرمان پاڕاوە لە گەڕانەوە بۆ فەرانسە سەبارەت بەو شتانەی چاویان پێکەوتووە، دەنگ هەڵبڕن. تەمەنا دەکەم لە حکومەتەکەتان داوا بکەن هەوڵ بدا ئەو کوشتارە کۆتایی پێبهێندڕێ.
“رۆژی سێشەممە سێزدەی مەی، لەشکری ٢٨ی مانگی مەی ئەرتەشی ئێران و پاسداران، شارەکەیان دوای ئەوە کە پێشمەرگەکان، بە مەبەستی پاراستنی گێانی هاووڵاتیانی شار لە کوشتار، چۆڵ کرد، داگیر کرد. چەند رۆژ دواتر شەهین باوەفا دەسبەسەرکرا و لە داداگایەکی ئیسلامی بەو تاوانانە دادگایی کرا:
١ (گێرەشێوێنی لە بەرپرسیارەرتی هاوبەش (هەر کەس بۆ خۆی سەرپشک بێ …)
٢( بانگهێشت و داواکاری بۆ ڕاپەڕین دژی شۆرش لە رۆژنامەیەکی بێگانەدا).
رۆژی ١٧ی ژوئەنی ١٩٨٠ شەهین باوەفا لە سێدارەدرا.
ئەو هەواڵانە لە دوو سەرچاوەوە بۆ ئێمە ناردراوە.
ئـ) لە لایەن بەرێز نورەالدین زازا. ئەو مامۆستایەی زانکۆ کە کوردی باکورە لە رێکەوتی ٢١ی ژوئەن نامەیەکی بۆ ناردین.
ئەو هەواڵانە ڕاستەوخۆ لە بنەماڵەی ئەو خاتونە لاوە لە سێدارەدراوەوە بۆ ئەو ناردراوە. ئەو یەکەمین کەس بوو ئێمەی لەو هەواڵە ئاگادار کردەوە.
ب) هەوڵی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە بۆ ئەو مەسئەلە لە ڕیگەی باشترین و جێ متمانەترین سەرچاوە کە لە تاران بەدواداچوونی بۆ کراوە، لە سێدارەدانی ئەو خاتونە لاوە پشتڕاست دەکاتەوە.
خوێنەرانی گۆڤارەکەی ئێمە – کارمان بە حکومەتەکانی خۆمان نییە، چونکە سەبارەت بەوان هیچ شک و گومانێکم نییە و بێ ئەوەی هیچ پێویستییەکی بە ناچارکردن و هاندانی ئێمە بێ، بە دڵنیاییەوە بۆخۆیان تووشی بێزار و بێز دەبن، بەڵام ئێمە دەمانهەوێ بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکان، ئەو خاڵانەی خوارەوە بخەینە روو.
١. ئێران لە بارودۆخێکی ناسەقامگیری وەک سەرەتای شۆڕشدا نییە کە ئێعدامی بەپەلە بە بڕیاری کۆنتڕۆڵ نەکراو پاساوی بۆ بهێندرێتەوە. کوژرانی شەهێن باوەفا بە ساخبوونەوەی پێشوەختە و بڕیاری دەستەڵاتی ناوەندی و لەوپەڕی داماویدا بەڕێوە چوو.
٢. لە باڵوێزخانەی ئێران لە پاریس و سەرجەم باڵوێزخانەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، مۆرە ئیتلاعاتییەکانی خومەینی بوونیان هەیە و سەرجەم نووسراوەکانی پەیوەندیدار بە ئێران لە بڵاوکراوە دەرەکییەکاندا دەخەنە ژێر چاودێری و هەڵگێڕوەرگێڕی دەکەن و هیچ شتێک لەبەر چاوی ئەو سیخوڕانە ون نابێ و هەر رەخنەیەکی ئێرانییەک لە رژیم، لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بێ، بە مەرگی نووسەرەکەی تەواو دەبێ.
٣. ئەگەر مەرگی ئاماژەپێدراو لە سەردەمی رژیمی پاشایەتیدا رووی دابا، ئێمە بە دژی کەمپینمان وەڕێ دەخست و لەوانە بوو هێرش بکراێتە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، هەروەک لە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە کاتی دادگاییکردنی “فرانکۆ”دا لە ساڵی ١٩٧٥ دیتمان..
من ئیزن بە خۆم دەدەم هیوادار بم کەسانێک کە سەبارەت بەو جۆرە رووداوانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەوەیان لەبیر بێ کە ئێعدام هەرچییەک بێ، جۆرێک کوشتنە تەنانەت ئەگەر بکوژ بواری یاساییشی پێ بدا.
٤. دیکتاتۆرەکانی جیهانی سێهەم، ساڵانێکی دوورودرێژە بۆ بەرگرتن لە تەشەنە و دەزەکردنی هەواڵ و کپکردنی زانیارییەکان، کەمپینیان وەڕێ خستووە. ئایەتوڵڵا چەکێکی تیژ و کاریگەری بۆ کوشتنی ئەو دژبەرانە پێیە کە لە دەزگاکانی راگەیاندندا دەردەکەون، بەڵام کێ ئەو بوێرییەی هەیە کە بە ئایەتوڵڵا بڵێ لەهەمبەر بارودۆخی ژناندا دواکەوتوویە؟ لە روانگەی ناوبراوەوە، تەنیا لە پای سێدارە ژن و پیاو یەکسانن.
1- Jean-François REVEL
2- Christian HOCHE
3- Jacques HALLIOT
4- Henri BUREAU
کاک عەزیز ماملێ ئەو بابەتەی لە زمانی فەرانسەوێوە وەرگێڕاوەتە سەر فارسی، ماڵپەڕی نەمرانیش وەریگیڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ئاڵبۆمی پێوەندیدار بە نەمر شەهین باوەفا