Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە یادی نەمر “شەریف یۆسفی”ـدا

نەمر شەریف یۆسفی کوڕی  کاک ئەحمەد و یای زێنەب ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی کەڵبەڕەزاخان لە دایک بووە. بنەماڵەی نەمر شەریف سەرەڕای دەستکورتیان، ئەو نەمرە دەنێرنە شاری مەهاباد بۆ درێژەپێدانی خۆێندنەکەی. سەر لە بەیانییەکی پاییزی لە ساڵی ١٣٦٠، بە مەبەستی کڕینی نان بەرەو نانەوەخانە دەچێت کە لە لایەن پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەمەکی دەیگرن و ڕایدەگۆازنە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە. پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لە زیندانی مەهاباد، ڕەوانەی زیندانی ورمێ دەکرێت. یەکێک لە هاوڕێیانی نەمر شەریف کە ئەوکات ئەویش دەسبەسەر کرابوو دەگێڕێتەوە کە:

نەمر شەریف یۆسفی
  • (شەریف هات بۆ لام و پێی گوتم کە هێندەیان لێداوم بەرگەی ئەو هەموو ئازارە ناگرم و پێم ڕاگەیاندوون کە هەر تاوانێک کە دەیخوازن بە منێوە بلکێنن، بینووسن با واژۆی کەم تا بە زووترین کات ئێعدام بکرێم و لە کۆڵ ئەو ئەشکانجانە ببمەوە).

هێزەکانی ڕێژیم لە نامەیەکدا کە پێشوەخت ئامادەیان کردووە، نەمر شەریف بەوە تاوانبار دەکەن کە لە شەڕی “بەردیش”دا بەشداری کردووە و لەو شەڕەدا ئارپی‌جی پیبووە، ئەوە وەک ددانپێدانانێک بۆی بە ئەژمار دێت و بەو تاوانە هەر لە زیندانی شاری ورمێ لە ڕێکەوتی ٧/١٠/١٣٦٠ هاوڕێ لەگەڵ ١٤ لاوی بێتاوانی شاری مەهاباد لە تەمەنی حەفدە ساڵیدا ئێعدام دەکرێت. ئەوانەی نەمر شەریفیان دەناسی، دەگێڕنەوە کە ئەو نەمرە کەسێکی ئارام و بێ ئازار، لەسەرخۆ و جێی متمانە بووە و هەمووکات دڵی بۆ خەڵکی چەوساوەی گەلەکەی لێیداوە. کەسایەتی تایبەتی ئەو نەمرە وای کردووە کە زوو بکەوێتە سەر دڵان و هەر کەسێک بۆ یەکجاریش چاوی پێی کەوتبایە، نەیدەتوانی خۆشی نەوەێت.

ڕۆژنامەی ئیتلاعات رۆژی ١٠ی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە زمانی دادگای شۆرشی ئیسلامی لە ورمێ سەبارەت بە ئێعدام کردنی ئەو نەمرانە ئاوا دەنووسێ:

  • –       (بە ناوی خوداـ  تاوانی ئەوانەی کە لەگەڵ خودا و ڕەسووڵی خودا کەوتوونەتە شەر و لەسەر زەوی گەندەڵی پەرە پێدەدەن، کووشتنە. قوڕعانی کەریم.

پازدە کەس لە لایەنگرانی چەکداری گرووهی نایاسایی و ” موحاربی” دیمۆکڕات بە تاوانی شۆڕشی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامێتی لە گروپی سڕاوەی دێمۆکڕات و بەشدارییان لە چالاکی چەکداری و شێواندن و ڕێپێوانی نایاسایی و کوشتار و سووتاندنی برایانی پاسدار و ئەرتەشی بە بۆسەدانانەوەی پێشوەخت و شەهید کردنی ئەوان لە دارەلەک، کۆسەکەرێز، ئیندرقاش، تەپکەی سەفایی، بەردەڕەشان و تێکهەڵچوونەکانی نێوشاری مەهاباد بۆ وێنە لە گەڕەکەکانی مەیدانی ئاردی، سەرپردی چۆارڕێی ئازادی، مەیدانی ئاسکەکان و شارەبانی مهاباد لەسەر ئەساسی دانپێدانانەکانی خۆیان و بەڵگە و شاهیدانی ئامادە لە پەروەندەکانیان، کە لەبەر دەستی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ دایە، دژی خودا و ڕوسووڵەکەی وەساتونەوە و بە کافر دەناسرێن و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێت. حوکمی دەرکراو لە رۆژی دووشەممۆ ٧ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ئیجراکرا. ناوی ئێعدامکراوەکان بەو شێوەیە:

١. شەریف یۆسفی کوڕی ئەحمەد

٢.  ڕەحمان عەلیڕاست کوڕی عەلی

٣.  جەعفەر لالەعباسی کوڕی قادر

٤.  ڕەحمان سوارە کوڕی خدر

٥.  محەممەد حوسێنپوور کوڕی عەزیز

٦.  عەلی بلوری کوڕی مستەفا

٧.  خوسرەو خاوەریان کوڕی ئیبراهیم

٨.  عەزیز حاج عەبدوڵا کوڕی عەبدوڵا

٩. کەماڵ مۆغەمی کوڕی محەممەد

١٠. عەزیز سابونچی کوڕی مستەفا

١١.  عەتائوڵڵا مۆفەقی کوڕی محەممەد خەلیل

١٢. ڕەسوڵ حەسەنزادە کوڕی محەممەد

١٣. سەید حەمید حوسەینی کوڕی سەید ئیبراهیم

١٤. حەسەن بامداد کوڕی متەلیب

١٥. ڕزگار خاتمی کوڕی یۆسف)

بیستنی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە ئەژنۆی بنەماڵەکانی شکاند و بوو بە ڕۆژی حەشر و هەرچی خزم و دۆست و ئاشنا بوو بە هانای ئەو بنەماڵانەوە چوون. بنەماڵەی ئەو پۆلە لە ئێعدامکراوەکان کۆ دەبنەوە و بە کۆمەڵ دەچن بۆ ورمێ تا تەرمی ڕۆڵەکانیان وەرگرنەوە، بەرپرسانی دەوڵەتی پێیان دەڵێن تا شیرنی و پووڵی فیشەکانمان بۆ نەهێنن، یەک وشەش سەبارەت بەو نەمرانە نادرکێنن. پاش ئەوە بەداخەوە تەرمەکانیان نادەنەوە. بەرپرسانی زیندان و دادگای ئیسلامی پێیاندەڵێن کە خەمتان نەبێ و ئێمە تەرمەکانمان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی کفن و دفن کردووە. ئەو قسانە دڵی بنەماڵەکان ڕازی ناکات و لە بەدواداچوون بەردەوام دەبن تا لەپاش حەوت مانگ و چوار ڕۆژ هەوڵدان و هەڵوەدابوون بە شاراندا و بە نووسینی نامەی بە کۆمەڵ بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی، هەیئەتێک لە تاران ڕا هاتن و لە پەنای دەریای ورمێ کە شوێنێکیان هەڵکۆڵیبوو و تەرمەکان کە لە نایڵۆنی پلاستیکیدا بوون و بە کەوش و لیباسەوە چاڵیان کردبوون دەردێننەوە و دەیانبەن لە گۆڕستانی (باغی ڕیزوان) قەتعەی ١٩ لە شاری ورمێ سەر لە نوێ بەخاکیان دەسپێرنەوە. 

تەنیا یادگارێک کە لە نەمر شەریف یۆسفی بەجێ ماوە، ئەم نیگارەیە

کاک ئەحمەد باوکی نەمر شەریف دەگێڕێتەوە کاتێک تەرمەکەیان پێ نیشان داین، تەرمی نەمر شەریف لە نایلۆنێک پێچرابوو و دەست و لاقێکی شکابوو و تەرمەکەی بە تەواوی شێوێندرابوو، کاک ئەحمەد باوەڕ ناکات ئەوە تەرمی نەمر شەریف بێت و پاشان هێزەکانی ڕێژیم بۆخۆیان تەرمەکانیان بردە ورمێ و لە گۆڕستانی “ڕێزوان” بە خاک دەسپێردرێن. پاش بە خاک سپاردنیان، بە بنەماڵەکان دەڵێن کە ئەو تەرمانە لێرە بە خاک سپێردراون، بەڵام بنەماڵەکانیان ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەڕاستی نازانن کە ئەو گؤڕانە ئی ئەو نەمرانەن.

پاش ئێعدامکردنی ئەو نەمرانە کەسوکاری ئەو پازدە نەمرە بە هەوڵێکی بێ پسانەوە کە بەڵگەکانیان گەیاندۆتە دەستی ناوەندی نەمران، یەکمجار تەرمی ئەو نەمرانە پێشانی بنەماڵەکانیان دەدەن و پاشان ڕاگۆزی گۆڕستانی ڕێزوانی ورمی دەکرێت. کاتێک هەوڵی بنەماڵەکان بۆ سەلماندنی بێتاوانی ئەو نەمرانە دەگاتە کاربەدەستانی سەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەردەکەوێت کە ئەو تاوانانەی دادگای ورمی لەو نەمرانەی داوە بێ ئەساس و بێ بنەمایە، سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە بە پوڵ و پارە بدەنەوە و بە کڕینی ماشێن و بەڵێنی‌ درەوشاوە، هەوڵی بێدەنگکردنی بنەماڵەکانیان دەدەن، بەڵام ئەو بنەماڵە سەربەرزانە قەول و بەڵێنێییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەت دەکەنەوە و داوای دادپەروەری دەکەن. بەداخەوە داواکارییەکانی ئەو بنەماڵانە بە هیچ شێوەیەک نایەتە دی و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تاوانەشی خستە سەر تاوانە قێزەونەکانی خۆی.
بنەماڵەی نەمر شەریف بێجگە لە هەندێک وێنەی دەگمەنی ئەو نەمرە و وێنەیەکی کێشراوە کە بەدەستی ئەو نەمرە کێشراوەتەوە، هیچ یادگارێکیتریان بۆ نەماوەتەوە و تەنانەت گۆڕێکیش نیە کە بۆ دەربڕینی ناسۆری دڵ بتوانن بچنە سەری و فرمێسکی لەسەر هەڵبڕێژن.

ناوەندی نەمران یادی ئەو پازدە نەمرە و سەرجەم نەمرانی کوردستان پیرۆز ڕادەگرێ و بنەماڵەی ئەو نەمرانە بە گەرمی لە ئامێز دەگرێت. ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان

وێنەیبەشێک لەو بەڵگانەی کە پەیوەستن بە بەدواداچوونی ئەو نەمرانە