نووسین و لێکۆڵینەوەی: مینوو هومەیلی
لە نێـوان زۆر لەو شۆڕشگێرانەی ڕێـگەی ڕزگاری و ئازادی کە لە ئیعدامەکانی دەیەی شەستی هەتاوی وەبەر چاو دێن کەسانێک هەن کە سەرەڕای ئەوە کە چۆنێتی مەرگیان وەک ئارام گرتوانی قەبرستانی خاوەران کە بێ ناوونیشان ئەسپاردەی خاک کراون نەبوون ، بەڵام هەروەک چیرۆکی مەرگیان ناوی ئەوانیش لە هیچ یادکردنەوەیەک دا نەهاتووە و هیچ وتار و نامیلکە و نووسراویەک لە سەریان نەدیتراوە و نەبیستراوە. ناو و ناوبانگیان بۆ کەسانی نامۆ لە بەسەرهاتیان گرینگی نەبووە و بنەماڵە و ناسیاوەکانیشیان ،هەتاهەتایی لەبەر ترس و دڵەڕاوکێ و ئەو هەرەشەی کە لە سەریان بووە ناچار کراون سەبارەت بە چۆنێتی مەرگیان ،بێ دەنگی هەڵبژێرن .وێنە و هێماگەلێکی کەم وێنه کە بە تێپەڕبوونی کات و سستی و نەمانی هیوا هیچ بابەتێک لە سەر ئەوان نازانین و بەرپرس بوونی نووسین لە چۆنێتی ژیان و مەرگیان لە ئەستۆی کەس و کار و ئەو هاوڕێانەی کە وێڕای ئەوان لە گرتووخانە بوون دایە. نەستەرەن کێسوەت ئارا لەو ناوانەیە کە لە گرتووخانە دا ناوم بیستبوو و لە دوورەوە دەمناسی.کچی چوارەمی بنەماڵەیەکی ڕووخۆش و ڕەنجبەر کە لە چۆنێتی باش ژیان کردن هەموو شتی لە دایک و باوکی فێر بوو و بە خوێندنەوە و هەست پێ کردن لە سەر بارودۆخی کۆمەڵگا ،زانیاری بۆ پێویستی گۆڕان لە ژیانی دا بە خەبات و ململانێ لە تەمەنێکی کەم دا بەو پەڕی ژیری مناڵانەی خۆی گەیاند. کچێکی قسە خۆش و ڕووخۆش ،خەمخۆر و گیان فیدا کە لە تەمەنی کەمی ژیانی دا دەدرەوشاوە و بوون و هەبوونی بێ وێنە بوو. ئەو نووسراوانە بیانوویە بۆ ڕێـزلێنان لە هاوڕێ نەستەرەن کێسوەت ئارا کە لە ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی و بە بێ دەنگی و شاراوەیی ئیعدام کرا و ناوی بەڕێـزی زۆر بۆشایی پێوە دیار بوو لەو ناوانەی کە بۆ وەدی هێنانی ئازادی گیانی خۆیان بەخت کردووە. پێویستە ئاماژە بەو خاڵەش بکرێ کە ناوی زۆر لەو شایەت حاڵانە بە هۆی چێ نەبوونی مەترسی لەسەریان نەنووسراوە.
لە ڕێکەوتی بیست و سێ جۆزەردانی ساڵی ۱۳٤٤ی هەتاوی هاوڕێ نەستەرەن کێسوەت ئارا لە سـنە و لە بارودۆخێک لە دایک بوو کە باوکی بۆ بژێوی ژیان بەو پەڕی خسڵەت بەرزی و مەزناهی نانی تازە و گەرمی دەگەیاندە سەر سفرەی خەڵک. سەرەڕای دەسکورتی زۆری خەڵکی بێ بەش لە خۆشی کوردستان غەمی نان دەرفەتی نەەدەدا بە خەڵک کە خوێندنەوە و لێکدانەوە و بەدواچوون بکەن. شۆڕشێک کە بەڵێنی دونیایەکی باشتری دابوو کەوتە دەست دژە شۆڕشی کۆنەپەرست کە بە ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕش بە باشی لێ حاڵی بوو کە هەژاری چۆن دەبوو هۆی ساز بوونی شۆڕشێکی دیکە. ڕێژیمی ئیسلامی بە هۆی جەوهەر و سرشتی ڕەشی خۆی و مەترسی ناڕەزایەتی دەربڕینی گەل ،تێگەیشتبوو کە شۆڕشگێڕانی پێشوو هەنووکە بوونە دوژمن و هەر وەک باب و باپیرانی پێشوویان هیچ چارەیان بێجگە لە سەرکوتی گەل و لە ناو بردنی بیری ئازادی نەگرتە بەر. بە سەرکوتی توندووتیژ و بەربڵاوی ڕێکخراوەکانی چەپ و ڕاست، مەیسەر بوونی ڕێکخستنی فەرمی و ئاشکرا لە ڕاستی دا جێببەجێ نەدەبوو. لەو بارودۆخە دا پارتیزانی کەم تەمەنی ئێمە سەرەڕای کەش و هەوای بێ بەشی گەل و زەبروزەنگی ڕێژیم ،لە گەڵ دونیای کتێب و جیهانێک کە سۆسیالیزم لەوی دا بەڵێنی بە گۆڕان دابوو ئاشنا هات. هەر خاڵ و بابەتێک کە هاوڕێ نەستەرەن لەسەر زۆر داری و هەژاری و کۆنەپەرستی هەستی پێ دەکرد و وەبەر چاوی دەهات ،لە رستە رستەی کتێبەکانی قەدەغە کراو نووسرابوو و چارەسەری بنەماکان لەو دابوو کە ڕێژیم لێ دەترسا و بە خوێن وڵامی دەداوە.
“کۆمەڵگای بوورژوایی ئەمـڕۆکە کە له ناخی کۆمەڵگای ڕووخاوی فئۆداڵی وەدەرکەوتووە جیاوازێکانی چینایەتی ساز نەکردووە بەڵکوو تەنیا چین و تاقمەکانی نوێ کۆمەڵگا بارودۆخی نوێ زۆرداری و ڕوخساری تازەی تێـکۆشان لە جێگەی ڕوخساری پێشوو دەرکەوتووە…(۱)”
ناسیاوی نەستەرەن کێسوەت ئارا لە بابەت مارکسیسم و زانیاری لەسەر پێویستی بە خەبات و تێکۆشان بە خێـرایی ،کیـژی پۆلی دواناوەندی بە پارتیزانێکی ژیـر گۆڕی کە بە نەترسی و بوێری بیر و باوەڕی خۆی درکاند و لە درێـژەی ڕێگەی ململانی و خەباتی گەل پێـوەست بوو بە ڕێـکخراوەی “فدایی خلق” تاکوو بە ئاواتەکانی بگات. دوا بە دوای دەس بەسەر کردنی بەرفراوانی دژبەران لە لایەن ڕێژیم و پاشەکشەی ڕێکخراوە و حیزبەکان بۆ دەرەوەی سنوور ،سرەی کادرەکانی ناوەندی و لایەنگرەکان بوو کە ڕێژیم ،جێ پێ ئەوان لە قوتابخانەکان و زانکۆکان بدۆزێتەوە. هاوڕێ لە گەڵ جووڵانەوەی هێـزە سیاسێکان بۆ کوردستان و دوا بەدوای ئەو جووڵانەوە کە هاوکات بوو لە گەڵ بەرگری ۲٤ ڕۆژەی سنە کە بە دەس بەسەر داگرتنی شاری سنە کۆتایی پێ هات ،ڕێژیم بیانووی وەدەست کەوتبوو کە بە دەس بەسەرکردنی جەماوەری و تەکووز بەو پەڕی سرنج و بێ بەزەیانە ،تەنانەت ناوی نەمامێکی تازە پشکوتووش لە پاکتاو کردن نەپارێـزێ.
پاسدارەکان لە تەواوی شار وەبەر چاو دەهاتن. کەش و فەزای سیاسی (هاوکات لە گەڵ گەمارۆی شار لە لایەن سەیارەکانی سوپای پاسداران و هێزە سەرکوت گەرەکان کە بە جلی جیا لە جلی نیـزامی خۆیان حەشار دابوو بۆ ناساندنی “دژە شۆڕش!” کەڵکی لێ وەردەگیـرا) وەها ئاستەم ببوو کە ڕێژیم توانی زانیاری لە سەر زۆربەی لایەنگران و چالاکانی ڕێکخراوە سیاسێکان لە هەوڵ ڕۆژەکانی گەمارۆی شاری سنە دا وەدەست بێنێ. هەوەڵ هەنگاو ،ناساندنی ئەو قوتابیانە بوو که لە سەر حوکمی سوپای پاسداران بگوازرێنەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیاری کراو بە ناوی قوتابخانەی”جلال آل احمد” تاکوو لە ژێر چاوەدێری خۆیان دابن. قوتابخانەیەک لە نزیک قەبرستانی تایلە کە ڕێژیم بە وردی و سرنج دان ئاگاداری هەڵس و کەوتی قوتابێکان بێت. پاساوی ڕێژیم بۆ ئەم گواستنەوە و چاوەدێری ئەوە بوو تاکوو ئەو ڕێـژە قوتابیە کە پێشووتر لە ناو شار و شەقامەکانی قەرەباڵغی شار دا خۆپیشاندان و کێشەوهەرایان! ساز دەدا لە چۆلایی نزیک قەبرستان باشتر دۆخەکەی کۆنترۆل دەکرد و تەواو ئاسایی بوو کە ناوی کێسوەت ئارا لە نێـوان ئەو پۆلە قوتابیە دا بێت کە ئاوا لە ژێر چاوەدێری دابوون. هەڵبەت ڕێژیم تێگەیشتبوو کە بە یەکەوە بوون و تێکەڵاوی ئەو ڕێـژە چالاکە سیاسیە لە هەموو حیزب و ڕێکخراوەیەک لە یەک قوتابخانە بە واتای ئەوەیە هەر چرکە لەوانەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ڕوو بدات و بۆ بەرگری کردن لەو شیمانەیە ڕێژە پاسدارێکی لە دەوروپشتی قەبرستان جێگیر کردبوو و لە قوتابخانەش بەکرێگیراوی دانابوو. دوای دەس پێکی مانگی رەزبەر و کرانەوەی قوتابخانەکان بە سانایی هەناسەی ژاراوی پاسدارەکان کە لە بۆسەی شۆڕشگێر و تێکۆشەرانی چکۆلە دابوون هەست پێ دەکرا. هاوچەرخەکانی کێسوەت ئارا له بەشداری بە گوڕوتینی نەستەرەنی تازەلاو لە خۆپیشاندانەکانی تایلە قسەیان بۆ کردم کە وێنەیەکی پڕشکۆ لەو تازە لاوە چالاکە بۆ خوێنەر وەبەر چاو دێنێ. مینو میرانی چالاکی سیاسی ئەو ڕۆژانەی کە لە گەڵ نەستەرەن ئاشنا هاتبوو ئاوای بۆ گێڕامەوە:
” چوارچێوەی نزیک قەبرستان دەرفەتی ئەوەی بە ئێمە دەدا کە دوا کۆتایی خوێندنی ڕۆژانە بۆ پێک هێنانی وتاربێژی و خۆپیشاندان خۆمان ڕێـک بخەیەن. یەک لە پلانەکان ئەوە بوو کە چەند کەس و لەوان نەستەرەن ،تگەری سەیارەی پاسدارەکان کون بکەن تاکوو بەرگری لە چاوەدێری پاسدارەکان بە سەیارە بکەن. نەستەرەن یەک لەو کەسانە بوو کە خۆپیشاندانی قوتابێکانی ڕێک دەخست و بێ ئەوەی کە لە هێرشی پاسدارەکان بترسێ خۆی لە پێشەوەی هەموان ڕێ دەکەوت و بەرامبەریان ڕادەوستا. وەبیرم دێتەوە کە تا کۆتا چرکە هەڵنەدەهات و لە هەڵاتن خۆی دەپاراست و ڕقی لە خۆ دەرباز کردن بوو. لە یەک لەو خۆپیشاندانانە بوو کە پاسدارێک بە دوای نەستەرەن دا ڕۆیشت.نەستەرەن زۆر بە دژواری توانی خۆی دەرباز بکات بەڵام جانتاکەی وەدەست پاسدارەکە کەوت.لە شەقام و قوتابخانە بێ ترس ،کتێبە سپێکانی بەدەستەوە دەگرت. بەردەوام لە سەر ئەو بابەتە دمەقاڵەم لە گەڵ دەکرد و ئاگادارم دەکردەوە”
_ئەو کتێبە هەڵبژاردەی بەرهەمەکانی لێنین بەو ڕووبەر و وێنە ،زۆر لە چاو دەدا ، بیخە ناو جانتاکەت.نەهێنی کاری لەو بارودۆخە دا یەک لە بنەماکانی چالاکی سیاسی ئێمەیە.
_ئەوە چی ئەڵێ ، لە چی دەبێ ترسم هەبێت؟
هەستم بەوە دەکرد کە لە ئاست هاوتەمەنەکانی خۆی ،زانیاری پتری لە خەبات و تێکۆشان دا هەیە و گوڕوتینی بۆ فێر بوون و ڕێکخستن ببوو بە خۆشەویستی هاوڕێانی. من وێڕای نەستەرەن جاروبار سەردانی ناوەندەکانی بڵاوبۆک و کتێب خوێنی فداییان خەڵقی کەمینەمان دەکرد. ئەو کۆر و کۆبوونەوانە بۆ من نامـۆ بوون. ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵە بە دەگەمن دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەرخسا کە کۆبوونەوەی فـێرکاری بیردۆزی پێک بێنین.”
قوتابخانەی”جلال آل احمد” زۆر بەردەوام نەبوو و هەر لەو ساڵە دا “ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی” هەڵوەشاوە. نەستەرەن لە قوتابخانەی “آسیە”ناونووسی کرد بەڵام شوێنی چاوپێکەوتن و خۆپیشاندانەکان هەر لە تایلە مایەوە. قەبرستان ببوو کۆتا مەتەرێز..
ئێستا لە ڕاکردنی بوێرانەی نەستەرەن لە خۆپیشاندانی تایلە چەند ڕوژێک تێ نەپەڕیبوو. ئەو ڕۆژە نەستەرەن توانیبووی خۆی ڕزگار بکات بەڵام جانتاکەی دڕابوو و کەوتبوو دەست پاسدارەکە و پاشان خۆی گەیاندە لای باوکی تاکوو ئاخر نیگارکێشی خۆی بە باوکی نیشان بدات. وێنەیەک لە باوکێک کە لەسەر گڵکۆی مناڵەکەی دانیشتبوو و داهاتوویەکی نزیک کە نەستەرەن زووتر لە کەسانی دیکە هەستی پێ دەکرد و بە دەستی خۆی نەخشێندرابوو.
_ئەو مروڤە خۆتی.ئەوەش گڵکۆی منە!
نیگارکێشەکە لە ناو دەستی باوک قرمچ درا. باوک حەزی لێ نەبوو پێش بینی کچەکەی باوەڕ بکا.
_ئەو قسانە چییە؟تۆ ئێستا زور گەنجی.
هیچ کات دەرنەکەوت ، پاسدارەکان چۆن نەستەرەن و چەند هاوڕێ دیکەیان لە ڕوژێک کە وەرزی خوێندن بوو لە قوتابخانەی نوێ دەست نیشان کرد. ئاخۆ کارتی پێناسە و بڵاوبۆکی ڕێکخراوەی ناو جانتاکەی بوو هۆی بەدواچوون و ناساندنی و یاخود بە دان پێدانانی کەسێکی ئەمان نامەیی و نادۆستێک ناوی چۆتە ناو گومان لێکراوان!رەنگبێ تێپەڕبوونی کات وڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە. تەنیا شیکردنەوەی پاسدارەکان بۆ بەرپرسی قوتابخانە بۆ بردنی نەستەرەن و قوتابێکانی دیکە ئەوە بوو: “چەند پرسیارمان لێیان هەیە و دواتر ئازادیان دەکەین”. ڕەوتێکی باو بۆ ئەشکەنجە کردن و دان پێ دانی زۆرەملی بۆ ڕێبوارانی بێ گەڕانەوە تاکوو لە بنەماڵەکانیان دەرفەتی بەڵگە ساز کردن بکڕن.
چەند ڕۆژ بە دڵەکوتە و بێ ئاگایی تێپەڕی تاکوو ماڵباتی نەستەرەن کێسوەت ئارا ئاگاداری شوێنی دەس بەسەر کرانی بوون. شوێنی دەس بەسەر کردنی گرتیگەی ساواک بوو کە بە گۆڕانی ناوی بۆ ڕێـکخراوەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕەوتی پیشووی ئەشکەنجەی بە ئەشکەنجەگەری نوێتر جێبەجێ دەکرد.دوو مانگ لە گیرانی نەستەرەن تێپەڕیبوو بەڵام ئیزنیان بە بنەماڵەکەی نەدابوو کە چاویان پێ بکەوێ. لەو گوشارانەی ئەو دوو مانگە کە لە سەر هاوڕێ کێسوەت ئارا بۆ دان پێ دانانی لەسەری بووە هیچ بەڵگەیەک لە دەست دا نییە. بەڵام ئەوەی ڕوون و دیارە ،لێزانی پرسکەرەکانی ڕێژیم بۆ دان پیدانانی زۆرەملی بە بێدەنگی ڕووی داوە. یەک لە گیڕاوەکان ئاوا باس لە بارودۆخی نەستەرەن دەکات: “دوو مەئموور کە جلی تایبەتیان کردبووە بەر نەستەرەنیان بە بێ هۆشی و لە حاڵێک کە خوێن لەسەر جەستەی دەڕژا ،ڕاکێش ڕاکێش بردە ناو ژووری تاکە کەسی.لە سەر ناوچاوانی ئاسەواری شین بوونەوە ،ئەشکەنجە و برین مابووە ،خوێنی زۆری لە لووتی دەهات. چاوەکانی کە ماسیبوو نەیدەبینی ،دەم و چاویم خاوێن کردەوە و ئاوم پێ دا. کەمێک کە هۆشی هاتەوە بەری خۆی بە بێ تاقەتی لە بن لێـوی گوتی کە ناچار کراوە لە ژێـر ئەشکەنجە دا دان دابنێ کە لە قوژبنێکی ماڵەکەیان نارنجۆک و کۆکتێل مۆلێتیفی حەشار داوە و ئەو دان پێدانانەی بە خەسار گەیشتن بۆ خۆی دەزانی. بە پێچەوانەی تۆبەکارانی “تواب” وەک لالە و بەدیعە کە لە گرتووخانەی ئیتلاعات هاوشانی بەرپرسی گرتووخانە لە پەژیوانی و ناهومێد کردنی گیراوانی دیکە حەوڵیان دەدا هاوڕێانێک لە جسنی نەستەرەن سەرەڕای تەواوی ئەو ئەشکەنجە و ئازارە ڕوحی کە لە سەریان بوو ،ورەیان بە هاو بەندێکانیان دەبەخشی و بەڵێنی داهاتوویەکی تەژی لە هیـوایان دەدا.”
لەو سەردەمانە دابوو کە نەستەرەن بە بێ ئاگاداری پێشتر بە هاوڕایی چەند پاسدار کە لە گەمارۆی خۆیان گرتبوو ناردراوە بۆ ماڵی باوکی تا ئەوەی کە دانی پێ هێنابوو بیدۆزێتەوە. ماڵی باوکی لە دیار نەبوونی بنەماڵەکەی ژێروڕوو کرا تا سەرەنجام بە دۆزینەوەی چەند کتێبی قەدەغەکراو کە لە قوژبنی کورسی ژوورەکەیان حەشاری دابوو پێـوەندی و هاوکاری نەستەرەن لە گەڵ دژە شۆڕش سەلمێندرا. کتێبەکان لە لایەن “فەرشاد ئەلف” کە پێش نەستەرەن دەس بەسەر کرابوو بە دەست نەستەرەن گەیشتبوو.بێجگە لە خوشکەزای نەستەرەن کە مناڵ بوو شایەتی دیکە لە ماڵەوە نەبوو تاکوو ڕوون بێتەوە کە بێجگە لەو چەند کتێبە قەدەغەکراوە شتێکی دیکەش دۆزراوەتەوە ،ئاخۆ ئەو کەلوپەلەی چەکداری کە نەستەرەن لە ژێـر ئەشکەنجە ناچار بە دان هێنانی ببوو دۆزرابۆوە و دەیان گومان و دوو دڵی دیکە کە ئەو ڕۆژە چی ڕووی داوە تاکوو حاکمی شەرع دڵنیا بێت کە گیراو دوژمن و بێ دینە. نەستەرەن پاش دوو مانگ دەس بەسەر کران له گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە چاوەڕوانی بڕیاری حوکم ،گوازرایەوە گرتووخانەیەک بۆ شاری دیـواندەڕە. ئەو شایەت حاڵانەی کە ئەو سەردەمی لە گەڵی لە گرتووخانە بوون باسیان لەوە دەکرد کە ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحی لە سەر جەستەی لاوازی نەستەرەن ڕوون و بەرچاو بوو. ” نەستەرەن بە هۆی ئێش و ئازاری ددانی ئۆقرەی لێ هەڵگیرابوو بۆ ئارام کردن و بێ دەنگ کردنی ،بێ ئەوەی کە عیلاجی بێ هەستی لە ددانی بدەن ددانیان کێشا تاکوو بە هۆی ئێش و ئازاری زۆر ،بێ هۆش بوو.”
ماوەیەکی زۆری نەخایاند گواستیانەوە بۆ گرتووخانەی پادگان.هاوڕێ نەستەرەن کێسوەت ئارا لە چاوپێکەوتنەکانی بارودۆخی گواستنەوەی خۆی بەم جۆرە لای دایکی باس کردبوو: “ئەو شەوەی کە منیان گواستەوە ،چاوەکانی منیان بەست بەئانقەست بە منیان نەگوتبوو کە پلیکانی هەیە و چەند جار کەوتمە سەر عەرز… دوایی پەتانێکی خوێناویان پێ دام تا کوو بڕۆم بۆ حەمام!”
چەند مانگ کە نەستەرەن لە لە پادگان دەس بەسەر کرابوو زۆر بە خەستی لە لایەن سادقی،بەرپرسی ئەو کاتی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ژێر گوشاری ڕوحی دابوو تاکوو دان بە ناوی هاوڕێکانی دابنێ.نەستەرەن دڵخۆش بوو کە بە بێدەنگی خۆی، هێمنی هاوڕێکانی پاراستووە و بەو هیوایە بوو کە ئەوانی دیکەش بەرگە بگـرن.
لەو ڕوژانەی کە لە پادگان چاوپێکەوتن دەکرا و دواتر لە گرتووخانەی شۆڕش دوو کەسی ئەمان نامەیی(تواب) هەموو کات خۆیان لە نەستەرەن نزیک دەکردەوە تاکوو لەسەر بارودۆخی گرتووخانە هیچ هەواڵێک بۆ دەرەوە نەگوازێتەوە. نەستەرەن کێسوەت ئارا زۆر بە وریایی لە ئاست مەترسی تۆبەکارەکان کە لێ نزیک دەبوونەوە لە چاوپێکەوتن لە گەڵ دایکی نووسراوەی دەدا بە دەست دایکی تاکوو بە باوەڕی بێ تاوانی خۆی ،هیوای ڕزگاری بدات بە بنەماڵەکەی.
“ئاگاداری قسەکانتان ببن.فلووریا پ و نەرگیس ع ڕاپۆڕت ، لە گشت قسەکانتان دەدەن. من هیچ تاوانێکم نەکردووە.نە چەکدار بووم ،نە کەسم کوشتووە و بەم زوویانە ئازادم دەکەن.”
لە گرتووخانەی دادگای شۆڕش چەشنی ئەشکەنجەکان بە جۆرێکی تر درێژەی هەبوو. سادقی هەوڵی دەدا بە شێوەی گوشار خستن لەسەر بنەماڵەی کێسوەت ئارا و مەترسی ئیعدامی نەستەرەن ئەوان ناچار بکات تاکوو پێشنیاری ئازادی نەستەرەن لە بەرامبەر دان پێدانی چەند هاوڕێ بە نەستەرەن بدەن تاکوو رەنگبێ حەز بۆ ڕزگاری بە سەر بەرگە گرتن و ورەی بەرزی نەستەرەن دا زاڵ بێت. پەرچەکرداری هاوڕێ نەستەرەن بۆ پێشنیاری بنەماڵەکەی ،نیشاندەری ڕوحی ڕزگاریخواز و شێلگیری هاوڕێ نەستەرەن بوو. دایکی نەستەرەن بەم جۆرە باس لە تووڕەیی کچەکەی دەکات:
_من هیچ کات ئەم کردەوەم نابێت.نامهەوێ دەیان بنەماڵەی دیکە وەک ئێوە ،فرمێسک لە چاوەکانیان بێت و بە دوای مناڵکانیان دا دەربەدەر بن.
بەرگری نەنووسراوەی هاوڕێ نەستەرەن لە لایەن هەموو هاوبەندێکانی پشت ڕاست کراوەتەوە.کارەساتی تاڵی پارتیزانی هەژدە ساڵە لەو ڕوویەوە گرینگە کە وەبیرمان بێتەوە پولێک لە کادرە پلەدارەکانی حیزبە سیاسێکان و کۆنە چریکەکانی ئەو سەردەمە ڕەشە ،لە ژێر دان پێ داهێنانی زۆرەملی و بێ بەزیانەی پرسکەرەکانی ڕێژیم نەیاتوانی بەرگە بگرن و لە گرتووخانەکان و بە جلی نوێ خۆیان ، یانی جلی ئەمان نامەیی و تۆبەکاری لە خەیانەت بە هاوڕێکانیان وەپێش یەکتری دەکەوتن. لەو کەسانەی کە بەم چەشنە هاوڕێکانی خۆیان فرۆشت تاکوو حوکمی ئیعدامیان بۆ هەتاهەتایی بگۆردرێ دەتوانین ئاماژە بە تاقمێک بکەین کە لەسەر شاشەی تەلەویزیۆن خۆیان بەدەستەوە دا و ناوی هاوڕێکانیان بۆ ڕێژیم درکاند. نەستەرەن ،سەرەڕای تەمەنی کەمی لەسەر گیانی هاوڕێکانی بۆ پاراستنی گیانی خۆی چەنەی لێ نەدەدا.تەنیا نیگەرانی پارتیزانی کەم تەمەن هەواڵێک بوو کە لە بابت دەستدرێژی پێش ئیعدام لە گرتووخانە باسی لێ دەکرا.گوڵەباخ سەلیمی ،گیراوی ئەو کات هاوڕێ نەستەرەن بەم جۆرە وەبیر دێنێتەوە:
“کچێکی سەروڕووخۆش و لێو بە بزە و بە گوڕووتین کە لە پشت زەردەخەنەکانی نیگەرانی خۆی حەشار دابوو. تێدەگەیشتم بیر لە چی دەکاتەوە.ئەو متمانەیە کە لە نێوان ئێمەی مەریوانی و نەستەرەن دابوو بوو بە هۆی ئەوە تاکوو لە مەترسی پێش مەرگی بۆ ئێمە بدوێ”
_لە ئیعدام ناترسم. بەڵام بیستوومە پێش ئیعدام دەستدرێژی بۆ سەر کچەکان دەکەن و قورئان و شیرینی دەدەن بە بنەماڵەکانیان. یەک لەو کەسانەی کە هاوڕێ نەستەرەن لە گرتووخانە ببوو ئاوا دەگێـڕێتەوە: “نەستەرەن بە دەنگێکی خۆش و ڕوخسارێکی گەشاوە گۆرانی “کۆچی یار(٢)” دەگوتەوە”.
ئەو گۆرانی بۆ من وەبیرهێنەری فەزیلەت دارایی بوو کە دوو ساڵ پێش نەستەرەن ئیعدام کرابوو و لە گرتووخانەی سنە هەموو کات ئەو گۆرانیەی دەگوتەوە. سەرەنجام لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی نەستەرەن کێسوەت ئارا هاوڕێ پۆلێک هاوڕێ دیکە گوازرانەوە بۆ گرتووخانەی قزل حسار لە شاری کەرج. ئەو کات کە دەگوازرانەوە ڕێـژەکەیان لە ناو سەیارە زۆر نەبوو و ئەوەش هیوابەخش بوو کە بەڵێن نێ بەشێک لەوان لە گرتووخانە ڕابگێرێن ،بیانوویەک بۆ بزە و هیوا کە لە کۆتا پێوەندی لە گەڵ دایکی درکاندبووی: “نیگەران مەبن،بەم زوویانە ئازاد دەکرێم”. خەیالێک کە بە خێرایی ڕەنگی خۆی گـۆڕی…
گوڵەباخ سەلیمی درێژەی دا: “لە گرتووخانەی قزل حسار بەشێک لە ئێمە دوور خراوانی گرتووخانەی سنەیان گواستەوە بۆ کووپەی سێ کە کووپەی تۆبەکاران بوو و نەستەرەن و فەریبا فەرشچی هاوڕێ ئێمە لە کووپەی حەوت جێگیر بووین. لە ڕێکەوتی بیست و پێنجی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی بە بیانووی دەرکردنی حوکمی ئازادی ،گواستیانەوە گرتووخانەی “اوین” تاکوو دوای حەفدە مانگ ئازار و ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی ئێران لە جێژنی هەژدە ساڵەیی دا تیرەباران بکـرێ. سێ ڕوژ دواتر لە بەرەبەیانی نگریسی ڕێبەندان ،هاوڕێ چەند گیراوی دیکە ئیعدام کران.بە داخەوە کە لێکدانەوەی ڕزگاری بۆ پارتیزانی کەم تەمەنی ئێمە بۆنی مەرگی لێ دەهات. هەواڵی ئیعدامی نەستەرەن لە حاڵێک بە گۆی بنەماڵەکەی گەیشت کە هەموویان چاوەڕوانی ئازادی نەستەرەنیان دەکرد. بەڵێنی ڕزگاری لە گرتووخانە ،کۆتا زەجرێکە کە ڕێژیمی ئیسلامی بۆ ئەشکەنجەدانی بنەماڵەکان کەڵکی لێ وەردەگرت. بە باوکی نەستەرەنیان ڕاگەیاند کە بۆ هێنانەوەی کەلوپەلی نەستەرەن بڕوات بۆ گرتووخانە.پەستی و ڕەزیلی تا ئەو ڕادیە درێژەی هەبوو کە پرسکەر بەو پەڕی ئاسوودەیی بەم جۆرە دڵی بنەماڵەکەی ئارام بکاتەوە: “چونکە کچەکەت مرۆڤێکی باش بوو تەرمەکەی لە قەبرستانی خەڵکی ئاسایی ئەسپاردەی خاک کراوە!” لە ناو کەلوپەلی تاکە کەسی نەستەرەن ، قورئانێک کە مونتەزەری واژۆی کردبوو بەچاوی باوکی کەوت کە لە نێوان لاپەڕەکانی ،وەسیەتی نەستەرەن کە بە خەتی خۆی نووسیبووی دیار بوو کە تێدا داوای لێبوردەیی لە بنەماڵەکەی کردبوو. نووسراوەیەک کە حوکمی کۆتا وەسیەتی نەستەرەن پێش ئیعدام کرانی هەبوو(٣).
“باوکی ڕەنجدەر و دلۆڤانم زۆری ئامۆژگاری من کرد. بەڵام بە داخەوە من ئامۆژگارێکانی باوکم ڕەچاو نەگرت و خۆم تاوانبارم چونکە لە سەرەنجامی کارەکانم تێنەدەگیشتم و نەمدەزانی کۆتای ڕێگەم ئیعدامە. ئەنگوستیلەکەم بدەن بە… و سەعاتەکەم بدەن بە هاوڕێکەم… و جلەکانم بدەن بە هەژارەکان. … تێدەگەم دڵی موزەفەرم شکاندووە. داوای لێبوردنی لێ دەکەم و لەسەرەخۆبوونی لە ژیان دا هەبێت.چەند شەو پێش هات لە خەومەوە کە بە جلێکی ڕەش هاتبوو بۆ سەڕەخۆشی من،ئەوەی بزانێ کە لەو کاتە دا خۆم ڕەش پۆشم. داوا لە کچە مامەکانم دەکەم هەموو شەوی هەینیان بێنە سەر گڵکۆکەم و گوڵی سوورم بۆ بێنن.تەرمی من لە تەنیشت مەزاری ناسر بە خاک بسپێرن.” نەستەرەن کێسوەت ئارا
( ئاماژە بە ناوی ناسر لە ناو وەسیەت نامەکە دا بێ هۆ نەبووە.ناسر نەجمەدینی هاوسای ماڵە باوکی نەستەرەن بوو و وەک قارەمانێک ببوو هێمای نەستەرەن.مرۆڤێکی مەزن لە ئەندامانی نەهێنی کەمینە که لە لایەن هاوڕێکی لەقاو درا.ئەو کات کە دەس بەسەر دەکرێ بۆ خۆ دەرباز کردن لە دان پێ داهێنان و ئەشکەنجە بە خواردنی سیانوور کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.ناسیاوی نەستەرەن لە گەڵ دامەزراوەکانی حیزبی و زانیاری لە سەر سیاسەت لە هاوڕێەتی و نزیکی لە گەڵ هاوڕێ نەجمەدینی سەرچاوەی گرتبوو.)
یاد و بیری نەستەرەن کێسوەت ئارا،پارتیزانی چکۆلە لە نێوان ڕەشەبا دا بەرز و بەڕێز بێت.
نووسینی: مینوو هومەیلی
(١).بەشێک لە دەسپێکی مانفیستی حیزبی کۆمۆنیست کە لە بارودۆخی ڕۆژگاری ئێمە وێچوویی پێغمبەرانەی هەیە.
(٢).کۆچی یارم کۆچی سوورە… یاڕەبی حاکم کوڕت بمرێ ئەو کۆچەی کردت سەر نەگرێ…
(٣). چەپ لە ئێران هەر وەک زۆر شوێنی ئەم جیهانە، ئامریکای لاتین و ئافریقا لە گەڵ شێوەکانی ئایینی پێوەندی قووڵی هەیە. ئەو وەسیەت نامەیە بە چەشنێک، پەژیوانی لە ڕابردووی پێوە دیارە و هیچ پێوەندی بە شکەستی بەرگری و یاخود هاوکاری نەستەرەن لە گەڵ ڕێژیم دا نێ. شایەتی ئەو ئیددیعایە ،بەرگری نامەی “خسرو گلسرخی” لە بێدادگای ڕێژیمی پێشوویە کە وتەکەی لە سەر “ئیمام حوسێن” دەس پێکرد. رەنگبێ تیشکێکی هیوا بۆ ڕزگاری و یاخود دڵنەوایی لە دایک و باوکی دەستەکانی نەستەرەنی بۆ پەژیوانی بە یەکتر نزیک کردباوە بەڵام لەسەر شایەتی هەموو هاوڕێکان ،نەستەرەن کێسوەت ئارا تا کۆتا چرکەکانی ژیانی لەسەر پاراستنی گیانی خۆی چەنەی لێ نەدا.
تێبینی: بەرپرسیاری ناوەرۆکی ئەو نووسراوەیە، نووسەرەکەیەتی و ڕەنگدانەوەی ڕوانگەکانی ناوەندی نەمران نییە. ئەو ناوەندە بێلایەن و سەربەخۆیە.