بۆ ڕای گشتی و سەرجەم مێدیاکان
شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستێماتیک و دەوڵەتی لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمی خۆیەوە بە فتوای جیهاد و بە ناردنی جەللاد خەڵخاڵی، لاوان و خەڵکی کوردستانی ئێعدام و کۆمەڵکوژ کرد و هەوڵی داوە تا ئاستی بەربڵاوی ئەو تاوانانە پەردەپۆش بکات. “ناوەندی نەمران” کە لەلایەن بەشێک لە بنەماڵەی ئەو ئێعدامکراوانە دامەزراوە و هەروەها لەلایەنی سیاسییشەوە تەواو بێلایەنە، تێدەکۆشێ تا بتوانێ هەرچەشنە زانیاری و بەڵگەیەک لەو تاوانانە دەست بخات و لە فەوتان ڕزگاریان بکات، تا بتواندرێت لە ڕۆژی خۆیدا بیانخاتە بەردەم دادگایەکی شیاو و لێهاتوو.
بۆ ئەو مەبەستە “ناوەندی نەمران” رۆژی هەینی ٢١ی ژانوییەی ٢٠٢٢ لەبەر دەرگای دادگای ئەو تاوانبارە لە ستۆکهۆڵم ئامادە دەبێ تا بتوانێ سەرنجەکان بۆ لای ڕادەی زۆری ئەو تاوانانە ڕابکێشێ. ئامادەبوونی هەر تاکێکی کورد لەو ڕۆژەدا و لەبەردەم ئەو دادگایە، قورسایی خۆی دەبێ و خاوەندارێتییە لە خوێنی بەناحەق کوژراوانی کورد بەدەستی ئەو تاوانبارانە و دەتوانێ ببێتە هۆکار تا دەنگی کوردیش لەو دادگایە ببیسترێت.
بە هیوای دیداری کوردستانیان لە بەردەم دادگای ستۆکهۆڵم ڕۆژی هەینی ٢١ی ژانوییەی ٢٠٢٢ لە کاتژمێر ١٠،٣٠ تا ١٣،٣٠
شوێن : بەرامبەر دادگای ستۆکهۆلم
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی نەمران