بە پێی هەواڵی ڕاگەیەندراوی کوردستان مێدیا، کە زمانحاڵی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێرانە، دوو کەس لە مانگی خەرمانانی ئەوساڵدا لە شار نەغەدە دەستبەسەر دەکرێن و ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر لە زیندانی ورمێ و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ئەوشارە لە زینداندا دەکوژرێن و هەواڵەکەی بە بنەماڵەکانیان ڕادەگەیێنن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەو حیزبەدا ئاوا هاتووە:
[ئاگادار بووین کە لەنێو ئەو کۆمەڵە هاونیشتمانییەدا ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی “داوود ڕەحیمی” کە پێشتر پێشمەرگەی حیزب بووە و کوڕی پێشمەرگەی شەهید “ئەبووبەکر ڕەحیمیـ”ـیە دەسبەسەر و بە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆرەوە ڕەوانەی زیندانەکانی ڕێژیم کراوە.
پاش ماوەی زیاتر لە مانگێک، کاربەدەستانی ڕێژیم لە نەغەدە، بنەماڵەی “شەهید داوود” و هاونیشتمانییەکی تر بە ناوی” ئەسعەد ڕامینـ”ـیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەسەکانتان لە گرتووخانە گیانیان لەدەست داوە. هاوکات پێیان ڕاگەیاندوون کە ڕێگە نادەن پرسە و سەرەخۆشییان بۆ دابنرێت.
ڕاگەیاندنی هەواڵی ئەو جینایەتە لەلایەن ڕێژیمەوە لە حاڵێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی لاوان و چالاکانی مەدەنی لە سەرتاسەری کوردستان دەستی پێ کردووە.
شەهید داوود ڕەحیمی کوڕی شەهید ئەبووبەکر ڕەحیمی، خەڵکی ئاوایی “چەقەڵ مستەفا”ی سەر بە شاری نەغەدە، ١٤/٠٧/١٣٦٥ی هەتاوی لەدایک بووە. ماوەی ٢ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاشان وەک ئەندامی ڕێکخستنی نێوخۆ لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا تێکۆشاوە.
هەروەها شەهید ئەسعەد ڕامین کوڕی شەهیدی سەربەرزی ڕێگای ئازادی، کەریم ڕامینە و کە جیا لەوەی ئەندامێکی هەڵسووڕاوی حیزبی دێموکرات بوو هەمیش بۆ ماوەی ساڵێک لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کرد.
بنەماڵەی شەهید داوود وەک هەموو هاونیشتمانییەکی نەتەوەپەروەر بە بەردەوامی لەژێر گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بوون کە بنەماڵەی “ئەسعەد ڕامینـ”ـیش یەکێک لەو بنەماڵانە بوون.]
هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو زیاتر تیشک دەخاتە سەر باسەکە و ئاوا دەنووسێ:
[ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی ژنبرای ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گیانیان لە دەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم دوو کەسە ئەمڕۆ داوایان کردووە کە تەرمەکانیان ڕادەست بکرێتەوە بەڵام لە وڵامدا پێیان وتراوە: ‘تەرمێک لە ئارادا نیە و تەنیا ئەوە بەسە کە بزانن ئەوان ئیدی زیندوو نین و مافی ئەوەشتان نیە کە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان بۆ بگرن.”
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئوتۆمبێلی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا، لە لاین هێزەکانی سپاوە دەسڕێژی لێ کراوە و ئەسعەد، قاچێکی بە گوللـە پێکراوە، داودیش بە چەند گوللـەیەک بریندار بووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە پاش دەستبەسەر کران و لە کاتێکدا کە بریندار بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای ئورمیە و لە سەرجەم مافەکانی بەندکراوان و لەوانەش مافی دەرمان بێبەش کراون.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەحیمی پێشتر بە هەنگاوی گوتبوو: هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی ڕەحیمییان ئاگادار کردووەتەوە کە داود لە بەشی ICU خەوێندراوە و سەرەڕای ئەوەش شوێنی راگرتنی ناوبراویان بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا نەکردبوو.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١ی سێپتامبەری ٢٠٢١)، هیزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە ئوتۆمبێلێکی سەمەندی مەدەنی و دوو ئوتۆمبێلی تویتیای هایلۆکس و ئامبولانسێک لە نزیک گوندی قاڕنێ، ئوتۆمبێلی سایپای ئەسعەد ڕامینیان دایە بەر دەستڕێژ و پاش بریندار کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەردووکیانیان دەستبەسەر کردبوو.]
تێبینی: وێنەکە لە ماڵپەڕی هەنگاو وەرگیراون