لە سیما بەناوبانگەکانی بزووتنەوەی چەپ و شۆڕشگێڕی کوردستان و یەکێک لە پێنج برای خەباتکار و گیانبەخت کردووی بنەماڵەی مستەفا سوڵتانی یە کە لە قوڵایی ڕوانگەکانی کاک ئەمین، هەستی مرۆڤدۆستانە شەپۆلی ئەدا! و ئاوینە و نمونەی لێبڕاوی، خۆشەویستی و میهرەبانی بوو.
ئەی بێ وەفا بەهار
ساڵی ڕابوردوو کە بۆ ماڵی من هاتی بە فیزەوە
بۆنی شکۆفەکانئ تۆ ، خەوی لە چاوانم خست
پێکەنینی خۆنچەکانی تۆ ، لە دڵمدا نە کرایەوە
مانگە شەوی دڵڕفێنی تۆ، لە بەر چاوم ڕەش دەینواند
فڕینی ڕووناکایی تۆ، لە ئەندێشە و باوڕم ژاکا
***
لە نووسراوەی سەرگٶڕی ماموستای شۆڕشگێڕ سەمەدی بیهرەنگی وەرگیراوە
دەورانی منداڵی و غەریبی
ئەمین چوارمین کوڕی مەحەمەد ڕەشیدی مستەفا سوڵتانی و دایە بەهیەیە. لە ساڵی ١٣٣٢ هەتاوی لە ئاوایی ئاڵمانە سەر بە دەڤەری مەریوان چاوی بە جیهان هەڵیناوە. دەورانی خوێندنی سەرەتایی لە ئاڵمانە تەواو کردووە و، پاشان بۆ بەردەوام بوونی خوێندن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی کە لە شاری سنە دەیانخوێند پەیوەس بووە. دەورانی غەریبی و دووری لە باوشی پڕ لە عاتیفە و نەوازشی بنەماڵە، هێواش هێواش دەستی پێکرد . باوکی لە گەڵ بەرپرسانی مەدرەسەی چواری ئابان کە لە گەڕکی قەتارچیانی سنە هەڵکەوتبوو ، قسەی کرد و لەو مەدرەسەیە ناوی وەک قوتابی تۆمار کراو ئامادەی خوێندن بوو . بارودۆخی مەدرەسە و هەل و مەرجی تازە ، بۆ ئەمین قورس و گران بوو. بۆ منداڵێکی دە ساڵە، دووری لە بنەماڵە و شوینی ژیان و هاوڕێکانی تاقەت پڕووکێن بوو. خۆ گونجاندن لە گەڵ بارودۆخی شار و مەدرەسەی سەرەتایی لە واقیعدا دەس پێکردنێکی ئاسان نە بوو . بەڵام ئەم هەل و مەرجە دشوارە وردە وردە ڕەویە وە و ئەمین بە سەر وەزعە ناهەموارەکەدا زاڵ بوو. بوونی کاک عەبە ی برای وەک هاوپۆلێک لە گەڵ خۆی و ماموستا دڵسۆزەکان وەک جەناب موحی لە سەر هەموار کردنی هەل و مەرجەکە کاردنەوەی خێرای هەبوو.
دەورانی دەبیرستان
ئەمین خوێندنی دەبستانی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد. و پاشان چوە دەبیرستانی هیدایەتی سنە. پۆلەکانی حەوت، هەشت و نۆی بە سەرکەوتوویی لە هیدایەت خویند. دەبیرستانی هیدایەت بۆ ماتماتیک و بیرکاری لە بەر چاو و تەرخان کرابوو. ئەمین فرە حەزی لە خوێندنی بیرکاری بوو و دیسانەوە لەو دەبیرستانە مایەوە. پۆلەکانی دە و یازدەی تەواوکرد وئەم قۆناغە لە گەڵ گەشەی بیری سیاسی ئەمین تێکەڵ وهاوڕەوت بوو. بیری تیژ و تێگەیشتنی ورد، ئەمینی لە ناو دەریای بیرکردنەوە خست و بە خێرایی لە بارو دۆخی سەخت و دشوارو زاڵمانە و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، کە بە سەر زۆربەی هەرە زۆری جەماوەردا داسەپابوو تێگەیشت. کاک ئەمین فرە زوو تێگەیشت، کە لە دوونیایەک دەژی پڕ و لێواولێو لە بێ عەداڵەتی چینایەتی، میللی و جنسییە. تێگەیشت کە زۆربەی شارۆمەندانی کۆمەڵگا لە لایەن کەمینەی کۆمەڵگاوە تووشی ژیانێکی کۆیلە ئاسا کراون. ئەم زۆرینەیە لە ناز و خۆشی ژیان، بەشێوەیەک بێ بەهرە و مەحرووم کراون کە لە مێشکدا ناگونجێت. ئەمین لە گەڵ بیر و ئەندێشەی چەپ و مارکسیستی ئاشنا بوو. ئەمین لەو کادرە دەگمەنانەی کۆمەڵەیە کە لە تەمەنی خوار تر لە هەژدە ساڵ تێکۆشانی سیاسی و لیبڕاوانەی دەس پێکرد. ئەم هەڵویستەی ئەمین کاردانەوەی بەربڵاو و دیاریکەری لە سەر خوێندنی ساڵی ئاخری دەبیرستانی دانا. لەم پڕۆسەیەدا زۆرترین کاتەکانی خۆی بە مەبەستی گەشەدان و فیر بوون و بەرز کردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی سیاسی خۆی و فیر بوون لە ئەزمونی شۆڕشەکانی تر و هەڵسوڕان لە ناوکرێکاران و ڕەنجدەرانی کۆمەڵگا تەرخان کردبوو. ئامانجی ئەو نزیک بونەوە لە چین و توێژە مەحرومەکانی کۆمەڵگا بوو، کە لەو کاناڵەوە بە شێوەیەک لە دەرد و مەینەت و ڕەنجیان تێبگات. و هاوکات بۆ وشیار کردنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە پێناو قازانجی خۆیان ،دەورێکی نواندبێت. پڕۆسەی دابڕان لە خوێندنی دەبیرستان، وردە وردە خۆی نیشان دەدا وهاوکات لە گەڵ دژایەتی توندی ئەندامانی گەورەتری بنەماڵە بەرەو ڕوو بوو. باوک و دایک و چەند برا گەورەی تووشی شوک و ناباوڕی کردبوو و سەریان سوڕمابوو. ئەم دەورانە یەکێک لە دەورانە پڕ ئیش و ئازار و هەستیارەکانی ژیانی ئەمین بوو. ئەوان لە کاناڵی سۆز و عاتیفەوە هەڵویستەکەی ئەمینیان تەفسیر و تەرجومە و لێک دەدایەوە ولەم پێڤاژەیەدا، لە ئامانج و پلانەکانی ئەمین شارەزاییان نە بوو. ئەمما ئاست و عەلاقەی ئەمین لە بواری هەڵسوڕان و تێکۆشانی سیاسی و لێبڕاوانە، بە سەر ئیدامەی خوێندنەکەدا سەرکەوت و لە ئاکامدا دووری لە دەبیرستان و جێهێشتنی خوێندن، ئاخرین بژاردەی ئەمین بوو. لە واقیعدا بەرەو ناو مەدرسەی ” کۆمەڵگا” هەنگاوی نا. ئەو دەیویست لە ناو کۆمەڵگا ئەزمون و زانیاری سیاسی فێر بێت و لە سەر شارۆمەندانی کۆمەلگا تەئسیری هەبێت. لەم پێڤاژە و پڕۆسەیەدا هیچ لەمپەر و کۆسپێک تەنانەت زەخت و زۆری نهێنی و ئاشکرای بنەماڵە، نەیانتوانی ئەمین لەو هەڵویستە کە گرتبووی پەشیمان کاتەوە. بەرەو کرێکارانی شاری و کارگاکان ڕۆیشتن بۆ نێو کرێکاران هەنگاوێکی شۆڕشگیڕانە و دووپاتکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی سیاسی و سەداقەت و وەفای ئەو دەر حەق بە کۆمەڵگا بوو. لەو قۆناغەدا، هەنگاوێکی لەو چەشنە و ئاوەها شەهامەت و جەسارەتی دەویست. و ڕووناکبیران کەمتر دەیانتوانی پردی پشت سەریان بڕوخێنن و هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو کرێکاران هەڵگرن. ئەمین لەم قۆناغەدا ئیرادەی پۆڵایین و لێبڕاوانەو دوور لە ڕاڕایی لە خۆی نیشان دا. لە واقیعدا کۆمەڵگا و ژیان وژینگەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، مەدرەسەی ئەو بوون. ئێتر هاوکات لە گەل بیر و ڕای شۆڕشگیڕانە ی وهاوڕەوت لە گەڵ ڕەوانگەی کۆمەڵە و تەئسیری رێنوێنیەکانی کاک فوئاد، لە کارگایەک لە شاری سنە وەک “کرێکاری جۆشکار” دەستی بە کار کرد. ئەم دەورانە یەکێک لە دەورانە هەستیارانەکانی ژیانی ئەمین بوو.
ڕوانگە و هەڵویستی سیاسی ئەو لە نێو کریکاراندا، پێگەی کۆمەڵایەتی و ئێعتباری سیاسیبەدەس دەهێنا. ئەمین یەکێک لە ئەندامانی پێشڕەوی کۆمەڵە بوو، و لە هەنگاوی یەکەمدا چوە ناو ژیانی کرێکاران کە لە ڕاستیدا بژاردەیەکی شارەزایانە و بیرمەندانە بوو. ڕوانگە سیاسیە کەی ئاوینەی تەواو قەدی کاراکتیر، شەخسیەت و بیر و ڕا ی بوو. حەق دەس و پارەی کارگای جۆش کاری، زۆر کەم بوو، بەڵام کاک ئەمین بەو ئیمکاناتە بەرتەسکە دڵخۆش و قانیع بوو. لە گەڵ کرێکارانی کارگای جۆش کاری پەیوەندی پتەو و زۆر دڵسۆزانە و عاتیفی دامەزراندبوو کە تێکەڵ لە تەک ئیحترام و حورمەتی گرانبەها و شیاو بوو. ئەگەرچی بار ودۆخی سیاسی کارگاکانی ئەو سەردەمە لە ئاستێکی بەرزدا نە بوو، ئەمما ئەمین لە پەیوندیەکی پتەو و بەشێوەی دڵگیر وبە تاقەت و نەپاساوە، کریکارەکانی لە گەڵ چارەنوس و و ڕەنج و مەینەت و ئازاریان ئاشنا دەکرد. لە ڕاستیدا ئیشی جۆش کاری لە کارگای جۆش کاری، بۆ ئەمین تاقەت پڕووکین و دشوار بوو و لە گەڵ ئاستی تەندروستی ئەمین بە هێچ شێوەیەک یەکیان نە دەگرتەوە. پاش ماوەیەک کارگای جۆش کاری بە جێ هێشت و بەرەو دونیای پاک و بێگەردی مندالان هەنگاوی نا. کتێب یاری بە ئەمەگ وبە وەفای ئەمین بوو. بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی زانیاری قوتابیەکانی لە کتێبی نووسەرانێک وەک: عەلی ئەشرەف دەرویشیان، سەمەد بێهڕەنگی، نەسیم خاکسار، قودسی قازی نور و نوسەرانی تری کە لەو بوارەدا خزمەتیان کردبوو کەڵکی وەردە گرت. ئەگەرچی ئەمینگەنجێکی تازە پێگەیشتوو بوو و تەمەنێکی زۆری تێپەڕ نە کردبوو و لە پڕۆسەی ئەزمون و تاقی کردنەوەی ناهەمواریەکانی ژینگە و دونیادا بوو، ئەمما مرۆڤدۆستی و هەستی بەرپرسیاری دەرحەق بە نزیکان و خزمان و کەسانێکی ترکە بە پێوەرەکانی خۆی، پێویستیان بە یارمەتی و دەسگیری بوو، سنوورێکی نەدەناسی و لەو بوارەدا زۆر هیمەتی بەرزی نواند. بۆ ئەو کەسانە کە پێویستیان بە جەراحی و عەمەلیات لای دوکتوری شارەزا بوو و لە هەمان کاتدا دەس کورت بوون، خۆی دەسپێشخەری دەکرد و بە دڵێکی پڕ لە میهرەبانی و گەورییەوە هەموو مەسئولیەتەکانی وەردەگرت. ئەمین لە و بوارەدا ئەگەرچی، ئیمکاناتی بەرتەسکی ماڵی و پارەی هەبوو، بەڵام عیلاجی کەسە مەحرومەکانی بە کەرامەتەوە وەر دەگرت و لەو پڕۆسەیەدا زۆرپێشرەو بوو وهیمەت و کەرامەتی بەرزی دەنواند.
پێگەی کۆمەڵایەتی
ئاستی عاتیفە و دڵنەوایی ئەمین دەر حەق بە بێکەسان و ڕەنجدەران نموونە و هەمیشەیی بوو. هەموو ژیانی٢٦ ساڵەی ئەمین بۆ خەبات و پشتیوانی و دیفاع لە مافی مەحرومان و بێکەسانی کۆمەڵگا تەرخان کرابوو. لە بیر و رای ئەمین ڕزگاری و سەرکەوتنی مرۆڤایەتی بناغە بوو. ئەو مرۆڤدۆست بوو و مرۆڤەکان دەیانتوانی کوڵبەرێک، گسکدەرێک، سەربازێک، موعەلیمێک، ژنێکی هەژار، قوتابیەک، کرێکارێک، جووتیارێک، ئاوارەیەک، پەنابەرێک و مەحرومێک بن. بە ئیحترامەوە لە گەڵ کەم ئەندامان هەلسو کەوتی دەکرد. هەرگیز ناتوانین دڵسۆزی، عاتیفە و حورمەتی ئەمین دەر حەق بە کەسانێکی کەم ئەندام، کە ژیانێکی دشوار و پڕ مەینەتیان لە
کۆمەڵگادا هەبوو، لە بیر کەین. ئارەزووەکانی بەر فراوان و هیوای سەرکەوتن لە دەرونی ئەمیندا هەڵدەقۆڵا. گەورەیی و عیشق بە مرۆڤایەتی، پاڵیان بە ئەمینەوە نابوو کە بەرەو بواری مرۆڤدۆستی تۆخ و بێگەرد هەنگاو ی بنەڕەتی هەڵگرێت. ئەمین بە نیسبەت مەحروومان وبێ بەشانی شار و دێهات، کە کۆمەڵگای بێ رەحمی چینایەتی ئەوانی قوربانی و لە پەراوێز خستبوو، ئیحترام و ڕێزی تایبەتی دادەنا و بەشێوەیەکی مێهرەبانانە لە گەڵیان قسە و گفتوگۆی دەکرد. پاراستی حورمەتی مرۆڤەکان بۆ ئەمین ئەرکێکی گەورە و بناغەیی بوو. جیهانی پاک وبێگەردی منداڵان، سەرنج ڕاکێش بوو! ئەمین هاوڕێیانی کرێکاری، لە کارگای جۆشکاری شاری سنەی بە جێ هێشت وبەرەو دونیای بێگەرد و دڵڕفێنی منداڵانی هەنگاوی نا. دڵی مێهرەبانی ئەمین وەک بۆنی گوڵی وەحشی کوێستان، پاک و بۆن و بەرامەی ئارام بەخشی هەبوو. ئەمین لە بواری هەلسوران و خەبات و بەتایبەت لە سەنگەری مەدرەسەکان، درێژەی بە خەباتی سیاسی دا و لە ڕاستیدا ئیشی ماموستایی لە خزمەت ئامانجە سیاسیەکانیدا بوو. ئەمین دەرحەق بە قوتابیان زۆر دڵۆڤان و میهرەبان بوو. لە ئاواییەکانی بارام ئاوا، هەزارخانی و مڕگ لە دەڤەری مەریوان وەک ماموستا خزمەتی کرد. لە هەرکام لەم ئاوایانە، بە دڵسۆزی و ڕەنجی فراوان بۆ بەرز کردنەوەی تێگەیشتن و دەرکی سیاسی جەماوەر فیداکاری کرد.خزمەتەکانی بەڕاستی هەست دەکرێن و شیاوی ڕێز و قەدەردانیە. شێوەی کار و ناوەڕۆکی هەڵسورانی سیاسی ئەمین، لە پڕۆسەی ژیانی جەماوەری هەژار و پەیوەندیە ئاسایەکاندا جێگای دەبووە و هەڵی دەبژارد و بە دستیەوە دەگرت. بەم جۆرە هەڵسورانی سیاسی خۆی لە ڕێگایەکی مەنتیقی و بەردەوام ، بەمەبەستی هوشیارکردنەوەی جەماوری هەژار و دەس تەنگ و مەحرووم زەمانەت وگارانتی دەکرد. هەرگیز بەئاسانی مێتود وشێوە کاری ئەمین لە لایەن دوژمنەوە پێناسە نەکرا و ئەمین بەم چەشنە، ئەسیر و لە کەمینی دوژمن نە کەوت و خۆی دەرباز کرد. لە ناو دێهات و شار خاوەنی ئوتوریتە بەرز بوو و ڕەنجدەران “کاک ئەمین”یان نە وەک ماموستای منداڵەکانیان، بەڵکوو وەک ڕێنوێنی کەر و ڕاوێژ کار و دڵسۆز ی خەم و مەینەتەکانی خۆیان دەناسێ. عینوانی “کاک ئەمین” وەر بیر هێنەرەوەی ئاستی بەرزی حورمەت و ئیحترام، ئوتوریتە، دڵسۆزی، باوڕ و متمانەیەک بوو کە خەڵکی زەحمەتکێش دەر حەق بە ئەو هەیانبوو. ڕەنجدەران هێچ کات سنوورێکیان لە نێوان خۆیان و کاک ئەمین هەست نەدەکرد. ئەمین زۆر بەئاسانی پرد و کاناڵێکی عاتیفی لە نێوان خۆی و گەنجەکان و خەڵکی هەژار دروست دەکرد کە تەئسیری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی بەر فراوانی هەبوو. ئەمین وەک رێبەرێکی ڕێکخەر، لیهاتو و شارەزا و یار و دڵسۆزی خەڵک و خاوەنی ئەزمونی شیاو دەوری بەرز و بەربڵاوی دەنواند. ئەمین لە پێناو بیر و بۆچونە سیاسیەکانی، هات و چوی تاران، تەورێز و کرماشانی دەکرد. کولتور و داب و نەریتی ناوچەکانی تری خۆش دەویست و بۆ ئەو سەرنجڕاکیش بوون. لە تاران لە کۆڕ و کۆمەڵی خوێندکارای زانستگا بەشداری دەکرد و لەم ڕێگایەوە زانیاری سیاسی و پاشەکەوتی سیاسی خۆی زۆر تر دەکرد. لە تاران لە گەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی هاو تەمەنی خۆی لە کۆبونەوەی خوێندکارانی زانستگا و کوڕی شیعر خوێندنەوە و گفتوگۆی سیاسی و دیالۆگەکان بەشداری دەکرد. لە گەڵ هاوڕێیانی بۆ تیاتر و سینەما دەڕۆیشت و بۆ چاوپێکەوتنی ئەو شانۆیانە کە سەعید سوڵتانپوور و موحسنی یەلفانی دەیان هێنانیە سەر شانۆ عەلاقەی زۆری نیشان دەدا. ئەمین بۆ دیتنی فیلمە جوانەکانی سەردەم کە ناوەڕۆکی سیاسی و جوانیان هەبوو دەڕۆیشت و ئەو فیلمانەی لە ئاستی کتێب و ڕۆمانی گەورە هەڵدەسەناگاند. و لە سینەما فیلمەکانی ئاسکەکان )گوزن ها(، خاک، ڕزم ناو پۆتمکین ) ڕووسی(، ماموستایان )آموزگاران( گا )گاو( و فیلمەکانی چارلی چاپلین بینی. ئەمین لە گەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەباتگێڕان و شۆڕشگیڕانی کوردستان پەیوەندی نزیک و سیاسی هەبوو. کتێب خوێن و ئەهلی خوێندنەوە بوو. ئەمین کتێبی نوسەرانی سەردەم، کتێبە کلاسیکەکانی چەپ و دەس نوسە نهێیەکانی کۆمەڵەی دەخوێندەوە. دیدار و هات و چوی لە گەڵ گیانبەخت کردوو دوکتور جەعفەری شەفیعی یەکێک لە ڕێبەرانی هەڵکەوتووی کۆمەلە پەرە پێدا و زۆربەی جارەکان بۆ شارەکانی ورمێ، بۆکان،کرماشان، تەوریز، تاران و ئەهواز سەفەری دەکرد و لە نزیکەوە دۆستە هاوفیکرەکانی دیدار دەکرد. کاتێک دوکتور جەعفەری شەفیعی ساڵی ئاخری دەورەی پزشکی تەواو دە کرد، لە سەر ئارەزووی ئەمین، بەرەو گوندی ئاڵمانە سەفەرێکی کرد. و لە ئاواییەکانی نەنە، چۆڕ، مڕگ و ئاڵمانە خەڵکی نەخۆشی موعاینە کرد و چەند کەسی لە مەرگ ڕزگار کرد. ئەم هەڵویستە جۆامێرانە ومرۆڤدۆستانەی دوکتور جەعفەر، لە سەر پەردەی مێشکی خەڵکی ناوچەکە وەک فریاد ڕەسێکماوەتەوە. کاتێک ئەمین دەهاتەوە ئاڵمانە لە شێوەی ژیان، کولتور و داب و نەریتی ئەو شارانەی کە سەفەری بۆ کردبوو، باسی دەکرد و شتی جوان و دڵگیری دەگێڕایەوە. بەتایبەت سەبارەت بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، زمان نەتەوەکانی تر، دیالکتەکان، گۆرانی و ستران ،مۆسیقا، مەراسمی شادی و شیون، جل و بەرگی سوننەتی و ناوچەیی، دەگێڕایەوە.
ئەمین هاوکات لە گەڵ کاری سیاسی ، بەرەو پارێزگای کرماشان سەفەری کرد و، سەردانی عەبدوللەی برای کرد کە لە ناوچەی سنجاوی و ئاوایی “چیالای” مامۆستا بوو. ئەمین توانی لەم دیدارە کورتەدا پەیوەندی سیاسی و عاتیفی لە گەڵ زەحمەتکێشانی ئاواییەکە دامەزرینێت. لە کوڕی شەوانەی جەماوەری ئاوایی بەشداری کرد و سەبارەت بە ژیان و دەرد و مەینەتیان قسەی کرد. کاتێک میوانانی ئەهوازی و خوڕم ئابادی و لەوانە ئازیزانی گیانبەخت کردوو: پەرویز میری و ئیرەجی ئارام بۆ دیدار و چاوپێکەوتن هاتنە ئاڵمانە، ئەوەی کە شیاوی ئەوان بوو و لە دەستی هات دریغی نەکرد. میوانەکانی بۆ سەیران و گەشت و حەسانەوە بۆ ناوچە دڵنشین و دڵڕفینەکانی هەورامان برد و ماوەیەک لە خزمەتیاندا بوو. ئەمین لە تەک ئەم هاوڕێیانە کە گوروهێکی یەکگرتوو بوون، و دۆستی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوون،پەیوەندی فرە نزیکی عاتیفی و سیاسی هەبوو . و لە حەقیقەتدا بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە ئاستێکی بەرزدا ئەرکی ئەنتڕناسیونالیستی خۆی بە جێ گەیاند.
سنوورەکان و بارودۆخی ئەمنیەتی
سانسور، وەحشەت، ڕوحیەی دوورەپەریزی و ترسێک کە ساواک دایسەپاندبوو، هەرگیز نەیتوانی بیر و بۆچونی مرۆڤدۆستانە و لێبڕاوانەی ئەمین زەنجیر و ئەسیر کات. کاتێک کاک فوئاد کەوتە زیندان، ئەمین لە کۆڕ و کۆمەڵی دۆستانە و بە تایبەت لای دۆستانی باوڕ پێکراویدا، بێ ترس و لەرز پەردەی لە سەر کارە دزێوەکانی ساواک لا برد و هۆکانی دەستگیری کاک فوئادی تەوزیح دەدا. لە سالی ١٣٥٥ هەتاوی گوروهێک لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ باشوری کوردستان لە هەل و مەرجێکی زۆر نالە بار و سەخت و دشوار کەوتبون. لە ناچاری لە کوێستانەکانی هەورامان و مەریوان خۆیان حەشار دابوو و شاردبوەوە. مەرگ و نەمان هەڕەشەی لێ دەکردن وباری ژیانیان فرە ناخۆش بوو. پێشمەرگەکانی بزووتنەوەی نوی باشوری کوردستان لەم هەل و مەرجە دشوارەدا ،پێویستیان بە یارمەتی لە ماوەیەکی کورت و خێرادا بوو. ئەمین بە هاوکاری هاوڕێ عوسمان ڕەوشەن توودە، و ژمارەیەکی فیداکار و نەترس لە هاوڕێکانیان بی ترس و لەرز لە دەسەڵاتی ڕەشی ساواک و گرتن و زیندانی دریژ ماوە و تەنانەت ئیعدام و لە ئەوپەڕی شەهامەت و ئازایەتی، لە دۆستان و هاوبیرانی پێشڕەوی خۆیان لە شارەکانی سنە و مریوان یارمەتی بەر چاویان ئامادە کرد و وتەنانەت پارەی زۆریان بۆ کۆ کردنەوە. بەم شێوەیە پێشمەرگە گەمارو دراوەکان کە حکومەتە داگیرکارەکانی ئێران و عێراق پیلانیان بۆ دەستگیر کردنیان داڕشتبوو، بە هاوکاری ئەم خەباتگێڕانە لە مەرگ و نەمان ڕزگاریان بوو. ئەمین یەکیک لە فریاد ڕەس و یارمەتیدەرەکانی پێشڕەوانی بزووتنەوی نوێ باشوری کوردستان لە دەورانی دیکتاتوری تۆخی شاهنشاهی بوو. ئەمین هەمیشە بە پێچەوانەی سێڵاوی بەهاری مەلەی دەکرد و ژیانی پڕ لە حەماسەی هەرگیز ئارام و ئۆقرەی نەدەگرت. لە بەرانبەر زاڵمان و دیکتاتورەکان، هەڵویستەکانی شۆڕشگێڕانە بوو. ئەمین مرۆڤێکی ڕادیکال و ئینقلابی بوو. وەک پێشڕەوی جەماوری خەڵک مژدە هێنەری ئازادی بوو. لە هەل و مەرجی تاریک و زال و ئیستیبدایدا بە شەهامەتی بەرزەوە لە ڕەنجدەران پشتیوانی و دیفاعی دەکرد. ئەوان توانیان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتی نیشتمانی یارمەتی کەن و بەم شیوەیە ئەوانیان لە دیلی ،برسیەتی و مان و نەمان ڕزگار کرد و هاوکات پیلانەکانی داگیرکارانیان پووچەڵ کردەوە.
پێگەیی کۆمەڵایەتی ڕووناک بیرانی مەریوان
کۆڕی گەورەی شۆڕشگێڕان لە مەریوان، کاری بەردەوام و ئاسایی و هەڵسوڕانی نهێنیان بەڕێوەدەبرد. ئەم کۆڕانە بە جۆرێک یەکتریان دەناسی و لە زۆربەی خەبابت و هەڵسورانیان، پەیوندی ڕێکخراوەیی گرینگیان پێک هێنابوو. بواری ئەم پەیوەندیانە، لە کاتی ڕپەڕیندا بەربڵاو تر بووەوە. خەباتی سیاسی ڕووناکبیران و پێشڕەوانی مەریوان بە دوای ئازاد بوونی کاک فوئاد لە زیندان، بەرەو خەباتی لێبڕاوانە و نەپساوە ملی نا و تەئسیر و کاردانەوەی کاراکتیر و شەخسیەتی کاک فوئاد ئەم کۆڕ و کۆمەڵانەی بەیەکتر نزیک کردەوە. ئەم کۆڕ و گوروهە سیاسیانە لە مێژوویی پڕ لە هەڵس و کەوتی بزووتنەوی کوردستان جێگای بەرز و دیاری کراویان هەیە. ئەگەرچی تەئسیر و نفوزی کاراکتیر و شەخسیەتی کاک فوئاد لە سەر خەباتی مەریوان کاردانەوەی ڕاستەو خۆی هەبوو، ئەمما کاک ئەمین یەکێکی تر لەو شۆڕشگێڕانە بوو کە وەک خەباتکارێکی لێبڕاو، لە زۆربەی ڕووداوەکان و ئال و گٶڕەکانی مەریوان پێش و پاشی ڕاپەڕین دەوری بەرجەستەوچالاک و دیاریکەری هەبوو. لە دەورانی ڕاپەڕین، مەریوان مەیدانی خەباتی جەماوری لە هەموو ئاستەکاندا بوو و بە نیسبەت شارەکانی تری کوردستان و تەنانەت ئێران نموونەو هەڵکەوتوو بوو. کۆچی میژوویی شارۆمەندانی مەریوان و یەکگرتووی و خەباتی جەماوەری ئەم شارە، لە گەڵ شارەکانی تری کوردستان تێکەڵ بوو. خەباتی دیموکراتیک و بزووتنەوەی بەرخودانی کوردستان لە مەریوان هەنگاو گەلێکی بنەڕەتی نا بوو، هێزی چەکداری پارتیزانی بۆ پشتیوانی و دیفاع لە بزووتنەوەی کوردستان پێک هات. لە مەریوان هێزی بەکرێگیراوی ناوچەیی و سپای پاسدارانی رژیمی کۆماری ئیسلامی، هەر گیز پێگەی کۆمەڵایەتی وجەماوریان نەبوو و شارۆمەندان بە قین و نەفرتەوە چاویان لێ دەکردن. کۆمەڵە توانی وەک ڕەوتێکی سیاسی و شۆڕشگیڕ و ڕوولە گەشە ، شارۆمەندان ڕێبەری بکات. و بەشێوەیەکی بەرجەستە و بەرچاو لە ڕەوتی خەباتی عادلانەی چەوسێنەران و زەحمەتکێشان دەوری مێژوویی شیاو و جێگای قەدەردانی هەبێت. لە ڕاستیدا گەشەی خەباتی بزووتنەوەی کوردستان لە پێناو ئازادی و ڕزگاریدا، بە فیداکاریەکانی ئەمین و هاوڕێ شۆڕشگیڕەکانی لە سەرانسەری کوردستان پشت ئەستوور بوو. ئەوان جادە و ڕێگایان هەموار کرد و حەماسەکان و مێژووی سەربەرزانەی کوردستانیان ڕازاندەوە.
ئەرکە قورسەکان پاش دیل کردنی کاک فوئاد
دەستگیری و دیل کردنی کاک فوئاد، ئەرکەکانی تەشکیلاتی و سیاسی کاک ئەمینی قورس تر و هەستیار تر کرد. کاتێک کاک فوئاد دەستگیر و دیل کرا، کاک ئەمین لە ئاوایی هەزار خانی موعەلیمی منداڵان بوو. کاک فوئاد لە گەڕەکی هەژار نشینی ئاغا زەمان لە شاری سنە ساختمانێکی بە کرێ گرتبوو. ساواک کاک فوئادی لەهونەرستان و ئەنستیتوی شاری سنە دەستگیر کرد و، بە خێرایی بەرە زیندانی کومیتەی تاران بەڕێ کرا. ئەمین لە ئاوایی هەزار خانی نامەیەکی بۆ ماجد ناردبوو و داوای پشکنێنی ماڵەکەی کردبوو کە هەر چی زووتر ماڵی کاک فوئاد چاو لێ بکا وبەڵگەکان، دەسنووسەکان وکتێبەکانی بۆ جێگایەکی باوڕ پێکراو دوور خاتەوە.
چونکوو ئەگەر ساواک ئەو بەڵگانەی دەس کەوتبا حوکمی زیندانی کاک فوئاد قورس تر دەبوو. ماجید لە پێشدا هەندێک بەڵگە و کتێبی گواستبوەوە. ساواکیش لە پڕۆسەی پشکنیندا نەیانتوانیبوو شتێک بدۆزنەوە. گومان و شکی ئەوە هەبوو دیسانەوە ساواک ماڵەکەی کونتڕٶل بکاتەوە. بەڵام ئەمین ئاگادار بوو کە کاک فوئاد هەندی بەڵگە نامە و دەسنووسی لە جێگایەک لەو ماڵە شاردوەتەوە. ئەمین گەڕایەوە سنە و ئەو بەڵگە و کتێبانەی گواستەوە و دەس ساواک نە کەوتن. ئەمین جێگای متمانەی کاک فوئاد و هاوڕێکانی بوو. کاتیك ساواک هێرشی کردە سەر تەشکیلاتی نهێنی کۆمەڵەو هەندێک لە رێبەرانی کۆمەڵەی دەستگیر کرد، ئەمین لە لایەن کۆمەلەوە ڕاسپێردرا، کە بەرپرسی پەیوەندیەکانی هەندی لە ئەندامان بێت. ئەمین پەیوەندی پتەو و نەپساوەی لە گەڵ ڕیبەری هەمیشە زیندوو کاک سەدیق کەمانگەر، هاوڕی گیانبەختکردوو کاک جەمیل زەکەریایی هەبوو. هەر ئەم فاکتۆرە بوو بە هۆی ئەوە کە ئەمین لە گەڵ زۆربەی هاوڕێیانی کۆمەلە کە ژمارەیەکی بەر چاویان خۆشبەختانە زیندوون وەک کاک ئەدیب وەتەندووست و … و ژمارەیەکی تریان بەداخەوە گیانیان بەخت کردووە پەیوەندی بەربڵاوی هەبێت. ئەمین پردی پەیوەندی لە نێوان کادرەکانی ناو زیندان و دەرەوەی زیندان بوو.
خوسوسیات و کەسایەتی ئەمین کاردانەوی فرە زۆری لە سەر پەیوەندیەکانی لە گەڵ دەور و بەری و بەرە پیش بردنی ئامانجە دیاریکراوەکانی هەبوو. ئەمین پاش زیندانی کردنی کاک فوئاد وەک ماموستا و دڵسۆز و بەر پرسی سیاسی بە نیسبەت براکان و خۆشکە کانی دەوری دەگێڕا. کاتێک دیداری برا و خۆشک لە گەڵ زیندانیە سیاسیەکان قەدەغە کرا و ساڵی جارێک دەیانتوانی ئەو دیدارە بکەن، ئەمین قەناعەتی بە باوک و دایکمان هێنا کە نۆبەی دیدارەکەیان لە گەڵ کاک فوئاد لە زیندانی قەسری تاران بۆ براچکۆلەکان ڕەزا، حیشمەت و ئەمجەد تەرخان و لە بەر چاو بگرن. ئەمین بە مەسئولیەتی خۆی ئەوانی بۆ دیداری کاک فوئاد هێنایە تاران و چونە زیندانی قەسر و کاک فوئادیان دیدار کرد. براچکۆلەکان هەمیشە کاک ئەمینیان وەک بەرپرسی دڵسۆز و ماموستای سیاسی وپەروەردەیی خۆیان چاو لێدەکرد . ئەمین ئەگەر چی لە کاک حسین چکۆلەتر بوو ئەمما وەک ڕاوێژکاری ئەویش دەوری دەنواند.
هەڵویست و هەڵسوکەوتی لە بەرانبەر ئۆڕگانە جۆراوجۆرەکانی حکومەت: حکومەت لە مەیدانێکی بەر بڵاودا، شۆڤارەکان و تۆڕی نهێنی جاسوسەکانی بۆ سەرکوت، و کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتیەکان و ناسینی ئازادیخوازان رێک خستبوو. دەسەڵات و ترس و وەحشەتی سامناکی ساواک، هەڵسوڕانی سیاسی لە ناوچەکەدا بەرەو شێوازێکی فرە نهێنی پاڵ پێوەنابوو و ڕەوتی خەبات و بەرخودانی لاواز و کز کردبوو. ئەم تۆڕە سیخۆرانە بەر لە ڕاپەڕین و قەیام ساواک، ژاندار مری، شارەوانی و پاشان پاسداران و ساوامای جمهوری سێدارە بوون.
پاش شۆڕشی ساڵی ٣١ هەتاوی ،ڕێکخراوەکانی قیادە موەقەت و مەکتەبی قورئان لە سەر تۆڕە جاسوسیەکان زیاد بوو و لە گەڵ جمهوری سێدارە هاوکاری ڕاستەوخۆیان دەکرد. ئەمین ئەوپەڕی نهێنی کاری، لە ئاستێکی باڵادا بە ڕێوە دەبردو شک و گومانی ساواک و ژاندارمری پووچەل کردبوەوە. رەفتار و هەڵسوکەوتی ئازادیخوازان و ماموستا خۆشەویست و دڵسۆزەکان بە شێوەی هەمیشەیی لە لایەن تۆڕە جاسوسیەکانەوە بۆ ساواک گوزارەش دەکرا و بە نهێنی دەنێردرا. قیادە موەقەت ڕێکخراوێکی بە تجروبە بوو، کە لە ئاوایی دزلی لە دەڤەری هەورامان دامەزرابوون و بە ڕێنوێنی و یارمەتی ساواک و ژاندارمری لە پێش روخانی رژیمی پاشایەتی و دواتر ساواما و ئەرتشی کۆماری ئیسلامی، شۆڕشگیڕان و ئازادیخوازانیان ئازار دەدا و سوکایەتیان پێ دەکردن. تەنانەت لە وپرۆسەی پێک هێنانی یەکێتی جووتیاران، دەستیان بە سەر چەکەکانی ئەم ئوڕگانە تازە و خەڵکیەدا گرت و سۆکایەتی و ئیهانەیان بە هەندی لە ماموستاکان کرد.
ئەمین لەو ماموستا نەترس و ئازایانە بوو کە لە بەرانبە هەلسوکەوتی دژ بە مرۆڤانەی تۆڕەجاسوسیەکان ڕاوەستا و خەباتی کرد. و بەتایبەت لە نێو جەماوردا، پەردەی لە سەر کردوە پیس و خراپەکانیان داماڵی. قیادە موەقەت لە پێناوی هاوکاری لە گەڵ جمهوری ئیسلامی، لە سەر جادەکان پوستی کونتڕۆڵ و پشکنینیان دانابوو. داوای پێناسەیان لە خەڵک دەکرد وخەباتکارانیان دەگرت. ئەمین یەکێک لەو خەباتکارانە بوو کە لە لایەن قیادە موقەتەوە بێ حورمەتی و ئیهانە ی پێ کرا. ئەو ماندوویی نەناسانە خەریکی بەڕێوە بردنی ئەرکە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بوو. ئەو لە پێناو لابردنی چەوسانەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ و ئال و گۆڕی قووڵی کۆمەلایەتی تێدەکۆشا. لە بەرانبە چەوسانەوە و زوڵم و زۆر کە دوو رژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بە سەر جەماوردا، دایانسەپاندبوو ڕاوەستا و خەباتی بێ وچانی کرد . ئەمین یەکێک لە کادرە زۆر هەڵسوڕاو ولێبڕاوەکانیی دەورانی نهێنی و دەورانی دەسەڵاتی سامناکی ساواک و رۆژیتەنگانە بوو و فریادرەس بوو.
مانگرتنی زیندانیە سیاسیەکانی شاری سنە و ئاکسیونی پێشرەوان لە دادگوستەری
هاوینی ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی زیندانیە سیاسیەکانی شاری سنە مانگرتنیکیان بە مەبەستی دەستە بەرکردنی خواستە بەرحەق و دیموکراتیکەکانیان ڕێکخست. زیندانیە سیاسیەکان بەئاشکرا خەباتێکی داڕێژراوی سیاسیان لە زیندانی سنە دەس پێکرد. حەڤدەی پوشپەڕ ١٣٥٧ ئەمین لە ڕێکخستنی ئیعتیراز و مانگرتنی بینای دادگوستەری وخۆپێشاندانەکانی شەقامەکانی شار،کە تا ئەو کاتە لە شاری سنە نە بینرابوو، سیمای درەخشان و جەسارتی کەم هاوتا و بەرزی نیشان دا.
بۆ دەستە بەر کردنی خواستە دیموکراتیکەکانی زیندانیە سیاسیەکان، ژمارەیەک لە خەباتکارانی شارەکانی مەریوان، سنە، سەقز و بانە و هاوڕێیانی زیندانی و بنە ماڵەکانیان بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیەکان لە دادگوستەری سنە مانیان گرت. پاش هێرشی پولیس و ئەندامانی ساواک و کاربەدەستانی نهێنی شارەوانی، مانگرتوەکان دادگوستەریان بە جێ هێشت و لە شەقامەکانی شار ڕێکەوتن ولە مارشێکی نەترسانە بەشداریان کرد و سکوتیان شکاند. ئەم ئێعترازە یەکەمین جوڵەی ئیعترازی و خەباتکارانەی ئاشکرای خەڵکی سنە دژی حکومەتی پاشایەتی بوو. خەباتکارانی کۆمەڵە لە شاری سنە، بنەماڵەی زیندانیە سیاسیەکان و هەندێک لە ئەندامانی بنەمالەی مستەفا سوڵتانی دەورێکی بەرچاویان لەم ئێعترازە شکۆدارو ئاشکرایەدا نواند. لەم خۆپیشاندان و تەزاهوراتەدا چەند کەس لە بنەمالەی ئێمە و لە وانە باوک، دایک، حسین، ئەمین ،مەلەکە، ماجید، تەیموور، کەریم دەستگیرکران. ئەم ئاکسیونە خاڵی وەرچەرخان لە خەباتی شارۆمەندانی سنە و مەریوان بوو. و پێگەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و شێوەی خەباتەکە بۆ جەماوری خەڵکی مەحروومی کوردستان زۆر سەرنچ ڕاکێش بوو. ئەمین یەکێک لە نوێنەرانی هەڵبژاردەی بنەماڵەی زیندانیە سیاسیەکان بوو، کە لە گەڵ بەرپرسانی دادگوستەری گفتوگۆ بکات. لەم بوارەدا ئەو و ژمارەیەکی تر، لە لایەن ساواک و شارەوانیەوە دەستگیر و زیندانی کران. هەمیشە کاک ئەمین هاوڕەوتی بیر و ڕا و ئەندێشە ی کاک فوئاد بوو و لەم پەیوەندیەدا تەنانەت لە گیانی خۆی دریغی نە کرد. ڕۆژی دوای مانگرتنی بینای داگوستەری و ڕێپێوان و ئێعترازی ناو شاری سنە، هاوڕێیان سەدیق کەمانگەر، عەبدواللەی بابان و عەبەی مستەفا سوڵتانی بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشان و یارمەتی زیندانیە سیاسیەکان و بڵاو کردنەوەی هەواڵەکان و ڕووداوەکانی سنە و پڕوپاگاندە لە ئاستی ئێران و جیهان و ڕاگەیاندنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ، بەرەو تاران سەفەریان کرد. لە تاران شەخسیەتە سیاسیەکان و وڵات پارێزان وەک: ئاغایان سارم خان سادیق وەزیری، کەریم سنجابی لە جبهەی میللی، لاهیجانی لە کانونی پارێزرانی خەباتکار، سەحابی لە نهزەتی ئازادی و کریستیان میشل بەرپرسی سەلیب سووری نێو نەتەویی و ژمارەیەک هەواڵنێری بەناوبانگ پەیوندیان گرت. ئەم هەوڵ و پەیوەندیانە زۆر بە قازانجی خەباتی زیندانیە سیاسیەکان لە ناوەوە و لە دەرەوەی زیندان تەواو بوو. ڕۆژی دوایی کریستیان میشل بەرپرسی خاچی سوور بە هیلیکۆپتر هاتە زیندانی سنە. هەر ئەو رۆژە رادیو )بی ، بی ، سی( گوزارش و ڕاپۆرتی دوور و درێژی سەبارەت بە زیندانیەکان و شارۆمەندان کوردستان بڵاو کردەوە. بەشی ز ۆری بەرنامەی “جامی جیهان نما” بۆ ڕوداوی سنە و خەباتی زیندانیە سیاسیەکان و هەل و مەرجی کوردستان تەرخان کرابوو. ئەم خەبات و هەڵسوڕانە مەدەنیە بوو بە هۆی ئەوە کە سەرجەم خواستی زیندانیە سیاسیەکان، لە لایەن بەرپرسانی ساواک و شارەوانی و ئوڕگانی زیندانەوە وەر گیرا. و مانگرتن لە خواردن کە بیست و چوار ڕۆژی خایاندبوو بە سەرکەوتووی تەواو بوو.
لە دەورانی ڕاپەڕین
ئەگەر گەنجەکان و جەماوری خەڵک لە گەڵ شەپۆلی شۆڕش کەوتن ، ئەمین لەو کەسانە بوو کە وەک سەدان شۆڕشگێڕی تر، زۆر لەوە پێشتر تێکۆشانی نەپساوە و خەتەرناک و مەترسیدار بۆ ڕێکخستنی ئەم جوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا کردەبوو . ئەمین لە ئاستانەی ڕاپەڕیندا پلان وهەڵسورانی خێراو بەرچاوی هەبوو. شەو و ڕۆژ شارۆمەندانی شار وگوندی بە دەور و پێگەی چینایەتیان ئاشنا دەکرد. ئەمین کادری نهێنی و ئەندامی زۆر هەڵسوڕاوی کۆمەڵە بوو. و بۆ ڕاپەڕاندنی بڕیارەکانی کۆمەلە لە ئاستێکی بەربڵاودا بە هەموو تواناکانی بە شێوەی خۆنەویست و فیداکارانە ئامادە بوو. بەرهەم و ڕەنجی ئەمین و شۆڕشگێڕانی تر، ئاستی بەرزی ڕێکخراوبوون و پەیمانی حیزبی بوو کە لە هەڵسەنگاندن لە گەل ناوچەکانی تری ئێران، کوردستان جێگا وپێگەی بەرز و شیاوی بەدەس هێنابوو. هەڵسوڕانی نەپساوەی سۆڕشگێڕانی کوردستان بوو بە هۆی ئەوە کە جەماوەری بێ بەش و هەژار، ماهییەتی حکومەتی توتالیتری ئیسلامی بناسن. ئەمین یەکێک لە ڕێکخەران و پێشڕەوانی جەسوور و فیداکار و سادیقی ئەم دەورانە هەستیارە بوو. پیش ئەوەی تەشکیلاتی کۆمەڵە خۆی ئاشکرا کات، بە هیمەتی شۆڕشگیڕانی کوردستان و یەکێک لە وانە کاک ئەمین ، کۆمەڵە پێگەی کۆمەڵایەتی بەربڵاوی لە نێو شار و دێهات دا هەبوو. ئەم پێگە کۆمەڵایەتیە دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵەی لە دەورانی قەیام و ڕاپەڕیندا و بزووتنەوی کوردستانی بەشیوەیەکی بەرچاو زەمانەت وگارانتی کرد. لە زستانی ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی، خەباتکاران و ئازادیخوازانی مەریوان، بینای شارەوانیان بە مەبەستی چەک کردنیان گەمارۆ دا. ئەمین لە چەک کردنی ئەم ئامرازە سەرکوتگەرە، لێبڕاوانە و بێ دوو دڵی، شەهامەتی شیاو و هەڵکەوتووی لە خۆی نیشان دا. هاوڕی ئەمین یەکێک لەئەندامانی ئەو گوروپانە بوو کە کاک فوئاد بۆ دەستگیری و زیندانی کردنی بەرپرسانی دەوڵەتی کە هەموو دەسەڵاتی شار لە دەستیاندا بوو، دیاری کرد.
هەڵسوڕان لە ئوڕگانە ئینقلابیەکاندای!
ئەمین بە شێوەی پیشەیی هەموو کاتی خۆی لە پێناو سیاسەتەکان و ئیستراتژی کۆمەڵە، تەرخان کردبوو و لە ئاستێکی لێبڕاوانە هەڵدەسوڕا و بە نیسبەت ڕزگاری هەژاران و ڕەنجبەران و ئارمانەکانی مرۆڤایەتی وەفادا بوو. لە هەموو بوارەکانی خەباتدا، لێبڕاو و پێشڕەو بوو. لە جەمعیەتی دیفاع لە مافی گەلی کورد لە شاری مەریوان ،جەمعیەتی ماموستایان، ستاد و ناوەندی پارێزگاری، یەکێتی جووتیاران ،ئیتحادیەی کرێکارانی بێ کاری مەریوان هەڵسوڕاو و بەشداری هەموو چالاکیەکانی ئەو ئوڕگانە دیموکراتیکانە بوو. و خەبات و هەڵسوڕانی سیاسی ئەم ئوڕگانگەلەی بەیەکەوە گرێ دابوو. ئەمین لەپێڤاژەی هەڵسوڕانی سیاسی، ماوەیەک لە ناو شار و بە مەبەستی ئامادە کردنی هەڵ و مەرجی لە بار بۆ پێک هێنانی جەمعیەتی ماموستایان و ماوەیەک لە نێو زەحمەتکێشانی دێهات بۆ دامەزراندنی شوراکان تێدەکۆشا. ئەمین لە پاڵ ڕەنجبەرانی ئاوایی بیلوو بۆ وەر گرتنەوەی زەویەکانیان، کە لە لایەن مالکەکان و ئاغەواتەوە دەستی بەسەردا گێرابوو، لە مانگرتنی ڕەنجبەرانی ئاوایی بیلوو کە لە بینای دادگای شاری مەریوان بە ڕێوە چوو بەشداری کرد.
بە مەبەستی چەسپاندنی ئامانجەکانیان و سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە دەوری هەستیارانە و دیاریکەر و پێشرەوی هەبوو. لە مەراسمێکدا کە پاش سەرکەوتنی ڕەنجبەران لە ئاوایی بیلوو بەڕێوە چوو، دەور و سیمای دەروشاوەی هەبوو. لە گەڵ شۆڕشگێڕانی تر و لە خەباتی بەر بڵاوی خەڵکی دارسیران دژی مالکەکان و حکومەتی پاشایەتی و هەروەها لە کاتی کۆچی خەڵکی دارسیران بەرەو سنوورەکانی دەستکرد و گەیاندنی دەنگی ناڕازایەتی جەماوەر بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ماسمێدیا بەشداری جیددی و دڵسۆزانەی کرد. کاتێک جمهوری ئیسلامی و کۆنەپارێزانی ناوچە، جووتیارانی دەڤەری سۆما و برادۆستیان لە ماڵ و لانەی خۆیان دەربەدەر و ئاوارە کرد، ئەمین بۆ پووچەڵ کردنەوەی پیلانە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتی بێدریغی ڕەنجبەرانی سۆما و برادۆستی کرد. ئەمین یەکێک لە هەڵسوڕاوان و دامەزرێنەری کانونی دیفاع لە مافی گەلی کورد لە مەریوان، جەمعیەتی ماموستایانی مەریوان و ئیتحادیەی جووتیاران و ستادی بەرگیری مەریوان بوو.
باوەڕ پێکراو وجێگای متمانەی کاک فوئاد
ئەمین لە دەورانی کورتی ژیانی، هەرگیز بۆ ژیانی شەخسی خۆی نرخی دانەنا. سەرکەوتن و سەرفرازی و بەختەوەی خۆی، لە سەرکەوتن و ڕزگاری و سەرفرازی شارۆمەندانی مەحروومدا تەرجومە و تەفسیر دەکردەوە. و دڵسۆزانە بەو ئارمانە بەرزانە وەفادار و متمانەی هەبوو. خەسڵەتی ئومانیستی، هەڵویستی بێگەرد، کرداری سادیقانە ولێبڕاوانەی ئەمین و پوتانسیل و توانا بەرزەکانی ئەمین سەرنجی کاک فوئادی ڕاکێشابوو. پاش ماوەیەکی کورت ڕاستەوخۆ هاوکاری کاک فوئادی دەس پێکرد و بەرەو ڕێکخراوی کۆمەڵە نزیک تر بوەوە. ئەمین شەخسیەت و ڕێبەری سیاسی کاک فوئادی بەدڵ بوو و لە قووڵایی دڵەوە هەستی پێکردبوو و بە هەڵویستەکانی کاک فوئاد ئیمانی تەواوی هەبوو و، توانی ڕاز نهێنیەکان کاک فوئاد بپارێزێت. ئەمین لە پرۆسەی گەشەی سیاسی و فێر بوونی ئەزمونی شۆڕش و ڕێبەری کردنی شارۆمەنداندا بوو کە بەداخەوە لە لایەن فاشیزمی ئیسلامیەوە تیر باران کرا.
بەرەو هەڵویستێکی مێژوویی جەسورانە و شۆڕشگیڕانە
ئەمین لە گەڵ کاک ماجید و کاک فوئاد و شۆڕسگێڕانی تر یەکێک لە هەوەڵین پارتیزانەکانی یەکێتی جووتیارانی مەریوان بوو. پێک هێنانی یەکێتی جووتیاران هەڵویستێکی شیاو، هەنگاوێکی گەورە، لێبڕاوانە و دیاریکەر و مێژوویی بوو . ئەمین لەو پڕۆسەیەدا بۆ هەزاران گەنج و لاو و مرۆڤی ئازادیخواز کە، بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانیان ئامادەی خەبات بوون نموونە و سیمبولێکی لایەق و بەرجەستە بوو. ئەمین بێ ڕاڕایی، دوودڵی و وەک پێشڕەوی هەژاران و لێبڕاوانە و بە ئیمانەوە هەڵویستی گرت و لە سەنگەری خەباتی پێشمەرگانە ئاڵای ئازادی و ڕزگاری هەڵگرت.
یەکێتی جووتیاران لە بەهاری ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی ولە پێناوی ئارمانە بەرزەکان و مافی عەدالەتخوازانە و دیموکراتیکی گەلی کورد پێک هات و ڕێکخرا. لە واقیعدا یەکێتی جووتیاران ناوەڕۆکی ئیدئولۆژیک و کۆمەڵەیەتی بەر بڵاوی هەبوو. ئەم ئوڕگانە دیموکراتیکە مزگێنی ئازادی و بەختەوەری بە ڕەنجبەران کوردستان دەدا، کە لە کاناڵی ڕوون کردنەوەی سیاسی و ڕێک خستنی هەژارانی شار و دێهات و ئێعترازگەلێکی دیموکراتیک خۆی دەنواند. ئەمین لەو ئوڕگانە تازەیە خەباتی نەپساوەی چ لە بواری پەروەردەی سیاسی و چ لە بواری فێر کردن و بار هێنانی پێشمەرگەکان و تەنانەت پراکتیکی ڕۆژانە لە ئەستۆ بوو. و وەک پێشڕەوێکی کارزان و لێبڕاو کاری دەکرد. دڵسۆزی و لێبوردوویی و خۆنەویست بوونی لە نێو پێشمەرگە چەکدارەکان و شارۆمەندانی شار و دێهات ناوبانگی بەر فراوانی هەبوو. ئەمین لە پاڵ کاری سیاسی، جەماوری خەڵکی بۆ مافەکانیان و شێوەی ئێعتراز و دەنگ هەڵبڕینیان و ئاڵ و گۆڕی کۆمەڵگا ئاشنا دەکرد.
بیر و ئەندێشەی ئەمین لە خزمەت بەرژەوندیەکانی جەماوری هەژار و مەحروومدا بوو. کاتێک تیر باران کرا، جەماوری خەڵک تێگەیشتن کە چ مرۆڤێکی دیموکرات، ئاشتی خواز و سوسیالیت و شۆڕشگیڕیان لە دەس داوە. مەرگی ئەو ڕاستەوخۆ ناویشی لە مێژووی بزووتنەوەی ئاشتی خوازانەی گەلی کورددا تۆمار کرد و سەرنج و بیر و فیکری گەنجەکان و لاوان و مرۆڤی ئازادیخواز و بیبەشی بەرەو لای کۆمەلە پاڵ پێوە نا . ئیمان و باوەڕی ئەمین بە هێزی جەماور لە بەستینی ئاڵ و گۆڕی کۆمەڵایەتی و خەبات دژی سیستەمی پاشایەتی وحکومەتی ئیسلامی لە هەناگاوی یەکمدا بوو. هەر بەم بۆنەوە نابودی فیزیکی و کوشتنی ئەمین لە سیستەمی حکومەتی ئیسلامی نرخی گرانبەهای هەبوو. وێنەی ئەمین پاش مەرگی لە لایەن هەزاران گەنج و لاوی تینوی ئازادی و دیموکراسی و لە مارشی سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیە گشتیەکان لە تەک وێنەی خەباتکارانی تر بەرز کرایەوە وهەڵگیرا و بە جەماور نیشان درا. ئەمین بەختەوری وسەرکەوتن و بیر و باوڕی سوسیالیسی خۆی و رزگاری هەژارانی لە بەستێنی سەرکەوتن و ڕزگاری گشت کۆمەڵگا تەرجومە و تەفسیر دەکردەوە. ئەمین هەروەها کە لە ڕۆژانی سەخت و خەباتدا لە پاڵ هاوڕێکانی ئیحساسی سەربەرزی و فەخری پێوە دەکرد، ئارەزوی قەلبیشی ئەوە بوو کە لە پاڵ هاوڕێکانی، ڕۆژەکانی سەرکەوتنی هەژارانی کۆمەڵگا جەژن بگرێت.
کوردستان تەنیا سەنگەری بەردەوامی ڕاپەڕین
شەپۆلی ڕاپەڕین بە خێراییەکی باوڕ پێنەکراوەوە سەرانسەری ئێرانی گرتبوەوە. ئورگانە حکومەتیەکانی دەورانیش، یەک لە دوای یەک و لە ماوەیەکی کورتدا بوون بە ئیسلامی و بۆ خزمەت کردنی کۆماری ئیسلامی ئامادە بوون. شارۆمەندانی کوردستان متمانەیان بە کۆماری ئیسلامی نە بوو. بار و دۆخی سیاسی کوردستان سیکۆلار و هیزی چەپ و دیموکراتیک و ڕادیکاڵ پێگەیەکی بە نرخ و قورسی کۆمەڵایەتی هەبوو. خەباتی شارەکانی کوردستان لە ئاستێکی تردا بوو و ئورگانگەلێکی خەڵکی وەک “بنکە” و “شوراکان” لە ئاستگەلێکی جۆراوجۆر بۆ حاکمییەت و ئیدارەی شارەکان و دەسەڵاتی جەماوەر هەڵدەسوڕان و فەعال بوون. جەماوری خەڵک ئەزمونی بە نرخیان بەدەس هێنابوو. ئەم ئوڕگان گەلە پێگە و شوینی مێژووییان بەدەس هێنا. کۆماری ئیسلامی حاکمییەتی شوراکان و بنکەکانی قەبوڵ نە بوو و هاوکات لە گەڵ دەستوری خومینی، دیکتاتوری، قەڵاچو و کوشتاری شارۆمەندانی کوردستان داسەپا و دەستی پێکرد. کۆمەڵە ئوڕگان گەلێکی تری بۆدیفاع و پشتیوانی لە دەسکەوتەکانی شۆڕش رێک خستبوو. کوردستان تەنیا سەنگەری بەردەوامی شۆڕش بوو. شەڕی سامناک بە سەر شارۆمەندانی کوردستان داسەپا بوو. لە هەمان کاتدا هێرشیان کردە سەر خەڵکی ئاشتی خوازی کوردستان و شەڕی مان و نەمان دەستی پێکرد . تەشکیلات و کادرەکانی کۆمەڵە لە بواری ڕێکخستنی جەماور و شەڕی پرشکۆ و بەرەنگاری، سەربەرزانە سەرکەوتن و بە شانازیەوە لە کڵی مێژووی هاوچەرخ دەرهاتن. و بەشێک لە خەباتی پڕ لە شانازی و ئاشتیخوازانەی کوردستان بوون ، کە مێژووی بزووتنەوەیان، نوسیەوە و تۆمار کرد.
بزووتنەوەی سیکۆلاری کوردستان و دەوری مەکتەبی قورئان
لە شاری مەریوان خەباتکاران و شۆڕشگیڕان پێگە و خۆشەویستی تایبەت و لە نێو جەماوری هەژار ئێعتبار و پێگەی کۆمەڵایەتی گەورەیان هەبوو. تویژێکی بەر بڵاو لە ماموستایانی پێشڕەو و سیکۆلار خاوەنی بیر و ڕای چەپ و سوسیالیستی و مودێرن بوون. لە کوردستان تاقمێکی ئاینی بە ڕێبەری ئاغای ئەحمەدی موفتی زادە هەڵدەسوڕان. ئوڕگانێکی شک ئامێزیان بە ناوی مەکتەبی قورئان پێک هێنا، کە گرفت وکۆسپێکی گەورە لە سەر ڕێگای سەرکەوتنی بزووتنەوی ئاشتی خوازانەی کوردستان بوو. کۆماری ئیسلامی لە بنەڕتدا مافی میللەتەکانی بە هیچ شێوەیەک قەبوڵ نە بوو و لە عەمەلدا پالێ بە درۆ و دەلەسە و تقیە و بورای وشکی ئائینی دابوو.
هەڵویست و هاوڕەوتی مەکتەبی قورئان لە گەل حکومەتی توتالیتری کۆماری سێدارە، زەرەری گەورەی لە بزووتنەوی کوردستان و ئازادیخوازان دا. و گیر و گرفتی سامناکی خولقاند کە برین و زەخمەکانی لە سەر پەیکەر و جەستەی گەلی کورد وبزووتنەوی کوردستان خوێناویە و لە بیر ناکرێت. شارۆمەندانی کوردستان ئیستاش ڕەنج و دەردی کاری ئەو زەخم و برینانە و خەیانەتە هەست دەکەن. سپای پاسداران لە پادەگانی مەریوان و بینای ساواکی مەریوان ڕەوتە موخالیفەکانی بزووتنەوی کوردستانیان وەک قیادە موەقەت و مەکتەبی قورئان لە ژێر سەیوان و جەتری بەر بڵاوی خۆیان بۆ سیخۆری و شۆڤاری وجاسوسی ڕێک خستبوو. دوژمن وەک ئامرازی کاتی دژی بزووتنەوی ئاشتی خوازانەی کوردستان کەڵکی لێ وەر دەگرتن و مەکتەبی قورئان و قیادە موەقەت هەر ڕۆژە دژی شارۆمەندانی کوردستان پێلانیان دەگێڕا. کۆمارری ئیسلامی لە هەلویست و کردەوەی خەتانەتکارانە و نامرۆڤانەی ئەم دوو ئوڕگانە، بە مەبەستی کز کردن و شکست دانی بزووتننەوەی کوردستان ئەو پەڕی کەڵکی خۆی وەر دەگرت. ئەم دوو ئورگانە بە شێوەیەکی ریسوا لە دەستوری جیهادی خومینی کە لە راستیدا فتوای قەڵاچوی گەلی کورد بوو، پشتیوانی و دیفاعی ئاشکرایان کرد. ئەندامانی مەکتەبی قورئان بە خۆڕایی وەک ڕاوێژکاری شێخ سادیقی خڵخاڵی و مستەفا چەمران هەڵدەسوڕان و ئەوەی لە بواری خەیانەت و جاسوسی لە دەستیان هات دەر حەق بە بزووتنەوی گەلی کورد کردیان و ڕاستەوخۆ بەشانازیەوە خزمەتی دوژمنانی گەلی کوردیان کرد.
ناساندنی ئەندامانی نهێنی و دیل و ئەسیر کردنی خەباتکارانی کۆمەڵە و ناساندنی زیندانیە سیاسیەکان کە دژی کۆماری ئیسلامی کاریان دەکرد، لە ئەستۆ گرتبوو . بۆ کارئاسانی ڕەوتی شۆڤاری و جاسوسیەکانیان، بە هیلیکۆپتر هات و چویان دەکرد و لەتاوانەکان و ئێعدام و تیرباران کردنی ئازادیخوازانی کورد شەریکی فەعالی جمهوری ئیسلامی بوون. گەلی کورد ئەم تاوانەی مەکتەبی قورئان و قیادە موەقەتی لە سەر پەردەی مێشکی هەڵگرتوە. چونکوو کۆماری ئیسلامی لە پڕۆسەی دووبارەی داگیر کردنەوی وڵاتی کوردستان هەم وەک نازیەکان و هەم وەک فاشیستەکان هەڵسوڕا و کوشتار و جەنایەتی کرد.
مانگی خەرمانان
گەمارۆ و شەر خوازی جمهوری ئیسلامی لە شاری مەریوان، کۆمەڵە و جەماوری خەڵکی بەرەو بواری بەرخودان و خۆڕاگری و دیفاع لە شار پاڵ پێوە نا. کاک فوئاد تاکتیکی بێ هاوتا و ژیرانەی هەڵبژارد و پێڤاژەی خەباتی مەدەنی بە ناوی “کۆج” دەستی پێکرد. کۆچ بە ئامانجەکانی گەیشت و و شارۆمەندان بە سەربەرزی و شانازیەوە بۆ ناو شار گەڕانەوە. ڕژیم دیسانەوە شەرخوازی دەس پێکرد و دەوری شاری مەریوانی گەمارۆ دا. ئەندامانی مەکتەبی قورئان لە جادەکانی هات و چوو دامەزران و دەم و چاوی خۆیان داپۆشێبوو و هاوکاری پاسدارەکانیان دەکرد و شۆڕشگیڕانی مەریوانیان دیل کرد. سەرجەم دوازدە شۆڕشگیڕیان دەستگیر و بۆ زیندانی پادەگان گوازرانەوە و زیندانی کران. ئەمین یەکێک لە ئەسیرەکان بوو کە کەمتر لە حەوتوویەک لە پادگان ئەسیر بوو. باوکمان بە خێرایی داوای دیداری شێخ سادیقی خەڵخاڵی کرد.
خەڵخاڵی لە پێشنیارەکەی باوکم پێشوازی کرد و کات وسەعاتی دیدارەکەی بۆ باوکم دیاری کرد. باوکم بەپەلە ڕۆیشتە پادەگان ونوێنەری خومینی، یانی خڵخاڵی دیدار کرد. خەڵخاڵی وەعدە و سویندی شەرفی خوارد کە ئەسیرەکان ئازاد دەکات. ئەمما زۆری پێ نەچوو کە شارۆمەندانی کوردستان شەرف و پەیمان و سویندی خەڵخاڵیان بێنی و تەجروبە کرد. ڕۆژی سێ گەلاوێژ ١٣٥٨، ٩ شۆرشگیڕ لە پادگان تیرباران کران. ئەمین و حسین مستەفا سوڵتانی ،جەلال نەسیمی، بەهمەن ئەخزەری، حسین و ئەحمەد پێرخزرانیان، عەلی داستانی و ئەحمەد قازی زادە بە دەستوری خمینی و نوێنەرکەی شێخ سادیق خەڵخاڵی، و جاسوسان و بەکرێ گیراوان دەڤەری مەریوان تیر باران کران. ئەمین مرۆڤێکی سادیق، شٶڕشگیڕ و پێشرەو بوو کە فرە زوو ئێمە و ڕينجدەرانی بە جێ هێشت و ژیانی ئاوا بوو. ئەمین پەیمانی سادیقانەی لە گەڵ مرۆڤدۆستی هەبوو و ژیانی ٢٩ ساڵەی ئەو لە خەبات، خۆنەویستی، بەرخودان، و پشتیوانی لە مافی ڕەنجدەران پڕە و شەپۆل دەدا. هەرگیز ناتوانین سیمای دلۆڤان، ڕئووف، میهرەبان و شۆڕسگێری ئەمین لە “یانەی دڵ” دوور کەینەوە و کاتێک.
شەپۆلی خەم و شووک لە مەریوان
ڕۆژی سێ گەلاوێژی ١٣٥٨ ی هەتاوی، جەستەی خوێناوی و پەل پەل کراوی نۆ ٩ مرۆڤی ئاشتی خوازو شۆڕشگیڕ کە بێ دادگایی و موحاکەمە و بێ پارێزەر و وەکیل لە پادەگانی مەریوان بە هاودەستی کۆنەپارێزان و جاسوسانی دەڤەری مەریوان، و سپای پاسداران تیراباران کران. جەستەی تیرباران کراوان بۆ مزگەوتی جامیعەی شار و خستەخانە نێڕدرابوو .پاش ماوەیەک جەسەدی کاک ئەمین و کاک حسین بۆ ئاڵمانە نێردرایەوە و لە مزگەوتی ئاڵمانە مەراسمێک بەڕیوە چوو و ڕۆژی دوایی لە گٶڕستانی تاڵە سوار لە ئاوایی ئالمانە ئەسپەردەکران، دوژمنای گەلی کورد و ئازادی پێیان وابوو بە کوشتنی شۆڕشگیڕان و ئەمین و هاو سەنگەرەکانیان، دەتوانن ڕۆحیەی شۆڕشگیڕی ڕەنجبەرانی کوردستان تێک شکێنن و خەم ساردی بە سەر شارۆمەندان و ئازدیخوازاندا داسەپێنن. ئەمما مێژوو بە ئارەزو و ئیرادەی کوڵە دیکتاتورەکان ڕێگای خۆی ناپێوێت.
وەحشیگەری و تاوان و جەنایەتێک کە نیسبەت بە گەلی کورد کردیان تەنیا خولقێنەری نەفرەت و بیزاری لە فاشیزمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی بوو. گیانبەختکردوان ڕێگای ئازادی و دیموکراسی و سوسیالیزمیان وەک جاری جاران، سەر بەرزانە پێوا و لە لایەن شارۆمەندانەوە جێگای ڕێزو حورمەتن. و وەک سێمبولی پایەدار و هەمیشەیی لە لاپەڕەکانی مێژووی بزووتنەوەی کوردستان تۆمار کراون. شایانی باسە کە هەڵویست و ڕۆحیەی دایە بەهیە سەرنجی هەمووانی ڕاکێشابوو. هەرگیز باوڕ نەدەکرا کە دایە بەهیە بەرگەی ئەم خەمە قورسە بگرێت و بە شێوەی پۆڵایین بەرەو ڕووی کارەساتە دڵتەزین و تراژیدیەکان بێتەوە. دڵی دایە بەهیە لە دەریا دەچوو و ڕوحیەی بەرز و ئیرادەی قایمی، هەڵگری خەمێکی قورس بوو. مەرگی ڕۆڵەکانی تراژیدیا وجەنایەت و تاوانی ڕاستەوخۆی داگیرکاران بوو و دایە بەهیە بەڕاستی شیاوی ڕێز و حورمەت و قەدردانیە.
میوانەکانی تاڵە سوار
تاڵە سوار گۆڕستانی گوندی ئاڵمانەیە و لە دوو کیلومیتری ئاوایی هەڵکەوتوە .پاش سێهەمی گەلاوێژ ١٣٥٨ ، ئەم گۆڕستانە وەزنی سیاسی و پێگەیەکی تری بە دەس هێنا. هەوڵین میوانەکانی تاڵە سوار لە بزووتنەوی ئاشتیخوازانەی کوردستان و دەڤەری مەریوان هاوڕێیان ئەمین و حسین مستەفا سوڵتانی بوون . شەس رۆژ تیپەڕ نەبووبوو، ڕێبەری کاریزمانی بزووتنەوی کوردستان کاک فوئاد میوانی تاڵە سوار بوو. لە مەراسمی ئەسپەردە کردنی گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی، جگە لە ئەندامانی بنەماڵە، کەس و کار و خزمانی دوور و نزیک، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارۆمەندانی حەق شناسی هەورامان و مەریوان لەو مەراسمەدا بەشداریان کرد. بۆ بنەماڵەی ئێمە تراژیدییەکی سامناک و خەمبار بوو، کە شەپۆلەکانی ئەم تراژیدیە جەستە بنەماڵەی تووشی هەژان کرد. چۆن بەرگەمان گرت و نازانم چۆن تووشی داڕامان نە هاتین. ئەوان خەباتکارانێک بوون کە ناوی پڕ لە شانازی و هەمیشە زیندوویان ، لە مێژووی خەباتی گەلی کورد تۆمار کراوە. هەروەها چۆن سەداقەت و پاکی نەمرە، جەسارت و لێبڕاوی و خۆنەویستی و شەهامەتیان هەرگیز لە یاد و لاپەڕەکانی مێژوودا گوم و بزر نابێت. لەو هەل و مەرجە زۆر دشوار و سامناکەدا، دایەبەهیە باوەڕ و متمانەی زۆر بەرزی نیشان دا و دڵی پڕ لە تاقەتی ئەو خەمە گەورە و قورسە و پر ناسۆرەی تەحەمول کرد. دایە بەهیە هەر بەو ئیمان و متمانەیە بەرگەی خەمە سامناکەکانی گرت. بەردی سەر گۆڕی گیانبەخت کردووان تا ئیستا چوار جار، لە لایەن فاشیزمی ئیسلامیەوە و بە هاوکاری بەکرێگیراوان کوردستان وێران و شکێندراون و بەردەکانیان ورد و خاش کردووە و شکاندووە. دوژمنانی ئازادی و لایەنگرانی بیر و ڕای وشک و بەردین، بە نابودی و ئیعدامی ئەمین و براکانی و شۆڕشگیڕانی تر ویستیان کە تۆڵەی کاردانەوەی سیاستەکانی کۆمەڵە لە سەر شۆڕش و ڕزگاری گەلی کورد، لە ئەوان و شارۆمەندانی هەژار و گەلی کورد بکەنەوە. بەڵام کردەوەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی کە ئاوینەی تەواو نمای نازیستەکان و فاشیستەکانە، ئەو جەنایەتانە وە بیر مرۆڤایەتی دینیتەوە، تەنیا نەفرەت و بیزاری خەڵکی شەریفی کوردستان و ئێران بەرانبەر بە هاری وسیاسەتە وەحشیانەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی زۆر تر دەکا.
مەراسمی چل ڕۆژەی گیان بەخت کردووان
بزووتنەوی بەرەنگاری و بەرخودان و دیفاعی خەڵکی کوردستان لە دیموکراسی و ئازادی، حکومەتی سێدارەی ئیسلامی لە وڵاتی کوردستان بێ ئابڕو تر و ریسوا تر کرد. و لە هەمان کاتدا ڕژیمی تووشی شکستی سیاسی هێنا. حکومەت پەنای بۆ تقیە و درۆ و دەلەسە و فریو و پیلان برد. لە هەمان کاتدا هێزەسەرکوتگەرەکانی خۆی دیسانەوە رێک خست تا هێرشی دووهەم بۆ سەر کوردستان دەس پێ بکات. گەلی کورد لە بواری خەباتی دیموکراتیک و مەدەنی و لە شەڕی چەکداری، زەربەی قایم و شکست هێنەری لە جمهوری سێدارەی ئیسلامی دا. و هێزەکانی بە سەر شۆڕیەوە، لە مەیدانی شەڕ یان کوژران و یا ئەسیرکران و یا هەڵاتن و مەیدانی شەڕیان بە جێ هێشت.
گەنجەکان و لاوان و خەڵکی بە ئەمەگی هەورامان و مەریوان بۆ قەدردانی و دەربڕینی هاودەردی و بەشداری لەم کارەساتانە، و چل ڕۆژەی شەهیدەکان بە هەڵگرتنی پلاکارد و دروشمی سیاسی بەرەو ئاڵمانە هاتن و لە سەر گۆڕی گیانبەختکردووان ئامادە بوون. پاش بە جێ هێنانی ڕێز و قەدردانی بەرەو ناو ئاوایی ڕێ کەوتن و لە حەوشی مالی شەهیدان کۆ بونەوە. لە لایەن دایە بەهیە و گشت ئەندامانی بنە ماڵەوە پێشوازی گەرمیان لێکرا. لە هەستی پاک و شۆڕشگیرانە وهاودڵی و خەمخواری ئەوان، سپاسبژێری کرا. هاوڕێ عوسمان ڕەوشن توودە، لە دەورانێکی زۆر هەستیار لە گەڵ کاک ئەمین کاری سیاسی هاوبەش و لە بوارەکانی خەباتدا هاوکاری یەکترینیان کردووە. کاک عوسمان بە هەناردنی بیرەوریە بە نرخەکانی، لە نووسینی ئەم یادنامەیە یارمەتی کردم، بەم بۆنەوە لەو ئازیزە سپاس و قەدردانی دەکەم.
نوسینی ئەم یادنامە و بیوگرافی کاک ئەمین بێ یارمەتی زۆر و گرینگی خۆشکەکانم فایزە و مەلەکە و براکانم عەبدوالە، ڕەزا و حیشمەت ئیمکانی نە بوو. و لە دڵەوەسپاسبژێری ئەوانم.
ڕەشاد مستەفا سوڵتانی
مانگی ئازەری ١٣٩٠ ی هەتاوی )نڤامبری ٢٠١١ زاینی ، ستۆکهۆڵم ، سوید)
ئاڵبۆمی وێنەکان