سێوەکانی هەڵوەرین! دەقێکی ئەدەبییە کە لەسەر ئەساسی ڕووداوێکی ڕاستەقینە خوڵقاوە و بە خامەی بەپێز و بەبڕشتی کاک ڕزگار ئەمین نیژاد ڕازاوەتەوە.
سێوەکانی هەڵوەرین!
نووسینی: رزگار ئەمین نژاد
ئێستا ئیتر دایکم وەک ئێوارەکەی شینگێڕانی سەر قەبران ناگریت. بە دڵشکاوییەوە لەلای سەرووی کێلەکەی گۆڕی باوکم دادەنیشێت و گوڵەکانی دەوری کێلەکەی ئاودەدات. ئەگەر چۆڕی ئاوی زیادی مایەوە، ئەوا بەردەسپپەکانی سەر سینگی گٶڕەکەشی پێدەشواتەوە. من و خوشکە چکۆلەکەشم بەدیار دایکمەوە هەڵدەتووکەین و بە بێدەنگی لەچاوەکانی رادەمێنین. کە دایکم ناگریت ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین. نازانم بۆ! رەنگە لەوە دەترسین کە رۆژێک بەدەم گریانەوە ئەو چاوە هەنگوینیانەی دایکم قاڵ ببنەوە و بە لاجانگیدا دڵۆپ دڵۆپ هەڵوەرێن!
یەکەم ئێوارەی گریانی دایکم بوو کە رێمان لەم گۆڕستانە کەوت. دایکم وەک شۆڕەبییەک بەسەر ئەم کێلەدا کەوت. گریا، هەر گریا، دەیقیژاند و دیسان دەگریایەوە. سەری بەسەر گۆڕەکەی باوکمدا دەکرد و بەدەم لاواندنەوەوە هەر دەگریا. کە سەری هەڵهێنا، بە لاچاویدا قوڕاو دەچۆرایەوە و چاوەکانیشی سوور سوور هەڵگەڕابوون. وەک قەترانی خوێن. دیسان سەری بەسەر خاکەکەدا دەکردەوە و تێر تێر بۆنی پێوە دەکرد. بەدەم گریانەوە بە مامی دەگوت: “درۆیە! برا راست ناکەن! کوا ئەم خۆڵە بۆنی ئەوی لێدێت؟ بەخوا وا نییە! درۆمان لەگەڵ دەکەن!” ئەوجار هەموومان تێکڕا دەگریاین. مامم دەیگوت: “بیکەن بۆ خاتری خوا بە سەبری بگرین!”. منیش لە ترسانا هەنیسکم دەخواردەوە. بە دڵەراوکێەوە سەیری گریانی دایکم دەکرد و لەبەری دەپاڕامەوە کە بە ئارامی بگری. دایکم شێتانە دەیقریشکاند و بە هەردوو دەستەکانی خۆڵی بەسەر خۆیدا دەکرد. ئەو رۆژە هەر ئێمە لەوێ نەبووین، خەڵکی دیکەش پۆل پۆل لەدەوری بستە خاکێک ئاڵابوون کە پێیان گوتوین گۆڕی باوکمانە و تێکڕا شین و شەوپۆڕیان دەکرد. لە خوا دەپارامەوە کە ئەو رۆژە خۆر زوو ئاوابێت و بچینەوە بۆ ماڵەوە. حەزم دەکرد بچمەوە ژووری حەوشەکەمان و دڵنیا ببمەوە کە سێوەکان بەدار سێوەکەمانەوە ماون.
ئیتر دایکم وەک ئەو رۆژانە ناگریت. لە جاران کەمدوێتر بووە. بە بێدەنگی لە بەردەسپییەکانی سەر خاکی باوکم رادەمێنێت و بە حەسرەتەوە هەناسەیەکی سارد هەڵدەکێشێت. هەست دەکەم هەناوی هەڵقرچاوی بەم هەناسانە فێنک دەکاتەوە. کپ و بێدەنگ. هێندە بێدەنگ دەبێت کە دەڵێی بەردێکی گرانە و لەسەر سینگی من کەوتووە. ئەم رۆژانە زۆر شتمان لێ بزر بووە. وەک جاران نەماوە. زۆر جار بیری لێ دەکەمەوە و حەز دەکەم بزانم کە ئەم شتانە بۆ وا زوو بزر بوون. زۆر سەیرە!
لە خوار گۆرستانەکەوە کابرایەکیشی لێیە کە لەسەر بەردێک دانیشتووە، گوڵێکی بەدەستەوەیە و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت. وەک هەمیشە دووکەڵێکی خەست لەسەر سەری مۆڵ دەخواتەوە. جارجار سەیرێکی ئێمە دەکات و دیسان سەر دادەخاتەوە و وەکوو کوورەخانە دوکەڵی لێ بەرز دەبێتەوە. حکایەتی کابرای دووکەڵ و گوڵەکەی دەستی ماوەیەکە هاتوەتە نێو ژیانمان. وەک هەمیشە لە خوار گۆرستانەکە و هەر لەو شوێنە، لەسەر بەردێک دادەنیشێت و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت. دوکەڵ بەسەر سەریەوە لەنگەر دەگرێت و لە قانگی دووکەڵی سیگارەکەیەوە جار جار سەیرمان دەکات. کە دایکم چاوی پی دەکەوێت، گورج هەڵدەستێت، دەستمان دەگرێت، ناهێڵێت لە خەڵکی دیکە دوا کەوین و، بە پەلە لە گۆرستانەکە دوور دەکەوینەوە. لە ئاوڕدانەوەکانی دڵنیا دەبوومەوە کە دوکەڵ و سەیرکردنی ئەم کابرایە، دایکمی هەراسان کردووە. دەترسێت. زوو زوو دەنگمان دەدات و بە خێرایی بەرەو مینیبووسەکە دەمانبات و بە پەلە سوارمان دەکات. لەم کاتەدا پڕ بەدڵ حەزم دەکرد خوا کارێک بکات من زوو گەورە بم، ببم بە پیاوێکی بە قەڵافەت و بەهێز، جا ئەودەم ئەگەر چاوم بە پیاوێکی دووکەڵاوی کەوت کە گوڵێکی بەدەستەوەیە و لەسەر قەبران سیپە بۆ خەڵک دەنێتەوە، بیگرم و هەر بەو دەستانەم دەست بخەمە بینەقاقای و بیخنکێنم. دایکم لە پەنجەرەی مینیبووسەکەوە چاوی بۆ سەر خاکی باوکم دەگێرا و ئێمەش لە سیلەی چاوی دایکمانەوە دەمانبینی کە کابرای دووکەڵ، بەسەر گۆڕی باوکماندا شۆڕ بووەتەوە. هەتا مینیبووسەکە لەو شوێنە دووری دەخستینەوە، هەر دەمان بینی کە وەک کێلێک لە تەنیشت گٶڕەکەی باوکمان چەقیوە و دوکەڵ لەسەریەوە هەڵدەستێ. کە حەوتووەکەی دی هاتینەوە، بینیمان دەستە گوڵێک بە ژاکاوی لەسەر سینگی گۆڕەکەی باوکم داندراوە. دایکم سەیرێکی کرد و بە بێ وازی پێی وتم کە لەسەر گۆڕەکە لایبەم و منیش بە ڕقەوە تووڕم هەڵدا. کە لام کردەوە، هەمیس کابرای دووکەڵ بوو کە لە شوێنی جاران دانیشتبوو. بە باوەش دووکەڵی لێ بەرز دەبێتەوە و جارناجار سەیری ئێمە دەکات و سەری دادەخاتەوە. وەک سێبەر بەدوامان دا دەهات. کە دەهاتین بەدوامان دا پەیدا دەبوو، کە دەرۆیشتین بەدوامان دا دەهات، بەڵام کە دەگێشتە سەر گۆڕەکەی باوکم، وەکوو کێلێک دەچەقی و ئەو دووکەڵە نەفرەتاوییە لەسەر سەری مۆڵی دەخواردەوە. ئەمجارەش لە پەنجەرەی مینیبووسەکەوە دەمان بینی، بەڵام ماوەیەکە دایکم بە بێزارییەوە سەیری ناکات. کە دوور دەکەوتینەوە و کابرای دووکەڵ لە چاومان بزر دەبوو، دایکم بە بێدەنگی لە ناو گۆمی بیرکردنەوەدا نوقم دەبوو. هەستم دەکرد بیر لە کابرای دوکەڵ دەکاتەوە. زۆر دڵگران دەبووم. پێم خۆش بوو حکایەتی کابرای دوکەڵ وەک شتەکانی دیکە لە ژیانماندا بزر ببێت، تەواو بێت و واز لە دڵەراوکەی ئێمە و خەڵوەتی دەوری گۆڕەکەی باوکمان بێنێت.
ئەم ئێوارەیەش کە گۆرستانەکەمان بەجێ هێشت، کابرای دووکەڵ هەر وەک جاران بوو بە کێلێک و لەسەر گۆڕی باوکم چەقی. وەک کوانووی سەربانی ماڵان دووکەڵ لەسەریەوە هەڵدەستا. لەولاترەوە هەورێکی رەش بەرەو گۆرستان دەخوشی. زریانێکی سارد کابرای دوکەڵی لە ناو تەپوتۆزدا بزر کرد و دڵۆپ دڵۆپ باران بەسەر شووشەی مینی بووسەکەدا دەکەوت. کە گێشتینەوە ماڵەوە، باران بە گۆزە دەباری، هەور دەیگرماند و شووشەی پەنجەرەکامان دەلەریەوە. خوشکە چکۆلەکەم وەک چۆلەکەیەکی ترساو لە باوەشی دایکمدا گرمۆڵەی کردبوو، منیش بیرم لە چاوە واق وڕماوەکانی دایکم دەکردەوە. ئەم حاڵەتانەی چاوی دایکم هەمیشە دەیترساندم. هەستم دەکرد شتێکی بەدوادا دێت، شتێکی یەکجار ناخۆش. ئەو شەوە دایکم بە تەما نەبوو بخەوێت، یان رەنگە نەیدەتوانی بخەوێت. بە نائارامی بە ژوورەکەدا دەگەڕا، تاوێ لەبەردەم پەنجەرەکە رادەوەستا و سەیری بارانی دەکرد کە زریان بە دەرو دیواری مالەکانیدا دەدا. دەمزانی کە دایکم سەیری باران دەکات، بەڵام دڵنیا بووم لەوە کە ئەو باران نابینێت. سەیر دەکات، بەڵام نایبینێت. لە پەنجەرەکە دوور دەکەوتەوە و لێفەی لەسەرمان هەڵدەدایەوە کە دڵنیا بێت ئێمە خەومان لێ کەوتووە. کە دایکم لێم نێزیک دەبووەوە، چاوەکانم دەقونجاند. کە لێفەکەی بەسەرما دەدایەوە، چاوەکانم هەڵدەهێنایەوە و لەبن لێفەوە سەیری لێزمە ئاوی بارانم دەکرد کە بە شووشەی پەنجەرەکەدا شۆڕ دەبوونەوە. یادی ئەو رۆژە بەهارییە دەکەوتمەوە کە رەنگی شکۆفەی دارسێوی حەوشەکەمان بەسەر حەوشە و ماڵەکەماندا کەوتبوو. خوشکە چکۆلەکەم بانگی دایکمی دەکرد: “دایە، دایە، دارەکەمان گوڵی کردووە!” دایکم بە دەم بزەوە دەیگوت: “ئەزیزم، ئینشائەڵا گوڵی دیکەش بەرێوەیە! گوڵێکی پاییزی!” خوشکەکەم پرسی: “ئەویش سێو دەردەکات؟” دایکم بە پێکەنینەوە و لە کاتێکا لەبن چاوەوە سەیری منی دەکرد وتی: “بەڵێ! سێوێکی زۆر زۆر گەورە!”، لەو کاتەدا بە تاسەوە چاوی لە شکۆفەی دارسێوی حەوشەکەمان بڕی بوو.
دایکم دڵنیای کردبووینەوە کە کاتێ ئەم شکۆفانە بوون بەسێو و سێوەکانیش پێگەیشتن، باوکمان دەگەرێتەوە لامان. هەموو بەیانییەک من و خوشکەکەم بەدیار شکۆفەکانەوە دادەنیشتین و چاوەرێی سیومان دەکرد. سێوی سوور، یان رەنگە زەرد. سێوی گەورە.
کە شنەی با بە حەوشەکەماندا دەگەڕا، شکۆفەکان لە لقی دارەکە بەردەبوونەوە و بە هێوڕی بەسەر عەرزیدا دەرژان و بۆنیان بە بۆنی خاکەوە دەکرد. ئەو بەهارە شکۆفەکان زووتر هەڵوەری بوون. هاوینەکەشی بەخێر نەبوو. هەر زۆر زوو زریانێکی گەرم هەڵی کرد و بە نێو دەر و کۆڵانی شاردا لوولی خواردەوە و سێوەکان زووتر لە وادەی خۆیان هەڵوەرین. دایکم دەی گوت: “حەیف!” من و خوشکیشم هەراسان دەبووین کە نەکا باوکم بەسەر حەوشەیەکی رووت و سارددا بکەوێت. لەبەر خوا دەپارامەوە کە سێوەکان هەڵنەوەرێن و بەشی هاتنەوەی باوکمانی پێوە بمێنێتەوە.
کاتێک لەگەڵ دایکم چووین بە دوای باوکماندا، هێشتا چەند دانە سێو بە سەر پەلی دار سێوەکە مابوونەوە. دایکم شانەی بە پرچی خوشکمدا دەهێنا و منیش بەرگێکی جوانم لەبەر کردبوو و لەبن دارەکە سەیری سێوە زەردەکانم دەکرد. کە خاڵم لە دوامان هات، من چاوم هەر لە سێوەکان هەڵنەبڕی بوو. رۆیشتین و لە رێدا هەر لەبەر خوا دەپارامەوە کە زریان هەڵنەکات و سێوە زەردەکان بەر نەداتەوە. لەبەر درگای زیندان راوەستاین، چاوەرێمان کرد. دایکم جارجار سەری بە دەربیجەیەکدا دەکرد و پرسیارێکی دەکرد و دەگەڕایەوە لامان. زەمان هەر دەهات و خاو دەبووەوە و ترپەی دڵی دایکیشم خێراتر دەبوو. من و خوشکم لەبن سێبەری دیوارەکە دانیشتبووین و بازەڵێنمان دەکرد کە دەنگێک لە دەربیجەی ژوورەکەوە بانگی دایکمی کرد. دایکم و خاڵم لە درگایەکی سووەوە چوونە ژوورەوە و ئێمەش وەک دارسێوی حەوشەکەمان چاوەرێی سێوێکی زۆر زۆر گەورەمان دەکرد.
کاتێک دایکم هاتەدەر، رەنگی روخساری گۆڕا بوو، وەک سێوەکانی حەوشەکەمان زەرد زەرد هەڵگەڕا بوو. بە بێدەنگی توند توند دەستی ئێمەی گرت و بەداوی خۆێدا پەلکێشی کردین. خاڵم دەتگوت ئەژنۆی شکاوە، جانتایەکی بەدەستەوە بوو و هێواش هێواش بەدواماندا دەهات، درگای ماشینەکەی کردەوە، جانتاکەی دایە دەست دایکم و ئەویش لەسەر کۆشی خۆی داینا. دایکم کاغزێکیشی بەدەستەوە بوو. بە زەحمەت توانیم وەشەیەک و ژمارەیەک بخوێنمەوە؛ “گۆڕستانی … ژمارە ٣٦٧ …”. خۆشکم تێنەدەگێشت، منیش! سەری دایکم وەک سێوەکانی حەوشەکەمان بە ملییەوە لار ببوەوە، دەستەکانیشی سارد سارد وەک پەلی دارسێوەکەمان دەلەرزین. ترسام. زۆر زۆر ترسام کە نەکا نەرمە بایەک سەری ئەمیش بەربداتەوە. بە سڕی و سووڕمانەوە زەنجیری جانتاکەی کردەوە و خوشکم وتی: “ئەوە خۆ سەعات و عەینەکەکەی باوکمە!”. ئیتر دایکم قوڕگی گریانی تەقییەوە و دایە پڕمەی گریان. ئێمەش گریان، نەک لەبەر ئەوەی کە زانیومانە چی قەوماوە، بەڵکە لەبەر ئەوەی کە دایکم دەگریا و دڵنیاش بووین کە حەتمەن شتێک قەوماوە کە سەلماندنەکەی زۆر زۆر ئەستەمە.
بە دەم باران و خەیاڵەوە خەوم لێکەوتبوو. نازانم دایکم ئەو شەوە خەوی لێکەوت یان نا. بەیانی زوو بە دەنگە دەنگی مام و خاڵەکانم لە خەو هەستام کە دەوری دایکمیان دابوو، هەستم دەکرد بەتەمان دایکم لە بڕیارێک پەشیمان بکەنەوە. دایکم وەک هەمیشە و وەک شاخێکی سەخت لەسەر بڕیاری خۆی راوەستابوو. لێیان نێزیکتر بوومەوە و بینیم کە دایکم پاچ و پێمەرەیەکی بەدەستەوەیە، چاوەکانی تەژی لە پاڕانەوەن و لە ناو ئاپۆرەی کەس و کاریدا راوەستاوە. دڵم داچڵەکی. نازانم بۆ لە نەکاو بیرم بۆ لای دارسێوەکە چوو! دارێک کە بەر رانەگرێ، بۆ تەندوور باشە! بە پەلە خۆم گەیاندە حەوشەکەمان و لە بن دارسێوەکە راوەستام. باران هەروا بە خوڕەم دەباری. ئێستا ئیتر دارسێوەکە گەڵاکانیشی هەڵوەری بوون. یادی شکۆفەکانی ئەو رۆژە بەهارییە و سێوەکانی دەم زریانی گەرمی هاوین، دڵتەنگی کردبووم. شتەکان بۆ وا زوو بزر دەبن؟ کە بیرم لە بزر بوونی دارسێوەکەش دەکردەوە، ئارام و قەرارم لێ هەڵدەگیرا. دڵنیا بووم بۆ بەهارێکی دی ئەم دارسێوە شکۆفەی زیاتر دەردەکات. شکۆفەکان دەبن بە سێو، سێوی سوور یا زەرد. خۆ قەرار نییە هەموو ساڵێک هاوینەکەی بە زریانێکی گەرم دەست پێبکاتەوە. ئەگەر وابا تاقە سێوێکیش لەم دنیایەدا دەست نەدەکەوت بۆ خواردن.
هەور دەیگرماند، باران بە ئاسمانەوە تەندوورەی دەخواردەوە و بەسەر دار و بەردی ئەم شارەدا دەرژا. کەس بە دەرەوە نەبوو. خەڵکی شار خۆیان لە ژوورەکانیان خزاندبوو. دووکەڵی سۆبەی ماڵان وەک هەڵمێکی خاو بە ئاسماندا بڵاو دەبووەوە. کەس نەیدەزانی ئەم هەموو هەور و بارانە لە کوێیەوە دێت. خاڵم ماشینەکەی لەبەر درگا راگرتبوو و ئاوی باران وەک چۆمێک بە ژێر ماشینەکەیدا دەرۆیشت. هەموومان سوار بووین. نازانم بەو پاچ و پێمەڕانەوە چۆن جێگامان بووەوە! کە بەسەر پردەکەی نێو شاردا تێپەڕین، بینیمان کە چۆمەکە هەستاوە. ئەگەر باران هەروا بێ بڕانەوە ببارێت، لافاو ئەم شارە لەگەڵ خۆی دەبات. کەس نازانێ بۆ کوێی دەبات، رەنگە بۆ شوێنێکی زۆر دوور. شوێنێک کە ئیتر کەس نەیبینێتەوە. کاتێک لە گۆرستانەکە نێزیک بووینەوە، هەورەکان کەمێ تەنکتر ببوونەوە و بارانیش دڵۆپ دڵۆپ لێرەو لەوێ دەکەوتن. دنیا چۆڵی چۆڵ بوو، هەر ئێمە بووین و قەبرەکان، ئەو قەبرانەی کە بەریز لەبن ئەم بارانەدا راکشا بوون. بیرم کردەوە ئەگەر نەمامی دارسێوێک لەسەر گۆڕەکەی باوکم بچەقێنین، رەنگە بۆ ئەم بەهارە شکۆفە دەر بکات. باوکم حەزی لە پشکووتنی شکۆفەی دارسێوی حەوشەکەمان دەکرد. بە پشتێنەکەی خۆی جۆلانەیەکی بە دارسێوەکەوە هەڵدەواسی و من و خوشکمی بەنۆرە سوار دەکرد و پاڵی پێوە دەناین. دەیگوت جۆلانەکردن ئێستا خۆشە! هەر بەراستی خۆش بوو. کە توند پاڵی پێوە دەناین، دەتگوت ختیلکەمان دێت، لەشمان سووک دەبوو و لە خۆشیان قاقا پێدەکەنین. تاوێ لێمان دوور دەکەوتەوە و لەسەر لێواری پیلکانەکان دادەنیشت و سەیری دەکردین. ئێستا ئیتر شکۆفەکان بەسەرماندا دەبارین و باوکم بە بزەلێدانەوە شاگەشکەی ئەم تێکەڵاوییە دەبوو. تێکەڵبوونی ئێمە و دارسێوەکە، جۆلانێ و ختوولکەی شادی، قاقای پێکەنین و ئەو شکۆفانەی بەسەرماندا هەڵدەوەرین.
لە تەنیشت گۆرستانەکە، لە ماشێنەکە دابەزین و چاومان بە دەور و بەری گۆڕستانەکەدا گێڕا. کەس دیار نەبوو، چۆڵ و بێدەنگ. رەشە با هەورە رەشەکانی لەسەر شار کۆ دەکردەوە و دنیا لەبەر چاوماندا لێڵ و لێڵتر دەبوو. کە یەکەم پاچیان لە گۆڕی باوکم دا، دڵنیا بوومەوە کە جەماعەت بۆ ناشتنی نمامی دارسێو نەهاتوون. بە مەراقەوە حەزم دەکرد حیکایەتەکانی قەدیم وەراست گەڕێن و باوکم بە زیندووی لەبن ئەو گۆڕە بێتەدەر. خۆزگە وابێت، زۆرم وەڕەسی دەکرد. نازانم چی رووی دا کە وای کرد ئیتر باوکمان لە نێوانمان نەمێنێت، هەر لەپشت دیوارە شووشەییەکانی زیندانەوە بیبینین و بە تەلەفۆن گوێمان لە دەنگی بێت. باران نمە نمە دەباری و منیش چەترێکم هەڵدا بوو و سەیری جەماعەتم دەکرد. لە نەکاو مامم وتی: “هێواش! راوەستە، ئەوە دەستی دەرکەوت.” دایکم بە خێرایی بازی دایە نێو گۆڕەکەی. وەک ئەوەی دەست بۆ پەپوولەیەک ببات، بە هێوڕی دەستی برد بۆ دەستی باوکم. بە ئارامی گڵەکەی لەسەر ئەو دەستە سپییانە لا دەدا کە ئێستا رەش رەش هەڵگەرابوون. باوکم دەستی وەک مشتێک گرێ دابوو. دایکم سەرەداوی زەنجیرێکی ئاڵتوونی بینی کە لەبن پەنجەکانیەوە دیار بوو. دەستی رەق ببوو، بە ئاسانی نەدەکراوە. دایکم ویستی بە تۆبزی قامکەکانی پێ بکاتەوە. مامم بە دەم گریانەوە وتی: “مەکە، توخوا مەکە. گوناحمان دەگاتێ!” دایکم نەدەگریا، هەر دەیویست ئەو زەنجیرە ئاڵتوونییە لە مستی دەر بێنێت. هەستم دەکرد دایکم شتێکی لێ بزر بووە کە وەها شێتانە بۆی دەگەڕا. رەنگە شتێک بێت کە قەت بیری نەدەهاتەوە. سەرەداوی زەنجیرەکەی گەرت و یەک بە خۆی رایکێشا. ئێستا ملوانکەیەکی ئاڵتوونی لە دەستیدایە کە سێوێکی ئاڵتوونی پێدا هەڵواسراوە. جەماعەت دایانە پڕمەی گریان، منیش. دایکم وەک خوودارەکان بۆ لای سەری چوو. بە چنگان گڵی لەسەر سەری لادا. سەرەتا پەرۆیەکی شین دەرکەوت، ئەوجار قژی ئاڵۆزکاوی ئافرەتێک دەرکەوت کە گوێ و گوارەکانی داپۆشی بوو.
کەس گریانی لە بیر نەما، منیش. خاڵم پیلی دایکمی گرت و بە راکێش راکێش لە گۆڕەکەی هێنایە دەر. دایکم بە حەپەساوییەوە سەیری گەردانە ئاڵتوونییەکەی دەکرد کە سێوێکی ئاڵتوونیی بچکۆلانەی پێوە بوو. بە بێدەنگی زاری داپچڕا بوو و هەر بە چاو قسەی لەگەڵمان دەکرد. ئێمەش سەرمان بەسەر گۆڕەکەدا کرد کە لەچکەیەکی شین و قژێکی ئاڵۆزکاو لەناو قوڕ و گڵدا دەرکەوتبوون. بۆن و دووکەڵی جگەرەیەک لە نەکاو بەناوماندا بڵاو بووەوە. کابرای دووکەڵ بە بێدەنگی لەپشت سەرمان راوەستا بوو. هەراسان بووم. بە پەلە باوەشم بە دایکمدا کرد. وەها توند دایکم لە باوەش گرتبوو کە هیچ دەستێکی ئەم دنیایە نەتوانێ لە باوەشم بکاتەوە. کابرای دووکەڵ بە کۆخە کۆخ بەنێو جەماعەتدا رێگایەکی کردەوە و بەرانبەر من و دایکم راوەستا، چاوێکی لە نیگا حەپەساوەکانی دایکم کرد و بزەیەکی دوکەڵاوی بەرووی دایکمدا لێدا. لەو بزانەی کە ئەمرۆ لەسەر روخساری خەڵک پەیدا دەبن و وەک سێوە زەردەکانی حەوشەکەمان بەدەم زریانێکەوە هەڵدەوەرن. بەرو گۆڕەکە رۆیشت، پشوویەکی راگرت و بە نیگایەکی مێهرەبانەوە سەیری لەچکە و قژی ئاڵۆزاوی کچەکەی کرد. سیگارێکی دیکەی بە سیگارەکەی داگیرساندەوە و بە دووکەڵ هەموومانی قانگ دا. پێمەرەکەی لە دەست خاڵم وەرگرت و ئارام ئارام گۆڕەکەی داپۆشیەوە. لەلای لاقەکانییەوە دەستی پێکرد و کە گێشتە لای سەری، بە ئارامی چووە ناو گۆڕەکە و بە پەنجە لەرزۆکەکانی، دەوری روخساری پاک کردەوە و لەچکەکەی لە سەروچاوی پێچایەوە. ئەوجار ئارام ئارام بە گڵ دایپۆشی. کەس تاقەتی نەبوو یارمەتی بدات. رەنگە ئەوێش حەزی نەدەکرد کەس یارمەتی بدات. تا بە ئەوکاتە هەستم نەکردبوو کە پرچی کابرای دووکەڵ چەندە سپییە. کە تەواو بوو سیگارێکی دیکەی داگیرساندەوە و پشتی لە جەماعەت کرد و وەک چۆلەکەیەکی خوساوی بەر باران، پاڵی بە کێلی گۆڕەکەوە دا.
هەموومان لە بێدەنگیدا و لەبن نمە نمی ئەو بارانە پاییزییەوە سەیری کابرای دوکەڵمان دەکرد. دایکم وشک هەڵاتبوو. هەستم دەکرد ئێستا بیر لەو هەمووە فرمێسکانە دەکاتەوە کە بە خۆڕایی بەسەر ئەم خاکەدا رشتبووی. ئیتر دڵە گەورەکەی شکا! کاس ببوو. بە بێ جووڵە لەو گۆڕە راما بوو کە ئیتر بەردە سپییەکانی لەسەر نەماون. چاوە هەنگوینییەکانی وەها لەو خاکە چەقی بوون کە من پێم وابێت ئیتر لەگەڵی نایەنەوە بۆ ماڵ. ئەو چاوانەی کە قەرارە لەمەودا تاسەی خاکێک بکەن بۆ گریان. لە نەکاو تەکانێکی وەبەر خۆی دا، بە هێمنی ملوانکە ئاڵتوونییەکەی لەسەر کێلی گۆڕەکە بەجێ هێشت، دەستی منی گرت و بەرەو ماشێنەکە رۆیشتین. دیسان باران بە خۆڕمەم دەستی پێکردەوە. لە شووشەی ماشێنەکەوە خێرا خێرا ئاوڕم لە گۆرستانەکە و کابرای دووکەڵ دەدایەوە کە بە ئارامی لە ژیانمان بزر دەبوون.