Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر حوسێن، یەک لە قارەمانەکانی کوردستان و بنەماڵەی “مستەفا سوڵتانی”

هەڕەتی منداڵی

حسین لە ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە ئاوایی ئاڵمانەی مەریوان لە دایک بوو. دووهەمین منداڵی
دایە بەهیە و موحەممەد ڕەشیدی مستەفا سوڵتانیە و دوو ساڵ لە کاک فوئاد گەنج تر بوو .
دەورانی سەرەتایی خوێندنی لە هەمان ئاوایی ئاڵمانە تەواو کرد و، پاشان بە پێی هەڵسەنگاندنی باوکم لە ناوەڕۆکی پەروەردە وبارهێنان، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن بەرەو مەدرەسەکانی شاری سنە نێردرا .دەورانی غەریبی لە شاری سنە و دووری لە فەزای پڕ لە خۆشەویستی و میهری بنەماڵە و زەختی تاراوگە بۆ هەرکەس و بە تایبەت بۆ منداڵێکی دەساڵان دشوار و سەخت بوو .لێهاتوویی و تێگەیشتنی حسین فرە زوو لە دەردی غەریبی و فەزای نائاشنای گەڕەک و مەدرەسە ڕزگاری کرد .و هەل و مەرجی نالەباری ئەو دۆخەی بە شیوەیەکی دڵگیرگۆڕی و زەخت و دووری لە بنەماڵە و ئاڵمانەی بۆ ئاسان کردەوە و لەو بوارە دژوارەدا بەرگەی گرت . لەو پێڤاژەیەدا بوو بە خۆشەویستی ماموستاکان و هاو پۆلەکانی .حسین لە مەدرەسەی مەولەوی کورد و لە پۆلی پێنجم لە گەڕکی قەتارچیان دانرا و لە قوتابیە زۆر ئازا و سەرکەوتوەکانی مەدرەسە بوو.

تافی لاوێتی و میرمنداڵی

لە ڕاستەوە: نەمر حسین، سەعید و تاهێر و ناجیە مستەفا سوڵتانی

حسین پۆلی حەوتەمی لە دەبیرستانی ڕازی سنە دەس پێکرد و لە قوتابیە نموونەکان بوو. پۆلەکانی حەوت، هەشت و نۆی بە سەرکەوتویی و دەرەجەی ئاستی باڵا تەواو کرد. لە دەورەی دووهەمی دەبیرستان بە پێ دەرجە بەرزەکانی و عەلاقە و توانایی و لیهاتووی خۆی، رەشتەی ماتماتیکی دەبیرستانی هیدایەتی سنەی هەڵبژارد و وەریان گرت. حسین یەکێک لە قوتابیە هەرە زرەنگ و ئازاکانی دەبیرستان بوو کە بە دەرجەی باڵا و بەسەرکەوتوویی بێ وێنە لە ساڵی ١٣٤٦ هەتاوی دیپلۆمی وەر گرت. هەل و مەرجی خوێندن لەو دەورانە وچونە زانستگا و وەرگیران لە زانکۆکانی ئێران زۆر سەخت بوو . چونکوو ژمارەی خوازیارانی خوێندن لە زانستگاکان، لە ئەژمار نەدەهات و گەنجانی کوڕ و کچ زۆر تامەزروی خوێندن لە زانکۆکاندا بوون و ژمارە زانکۆکان کەم بوون. بەشداری لە کێبڕکێ زانستگاکان بۆ قوتابێکی نموونە وەک حسین، ئاسان بوو .حسین ساڵی ١٣٤٦ هەتاوی لە کێبڕکێی زانستگاکانی ئێران بەشداری کرد و کاتێک ناوی وەر گێراوانی زانستگاکان لە ماسمێدیا و ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی ئێران یانی ئیتلاعات و کەیهان نووسرا، حسین لە زانستگای تەوریز و لە ڕەشتەی ماتماتیک وەر گیرابوو.

دەورانی زانستگا حسین لە شاری تەوریز دەستی بە خوێندن کرد و لەو ماوە کە خەریکی خوێندنی دەورەی چوار ساڵەی ماتماتیک بوو، خۆی و بنەماڵە و کەسانی نزیکی لە گەڵ کولتور و فەرهەنگ و داب و نەریتی ئازربایجان ئاشنا کرد. ئەو بەگشتی هاوڕێ و هاوبیر و هەڤاڵانی چاک و جێگای متمانەی لە زانستگا پەیدا کرد .بار و دۆخی ئەو کاتانەی زانستگاکانی ئێران سیاسی و دژی حکومەتی پاشایەتی و دیکتاتوری بوو .حسین لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی ڕوو لە گەشە و دیموکراتیکی خۆێندکارانی زانستگا بوو .هەڵسوڕان لە بواری سیاسی وکۆمەڵایەتی لە زانستگا، بوە هۆی ئاڵ و گۆڕی فیکری و کاردانەوەی ئەم دیاردەیە لە سەر خوێندکارانی بەئەمەگ و خەباتکار بە جوانی دیار بوو.

سال١٣٤٩ دانشگای تەورێز تبریز : لە چەپەوە نەفری سێهەم نەمر حسین و چوارم فتح الله لوتف الله نژادیان

حسین لە هەنگاوی یەکەمدا لە گەڵ توژێک لە خوێندکارانی پێشرەو و جێگای متمانە، ئاشنابوو ولە کۆڕی پۆلیمیک و کتێب خوێندندا بەشداری کرد .کە ئەم بوارە بەستێنی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی سیاسی خۆی بوو. ئەو ئەندامی هەوەڵین گوروهی نهێنی کۆمەلە لە تەوریز بوو و لە هەمان کاتدا بەرپرسی کتێبخانەی نهێنی هەموو تەشکیلاتی کۆمەلە بوو .لەگەڵ تێکۆشەرانی هەڵسوڕاوی کۆمەڵە بە تایبەت ئیبراهیم عەلی زادە و حسین موراد بێگی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوو .لەم قۆناغەدا کتێبی چەپ و مارکسیستی ودەس نوسەکان و کۆپیەکانی بە چاکی دەخوێندەوە و نهێنی دەپاراست.

حسین مستەفا سوڵتانی مرۆڤێکی تێگەیشتوو، خۆنەویست و دڵسۆز و پێشرەو بوو .لە دەورانی خوێندکاری لە شارەکانی :ئازەرشەهر، بوناب، عەجەب شیر بۆ دابین و دەستە بەر کردنی بژیوی
ژیان لە دەبیرستانەکانی ئەو شارانە، وانەی ماتماتیکی بۆ گەنجەکان دەگوتەوە .لەو ماوەدا کە لە تەبرێز و شارەکانی دوروبەری کە تورک زمان بوون خۆی لە زانستگا دەرسی دەخویند و لە دەبیرستانەکان دەرسی ماتماتیکی دەوتەووە زمانی تورکی ئازەری فیر بووبوو کە پێوەندی گرتن لە گەڵ هاوکار و خویندکارانی زۆر ئاسانتر کردەبووەوە.

ساواک و زیندان

ئەڵمانە، مریوان، ساڵ ١٣٤٩ لە ڕاستەوە: سەعید، عەتا رۆستەمی، کاک فوئاد، ڕەشاد و نەمر حسین

لە هاوینی ساڵی ١٣٤٨ ی هەتاوی، ساواکی مەریوان بنەماڵە مستەفا سوڵتانی ئاگادار کردەوە، کە بۆ ڕوون کردنەوەی هەندی پرسیار پێویستە حسین بچێتە ساواک و بەرپرسان دیدار بکات .حسین بە نیگەرانی زۆرەوە چوە ساواک و کاتێکی زۆری نە برد، دیسانەوە ئاگادار کراین ساواک دەستگیری کردووە و تەحویلی زیندانی ئەڤین لە تاران دراوە .کاربەدەستانی ساواک و جێ نشینی بەرپرسی ساواک لە شاری مەریوان کەسێک بە ناوی خوازراوە (دوستدار) لە کازیوەی بەیانی بۆ پشکنین و کونتڕوٴڵی ماڵەکەمان خۆیان گەیاندە ئاڵمانە .پێش هاتنی کاربەدەستانی ساواک ئێمە هەموو کتێب و جزوە و دەسنوسەکانمان لە جێگایەک شاردەوە .ساواک هەموو ژوورەکانی دانیشتن، ئاشپەز خانە، ژووری تایبەت بەمیوانان، حەمام، ئەنبارەکانی ئارد و گەنم وژوورەکانی تری پشکنی و بە قەولی خۆیان بۆ کتێبی خراپ وچەپ دەگەڕان، ئەمما لەو کونتڕوٴڵە وەحشیانەیە هێچیان وە چنگ نە کەوت. حسین زۆر تر لە دو مانگ ئەشکەنجە و ئازار درا و وەک قارەمانێک بەرەنگاری و خۆڕاگری و ڕاز داری کرد. ساواک پێیان وابوو کە حسین لە گەڵ ڕێکخراوی گیان بەخت کردووان هومایون کەتیرایی و کەرامەت اللە دانشیان لە شاری تەوریز پەیوندی نهێنی هەیە. لەم بەستێنەدا ساواک لە حسین شک و گومانیان هەبوو .بەرپرسانی ساواک حسینیان ئەشکەنجەی سامناک و ئازاری فرواوان دا .

حسین تەنیا ئاماژەی بە ئاشانیی و ناسینی ئەو گیانبەخت کردووانە لە مەیدانی بسکیتباڵ کردبوو و گوتبووی پەیوەندیەکە هەرگیز سیاسی نەبووە .حسین هاوبەندی ڕێزدار بیژنی جەزنی و کەرامەت اللە دانشیان و هومایون کەتیرایی بوو و لە حەماسە و بەرەنگاری ئەو دوو قارەمانە سەری سوڕ مابوو و هەمیشە بە ئێحترام و حورمەتی تایبەتەوە ناویانی دەبرد. کاتێک ئەو سێ قارەمانە بە دەست و پێ زەنجیر کراوەوە بۆ لێدان و پرس و جۆ دەبران ، بە زەنجیری دەست و پێیان ئاهەنگ و مێلۆدی “ئەی رەفیقان ، قارەمانان”ـ یان لێدەدا و باقی زیندانیەکان بۆ پشتیوانی لە وان بە مشت لە سەر دیواری سیلولەکانیان دەدا و هەمان مێلۆدیان بە مشتەکانیان دووپات دەکردەوە و بەم شێوەیە پشتیوانی خۆیان دەر دەبڕی. ساواک هەرگیز نەیتوانی ئیرادە و هەڵویستی حسین تێک بشکێنێت و پاش دوو مانگ ئازادیان کرد .کاتێک گەڕاوە ئاڵمانە جەستەی کوتراو و لاواز کرابوو وکاردانەوی ئەشکەنجە ی سامناک جەستەی تێک شکاندبوو و ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان لە سەر جەستە و دەم و چاوی دیار بوو .ساواک جەستەی تێک شکاندبوو ئەمام نەیتوانیبوو ئیڕادە ی تێک بشکێنیت .کاتێک بەرەو ئاڵمانە گەرایەوە لە لایەن دانیشتوانی ئاڵمانە و خزمان وئەندامانی بنەماڵەوە پێشوازی گەرمی لێکرا کە شیاوی ئێرادی پۆڵایینی ئەو بوو. حسین دەورانی چوارساڵەی زانستگای تەواو کرد و دەرجەی لیسانسی لە ڕشتەی ماتماتیک وەر گرت و پاش تەواو بوونی زانستگا دەبوا خزمەتی دووساڵەتی سەربازی کردبا، کە لە بریتی ئەو دووساڵە، لە شاری مەریوان وەک ماموستای دەبیرستان دەستی بە کار کرد.

دەسپێکردنی کاری ماموستایی لە مەریوان

هاوکات لە گەڵ دەسی پێکردنی ئیش لە مەریوان، ژمارەیەک گەنجی ئاکادیمیک و شارەزا لە زانستە جۆراوجۆرەکان ،کە تازە دەورانی زانستگایان تەواو کردبوو وەک ئەفسەری وەزیفە نیردرانە مەریوان .ئەم گوروپە گەنجە ڕووناکبیرە کە دەستیان بە پەروەردە و بارهێنانی قوتابیانی مەریوان کرد، ئاستی خواست و ئارەزووەکانی قوتابیەکانیان بەرز کردەوە .گوروپێکی گەنجی ڕووناکبیر وخۆێندەوار و سەرکەوتوو و خاوەنی بڕوا نامە وبەڵگەی عیلمی زانکۆکان، لیبڕاوانە و ماندوویی نە ناسانە، ئاڵ و گۆڕێکی بنەڕەتی و شیاویان لە سیستەمی فێر کردن و بارهێنانی شاری مەریوان پێک هێنا. هەڵسوڕان و کاری ڕوتین و دلسۆزانەی ئەم گەنجانە، فاکتوری دیاری کراوێک بوو، کە قوتابیانی مەریوانی بەرەو کردنەوەی دەرگای زانستگاکان پال پێوە نا .ماموستاکان کە خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانستگاکان بوون، ئەرکی مرۆڤدۆستانە و مێژوویی خۆیان بە شێوەیەکی چاک لە هەموو ئاستەکانی خوێندن نیشان دا و قوتابیەکانیان یارمەتی دەدا .کاردانەوە و تەئسیری، وانە گوتنەوەی حسین لەم بوارە و ئاڵ و گۆڕە بنەرەتیە ،ناوەڕۆک و ئاکامی بەرزی هەبوو و بۆ هەمێشە لە بیرەوریەکاندا ماوەتەوە. ژمارەیەکی بەر چاو لە قوتابیەکانی حسین لە توێژی هەژار و دەس تەنگی کۆمەڵگا بوون، و یا لە دێهاتی دەور و بەر کە بە ئیمکاناتی زۆر هەژارانە دەیان گوزەراند و بۆ خوێندن هاتبونە شاری مەریوان .ئەوان کاری بەردەوامیان نە بوو تا بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان دابین و دەستەبەر بکەن. حسین لە کاتی پاش دەبیرستان و حەسانەوەی ڕۆژانە بە خۆڕایی وانەی ماتماتیکی بەم قوتابیە هەژارانە دەگوتەوە و کاتی بۆ تەرخان کردبوون .لە یارمەتی دانی قوتابیە هەژارەکان بەشێوەی ماددی و مەعنەوی و ئەو کەسانە کە لە نەداری و هەژاریدا دەژیان، بە تەواوی هێزیەوە یارمەتی وخزمەتی دەکردن .ئەم یارمەتیانە لە کاناڵی زۆر دۆستانە و هاوڕێیانەوە، ڕێک دەخرا و حسین بە جۆرێک خزمەتی دەکردن کە فریاد ڕەسی دەردەکانیان بوو .بە تێپەڕ بوونی ٥٥ ساڵ لە تیر باران کردنی حسین، ژمارەیەکی بەر چاو لە قوتابیەکانی کە لە ژیاندا سەرکەوتوو و توانای دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان هەیە ، سپاسبژێری ئەو یارمەتیانەن کە کاک حسین بە دڵخوازی خۆی پێشکەشی کردوون.

نەمر حسین لەگەڵ هاوکار و قوتابیەکان لە سیران

داستانی ژیانی کورتی کاک حسین ئاوینەی گەورە و تەواو باڵانوێنی هەڵسوڕانی نە پساوە و ماندوویی نەناسانەی مرۆڤێکی ژیر و تێگەیشتووە کە ئارەزووی خزمەت بە شارۆمەندان و گۆڕینی کۆمەڵگابوو. ڕوانگەی سیاسی حسین تێگەیاندنی جەماوەر و گەنجەکان بوو، کە لە داوی پیس و ژهرئاوی خورافات و کۆنەپارێزی نەکەون و دیل و ئەسیر نەبن .حسین موخالیفی کولتوری داڕزیو و کۆن بوو کە کۆسپی سەر ڕێگای گەشەی کۆمەڵایەتی بوو .دووڕوویی وخوڵتەکردن لە بناغەی بیر کردنەوەکانی جێگایەکی نە بوو. خۆشەویستی کاک حسین سنووری ئاڵمانە و مەریوانی تێپەڕاندبوو و بەرەو دەڤەرەکانی تر گەیشتبوو. لە بڕیارەکانی شەهامەت و جەسارتی بەنرخ و گرانبەهای هەبوو .سیمای تێفکراوی، بیر کردنەوە، ڕوانین و هەڵسوکەوتی پڕ لە هەست و عاتیفە بوو .هەمیشە لە ژیانی سەخت و دشواری جەماوەر قسەی دەکرد .و پەردەی لە سەر سیستەمی زاڵمانە و وەحشیانەی پاشایەتی لا دەبرد. هەرگیز لە نێوان کردەوە و قسەکانی جیاوازی بەرچاو نەدەکەوت .هەرگیز لووت بەرز و فیزی بە سەر کەسدا نەدەکرد و لەو دیاردە نزمە زۆر دوور بوو.

ئەو کەسانە ڕەخنەیان لێ دەگرت، بە ڕێزەوە چاوی لێدەکردن .حسین و ماموستا شۆڕشگیڕەکانی مەریوان، مرۆڤگەلێکی خۆنەویست و لێبڕاو بوون کە پەردەی تاریکیان بە شێوەیەکی ژیرانە و بیرمەندانە لابرد و دڕاند .ئەوان لە گەل کازیوەی بەیان هاوسەفەر بوون . هەرگیز و بەڕاستی ئیمکانی نیە کە سیمای دلۆڤان، زۆر میهرەبان، خەباتکار و لێبڕاوی ماموستاکانی مەریوان لە “یانەی دڵ “ولە سەر پەردەی مێشک فەراموش کەیت .مێژووی کۆمەڵە، نرخی بەرز و گرانە و بیگومان بەشێکی زۆر گرانبەهای ئەو قەدر و قیمەتە و لە هەمان حاڵدا سەرکەوتنەکان و سەربەرزیەکان بۆ دڵسۆزی و لێبڕاوی ماموستاکانی دەڤەری مەریوان دەگەڕێتەوە.

گەشەی شێوەی وانە گوتنەوە و بەدەستهێنانی ئەزمون

١٣٤٥ ئۆستان خراسان، شاری نیشاپور قەبری عومەر خیام:لە ڕاستەوە ڕەشاد، هاوکارێکی ترکمن سەحرا و حسین.

وەزارەتی فێر کردن وبارهێان لە هاویناندا بەمەبەستی نۆژن کردنەوەی عیلم و زانستی ماموستاکان و شێوە جۆراجۆرەکانی وانە گوتنەوە، دەورە و کورسی بارهێنانی لە شارەکان و لە وانە شارەکانی ورمێ ، مەشهەد و تاران بۆ ماموستاکانی ئاستی باڵای خوێندن دەکردەوە .
لەم کورسانە میتودگەلی تازە و گۆڕینەوەی بیر و ڕا و ئەزمون و هاوفیکری و، هەموار کردنی وتاری
کتێبەکان دەگوترانەوە و دانرابوون .ئوستادی زۆر شارەزا و بەتوانا، و لیهاتوو و خاراوی
زانکۆکانی زانستگا، بەرپرسی وانەگوتنەوەکان بوون و بە جوانی لە ئەستۆگرتبوو .حسین سێ جار
بۆ ئەم کورسانە لە ورمێ، تاران و مەشهەد دەعوەت کرا .لەم کورسانە لە گەڵ ماموستاکانی
دەڤەرەکانی تری ئێران لە بەستێنی فێر کردن وبار هێنان و وانە گوتنەوە، دیالۆگ و پولیمیکی
هەبوو و هەمیشە زانیاری تازە و عیلمی فێر دەبوو و بە دەستی پڕ دەگەڕایەوە مەریوان . من لە
شاری سنە و حسین لە شاری مەریوان لە هاوینەکان و دوو جار لە کورسەکانی مەشهەد و ورمێ
بەشداریمان کرد .دیالۆگ و پولیمیک و گوڕینەوەی ڕوانگە و شێوەی کار و مێتودەکان لە گەل
ماموستاکانی ناوچەکانی تری ئێران، ئەزمونی ئێمەی دەوڵەمەند تر دەکرد .لەم کەلاسانە بواری
گرفتی پەروەردە و بارهێنان لە مەدرەسەکان، فاکتورەکان و بارودۆخی کۆسپەکان لە ناوچەکان، و
فێر کردنی گەنجەکان و هەوراز و نشێوی، ئیشی ماموستایی دەدرا بەر شی کردنەوە و لێکدانەوە .
ئەم پڕۆسەیە دەسکەوتی بە نرخ و گرانبەهای بۆ هەمووان هەبوو. حسین لە بەستێنی چاکسازی و
هەموار کردنی وتاری کتێبەکان و گۆڕینی هەندی وتاری نە شیاو و گونجاندنی مەتلەبی نوێ،
بەشدار بوو .زانستی تازە گەنجەکانی وەک ئاسن ڕفێن ڕادەکێشا .لە ڕاستیدا ماتریالەکان
ناوەڕۆکی زانستی چاکیان هەبوو و حسین لەو چاکسازیەدا، بێ ئەندازە دڵسۆز و هەڵسوڕاو بوو .و
زۆربەی پێشنیارەکانی لە لایەن ئوستادەکان و ماموستاکانەوە پەسەند دەکرا .لە م کورسانە بە
شێوەیەکی دڵخوازانە و جیددی و لێبڕاوانە هاوکارەکانی بۆ دیتنی ئاسەواری کۆن و مێژوویی و
لێکدانەوی فەرهەنگ و هونەر، بینا جوان وکۆنەکان، ژینگە و شێوەی ژیانی شارۆمەندان لەو
شارانە هان دەدا و زۆربەی ئەم دیدارانە هەر خۆی ڕێکی دەخست. لە شاری مەشهەد دیداری
گۆڕی فیردەوسی ڕێک خست و پێشوازی لێکرا. بۆ دیداری گۆڕی ماتماتێک زانی گەورە عومەر
خەیام لە گەڵ هاوکارەکانی بەرەو شاری نەیشاپور سەفەری ڕێک خست. لە کیڵگەی و کشت و
کاڵی زەعفەران کە بەزەحمەت و رەنجی فراوان بەرهەم دێت و بە قیمەت و پارەی زۆر گران
دەفروٴشرا دیدارمان کرد. لە ڕاستیدا بەرهەم هێنەرانی ئەسڵی زەعفەران لەو پارە زۆرە بە
تەواوی بێ بەش و مەحرومن و ئەم دیاردەیە هەر مرۆڤێکی خاوەن ویجدان ئازار دەدات و دیتنی
ئەو وەزعەش ئێمە ی ئازار دا .لە شاری ورمێ لە گەڵ هاو دەورەکانی بۆ دیداری بەندی ورمێ،
مزگەوتی موسڵمانەکان، کلیسای گەورەی مەسیحیەکان و تیاتری شار و گەڕەکەی شێخ تەپە
ڕۆیشتین .لە دیداری تیاتر و بەشێک لە بەرنامەکە ژەنیارەکان میلودی و مۆسیقا و فولكلۆڕی
دەوڵەمەند و سیحرئاوی ئازربایجانیان دەژەند، کە دڵگیر و قەشەنگ و بەدڵی بینەرانی تیاترەکە
بوو.

دونیای تەندروستی وەرزش و سەرگەرمیەکان

ڕاوەستاوە لە چەپەوە یەکەم کەس نەمر حوسێن سوڵتانپەنا

حسین لە دەورانی دەبیرستان و بە تایبەت لە زانکۆ ی زانستگای تەوریز فرە عەلاقەی بە وەرزش هە بوو. شەترەنج یەکێک لە سەرگەرمیەکانی بوو. حەزی لە شاخەوانی و کێو پێوان و ڕۆیشتن بۆ ناوچە دڵگیر و شاخاویەکانی کوێستان بوو و لەو ماوەدا جەستەی ئارام و ئۆقرەی دەگرت و دەحەسایەوە .وەک شاخەوان لە زانستگا لە گەڵ هاوڕێکانی بۆ کێو پێوان دەڕۆیشت و لە داوێنی سروشت دەمارەکانی ئارامی دەگرت و هێز و توانای پێ دەبەخشی .لە یاری بسکیتباڵ سەرکەوتوو و یەکێک لە یاری زانە ئازاکان بوو . ئەندامی تیمی بسکیتباڵی زانکۆی ڕەشتەی ماتەماتێک بوو .

وێنەی یاریەکانی کە لە زانکۆی تەورێز ئەنجام دراون، لە ئالبومی شەخسی خۆی دانرابوو .حسین تەنانەت ماموستاتەکی نموونە ی دونیای وەرزش و سەرگەرمیە چاکەکان بوو .هاندەری هەموو قوتابیان بوو کە لەپاڵ تێکۆشان و خوێندنی جیددی و فیر بوونی زانست ، بەرەو دونیای وەرزش هەنگاو نێن و لە کاناڵی وەرزشەوە جەستە و ڕەوانی خۆیان بەهێز کەن.

میلیتاریزم و ساواک لە مەریوان

لە نزیک شاری سنووری مەریوان، پادەگانێکی نیزامی هەڵکەوتوە و جار و بار وەک مار، ژەهری خۆی بە سەر جەماوەر و ئازدیخوازاندا دەڕێژێت .ساواک نوینەری ڕاستەوخۆی سیستەم و حکومەتی توتالیتری پاشایەتی بوو .ئەم ڕێکخراوە سامناکە ،کە ڕاستەوخۆ لە هەژاری و ئاستی نزمی تێگەیشتنی سیاسی جەماوەرکەڵکی وەر دەگرت، مێشکی ژمارەیەک لە دانیشتوانی مەریوانی شوردبوەوە و ئالودەی کاری جاسوسی کردبوو .ساواک دەسەڵاتی تەواوی بەسەر جمگەکانی حاکمییەت و هەموو ئوڕگانە دەوڵەتی و شەخسیەکاندا هەبوو .لە مەریوان مەیدانی وەرزشی ویانەی هونەری هەر نەبوو و یا زۆر کەمبوون .پادەگانی مەریوان تەنیا جێگایەک بوو کە لە هەموو بوارەکاندا زۆر هەڵسوڕاو و فەعال و جاسوسخانەی نهێنی و ئاشکرای ئەرتەش و ساواک بوو .ئەم پادەگانە لە دەورانی شا و ئیستا هەر وەک پاڕازیت و مێمڵ ئیش دەکات و لە سەر جەستەی شار قورسایی هەیە و داسەپاوە . دەسەڵاتی سامناکی ساواک و ئەرتەشی شا، کار
وهەڵسوڕانی سیاسی حسین و هاو بیرەکانی فرە سەخت کردبووەوە ولەمپەر و کۆستی گەورەی لە
ناوچەکە خولقاندبوو.

پێگە و ستاتوسی حسین لە ناوکۆمەڵگا و بنەماڵە

لەڕاستەوە: عەلیرەزا کەریمی ، وارتان، نەمر حسین، پرویز موزفەری سال ١٣٥٦

کاتێک ساواک کاک فوئادی ئەسیر و زیندانی کرد ،لاپەڕەیەکی تازە لە بارودۆخی بنەماڵە
کرایەوە و هەڵ و مەرجێکی قورس و نەخوازراو بە سەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە داسەپا .دەبوا
لە نە بوونی کاک فوئاد ئەم بۆشاییە بە هەر قیمەتێک پڕ بێتەوە .لەم بوارەدا هەموو ئامادەی
فیداکاری و لێبوردوویی و وەرگرتنی بەرپرسیارەتی بووین. کاک فوئاد هەمیشە وەک ڕاوێژکار لە
پێک هاتەی بنەماڵە دەوری دەنواند و جێگای باوڕی هەمووان و دەور و کارکتری ئینکار نەدەکرا .
لەم بارودۆخەدا جێگای کاک فوئاد لە ڵایەن کاک حسین ەوە لە ئاستێکی بەر چاو پڕ کرایەوە و
بوە هۆی ئەوە کە خاتری باوکم ئاسودە بێت و نیگەرانیەکانی ڕووی لە کزی نا .کاک حسین پاڵ
پشتی هەمووان بوو و لە کارو باری ڕۆژانە و بڕیارەکانی بنەمالە و دایک و باوک بەشداری
ڕاستەوخۆی هەبوو و ڕاوێژەکانی دڵگیر و شێاوی حورمەت بوون وگرفتەکانی بنەمالەی چارەسەر
دەکرد .هێز ودڵسۆزێەکی نە بینراو لە جەستەی هەڵدەقۆڵا .ئەو بەرپرسێکی لایەق و کارزان و
شارەزا بوو کە دانەدانەی ئەندامانی بنەماڵە لە ڕاوێژەکانی ڕازیبوون و بەدڵیان بوو .ئەگەرچی
تازە خوێندنی زانستگای تەواوکرد بوو، بەڵام قورسایی کاراکتر و شەخسیەتی حاشا نەدەکرا و پاڵ
پشتی هەمووان بوو .بەر لە هەڵویستگرتن و پێشکەش کردنی ڕاوێژەکانی و ڕاگەیاندنی بە
ئەندامانی بنەماڵە، بە شێوەیەکی بەر بڵاو گرفتەکانی بە دیالۆگ شی دەکردەوە تەوزیح دەدا .لە
پێچە دژوار و ناهەموارەکانی ژیان و گیر وگرفتی بنەماڵە، بە دڵێکی ئاوەڵە و ڕووخۆش و دەم بە
پێکەنینەوە و بە ئەوپەڕی ئیحترام و دڵسۆزیەوە ،بەشداری دەکرد و هەلویستی گونجاوی دەگرت و
ڕێگای ڕووناکی پیشان دەدا و هەموو ئەندامانی بنەمالەی یارمەتی دەدا.

پێک هێنانی ژیانی خێزانی

ئەگەرچی کاک فوئاد لە زیندان بوو و گرفتەکانی بنەماڵە کەم نەبوون ئەمما حسین سوننەتی
کۆن و تابووی شکاند و لەگەل شوکریە خانمی ئەحمەدی ژیانی هاوبەشی پێک هێنا و یانە و
ژیانێکی تازەی پێکەوە نا .شوڕشگیڕانی مەریوان و کوردستان جار و بار بە خاتری ئاسودەوە لە
ماڵی کاک حسین ئامادە دەبون و هەمیشە دەرگای ماڵەکەی بۆ دۆست و ناسراو و هاوڕێیان
وخوازیارانی ئازادی و دیموکراسی و پێشڕەوانی بزووتنەوی کوردستان ئاوەڵە و کراوە بوو .دانە
دانەی خشت و بەردی بینای ماڵی کاک حسین، شاهیدی سەدان کۆبونەوە و جەلەسە و کۆڕی
تایبەتی کاک فوئاد و هاوڕێکانی و هەموو تۆێژە شۆڕشگیرەکانی پاش و پێشی راپەڕین و قەیامن .
تا ئەوکاتەی شارەکانی کوردستان لە لایەن کۆماری سێدارەی ئیسلامیەوە داگیرنەکرابوون ،
هاوڕێیانی کۆمەڵە لەو ماڵە کەڵکی فراوانیان وەر گرت.

سەردەمی پێش ڕاپەڕین

دریاچەی زریبار سال ١٣٥٤ عبدالله ، ئەمین، مەنسور سلیمی، دکتور جەعفەر شەفیعی، نەمرحسین و وریا

کاراکتیر و شەخسیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاک حسین لە ئاستێکدا گەشەی کردبوو کە
سیستەمی پاشایەتی لە مەریوان بە فەرمی داوایان لێکرد کە کاک حسین دەس لە ئیشی
ماموستایی هەلگرێت و وەک “شارەوان”ی مەریوان خزمەت بە شارۆمەندان بکات .کاک حسین
بەرپرسیارەتی، دلسۆزی و شارەزایی، رێک خستنی کۆڕ و کۆمەڵ، داڕشتنی پلان و بەرنامەی
دەقیق، و هەڵسوکەوتی دیموکراتیکی خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بە تایبەت لە بواری فێر
کردن و بار هێناندا نیشان دابوو و هەر بۆیە دەستی لە ماموستایی هەلنەگرت. لە ڕوانگە کاک
حسین ئیشی ماموستایی بۆ خزمەت کردنی شارۆمەندانی مەریوان و پەرەدان و پتەوکردنی تۆڕی
کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە ناو جەوانانی خویندکاردا گونجاوتر و چاکتربوو و نەیدەویست بە هۆی
بوون بە شارەوان، کە چاوەڕوانی لووت بەرزی و فیزکردن و داخۆڕینی لە لایەن ئورگانی

سەرەوەتر لێ دەکرا ،ناوبڕێک لە نیوان خۆی و شارۆمەندان دروست بێت .ئورگانی فێر کردن و
بارهێنان سەنگەرێکی دڵخواز وشیاوی هەلسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاک حسین بوو. لەو
بوارەدا دەیتوانی خزمەت بە گەنجەکان بکات و هاوکات ڕەوانگەی سیاسیان بەرز کاتەوە. کاک
حسین بە ئاسانی دەیتوانی کار و باری شار و ئەرکی شارەوانی ڕاپەرێنێت، بەڵام ساواک دەیوست
کاک حسین لە سەنگەری مەدرەسەکان دوور کاتەوە .ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی زیندانیە
سیاسیەکانی شاری سنە بۆ دابین کردنی خواستە مەنتیقی و دیموکراتیک و حەق خوازانەی
خۆیان ،لە خواردن دووریان کرد و مانیان گرت .ئەم ڕووداوە لە ئاستی جیهان دەنگی فرەوانی
دایەوە .زیندانیەکان لەم بەرخودانەدا سەرکەوتوو بوون .شارۆمەندانی سنە و کەس و کاری
زیندانیەکان و پێشرەوانی سنە بۆیارمەتی زیندانیەکان ، لە بەر بینای دادگوستەری سنە
کۆبونەوە و ئیعترازیان کرد و پاشان هاتنە ناو شەقامەکان و بەدروشم و ئیعتراز مارشێکی
گەوریان رێک خست.

کاک حسین یەکێک لە رێکخەران و پلان دارێژی ئەم ئاکسیونە سەرکەوتوە بوو .لە پڕۆسەی
ئاکسیونەکە و لە شەقامەکانی سنە لە لایەن پولیسی نهێنی و ئەندامانی ساواکەوە دەستگیر کرا
و ماوەی یەک مانگ لە زیندان ڕایان گرت.

سەردەمی ڕاپەڕین وبزووتنەوی ئازادیخوازانەی کوردستان

ساڵ ١٣٥٨ لە ڕەاستەوە عبدوڵای نەودینیان، نەمر حسین مستەفا سوڵتانی، غەفار غوڵام ویسی،؟؟، ئەحمەد مستەفا سولتانی، غوڵام
قاسم نژاد

شەپۆلی ئینقلاب بە خێرایی هەموو وڵاتی ئێرانی گرتەوە .هاواری ڕاپەڕین و دەنگی ناڕەزایەتی
شارۆمەندان تەنانەت بە گوێی شا گەیشت و لەگفتوگۆیەکی تلەڤیزیونیدا وتی :”من پەیامی

گەلی ئیرانم بیست!” بار و دۆخی سیاسی کوردستان تان و پۆی ئاینی نەبوو و بارودۆخە
کۆمەڵایەتیەکە تا ڕادیەکی زۆر دیموکراتیک و سیکۆلار بوو .لە کوردستان شارۆمەندان هەرگیز نە
چونە سەر بانەکان تاکوو وینەی ئیمام لە سەر کورەی مانگ چاو لێ بکەن. کاتێک ئاغای خومینی
وتی :ئابوری هی کەر و وڵاغە و قەڵەمەکان بشکێنن، ئازادیخوازانی کوردستان بە شێوەیەکی
جیددی و بە چاویلکەی مەنتیقەوە چاویان لە ماهییەت و ستراتژی حکومەتی ئیسلامی کرد .و
تێگەیشتن کۆماری ئیسلامی ماهییەتی دژ دیموکراتێکی ئاشکرای هەیە و هەرگیز ناتوانێت پرسی
کورد و مافی گەڵان چارەسەر بکات. هەر بە خاتری ئەم دیاردەیە لە ریفراندۆمی رۆژی ٨٣ مانگی
نەورۆزی ٨٥٣١ی هەتاوی بۆ “کۆماری ئیسلامی ئەری یا نە” بەشداریان نەکرد و ڕاستەوخۆ
موخالیفی کۆماری ئیسلامی بوون.

قەیام سەرکەوت و کۆمەڵگای کوردستان بەرەو بارو دۆخێکی دیموکراتیک هەنگاوی نا و وردە
وردە ئەزمونی دیموکراسی تاقی دەکرایەوە .و ڕەوەندی دیموکراسی ڕوو لە گەشە بوو .دیموکراسی
لە ناوەڕۆکی خۆیدا، ئازادی بیر و باوری پێشکەش دەکرد و قەڵەمەکان لەم قۆناغەدا
زەنجیرەکانیان لە دەست و پێ ئازادی داماڵی و پساند .ئەم پڕۆسەیە بۆ دوژمنانی ئازادی و لە
وانەکۆماری توتالیتری سێدارەی ئیسلامی تەحەمول نەدەکرا .شۆڕشگیڕان و ئازادیخوازانی
مەریوان، پێگەی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی تایبەتیان هەبوو و لە نێو شارۆمەندان و خەڵکی
ڕەنجبەر جێگە و پێگەی گەورە و بەرینیان هەبوو. توێژی بەربڵاوی ماموستا پێشڕەو و
سیکولارەکان خاوەنی بیروباوڕی نوێ و مودێڕن بوون .شەپۆلی بزووتنەوەی ڕوو لە گەشە و
پێشکەوتووی کوردستان، تاقم وگورۆپ و ڕەوتگەلێکی ئائینی و کۆنەپارێزکە موخالیفی بزووتنەوی
دیموکراتیکی کوردستان بوون، کز و لاواز کرد.

شاری ئازادەگان و کۆنەپارێزانی مەکتەبی قورئان و قیادە موەقەت

کاک حسین یەکێک لە دامەزرینەرانی جەمعیەتی موعەلیمانی مەریوان، جەمعیەتی دیفاع لە
مافی گەلی کورد و ناوەندی(ستاد) پارێزگاری لە شاری مەریوان بوو . دەور و تەسیری ئەم
ئورگانە دیموکراتیکانە لە سەر ڕەوتی دیموکراسی وخولقاندنی بارودۆخی گونجاو و بیر و ڕای
سیکولار بە نرخ و گرانبەها بوو.

قیادە موەقەت پوتانسیل و ئامادەگی بەرزی بۆ کەوتنە خزمەت کۆماری سیدارەی ئیسلامی هەبوو،
کۆماری ئیسلامی بەشیک لە هێزەکانی قیادە موەقەت لە ئاوایی “دزلی “هەورامان یارمەتی دەدا
و بەخێو دەکرد و هاوکات وەک ئامێری سەرکوت بۆ داسەپاندنی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی کەڵکی
لێ وەر دەگرتن .قیادە پلانی هێرش بۆ ناو شاری مەریوانیان ڕاگەیاند .شاری مەریوانیان بە
چەشنێک گەمارۆی ئابوری و نیزامی دابوو کە ڕێگای هات و چوویان بەستبوو .قیادەموەقەت لە
دزڵی فەرمان ودەستوری سەرکوتیان لە رێبەرانی دانێشتوی شاری کەرج وەر دەگرت .ناوەندی
پارێزگاری ئامادەی بەرخودان و دیفاع لە کەرامەتی شاری ئازادەگان (مەریوان) بوو و گەمارۆی
نیزامی و ئابوری شاری مەریوان بشکێنێت .بە پێشنیاری کاک حسین و باقی هاوڕێیان، داوا لە
شارۆمەندانی شار کرا لە کۆبونەوەی گشتی و لە مزگەوتی جامیع بەشداری کەن .جەماوەر وڵامی
شیاو و قارەمانانەیان بە دەعوەتەکە دایەوە .لە کۆبونەوی مزگەوتی جامیع کە سیمای ناوەندی
بڕیار دانیشی هەبوو، بەشدار بوەکان لە پرۆسەی گۆڕینی بیر و ڕا ، هاوفیکری، دیالۆگ و
شیکردنەوەی وەزعەکە بە دەسکەوتی چاک و بە نرخ گەیشتن .جەماوەر بڕیاریان دا، کە
نوینەرانی شار بەرەو گوندی دزڵی بچن و لە گەڵ بەپرسانی قیادە موەقەت دیدار و گفتوگۆ کەن .
نوێنەرای شاری ئازادەگان بەرپرسانی قیادەیان لە دزڵی دیدار کرد و بەم شێوەیە لە هێرش و
گەمارۆی شاری مەریوان و کوشتاری دانیشتوانی مەریوان بەرگریان کرد و هاوکات پیلانی
دوژمنانی دیموکراسیان پووچەڵ کردەوە.

ئەوکات لە کوردستان ڕەوتێک بە ناوی مەکتەبی قورئان بە رێبەری ئەحمەدی موفتی زادە
دامەزرابوو .ئەم ڕەوتە بە شێوەی جۆراوجۆر موخالیفی بزووتنەوی پێشکەوتنخۆازی کوردستان بوو
.هەمیشە بەقازانجی کۆماری سیدارە گیروگرفت و کۆسپی بۆ بزووتنەوەی کوردستان دەخولقاند .
کۆماری ئیسلامی لە ماهییەتی خۆیدا، هەرگیز مافی میللەتەکانی قەبوڵ نە بوو و پاڵیان بە درۆ
و دەلەسە، فریو و تقیە و باوڕە وشکەکانی ئاینی دابوو .هەڵویست و هاوڕەوتی مەکتەبی قورئان
لە گەڵ حکومەتی توتالیتر، زەرەر و خەسارەت و زیانی گەورەی لە ئازادیخوازان و بزووتنەوەی
کوردستان دا. هاوکات کۆسپی نەخوازراویان خولقاند کە هێشتا کاردانەوەی ئەو تاوانە مەزنە،
لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستان دیارە و شارۆمەندان وەک جاری جاران لەو تاوانانە
بیزارن .سپای پاسداران لە پادەگان و لە بینای ساواک، ڕەوتە موخالیفەکانی بزووتنەوەی
کوردستانی لە ژیر چەترێک ڕیک خستبوو و بە چەشنێکی ئاشکرا لە گەڵ مەکتەبی قورئان و
قیادە پلانی هاوکاریان داڕشتبوو .هەر ڕۆژە دژی بزووتنەوی ئاشتی خوازانەی کوردستان و هێزە
خەباتگێڕ و ئازادیخوازەکان پیلانیان بەڕێوە دەبرد .چاوەڕوانی و ئینتزاری شارۆمەندان لە ڕەوتی
موفتی زادە فرە ڕەوا و مرۆڤدۆستانە بوو. دەبوا لە سەنگەری بەرەنگاری و بەرخودان و لە پاڵ
جەماوەری هەژار و زوڵم لێکراوی کوردستان ، ئینڕژی وئیمکاناتی خۆیان بە مەبەستی ڕزگاری
گەلی کورد وەگەڕ خستبا .کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە هەڵویست و کردوەکانی قیادە و مەکتەبی
قورئان، بە مەبەستی شکست دانی بزووتنەوەی گەلی کورد ئەوپەڕی کەڵکی خۆی وەر گرت .ئەم
ڕەوتەی موفتی زادە یانی مەکتەبی قورئان لە جیهاد و فتوای خومینی، کە لە راستیدا فتوای
کوشتار و قەڵاچوی گەلی کورد بوو بە ئاشکرا پشتیوانیان کرد .ماسمیدیا و کاناڵەکانی ڕادیو و تلەڤیزیونی کۆماری سێدارە بە تەواوی لە خزمەتی ڕەوتی کۆنەپارێزی مەکتەبی قورئاندا بوو .
وەک ڕاویژکاری سادیقی خەلخاڵی و مستەفا چەمران ،دەوریان گێڕا و ئەوەی لە دەستیان هات و
دژی بزووتنەوی ئاشتی خوازانەی گەلی کورد بوو، بە خۆڕایی پێشکەشی سیستەمی توتالیتری
کۆماری ئیسلامیان کرد. پشکینینی ماڵەکان و ناسینی ئازدایخوازانی کورد و دیل و ئەسیر کردنی
شۆڕشگیڕان و موخالیفینی کۆماری سێدارە، و تەنانەت بۆ ناسینی دیلەکان لە زیندان، بە
هێلیکۆپتر ئەم شار و ئەو شار و ئەم زیندان و ئەو زیندان هات و چوویان دەکرد . لە تیرباران و
ئیعدامی ئازادیخوازانی کورد شەریکی کۆماری ئیسلامی و لە تاوانەکاندا بەشدار بوون .
جەنایەتەکاتی کۆماری سێدارە بۆ بیر و ڕای گشتی جیهان و بە تایبەتی گەلی کورد ئاشکرایە و
هەموو دەزانن دەر حەق بە گەلی کورد و داگیر کردنی کوردستان وەک نازیەکانی ئاڵمان و
فاشیستەکانی ئیتالیا هەلس و کەوتی دەڕندانەو وەحشیانەی کردووە.

پادگان مەریوان :ساڵ ١٣٥٨ . باوکم لەگەڵ خلخالی قسە ئەکات

ئەندامانی و لایەنگرانی
مەکتەبی قورئان لە سەر جادەکان و ڕێگاکانی هات و چوی ماشین ، بە دەم و چاوی داپۆشراوەوە ،
لە پاڵ پاسدار ەکان خۆیان حەشار دەدا و شۆڕشگێرانی مەریوان وشارەکانی تری کوردستانیان
دەناسیەوە و دەستگیر و دیلیان دەکردن .تەنیا لە شاری مەریوان زۆر تر لە دوازدە کەسیان بەم
شێوە دزێو و قیزەونە دیل و ئەسیر کرد و بۆ زیندانی پادەگان گوازرانەوە .کاک حسین یەکێک لە
دیلەکان بوو .باوکم بەخێرایی داوای دیداری لە خەلخاڵی کرد و ئەویش لەو دیدارە پێشوازی و
کاتی بۆ باوکم دیاری کرد .باوکم لە سەر وەعدەی دیدار و لە پادەگانی موسک ئامادە بوو و
خەڵخاڵی لە گەڵ باوکم گفتوگۆی کرد .خەڵخاڵی بینایی چاو و نوێنەری ڕاستەوخۆی خومینی
بوو .خەڵخاڵی بە باوکم وەعدە و پەیمانی شەرفی دابوو کە هەموو ئەسیرەکان بێ تاوانن و
ئازادیان دەکات .بەڵام مێژوو و گەلی کورد شاهیدە کە شەرەف و پەیمانی خەڵخاڵی چەندە درۆ
بوو و هەلس و کەوتی لە گەڵ دیلەکان تا چ ئاستێک دڕندانە و وەحشیانە بوو. پاش کەمتر لە
یەک حەوتوو لە زیندانی پادەگان نۆ ٩ شۆڕشگیڕ و مرۆڤی خۆنەویست وشەریف و خۆشەویست و
خەباتکاری تیرباران کرد .ناوەکانیان بریتین لە :حسین مستەفا سوڵتانی ،عەلی داستانی،
ئەحمەد قادرزادە، فایەق عەزیزی، دوکتور بەهمەن ئەخزەری، حسین پیرخزرانی، جەلال نەسیمی،
ئەحمەد پیر خزرانی و ئەمین مستەفا سوڵتانی.

شڵەژان، خەم و شیوەنی بەکوڵ لە مەریوان

ڕۆژی سێهەمی گەلاوێژ ١٣٥٨ هەتاوی نۆ ٩ کەس لە پادەگانی مەریوان، بێ دادگا، بێ وەکیل و
پارێزەر، بێ موحاکمە و بێ دیفاع لە خۆ، بێ لە بەر چاو گرتنی بنەماکانی مافی زیندانی سیاسی
بە یارمەتی بەکرێ گیراوانی ناوچە و لە لایەن سپای پاسدارانەوە و بە دەستوری خومینی و
نوێنەرکەی سادیقی خەڵخاڵی ئیعدام و تیرباران کران .جەستەی ئەم ئازیزانە بۆ خستەخانەی
مەریوان و مزگەوتی حاجی نەجیب گوازرانەوە. تەرمی کاک حسین و کاک ئەمین بۆ ئاوایی
ئاڵمانە گەڕایەوە .ڕۆژی دوایی لە مەراسمێکی شیاوی ئەوان و بە ئامادە بوونی خزمان و دۆستان
و بەشێک لە خەلکی بە ئەمەگ و شەریفی هەورامان و مەریوان بە خاک ئەسپەردە کران .شیاوی
باسکردنە کە ورە و ڕوحیەی دایە بەهیە و باوکم سەرنجی هەموو بەشدار بوەکانی بۆ لای خۆیان
ڕاکێشابوو .هەرگیز باوڕ نەدەکرا دایە بەهیە بتوانی بە ورەی زۆر بەرز و پۆڵاینەوە بەرگەی ئەو
خەمە قورسە و ئەو تاوانە گەورەیە بگرێ. ورەی بەرزی دایە بەهیە هەموو بەشدار بوانی مات و
تووشی سەر سوڕمانکرد و ئەو دیاردە و هەڵویستەی دایە بەهیە مێژوویی و شیاوی ئیحترام و
حورمەتی فراوانە.

مزگەوتی حاجی نەجیب جەنازە کاک حسین و جەلال نەسیمی

بەرەوگۆڕستانی تاڵە سوار

تاڵە سوار گۆڕستانی دانیشتوانی ئاڵمانەیە و لە دووکیلومیتری ئەو ئاواییە هەڵکەوتوە .ئەم
قەبرستانە مێژووەیەکی کۆنی هەیە .بەڵام پاش سێ گەلاویژ ١٣٥٨ هەتاوی پێگەی ئەم گۆڕستانە
لە ناو جەماوەردا گۆڕدرا و ستاتوسێکی سیاسی بەرز و سیمایەکی نوێ کۆمەڵایەتی بەدەس هێنا .
لە مەراسمێکی شکۆدار کە شیاوی ئازیزان بوو ، تەرمی جن جن کراویان لە بەشێکی تایبەت بە
مەزاری گیان بەختکردووان ، ئەسپردەی خاک کران.

جەنازەی حسین و ئەمین لە باوش دایە بەهیە

مەراسمی چل رۆژەی گیان بەختکردووان

دیکتاتوی سێداری ئیسلامی لە خوێن ڕشتنی ئازادیخوازانی کوردستان بەردەوام بوو .لە شارەکانی
پاوە، نەوسود، مەریوان، سنە، سەقز، بانە، مەهاباد،کامیاران، دیواندەرە، شنۆ، نەغەدە و ،
سەردەشت بەدەستی خەڵخالی و دەستوری خومینی حەمامی خوین دروست کرا .لە حاڵیکدا ئەم
تاوان و جەنایەتانە ویجدانی مرۆڤایەتی ئازار و ڕەنج دەدا، بیر و ڕای گشتی جیهان و ئیران لە
بەرانبە ئەم تاوانانە وەک جاری جاران سکوتی کرد .لەو ڕۆژانەدا کاک فوئاد لە شاری بانە سەرقاڵی سوخنڕانی و دیالۆگ بوو و لە تیربارانکردنی براکانی ئاگادار دەکرێتەوە .

دایە بەهیە لە ناو جوانانی شار

بۆ ماوەی چاو
ترووکانێک خەم و پەژارە دایدەگرێت و سکوتێک دەکا، پاشان بە شەهامەت و جەسارتێکی بێ
هاوتاوە ،سوخنڕانیەکەی بۆ ئامادە بووان ئیدامەدەدا .کاک فوئاد بە مەبەستی رێکخستنەوەی
دووبارەی هێزی پێشمەرگە و سپاردنی هەندی ئەرک بە هاوڕێیانی بەرەو مەریوان دەگەڕێتەوە و
هەموو ئەرکەکانی جێ بە جێ دەکا .پاشان بە مەبەستی ئیدامەی ڕێبەری کۆمەڵە بەرەو بانە
دەگەڕێتەوە و بەشێوەیەکی زۆر گومالێکراو و لە پیلان و پلانی کۆماری سێدارە و بە هاوکاری
ڕاستەو خۆی شوڤار و جاسوسەکانی ناوچە لە ڕۆژی نۆی ٩ شەهریوەر شەهید دەکرێت .تەرمی
کاک فوئاد ڕۆژی دەی شەهریوەر دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵمانە و پاشان بەرەو تاڵەسوار دەبرێت و
ئەسپەردەی خاک دەکرێت .تا ئیستا زۆر تر لە بیست و سێ شۆڕشگیڕ و کادیر و ئەندامان و
پێشمەرگەی کۆمەڵە لە تاڵەسوار ئوقرە و ئارامیان گرتووە و بەخاک سپێردراون .مەزار و بەردی
سەر گۆڕەکانی گیانبەختکردووانی تاڵەسوار، تا ئیستا چوار جار لە لایەن بەکرێگیراوانی
دەڤەرەکە و سپای پاسداران شکێندراون .و بەردەی سەر گۆڕيکان ورد و خاش کراون و ئاسەواری تا ڕادەیەک ماوە. لە سەر سینگی گیانبەختکردووان و لە سەر بەردەپانەکان هۆنراوە و شیعری
کوردی نوسرابوون، کە وشە کوردیەکان لە سەر بەردە شکێندراوەکان هێشتا دیارن .

ئەی باڵندەکانی تۆفان،
هەڵفڕینتان بەرز،
ئۆقرەی گولەی قورقوشمتان،
لە خوێنی گەشی خۆتان،
بەم جۆرە،
دڵخوازانە وەر گرت!

یادگار حسین!

فرمێسک مستەفا سوڵتانی

بەرهەمی ژیانی هاوبەشی کاک حسین و شوکریە خانمی خێزانی کچێکی کۆرپە و ساوا بە ناوی
“فرمێسک”ــە کە کاک حسین هەرگیز چاوی بە فرمێسک نەکەوت. فرمێسک لە داوینی پڕ لە عاتیفە
و میهرەبانی دایکی، دایە گەورەی، دایە بەهیە و خۆشکی ڕێزدارمان فایزە خانم پەروەردە بوو .
دایە بەهیە فرمێسکی بۆ سوید هێنا و وەک پەنابەر وەر گیرا. لە سوید خۆشک و هاوڕێ ماندووی
نەناس و زۆر دلۆڤانمان مەلەکەی مستەفا سوڵتانی ئەرکی پەروەردەی فرمێسکی خوازیارانە لە
ئەستۆ گرت .فایزە و مەلەکە لەم بوارەدا ڕەنجی زۆر و قورسیان کێشا ودڵسۆزی و زەحمەتەکانیان
هەرگیز لە بیر ناکرێن .فرمێسک خوێندنی ناوەندی لە شاری ئوپسالا تەواو کرد، پاشان بۆ
بەردەوامی و خوێندنی زانستگا بەرەو بەریتانیا سەفەری کرد. لە زانستگای بریستول و لە
“زانیاری تیکنۆلۆژی “شەهادەی بەرزی وەر گرت .ئیستا لە بەریتانیا دەژی و فرمێسک تەنیا
یادگاری کاک حسینە.

بۆ نوسین و داڕشتنی ئەم یادنامە و بیوگرافیە خۆشکە بەڕێز و خۆشەویستەکانم فایزە و مەلەکە
و برا دڵسۆز و ئازیزەکانم عەبدواللە، رەزا و حیشمەت زۆر یارمەتی منیان دا و بەم بۆنەوە
سپاسبژێری ئەوانم

نووسینی:
ڕەشاد مستەفا سوڵتانی
سوید، شەهریوەری ١٣٩٠ (سیپتامبری ٢٠١١)

ئاڵنۆمی وێنەکانی نەمر حوسێن مستەفا سوڵتانی