Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر ئیبراهیم ئەمینی (برایم خەبات)

نەمر برایم خەبات بەھۆی برینی قوڵەوە، بە بێھۆشی بەدیل دەگیرێت و دەیبەن بۆ گرتووخانەی سپای پاسداران لە مەهاباد و بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژێر نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکاندا خۆڕاگری دەکات.

ڕژیمی خەڵووزبیری خەڵووز خەیاڵی تاران بۆ تاراندنی تەلاری ورە و بڕوای خەڵکی کوردستان، ڕەوەی بێ چاووڕووی پاستاری لەگیان و کیانی کورد بەردا. لەبەرانبەر لەشکری ھار و بەڕەڵڵای تاران گەل دوو ڕێی لەبەر بوو: یان خۆ و ئیرادەی ڕادەستی داگیرکەر بکات یان ڕێی خەبات، خوێنبەخشی و خۆبەخشی ھەڵبژێرێت. بۆیە ھەڵوێستی ستەم نەویستی گەل و ئیرادەی لوتکەیی کورد بوو بەسەنگەری بەرگری و شوناسخوازی و ئیرادەی نیشتمانیی کوردستانی خەمڵاند. مەتەرێزی پتەوی داکۆکی لە ھەرمان و ژیان لەبەرانبەر ملھوڕی ڕژیمدا قەڵایەکی قایمی لەگیران نەھاتووی چێ کرد، خوێنی ڕۆڵەکانی نیشتمان بوو بە دەستەچیلەی ئاگری بەگڕفە و گڕی شۆڕشی مافتەوری کورد. ڕژیم بۆ دەستەمۆکردنی ئەو سەنگەرە پۆڵایینە ڕێی کوشت و بڕ و قەڵاچۆی خەڵکی کوردستانی ھەڵبژارد.

نەمر ئیبراهیم ئەمینی

بەفەرمانی دەغەڵترین و خوێنڕێژترین دەست و پێوەند وداردەست و داشەھارەکانی ڕژیم لەچەشنی حەمیدڕەزا جەلایی پوور کە ئەو کات وەک فەرمانداری مەھاباد بەسەر خەڵک داسەپێندرابوو، مەھابادی لانکەی شۆڕش و کوردایەتی بۆ بەڕێوەچوونی مەترسیدارترین پیلانی تاران ھەڵبژێردرا. لە ڕۆژی ١٢ ی جۆزەردانی سالی ١٣٦٢ لە کۆمەڵکوژییەکی سامناکدا ٥٩ کەس لە لاوانی دڵ پڕ لە ھەستی نیشتمانپەروەری لە سێدارە دران.

برایم ئەمینی یەکێک لەو لاوە تێکۆشەرانە بوو کە لەگەڵ ئەو پۆڵە گوڵە کەسک و سوورە،  گوڵی ھیوا و تەمەنی بە دەستی رژیمی کوردکووژی تاران پەڕپەڕ بوو. ساڵی ١٣٣٨ی ھەتاوی لە گوندی برھانی سەر بە شارە جوانەکەی مەهاباد یای “ڕۆقیا بابەدینی” و کاک “عەلی ئەمینی” کۆرپەیەکیان بوو و ناویان نا “ئیبراهیم”بەھۆی سیاسەتی ڕژیمی پاشایەتی کوردستان لە خزمەتی خوێندنگە و قوتابخانە بێبەش بوو بۆیە ئیبراھیمیش وەک زۆربەی منداڵانی گوندنشینی کوردستان سەڕەڕای ئۆگری بەخوێندن دەرەتانی خوێندنی تەنیا تا ئاستی خوێندن و نووسین ھەبوو.

برایم وێڕای بنەماڵەکەی بو بژیوی ژیان دەستی بەکار و کاسپی کرد. هەست کردن بە ئازاری و هەڵاوردنەکانی نەتەوەیی یەک لە خەمە قووڵەکانی برایم بوو. شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە سیستێمی پاشایەتی و هاتنە ئارای کەشێکی لەباری سیاسی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە دەرفەتێک تا نەمر ئیبراهیم ئەمینی خۆی لەناو ڕیزەکان حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران بدۆزێتەوە و ڕێبازی ئەو حیزبە لە بیر و باوەڕەکانی خۆی نیزیکتر ببینێ. هەر زوو لە ناو ئەو حیزبەدا جێێ خۆی کردەوە و بە کەسێکی هەڵسووڕاو و بوێر و چالاک ناوی دەرکرد. ڕووخۆشی، قسەخۆشی و خاکەڕایی لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بوون. ئیبراھیم لە ڕێزی ھاوسەنگەران حیزبیدا ناسناوی خەبات ی پێبەخشرا.

نەمر برایم خەبات

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦١ لەلایان سیخوڕێکەوە شوێنەکەی ئاشکرا دەکرێت و ئەویش دەست دەکاتەوە، بەداخەوە بە برینداری دەکەوێتە دەستی پاسداران.

برایم خەبات لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦١ ھەتاوی وێڕای ھاوسەنگەرێکی بەناوی برایم مەنگور لە گەڕەکی مەجبورئاوای مەهاباد بە هۆی خیانەتی سیخوڕێکی کۆماری ئیسلامی بە ناوی “مرێم” لە ماڵێکدا گەمارۆ دەدرێن بەداخەوە لە دەسڕێژی یەکەمدا برایم مەنگوڕ تێکەڵ بەکاروانی نەمرانی گەل دەبێ و برایم خەباتی قارمانیش بۆ شکاندنی گەمارۆی چڕی بەکرێگیراوانی ڕژیم بەو ورەوە بەرەنگارییان دەبێتەوە مخابن بەھۆی برینی قوڵ و بە بێھۆشی بەدیل دەگیرێت و دەیبەن بۆ گرتووخانەی سپای پاسداران و بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژێر نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکاندا خۆڕاگری دەکات.

ئەوکەسانەی بە دەرجەی یەکەم بەرپرسی زیندان و ئەشکەنجەگەری نەمر ئیبراهیم بوون جەلایی پوور فەرمانداری ئەو شارە و مێهدی عەباسی جاشی نیشتمانفرۆش بوون. لە سەرەتای بەهاری ساڵی ١٣٦٢ بۆ گرتووخانەی ورمێ کە بە گرتووخانەی (دەریا) بەناوبانگ بوو، ڕایدەگوێزن. لەوێ کە یەکەمجار دایک و بابی بۆ دیداری برایم دەچن کە تەنیا لە ڕێگای تەلەفۆن و لە پشت شووشەی ئەستوور ئەنجام دەدرا، ئاسەواری ئازار و شکەنجە بەسەر جەستەی برایم خەباتەوە دەبینن.

کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی  ساڵی ١٣٦٢ لە تاوانێکی سامناکدا ٥٩ لاوی مەهابادی بە بێتاوان تیرەباران کرد کە یەک لەو قارەمانانە نەمر ئیبراهیم ئەمینی بوو. بەو جۆرەی بە گوێی بنەماڵەکانی ئەو ٥٩ لاوە گەیوەتەوە هەموو ئەو ٥٩ کەسە بە کۆمەڵ تیرەباران کراون و بە سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەی ڕەقیب بە پێشوازی مەرگی بە سەربەرزییەوە چوون. کاتێک بنەماڵەکان ھەواڵی ئێعدامی کوڕەکانیان دەبیسن بە پەلە بە شوێن چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەڕوون و دەبینن کە ناوەکانیان بە دەرگای فەرمانداری و شوێنە گشتییەکانی مەهابادەوە هەڵاواسراون. بۆیە خۆیان دەگەیێننە ورمێ تا لانی کەم تەرمی پیرۆزیان بستێننەوە کە لێرەشدا کۆماری ئیسلامی پێناسەی ڕەشی خۆی ئاشکرا کرد و تەرمەکانی تەحویلی بنەماڵەکان نەداوە و تەنیا ئادرەسی گۆڕستانی (وادی رحمت) لە تەورێزی دا بە بنەماڵەکان.  تەنانەت ئاستی دابەزینی ئەخلاقی ڕژیم گەیشتە ئاستێک کە بنەماڵەکانی لە بەرداشی نێوان وەهم و حەقیقەتدا ڕادەگرت و هەرجارە قسەیەکی بە بنەماڵەکان دەگوت.

جارێک دەیگوت کە ئێعداممان کردوون و ئەوە لە فڵانە گۆڕستان ناشتوومانن و جارێکیش پێی دەگوتن کە نەکوژراون و زیندوون و هەر بینا بۆ ماڵتان گەڕانەوە. زۆربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان دڵیان بەو نەختە هیوا خۆش دەکرد تا بەڵکوو ڕۆژێک ڕۆڵەکانیان بگەڕێنەوە. مەبەستی ئەو ڕژێمە هەم ئەشکەنجەدانی بنەماڵەکان و هەمدیسان بێدەنگ کردنیان لە ئەگەری هەر کارێکی قانونی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوو.

 ڕوحی شەھید برایم خەبات و سەرجەم شەھیدانی کورد و کوردستان شاد. ناو، یاد و ڕێبازییان لە دڵ و مێشکماندا زیندووە.

نووسەرانی ئەو ژیاننامەیە: بەڕێزان