بیرەوەرییم لە خوشکی خۆشەویستم لەتیفە عەباسی،
لەتیفە لە خاکەلێوەی ١٣٤٥ ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی پڕخێزاندا، لە شاری سەقز لە دایک بوو.
دەوری مناڵی، هەرووەک گشت مناڵانی هاوچەرخ و هاوتەمەنی خۆی لە شاری سەقز، بە دەست کورتی و بێبەشی تێپەڕ کرد، هەر ئەو بێبەشی و بێ دەستهەڵاتییە ببوو بەهۆی ئەوە کە لەو سەردەمەدا زۆربەی بنەماڵەکان تووانای گۆڕانی ئەم دۆخە نالەبارەیان نەبێ.
لەتیفە هەر لە سەقز پۆلی سەرەتایی و ناوەندی بە پلەیەکی باش تێپەڕاند، لەتیفە قوتابییەکی زیرەک و ژیر بوو، بە شەوق و زەوقێکی کەم وێنە پەرەی بە خوێندن دەدا و جگە لەوەش یارمەتیدەری دایکی بوو لە کاروباری ناو ماڵ، لەتیفە خۆشەویستی سەرجەم دۆست و هاواڵ و خزم و کەس و کاری بوو، لە تایبەتمەندییەکانی لەتیفە ڕاستگۆیی و خۆنەویستی و خۆشەویستی بوو، هەر ئەو تایبەتمەندیانە ببوون بە هۆی خۆشەویستێکی لەبن نەهاتوو لە لایەن خزم و دۆست و ناسیاوەکانی خۆی،
قۆناغی ئامادەیی بوو کە شۆڕش و ناڕەزایەتی گەلانی ئیران لە ١٣٥٦ و ١٣٥٧ دەستی پێکرد، هەربۆیە ژیان و داهاتووی لەتیفە ووەک هەموو ئەو کەسانەی لەو سەردەم دەژیان کەوتە ژێر کاریگەری خۆپێشاندانەکان و بار و دۆخی ئەوسەردەم، هەستی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی ئەوکاتی لەناو مێرمناڵان و لاوەکان گەرم و گووڕتر بوو، بیری لەتیفەی بۆلای خۆی ڕا کێشا، ئەودەمی لەتیفە١٢ بەهاری ژیانی ڕابواردبوو کە کەوتە ژێر کاریگەری دۆخی سیاسی ئەو سەردەم بەتایبەت قەوم و خوێش و بنەماڵەی کە بۆ خۆپێشاندانەکان بەشداری چالاکانەیان هەبوو، بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێک هاتبوو، لەتیفە هۆگری ڕووداوە سیاسێکانی ئەو سەردەم دەبێ، لەپاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بەشێکی یەکجار زۆری لاوانی کوردستان چوونە ڕیزی کۆڕ و کۆمەڵ و حیزبە سیاسییەکان. لەتیفە تا ڕادەیەک لەگەڵ هزری چەپی ئاشنا ببوو و هۆگری سیاسەتەکانی کۆمەڵە ببوو. لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو شەپۆلە، پێی نایە قۆناغێکی نوێ لەژیانی خۆی. ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ حەول و تێکۆشانی سیاسی دەست پێکرد و بە شەوق و زەوقەوە ئەو ئەرکانەی پێی دەسپێردرا بە باشترین شێوە بەجێی دەگەیاندن.
لە ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی لەتیفە و دەستەیەکی زۆر لە هاوڕێیانی کە لایەنگری کۆمەڵە بوون لە لایەن هێزە ئەمنیەتێکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز دەست بەسەر دەکرێن و دەخرێنە ناو سیاچاڵی ڕێژیم، بۆ ماوەی سێ مانگ لەتیفە و هاوڕێیانی لە گرتووخانەدا خسترانە ژووری تاکەکەسی و هەرلەوێ بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرێن.
پاش تێپەڕبوونی ئەو سێ مانگە وێڕای حەڤدە کچی لایەنگری کۆمەڵە، گوێزرانەوە بەندی گشتی گرتووخانە، بەپێی ئەو هەواڵەی ئەودەم گەیشتە دەستمان و هەروەها لە هەندێک هاوبەندییەکانی لەتیفەمان بیست ( کە بەخۆشییەوە ڕزگاریان ببوو و زۆربەیان ئەمڕۆ لە ووڵاتانی ئاوڕووپایی نیشتەجێن )، لەتیفە ڕووحیەتێکی نەترس و خۆنەویست و خۆبەخشانەی هەبوو،لەتیفە لە بەندیخانە بوو کە هەوواڵی کۆچی دووایی دایکی، دایکێکی کە هیوا و هومێد و هێزی دەروونی ئەو بوو پێدەگا.
جینایەتکارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیزنی پێنادەن ئاخرین دیدار و ماڵئاوایی لەدایکی خۆی بکا.
ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی شەڕی ئێران و عێڕاق گەیشتبووە ئەوپەری خۆی، بەشێوەیەکی ناجوامێرانە میگ ی حکومەتی خۆێنڕێژی سەدام و فانتۆم ی حکومەتی خومەینی جەلاد، شارەکانی یەکتریان خستبو بەر پەلاماری دڕندانەی خۆیان، ببوون بەهۆی کوشتار و ماڵوێرانییەکی کەم وێنە،
لەیەکێک لەو پەلامارانەی عێڕاق، لە ڕێکەوتی ٢٥/١٢/١٣٦٥ گرتووخانەی سەقز دەکەوێتە بەر پەلاماری فڕۆکەکان و یەکێک لە بۆمبەکان بەر بەندی عافرەتان دەکەوێ کە بەو هۆیە لەتیفە و دوو هاوبەندی بەناوەکانی سارا و سۆیبیە مەحمودزادە، کە لایەنگری چریکەفیداییەکان (باڵی کەمینە) بوون دەکەون بەر و گیانیان لەدەس دەدەن و دەبنە قوربانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە کە لە لایەن ئەو دوو دەوڵەتە خوێنڕێژە بەسەر خەڵکەکانداسەپاببوو و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی گەل دەبن. لەم ناوەشدا چەند خەڵکێکی دیکەش بریندار دەبن.
بەڵێ، ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، لەتیفەی کردار لەتیف و گوڵی نەپشکوتووی بنەماڵە، لەتیفەیەکی خۆشەویستی بنەماڵە و هاواڵان و هاوڕێیانی لە کۆمەڵەدابوون، بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لێکردین.
ئێستاش دووای تێپەڕبوونی ساڵەهای ساڵ، داغی ئەو برینەی خەمی لەدەستدانی لەتیفە ساڕێژ نەبووە.
لەتیفە گیان، یاد و ناو و بیرەوەریت هەردەم لە ناخی دڵمان جێگیر و بەرز و بەڕێز دەمێنێتەوە،
لەتیفە گیان، تا ئەو ڕۆژەی هەناسەم دەمێنێ یاد و ناوت لەناو دڵی لەکوڵمدا سەقامگیرە
براکەت، خالید عەباسی ١/١٠/٢٠٢٠