Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە مامۆستای نەمر خالید دانیش پەژوو

نەمر “خالید دانیشپەژوو” کوڕی “حاجی کەریم” و یای “زێنەب عەبدوڵاپوور” لە ڕێکەوتی ٢٤/٦/١٣٣٦ لە مەهاباد لەدایک بووە. هەر لەو شارە خوێندنە سەرەتاییەکانی تەواو کردووە و پاشان بڕوانامەی فوق دیپڵم بیرکاری(ڕیاضی) وەردەگرێ. لە خوێندگا مامناوەندییەکانی (راهنمایی) مەهاباد وەک مامۆستا دادەمەزرێ. کەسێکی هێمن و هێدی بووە. ئازاری بە مێرولەش نەگەیوە. بەردەوام لە خەمی یارمەتیدانی مرۆڤەکاندا بووە. سەرەڕای ئەوەیکە لە کوردایەتیدا نوقم بووە بەڵام ئەندامی هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە.

مامۆستای نەمر خالید دانیش پەژوو

١٠ ڕۆژ پێش ئەوەی دەسبەسەری بکەن زەماوەند دەکات و بووکی سووری بۆ دێت. ماڵیان لە نیزیک ناوەندی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی مەهاباد بووە.  لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٩ لەلایان یەک لە حیزبە کوردییەکانەوە هێرشێکی قوورس دەکرێتە سەر ئەو ناوەندە. لەپاش کۆتایی هاتنی شەڕەکە پاسدارەکان دەڕژێنە ناو ماڵەکانی دەوروپشتی ناوەندەکە و چەند لاوێکی بێتاوان دەگرن. پاشی جەزرەبە و ئازارێکی زۆریان، هەندێکیان بەردەدەن.  لە کاتی لێکۆڵینەوە بۆیان دەردەکەوێ کە برای نەمر خالید، پێشمەرگەیە. ئیتر ئەوەندە بەس دەبێ بۆ ئەوەی تۆڵەی شکەستەکانی خۆیان لە نەمر خالیدی بێتاوان بکەنەوە و پاشی ٤٠ شەو و ڕۆژان ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، لە ڕێکەوتی ١٨/٨/١٣٥٩ لە ورمێ فیشەکبارانی دەکەن و تەرمەکەی هاوڕێ دەگەڵ تەرمی سێ کەسی تر لە مردووشۆرخانەی مەهاباد دادەنێن کە دواتر لەلایان بنەماڵەکانەوە دەناسرێنەوە. ناوی ئەو سێ نەمرەی تر ئاوان:

  1. کەریم ئیراندووست.
  2. حوسێن نەغەدەیان. (لە تێرمیناڵی مەهاباد بڵیتی دەفرۆشت)
  3. یای فەخری شەیدایی. خەڵکی سەردەشت بووە. کە پاشان تەرمەکەیان بردەوە بۆ سەردەشت.
  4. مەنسوور خوسرەوی

ناوی جەللادەکەی پاسدارێک بووە بە ناوی “هوشەنگ” کە لە مقەڕی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی مەهاباد دەبوو.  بەداخەوە لەوە زیاتر زانیاری لەسەر ئەو جەللادە لەبەر دەست دا نییە.

لە دوا ڕۆژەکانی پێش تیرەبارانکردنی، لەسەر کوتەکاخەزێک چەند دێڕێک بە زمانی فارسی وەک وەسیەتنامە دەنووسێت بەو شێوەیە:

 بابە گیان و دایە گیان، بمبوورن کە نەمتوانی بۆ جارێکی تر بتانبینمەوە. من باوەڕم بە خودای خۆم هەیە و وەک ڕۆژی گەش لێم ڕوونە کە شەهیدم بۆیە تکاو لێدەکەم فرمێسکم بۆ مەڕێژن. سڵاوم هەیە بۆ هەموو ئەندمانی بنەماڵەمان و پێیان بڵێن کە گەردنم ئازا کەن. خەجیج گیان زۆرم خۆشدەوێی. زۆر بەداخم کە نەمتوانی بەختەوەرت کەم. بە خودات سوێند دەدەم کە بۆم مەگری. داهاتوویەکی باش و چاکت بۆ بە ئاوات دەخوازم. تەنیا یەک داوام لێت هەیە کە بمبووری کە وەک تازەبووکێکی یەکمانگە خۆشیت لە خۆت نەدیت. دایە گیان ماڵئاوا. مناڵەکان ماڵئاوا.
بە دووکانی سیڕاجی [؟…]١١٠ ڕیاڵ قەرزدارم.
بە عەزیمەش بڕی ٥٠٠٠ ڕیاڵ قەرزدارم.
ئیتر خۆشیتان
ماڵئاوا
خالید دانیشپەژوو
١١/٨/٥٩
کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ 

ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان

لاپەڕەی یەکەم لە وەسیەتنامەی نەمر خالید دانیش پەژوو
لاپەڕەی یەکەم لە وەسیەتنامەی نەمر خالید دانیش پەژوو