Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بە یادی نەمر عەلی قەرەنی

هەموو گیانی بە گوللە کوون کوون کرا بوو، ڕیخۆلەکانی بەدەرەوە بوون و دەمی پڕ بوو لە خوێن و شوێنی تیری خەڵاس بە بناگوێیەوە دیار بوو. 

عەلی قەرەنی لە ڕێکەتی ٢٢-٠٦-١٩٦٤ (٠١\٠٤\١٣٤٣) زایینی لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک دەبێ. قۆناغەکانی سەرەتایی و ڕاهنمایی لە مەهاباد تەواو دەکات و پێش ئەوەی فریا بکەوێت کە قۆناغی ناوەندی تەواو بکات شۆرشی گەلانی ئێران دەستپێدەکات و بۆی تەواو نابێت. 

نەمر عەلی قەرەنی وێڕای خوشکی

عەلی تەمەنی چوار ساڵ دەبێت کە باوکی لە ڕووداوێکی گوماناوی دا گیانی لە دەست دەدات هەر بۆیە، خۆی و خوشکە دوو مانگانەکەی لە ژێر سێبەری مامیاندا هەر وەک هەموو ئەندامانی بنەماڵەی مامی، گەورە دەبن کە تەنانەت منداڵەکانی خۆشیان هەتا گەورە نەبوون نەیانزانیبوو کە ئامۆزان. 

عەلی کوڕێکی زۆر چالاک، رووخۆش، رەفیقدۆست و هەستێکی پاکی نەتەوەیی هەبوو.  دڵیی بۆ رزگاری نەتەوەکەی لێیدەدا و زۆر گیرۆدەی بوو. هەر چەند تەمەنی عەلی زۆر کەم بوو بەڵام ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی حکومەتی پەهلەوی عەلی هان دەدا کە زیاتر هەستی شۆرشگیری و نەتەویی بجوڵێت. هەر ئەوەش هاندەری بوو کە ڕوو بکاتە پێشمەرگایەتی و لە ناو کۆمەڵەدا لە گوندی قزلجە گیرسایەوە.

 ماوەیەکی کورت لە ژیانی پێشمەرگایەتی تێپەڕیبوو کە خەبەری پێدەگات خۆشکە بچووکەکەی نەخۆشە و هەر بەو هۆیەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی بنەماڵەکەی و بۆ ماوەیەک لە ناو شار دا دەمێنێتەوە . 

نەمر عەلی قەرەنی وێڕای خوشکی

ڕۆژی ١٠-٩-١٩٨١ (١٩\٠٦\١٣٦٠) کۆمەڵە عەمەلیاتێکی سەربازی لە ناو شاری مەهاباد ئەنجام دەدات کە ڕۆژی دواتری واتە ڕێکەوتی ١١-٩-١٩٨١ (٢٠\٠٦\١٣٦٠) پاسدارەکان دەڕژێنە ناو شار و چەند سەد نەفەر لە سەر جادە و کۆڵانی شار ڕەشبگیر دەکەن. گیراوەکان لە مەیدانی چوارچرا بە لای شارەداری دا کۆ دەکەنەوە و حەول دەدەن لە ڕێگەی جاش و خۆفرۆشەکانەوە ئەو خەڵکەی گومانیان لێ دەکەن بیانگرن. لەو رەشبگیریە دا بەداخەوە عەلیش دەگیرێ و لە ڕێگەی خۆفرۆشێک(١) شناسایی دەکرێت و پاسدارەکان عەلی دەگرن. 

عەلی هەر ئەو رۆژە پێش ئەوەی بگیرێ لە سەر جادە توشی خۆشکی دەبێت و پێی ڕاگەیاندبوو کە خۆم ئامادە کردووە بگەڕێمەوە بۆ پێشمەرگایەتی کە بەداخەوە بۆی نەکرا و گیرا. دوابەدوای گیرانی عەلی، پاسدار دەرژێنە ماڵیان و دەست دەکەن بە پشکنین و هەموو ماڵیان دەپشکنن و کەلوپەلێکی زۆر کە هی دوکان دەبێ لەگەڵ خۆیان دەبەن. 

دوای ماوەیەک هاتووچۆ و هەڵات‌هەڵات بنەماڵەکەی توانیان بە حزووری چەند پاسدار لە مەقەڕی سازمان جوانان بیبینن. هەر لە یەکەم دیداردا شوێنی ئەشکەنجە و لێدان و شوێنی سوتان بە سیغار لە سەر جەستەی دیار بوو. تەنانەت هەر لەو مولاقاتە دا ئامۆزایەکی عەلی تەنیا لە بەر ئەوە کە لەگەڵی بە کوردی دەدوێ دەیگرن و پاش لێکۆڵینەوە ئازادی دەکەن. 

عەلی قەرەنی نە پارێزەر هەبوو و نە هیچ مافێکی پێ درابوو. تاوانەکەی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو. لەو ماوەیەدا بنەماڵەکەی توانیان تەنیا چەند جارێک بیبینن.  ئاخر جار لە ڕێکەوتی ١٢-١١- ١٩٨١ (٢١-٨-١٣٦٠) بنەماڵەکەی دەچن بۆ دیداری عەلی. پاسدارەکان هەموو شیرینی و میوەکانیان کە بۆ عەلی‌یان برد بوو وەردەگرن و پێیان ڕادەگەیەنن کە ناتوانن عەلی ببینن لە حاڵێک عەلی کە لە گەڵ دوو گەنجی دیکە هەر ئەو ڕۆژە ئیعدام کرابوون، بەلام پێیان ڕاناگەیەنن و بە ناچار دەگەڕێنەوەی ماڵێ. ئەو  دوو نەمرەی تر ١- مەنسوور حوسێنی ٢- سلێمان جاوید‌فەر بوون و هیچ نوسراوەیەک هیچکات سەبارەت بە دادگایی کردن و حوکمەکانیان بڵاو نەکراویەوە. پاسدارەکان تەرمی ئەو سێ گەنجە دەبەن بۆ نەخۆشخانەی شار بەڵام دوکتۆری(٢) بەشی فریاکەوتن – ئۆرژانس – لێیان تووڕە دەبێ کە ئێعدامیەکان بۆ دێنن بۆ نەخۆشخانە، خۆ ئێرە قەسابخانە نییە؟ 

نەمر عەلی قەرەنی

پاشان دەیانبەن بۆ مردووشۆرخانەی شار و لەوێ بەجێیان دێڵن. ئەو خەڵکەی کە لەوێ دەبن جەنازەکان دەناسنەوە و تەحویلی بنەماڵەکانیان دەدەنەوە. بنەماڵەی عەلی کە چاو لە جەنازەکەی دەکەن دەبینن کە هەموو گیانی بە گوللە کوون کوون کرا بوو، ڕیخۆلەکانی بەدەرەوە بوون و دەمی پڕ بوو لە خوێن و شوێنی تیری خەڵاس بە بناگوێیەوە دیار بوو.  هەر ئەو ڕۆژە پاسدار پەلاماری ماڵی عەلی دەدەن و هەڕەشەیان لێدەکەن کە مافی پرسەدانانیان نیە. 

  • (1) ناو و ناسناوی ناوبراو تا کاتی گونجاو لە لای ناوەندی نەمران پارێزراوە.
  • (2) ناو و ناسناوی ناوبراو سەبارەت بە کێشەی ئەمنیەتی و پاراستنی گیانی ناوبراو تا کاتی گونجاو لە لای ناوەندی نەمران پارێزراوە.