Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بە یادی نەمر فریشتە فایێقی

هۆ خەڵکی نا، هۆ هاونیشتمانەکانم، بمگەنی. نە شێتم نە دێوانە، کۆماری زوڵم و بێدادی، کۆماری ئەشکەنجە و جەزرەبە، کۆماری سێدارە و پەت، کچەکەم، کزەی جەرگم، ڕۆح و گیانەکەمی لێ ئەستاندم. بمگەنێ و بە فریام بگەن…

لە کاتێکدا کە بەفری زستانی ڕووخساری شارە خنجیلانەکەمانی سپیپۆش کردبوو و شەختە لە ڕوخساری سرووشتی دابوو، دایکێک بە پێی پەتی، گێژ و سەرلێشێواو و بە دەستت و لاقی کەسیرە بەستوو و ڕەشداگەڕاو،   کوتەکاخەزێک لە مستیدا لە ناو بەستەڵەکی شەقام و کۆڵانەکاندا، بە ڕێژنەی فرمێسکان گەرمەشینی دەگێڕا و گڕکان ئاسا دەکوڵی و هاواری دەکرد: هۆ خەڵکی نا، هۆ هاونیشتمانەکانم، بمگەنی. نە شێتم نە دێوانە، کۆماری زوڵم و بێدادی، کۆماری ئەشکەنجە و جەزرەبە، کۆماری سێدارە و پەت، کچەکەم، کزەی جەرگم، ڕۆح و گیانەکەمی لێ ئەستاندم. بمگەنێ و بە فریام بگەن…


دایکم و بابم  واتە (یای مینا و کاک محەمەد) لە ڕۆژی دووهەمی سەرماوەزی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە شاری سەقز چاو و دڵیان بە هاتنە سەر دونیای یەکەمین ئەولادیان کە کچێک بوو شاد بوویەوە. وەک دایک و بابم دەیانگێڕایەوە، لە یەکەمین چرکەدا چاوە ڕەش و دریشتەکانی کە دەتگوت دەنکە ترێیە، لەسەر ڕوومەتە پەری ئاساکەی وەک نەقیم وابوو، ئەوەندە بەس بوو تا خەمی دیتنەوەی ناومان لە کۆڵ ببێتەوە بۆیە، ناومان نا “فریشتە” و لە ناو خۆشماندا بە “ترێ” گازمان دەکرد.

نەمر فریشتە فایێقی لە تەمەنی منداڵیدا


 بە نازی دایک و باوکی دلۆڤان خڕۆکە بوو. هەر لەوکاتەوە کە فامی کردەوە پێشانی دا کە کچێکی ژیر و وریایە. منداڵێکی ئافرێنەر بوو. ڕۆحی هاوکاریکردن و هاودەردیکردنی بۆ کەسانی دەوروپشتی، تێیدا شەپۆلی دەدا. دەر و جیرانەکانمان کە لە منداڵییەوە فریشتەیان دیتبوو ئاوا بۆ ئێمە لە کەسایەتی ئەو دەدوان:
ئەو کاتانەی کە فریشتە لە قوتابخانە دەیخوێند، زۆر لە کچانی گەڕەک و کۆمەڵگامان بۆیان نەبوو بچنە قوتابخانە و دەرس بخوێنن. ئەو کارە زۆر فریشتەی ئازار دەدا و پێی دادپەروەرانە نەبوو و بە دژی دەوەستایەوە، بۆیە کاتێک کە لە قوتابخانە دەهاتەوە ماڵ، لە جیاتی ئەوەی کە وەک هەموو منداڵێک بچێت بە شوێن گەمە و کایە کردنی خۆی، ئەو دەهات بە شێوەی جۆراوجۆر و زۆر ژیرانە، ئەوەی لە قوتابخانە فێری دەبوو بە منداڵەکانی گەڕەکی دەگوتەوە و فێری دەکردن. بەردەوام هانی کیژگەلی گەڕەکی خۆیانی دەدا تا بچن بۆ قوتابخانە. ئەو هەڵوێستەی فریشتە وەها کاریگەری دانابوو لەسەر بنماڵەکان تا ئەوانیش کچەکانیان بنێرنە قوتابخانە و فێری خوێندنەوە و نووسین ببن. دەنگدانەوەی ئەو کارەی فریشتە لە ناو کۆمەڵگادا، باوکمی وەها لەخۆبایی کردبوو کە شای بە سەپان نەدەزانی. زۆر بەخۆی دەنازیی کە کچەکەی ئازاد کردووە تا بگاتە ئەو سەرکەوتنە.

نەمر فریشتە فایێقی لە تەمەنی منداڵیدا

   هەستی بە بەرپرسایەتی بەرانبەر بە مرۆڤایەتی لە ئاست دۆخی ژیانی جەماوەری دەوروبەری، لە سەرەتای مناڵێوە بەشێکی ڕوون و دیاری ژیانی فریشتەی لەو تەمەنە بوو. فریشتە بە جێگەی ئەوەی کە وەک هاوتەمەنەکانی خەریکی کایە کردن بێت حەولی بۆ فێر بوونی هونەری دەستتی و خوێندن و پەروردە بوون دەدا، فریشته بەو تەمەنە کەمەوە وەک مامۆستایەک ڕاهاتبوو. ئەو تواناییە بێ وێنەیە بۆ پەروەردە کردن، ئەوی کردە مامۆستایەکی خوڵقێنەر، هاندەر و کەم وێنە.
هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی خوێندنەکەی، لە ناوەندی پەروەردەی مامۆستایان لە ساڵی ۱۳٥۰ی هەتاوی لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن دامەزرا و وەک مامۆستای قوتابخانە لە ئاوایێکانی سەر بە شاری سەقز خەریکی خزمەت و پەروەردە بە لاو و گەنجەکان بوو، ئەو ڕەوتە ئەزموونی فریشتەی پتر کرد. شێلگیر بوونی ئەو بۆ وانە گووتن، دڵـسۆزی لە ڕادەبەدەر و یەکدڵی و زیاتر گوڕوتین و سۆزی بێ بڕانەوەی بوو بە هـۆکارێک کە پێوەندی قووڵ لەگەڵ قوتابییەکانی ساز بکات. بەرهـەمی حەول و تەقەلای مامۆستایەکی ماندوویینەناس کە ئێستا قوتابییەکانی بوون بە مامۆستای زانکۆ و دوکتور و پەرستار کە خزمەت بە خەڵک بکەن و بە نەمانی مامۆستایەکی دڵسۆز خەم و پەژارە دایگرتن بەڵام ناوی مامۆستاکەیان بردە ناخی دڵەوە کە یادی هەرمان ماوەتەوە.
فریشتە ئەو ئەرکەی کە پێ دەستپێردرا، بەو پەڕی کارامەیی و بە دڵسـۆزی لە ڕادەبەدەر ئەنجامی دەدا. ئەو تەنێ مامۆستای قوتابخانە نەبوو بەڵکوو پێوەندی قووڵی لەگەڵ ژن و ئافرەتانی ئەو گوندانەش پێک هێنابوو کە خزمەتی لێ دەکرد. ئەوان لەگەڵ فریشتە وەک بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەیان هەڵس‌وکەوتیان دەکرد و زۆر شتی نەهێنی خۆیان لای ئەو باس دەکـرد.
فێر کردن، پەروەردە کردن، چالاکی کۆمەڵایەتی، کتێب و خوێندنەوە بەشێکی بەرچاوی ژیانی فریشتەی پێک هێنابوو. یەک لە حەزەکانی فریشتە کتێب خوێندنەوە بوو، لە بیرمە فریشتە نووسراوە و کتێبەکانی (ساعدی) و نووسەرانی دیکەی بـۆ دایـکم دەخوێندەوە و دایـکم هەمیشە چاوەڕوان بوو فریشتە درێژەی نووسراوەکانی بۆ بخوێنێتەوە.
فریشتە لە ساڵی۱۳٥٥ی هەتاوی لە لقی کارناسی ئەدەبیات لە زانکـۆی سنە وەرگیـرا و وێـڕای درێژەدانی خوێندنی لە زانکۆ لە شاری سنە، بۆ وانە گووتن دەچوو بۆ سەقـز. بـیری سیاسی فریشتە هەر لەو ساڵانە پەروەردە بوو و ڕەوتی ژیانی بەرەو قۆناغێکی تازە ڕۆیشت.


فریشتە ڕووناک بیر بوو و زۆر خـۆی بە چوارچێوە و نەریتی باوی سەردەم گـرێ نەدەدا. هیچ کات بیر و ئەندیشەی تاکی خۆی بە ڕەوتێکی تایبەت نەدەبەستەوە. مافی هەڵبژاردنـی مرۆڤەکانی بەو پەڕی ڕێـز سەیر دەکرد و هیچ خۆشی لە دەمارگرژی نەدەهات. تامەزرۆی فێر بوونی هونەر، جـوانی و ژیان بوو و بێ لێکۆڵینەوە و موتالا کردن خۆی لە ڕا دەربڕین دەپاراست.
ئەو سەردەمانی کە وێڕای خوێندن لە زانکـۆ وەک مامۆستا وانەشی دەگووتەوە بـە هۆی شێلگیـربوون لە کارکردندا و ڕابردووی بەرچاو کە لە بواری پەروەردە و فـێر کردن هەیبوو، فریشتەیان گواستبووە قوتابخانەکانی ناو شاری سـەقز، ئەو ڕووداوە بوو بە دەرفەتێێک کە وێرای چەند لە هاوڕێیانی، کتێب فرۆشییەک بەڕێوە ببەن تا لە تەنیشت کتێبەکانی دیکە ((کتێبە بەرگ سپێکان)) کە ئەو سەردەمانی قەدەغە بوو و کەم دەستت دەکەوت و لە بەینی کەسانی سیاسی بڕەوی هەبوو بڵاوی بکەنەوە بۆ جەماوەر. ناو ماڵـی ئێمە کە قەرەبڵاغی لێ کەوتبووە لە هەر کەلێن و قوژبنێکی کە شوێنێکی بەتاڵی لێ دەستت دەکەوت، پـڕ بوو لە کتێب و بەشداری هاوڕێیانی خوێنەر.
لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ هێرشی نیزامی ڕێژیم بۆ کوردستان و دەستتپێکردنی ئازار و ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی کەسانی سیاسی گەلی کورد و لە ژێـر گووشار خستنی ماڵبات و ئەندامانی بنەماڵەکانیان وای لە فریشتە کرد کە لە ڕوی ناچاری سەقزی جێ بهێڵێت تا نەکا کێشە هەم بۆخۆی و هەم بۆ بنەماڵەکەی درووست ببێ.
نەبوونی فریشتە لە ماڵەوە و بێبەش کردنمان لە شادی و خـۆشی و شەوقی جاران و گوڕوتینی فریشتە، لە لایەک و هاتنی جەلادانی ڕێژیم لەلایەکی تر، بوون بە سەرەتایەک بۆ ڕۆژانی نەحس و تاڵ. ئیتر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بە گشتی و بنەماڵەی ئێمە بەتایبەتی بە دەستتی پاسدارە چڵکنەکانی ڕژێم کە چەشنی چەتە و تاڵانکەر لە کاتی نیوەشەو کە بێ شەرمانە، بێ بەزەییانە، بێ ئاگاداری ە ڕەزخامەندی ئێمە وەسەر دەر و دیوارمان دەکەوتن و دەهاتنە ناو ماڵمان و بە پۆتینی ژێـر قوڕاوییەوە وەلای سەرەوە دەکەوتن و بێڕەوشتانە و مەغولانە دۆشەکی ژێرمانیان لادەدا و دەیانپشکنی. ئەو ڕۆژانە ببوون بە یەک لە ناخۆشترین و تاڵترین کات و ساتەکانی ژیانی ئەو سەردەمی ئێمە.
مەودای نێـوان شاری بۆکان و سەقـز زۆر نییە. ئەوکات بۆکان بە هـۆی نەبوونی سەربازگەی نیزامـی لە لایان خەڵک بەڕێـوە دەچـوو و وەک شوێنێکی ئەمن بـۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و فەرهەنگییەکانی شوێنێکی کەم مەترسی بوو. فریشتەش کە لەقاو درابوو، چووبوو بۆ بـۆکان. ئەوکات فریشتە لە ڕێکخراوەی (پەیکار) چالاک و هەڵسووڕاو بوو. گەمارۆی ئابووری کوردستان ئەو کات بۆ دامەزرانی لقێکی دەرمانی کە پێکهاتبا لە چالاکانی پزیشکی و کادری دەرمانی و چالاکانی فەرهەنگی زۆر پێویست بوو.
ڕێک لەوکاتەدا کە کوردستان لە گەمارۆی ئابووری و لۆژێستیکی دابـوو؛ فریشتە هاتبووە کـۆیستانە بەهەشتانەکانی کوردستان بۆ باوەشی گەرمی خەڵکـی دڵسـۆزی گوندەکانی بـۆکان و لە کۆی ڕێکخستنی تیمەکانی هاوکاری و پزیشکی، یارمەتی خەڵکـی بێ تاوانیان دەدا و لە بەرنەگاری بوونەوەی دوژمندا بەشدارییان دەکرد. هەروەها لەو ڕۆژە سەختانەدا توانییان کە پێویستییە دەرمانی و پزیشکیەکانی ئەو ناوچانە، گەر بە شێوەی کاتیش بێ، دابین بکـەن.
مانگـی بەفرانباری ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی لەگەڵ باوکـم چووین بۆ بـۆکان تا چاومان بە فریشته بکەوێ. کەرەسەی هاتۆچۆمان نەبوو. بەو زستانە سارد و سەهۆڵبەندانە، بە ناچار مەودای بۆکان تا ئەو گوندەی کە لێی نیشتەجێ ببوون بە پێ ڕێکەوتین. بە دیتنی فریشتە کە بە جل و بەرگی کوردی و خاکی ڕەنگی پیاوانە خـۆی پۆشتە کردبوو، بەو زەردەخەنە شیرینە له سەر لێوەکانی، وێڕای هاوڕیانی کە شەوقی ژیانیان پێوە دیار بوو، هەموو ئەو دڵتەنگی و دڵەڕاوکێ و ترسی منی گۆڕی بە شادی و دڵخـۆشی. بەتایبەت کە بۆ کۆتا جار دەستتی پڕ لە میهرەبانی و خوشکانەی بە سەر سەرم دا دەهێـنا.
بڕیاری لە سەر کار لابردنی لە وەزارەتی پەروەردە و فێربوون لە لایان گوێلەمستێکی سەر بە ڕێژیم لە ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی پێ ڕاگەیاندرابوو.

نەمران سارمەدین ئیفتخاری و فریشتە فایێقی


فریشتە هەر لەو ساڵە لەگەڵ شەهید “سارمەدین ئیفتخاری” کە بە سارم بانگ دەکرا ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو. بـۆ درێژەدانی چالاکی سیاسی وێڕای یەک چوون بۆ سـنە. لەو بار ودۆخە ترسناک و پڕ له مەترسییە کە شاری سنەی داگرتبوو، چالاکی نهێنی و فەرهەنگیان دەستپێکرد. لەو کاتە پڕ لە مەترسیانەدا ترس و دڵەڕاوکە بوو بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی باوکـم. باوکـم دەیگوت:
هیچ زانیاریم لەسەر فریشتە نییە و هیچ هەواڵێکی لێ نازانم. هەست دەکەم ژیانییان لە مەترسی دایە. ئەوەش خەمساری و کەمتەرخەمی سەرکردەکانیان نیشان دەدات. لەوە دەترسم کە ئەو ڕەوتە ببێتە هۆکار کە لەقاو بدرێن و دەست بەسەریان کەن، کە ئەوەش ڕوی دا. ڕێژیم ئەوانی دەناسی و بەداخەوە بەیەکەوە لە سنە دەستبەسەر کران. لە کاتی دەستبەسەر بوونیان لە ڕێکخراوەی پەیکار پێوەندیان نەمابوو و لەمێژ بوو کە لەوان هەڵبڕابوون. لە کاتێکی کەم دا پاش لێکدابڕان لەو ڕێکخراوە و بەهـۆی خیانەت و غەدری بەرپرسانی لێکهەڵوەشا.
تەنیا هۆکاری مانەوەی فریشتە و سارم لە سنە هەستی بەرپرسیارەتی و خوو و خدەی مرۆڤانەی ئەوان بوو، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو مەجالەیان هەبوو کە لە شار بچنە دەرەوە بەڵام بە ئەرکی خۆیان دەزانی کە لایەنگران و ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ڕێکخراوە پێوەندیان هەبوو ئاگادار بکەنەوە، بە تەما نەبوون کە گۆڕەپانی خەبات تەنیا بە پاراستنی گیانی خۆیان جێ بهێلن کە ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ کە کردەوەی مرۆڤانە و دڵسـۆزی جوامێرانە بەشێکی دانەبڕاوی ئەوان بوو.
بەکرێگیراوانی ڕێژیم زانیاریان لە سەر سارم هەبوو بەڵام فریشتەیان تەنێ وەک هاوژینی سارم دەناسی و زانیاری ئەوتۆیان لەسەر ئاستی بەرپرسیارەتی و ئەو ئەرکانەی کە پێی ئەسپێردرابوو نەبوو. ئەو کەسەی کە دەستی باڵای هەبوو لە دەست بەسەرکرانی فریشتە و سارم ناوی(ر.خ)۱بوو.
سەرەتا سارم ئاگاداری دەست بەسەرکرانی فریشتە نەبوو لەپاشان کە زانیبووی فریشتەش گیراوە، تەنیا داواکاری و تکای سارم ئیفتخاری پێش لە سێدارەدانی پارێزگاری کردن لە فریشتەی هاوژینی و زیندوو مانەوەی ئەو بوو.
ڕۆژێک هەواڵی دەست بەسەرکرانی فریشتەمان لە ڕێگای کووتەکاغەزێکی چکۆلەی پێچراوە، لە گرتووخانە را بە دەستتمان گەیشت. تێیدا فریشتە داوای کردبوو کە دایکی، ماڵ و کەل‌وپەلی ماڵەوەیان بە زووترین کـات ڕاگوێزێ بۆ شۆێنکی نەهێنی بەڵام، بەداخەوە کـۆی ماڵ و کەل‌وپەلیان لە لایان ڕێژیم دەستی بەسەردا گیـرا و لێیان زەوت کـردن.
هەڵوەدایی باوک و دایکـم و هاتووچۆیان بۆ ئەم گرتووخانە و بۆ ئەو گرتووخانەیە لە شارێک کە هەر کەلێن و قوژبنێکی ببوو بە گرتووخانە زۆر دژوار و چەتوون بوو.
باوکـم فرمێسکی بە چاوانی بەند نەدەبوو و به گریانەوە دەیگووت خـۆزگە زانیبام بەرپرسیارەتی ڕۆیشتنی سارم و فریشتە بـۆ ناو دەمی گورگ لە سـنە کێ بە ئەستۆیەتی؟
ڕێژیم، سارمی وەک یەک لە بەرپرسانی ڕێکخراوە و ئەندامی ڕێبەرایەتی دەناسی و هەر ئەوەش بوو بە هـۆکار کە لە سەرەتای دەست بەسەرکردنی ئازار و ئەشکەنجەی زۆریان دا هەموو تەقەلای ڕێژیم بۆ بە چـۆک داهێنانی سارم بوو…
شایەتحاڵێک کە وێڕای سارم لە گرتووخانە هاوژووری بوو دەگێرێتەوە: بۆ ئەوەی کە سارم ناچار بکەن داوای ئەماننامە بکات و پەشیمانی خـۆی لە سەر شاشەی تەلەویزێون دەرببڕێ، ئاخوند میسباح یەزدی هاتبوو کە قسەی لەگەڵ بکات، پاش ئەو پەیڤینە کە لەگەڵ سارم کردبووی دانی بەوە داهێنابوو کە سارم ئیفتخاری من کافـر دەکات بەڵام، من ئەو تواناییەم نییە کە ئەو دیندار بکەم!!

بۆ ئەوەی کە سارم ناچار بکەن داوای ئەماننامە بکات و پەشیمانی خـۆی لە سەر شاشەی تەلەویزێون دەرببڕێ، ئاخوند میسباح یەزدی هاتبوو کە قسەی لەگەڵ بکات، پاش ئەو پەیڤینە کە لەگەڵ سارم کردبووی دانی بەوە داهێنابوو کە سارم ئیفتخاری من کافـر دەکات بەڵام، من ئەو تواناییەم نییە کە ئەو دیندار بکەم!!


سارم لە ژێـر دژوارترین شێوازی ئازار و ئەشکەنجەی ڕوحـی و جەستەیی دابوو و لە سێدارەیان دا. تەنانەت ڕێژیم لە جەستەی بێ گیان و کوت‌کوتی سارمیش دەترسـا هەر بۆیەش لە چۆلگەیەکی دوور لە شاری قوڕوە، به بێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی، لە حاڵێکدا بەشێک لە جەستەی لە ژێـر گڵ و بەشێکی تری لە سەرەوەی گڵ دابوو چاڵ کردبوو و لە سەر کوتە پەڕۆیەکی ناویان نووسی کە دواتر شوانێک کە تەرمی بێ گیانی دەدۆزێتەوە هەر لەوێ بە دەینێژێ و بە خاکی دەستپێرێ.
بەڵام فریشتە لە گرتووخانە ماویەوە، فریشتە لە سەرەتا بە پێناسەیەکی جیا خـۆی ناساند و گوتی کە تەنیا هاوژینی سارم بووە و هیچ چەشنە چالاکی سیاسـی دژ بە ڕێژیم نەکردووە. ئەوکات فریشتە لە گرتووخانە ورەی زۆری دەبخشی بە گیراوان. هەر کەس کە چاوی به فریشتە دەکەوت و لەگەڵ ئەو ئاخافتنی دەکــرد، تامەزڕۆی ئەخلاق و میهرەبانی و کەسایەتی ئەو دەبوو.
لە یەکێک لە لێپرسینەوەکانی کە لە فریشتەی دەکەن وێنەی ژنێکی پەیکاری نیشان دەدەن و لێی دەپرسن کە ئاخـۆ دەیناسێ؟ فریشتە وڵامیان دەداتەوە کە نەک نەیدیوە تەنانەت ناشی ناسێ بەڵام، فریشتە لە چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ دایکـم لە گرتووخانە دەیبێ، لە کاتی ماچ کردنی نووسراوەیەکی چکۆلەی لە ناو زاری دایکـم دەخات، لەو نووسراوەیەدا تکـای لە دایـکم کردبووی کە بە هەر جۆرێک بێ دەبێ ئەو ژنە بدۆزێتەوە و ئاگاداری بکاتەوە کە مەترسی لەسەرە و ئاگاداری خـۆی بێت کە دەستبەسەر نەکـرێ.
دایکم وێڕای خوشکم ئەو ژنەیان دیتەوە و ئەویان ئاگادار کردەوە کە خـۆی بپارێزێ تا دەستبەسەر نەکـرێ،
فریشتە داهێنەرێکی سەرکەوتوو بوو. لە هەمبەر نووسینی نووسراوەی یەک لایانە بۆ ئێـمە و ئەو ئەزموونەی لە داهێنان کە لە کاتی مناڵی هەیبوو، لەو ڕۆژە سەختانەی ناو زینداندا بە کەڵکی هات و بە باشترین شێوە بەکاری هێنان.
لە سەر دەسرەی کاغەزی چکـۆلە نووسراوەی دەنووسی و دەیپێچاوە و لەو چنینە دەستتیانەی کە درووستی دەکرد حەشاری دەدا، فریشتە بە وریاییەکی باش ئەو کارانەی دەکرد هەر بۆیـەش پاش چاوپێکەوتنمان لەگەڵی لە گرتووخانە دایکم هەرچی لەگەڵ خۆی هێناباوە بە وردی چاومان لێ دەکرد و هەرجارێک کە نووسراوەمان دەدیتەوە ماچمان دەکرد و سەر لە نۆ دەماننووسییەوە.
هەندێ جار فریشتە نووسراوەی بە دەستخەتێکی خەراب و بە ئانقەست بە شێوازێکی سەرەکی دەنووسی کە ئەگەر لەقاو درا ناسنامەی ڕاستیەقینەی ئاشکرا نەبێ کە خۆی وەک کەسێکی ئاسایی و دوور لە کەسێک کە چالاکی سیاسیە ناساندبوو.
ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لە نزیکەوە لەگەڵ فریشتە هەمانبوو بە چاو پێکەوتنی دووراودوور و بۆ پشت شیشەبەند گۆڕدرا.
لە چاوپێکەوتنێک کە دایـکم هاوڕێ لەگەڵ خوشکە چکۆلەکەم لەگەڵ فریشتە هەیبوو هەستیان کرد کە دەستتەکانی توانایی ڕاگرتنی چارشێوەکەی نییە و بەشێک لە دەستی کە بە پەڕۆیەکی هەڵبسترابوو دەدیترا. ئەوجارەیان کە چندراوەکەی کە تەواوی کردبوو، گەیاندە دەستی دایـکم و لە ماڵێ نووسراوەکەی ناویمان دۆزییەوە و چاومان پێیکەوت کە جیاوازتر بوو لە نووسراوەکانی پێشووتری و زۆر زیاتری نووسیبوو کە لامان زۆر سەیر بوو.

ناوبراو زۆر زیاتر لەوەی کە من و سارم کردوومانە، لەسەرمانی نووسیوە. ئێوە بنەماڵەکەم ئاگادار بن ئەگەر ناوبراو هاتە سەر ساشەی تەلەویزێون و وەک تۆبەکار دانپێدانانی کرد، بزانن کە کاتی ئێعدامی منە و بە زووترین کات ئیعدامم دەکەن.


ناوەڕۆکی نووسراوەی ئەو جاری کە خوێندمانەوە باسی لەوە کردبوو کە لە ژێـر ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دایە و نەک تەنێ کەسێک بەڵکوو دوو کەس لێپرسینەوەی لێ دەکەن. خانم(گ.ش)۲ لەو تۆبەکارانەی گرتووخانەی سـنە، لێپرسراوی هەوەڵی منە. پێلاقەی ناوبراو، ناخـم پتر لە جەستەم ئازار دەدات، ئەو لە لێپرسینەوەکان داوا لە من دەکات کە من دژ بە سارم قسـە بکەم و من ناچار بە دان پێهێنانی زۆرە ملی لە سەر شاشەی تەلەویزیۆن دەکات و پێـم دەڵێ کە ئەگەر بە قسەی ئەو بکـەم شانسم دەبێ کە لە سێدارەم نەدەن و ئەگەر هاوکاری ئێمە نەکەی لە سێدارەت دەدەین. فریشتە لەدرێژەی نووسراوەکەی ئاوا دەنووسێ: ناوبراو زۆر زیاتر لەوەی کە من و سارم کردوومانە، لەسەرمانی نووسیوە. ئێوە بنەماڵەکەم ئاگادار بن ئەگەر ناوبراو هاتە سەر ساشەی تەلەویزێون و وەک تۆبەکار دانپێدانانی کرد، بزانن کە کاتی ئێعدامی منە و بە زووترین کات ئیعدامم دەکەن.
ئەو نووسراوەمان سـەر لە نۆی نووسیوە و باوکـم دەقی نووسراوەکەی گەیاندە دەست هاوڕیانی کۆمەڵە، هەر وەک نووسراوەکانی پێشووی فریشتە ئەو نووسراوەیەی دەنگدانەوەیەکی بارودۆخی ناو گرتووخانە و ڕاپۆرت بوو. فریشتە تا ئەو ئاستەی بۆی دەکـرا بەشێکی لە چالاکی سیاسی پێشووتری ئەوجار لە گرتووخانە بەڕێوە بەرێ. لە کۆتا نووسراوەی فریشتە ئاماژەی بەوە دابوو کە من وەسییەت نامەکەم لە یەک لە کارە دەست کردەکانم حەشار داوە، کاتێک کە ئێعدام کرام کەلوپەلەکانم ڕادەستتان دەکەنەوە و دەبینن.
فریشتە لە ڕێکەوتی ۹ی مانگی ڕەشەمە لە نیوەشەوێکی سارد و ڕەش بە قەڵافەتێکی زامـدار وەک قارەمانێک لە سێدارە درا.


۹ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی.
گڵکۆی ۱۱ ڕیزی ۲ی باغی فردۆسی کرماشان
بە هەواڵی لە سێدارە دانی فریشتە شاری سەقـز لە خەو ڕاپەڕی و ماڵ و حەوشە و کۆڵان پڕ بوو لە حەشیمەتی چاو بە فرمێسک، بەڵام بە زووترین کات لە لایان بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە ماڵی ئێمە هاتە ژێر چاوەدێری و هەرەشەیان لە ئێمه کرد کە بێ دەنگ بین و ئیزنی پرسە و سەرەخۆشیان پێ نەداین، ڕێکەوتی ۱۲ی خاکەلێوە دایـکم و باوکـم ڕۆیشتن بۆ کرماشان، دایکـم دەیهەویست بە چەنگان، عەرزی هەڵکۆڵێ. فرمێسک و گریانی بێ بڕانەوەی لە چاوانی دەهاتە خوارێ، کەسێک کە بەرپرسیارەتی بە خاک سپاردنی لە سێدارەدراوانی پێ ئەسپێردرابوو هات بۆ لای دایکـم و پێ گوت: دایکی من خۆڕاگر بە، دەمهەوێ شتێک بلێم دووعام بۆ بکە کە بمێنێم و بەم زوویانە نەمرم تا لای خەڵک باس بکەم کە چی بە سەر ئەو هەمۆ کەسە باشەی وڵاتەکەمان هات، دایکـی من تۆ ئەوەی بزانە کە کچی تۆ قارەمانترین ئینسان بوو، کچی تۆ بە زەردەخەنە و نەترسانە بۆ پیشوازی مەرگ ڕۆیشت، ئەوەش بزانە من بەو پەڕی ڕێزلێنان تەرمی پیرۆزیم لە مەلافەیەکی سپی دا کفن کرد و بەشانازێوە ئەسپاردەی خاکم کرد تاکوو جەستەی ئازار دیتووی هێـور بگرێ. ئاخ دایـکی بەڕێز، دوعا بکە تا من زیندوو بمێنم تا پەیامی کۆتایی پێکەنینی بۆ خەڵکانی خەو بردوو بگێرمەوە، ڕۆژێک دادێ کە من دوور لە چاوی خوێنڕێژەکان و جەللادەکان گڵکۆی کچەکەت بۆ هەڵدەکۆڵـم تا ئاخـر هاواری چاوی ببینێەوە.
دوابەدوای لە سێدارە دانی فریشتە (گ.ش)۲ هاوڕێ لەگەڵ خوشکانی زەینەبییە بۆ وتاردان و قسەکردن بـۆ یەک لە قوتابخانەکانی دواناوەندی شاری سەقـز دەچێ کە خوشکی چکۆلەم لەوێ دەیخوێند، خوشکم ناوبراوی لە تەلەویزێون دیتبوو و چونکە ناوی ئەو پێوەندی بە لە سێدارەدانی فریشتە هەبوو بـۆ ئێمە ئاشنا بوو، خوشکـم بە مامۆستاکەی دەڵێ کە سکی زۆر ژان دەکات و داوای ئیزنی لێ دەکات کە بچێتەوە ماڵێ، خوشکم کە هاتەوە ماڵێ گوتی کە بە دیتنی ناوبراو حاڵم تێکچوو، دایـکم کە ئەوەی گۆی لێ بوو بە پـڕتاو خۆی گەیاندە قوتابخانە و لە پێش دەرگای قوتابخانە تووشی بە تووشی (گ.ش)۲ دێت و بە گـژی دادێ و هێرشی دەکاتە سەری و لێ دەپرسێ کە ئاخر قسەی فریشتە چی بووە و چ شتێکی لە وەسییەت نامەکەی نووسیوە؟ کە گ.ش وێڕای هاوڕیانی بە پێلاقە لە دایکـم دەدەن و دەیخەنە سەر عەرز و ڕوو بە دایکـم دەڵی: فریشتە تاوانبار بوو و تا کۆتا چرکە ژیانی بەرگری کرد و تەسلیم نەبوو.
نووسراوەی: پەری فائیقی _خوشکی ڕەوانشاد فریشتە فائیقی
(۱)و(۲) ناوی ئەو کەسانە تا کاتێکی گونجاو لە ماڵپەڕی نەمران پاڕێزراو دەبێت.

دەقی یەک لە نامەکانی نەمر فریشتە فایێقی کە بۆ دایکی نووسیوە:
بنەماڵەی بەڕێزم سڵاوتان لێ بێ. هیوادرام باش بن و ژیان ویستی دڵتان بێ. سڵاوم هەیە بۆ گشت خزمان و دۆستان و لە ئەحواڵیان دەپرسم. لە لایان منەوە منداڵەکانم بۆ ماچ کەن. هیوام وایە کە لە تاقیکارییەکانی کۆتایی ساڵ قەبوڵ بووبێتن.
دایە گیان، تکایە گەر دەتوانی ١٠ دانە کەڵافی ڕەشی کۆپلێنم بۆ بێنە. هەروەها گەر خاڵەکانم یان کەسانێکی تر پێیانخۆشە کۆپلێنیان بۆ ساز کەم، پێیان بڵێ کە دیمەنی جوان هەن و دەست دەکەوێ، با بە دڵی خۆیان دیمەنێک هەڵبژێرن و بیکردن و بۆم بنێرم منیش بۆیان دەچنم. لە کۆتاییدا، گوتوومە کە ماست و وەسایلی دیکە مەهێنن چوون لێرە زۆرمان هەیە و خەراپ دەبێ.
بچوکتان
فریشتە فایێقی
٢٩/٥/١٣٦١