Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ماڵئاوایی دەگەڵ باویلێی خوێناوی، “شەهلا چەمەن‌ئارای” (فرمێسک) نووسینی: مینوو هومەیلی

نەمر “شەهلا چەمەن‌ئارای” کەنیشکی عەلی و ئامینەیە. بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری سنەی سەربەرزن. چوون باوکی ئەفسەری ئەڕتەش بووە و بەردەوام ماڵیان کۆچی کردووە بۆ ئەم شار و ئەو شاری ئێران بۆیە، نەمر شەهلا لە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٣٣٦ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک دەبێ و لە شاری (مشهد) خڕۆکە. لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە کۆچ دەکەن بۆ شاری قەزوێن و لەوێ تا کۆتایی تەمەنیی دەگیرسێنەوە.

نەمر شەهلا چەمەن ئارای (فرمێسک)

ڕاستە کە باوکی ئەفسەرێکی ئەڕتەشی بوو و بەردەوام ماڵی لەو شار  بۆ ئەو شاری ئێران کۆچی دەکرد بەڵام، ئەوە چی لەو ئازارانەی شەهلا کەم نەدەکردەوە کە وەک کوردێک دەیچێشت. ئەو وەک کوردێک کە بۆ هەر شارێکی ئێران چووبا، زیاتر وێنای ئەو هەڵاواردنانە بۆی دەبوو بە ڕاستی و زیاتر لەو بیرە ڕۆ دەچوو کە ئەو بێدادییە چییە کە بەرانبەر بە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران دەکرێ بەتایبەت دەگەڵ نەتەوەکەی ئەو، میللەتی کورد؟ بۆیە ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ نەتەوە و گەلی خۆی لا خۆشەویستتر و ئازیزتر دەبوو نەک لەبەر ئەوەی کە کەسێکی ناسیۆنالیست بێ بەڵکوو، لەبەر ئەوەی نەتەوەکەی گەلێکی زوڵملێکراو و بێدەرەتان بوو. لە بچووکترین دەرفەت کەڵکی وەردەگرت کە بگەڕێتەوە بۆ زێد و بنەی خۆی لە کوردستان و چێژ بەرێ لە هاوزمانان و هاوخوێنەکانی خۆی و خزم و کەسانیی. خزمێکی بەرەی دایکیی نەمر شەهلا، لەو بارەیەوە دەگێڕێتەوە کە:

(شەهلا خزمی نزیکی دایکم بوو. لە من گەورەتر بوو. هەموو هاوین کە ئەهاتنەوە بۆ سنە یەکمان ئەدی و ماڵێکی گەورەی پر منداڵ بوون. هاوینەکەیان پر ئەکرد لە خوشی.  لە ماڵی خوشیان زۆر مێهرەبان و رووخۆش بوون).

لەو سەفەرانەی کە نەمر شەهلا بۆ نیشتیمانی خۆی دەیکردن زیاتر لە دەرد و ژانی گەلی خۆی دەگەییشت و خەمی پێوە دەخوارد و هاوکات شانازیی بە کورد بوونی خۆی دەکرد. ئەو کە خزمایەتی دەگەڵ گیانبەختکراوان بێهروز و ئەمجەد ئەردەڵان هەبوو، بەسەرهاتە دڵتەزێنەکانی شەری ٢٤ ڕۆژەی سنە بە گشتیی و سەربوردەی دڵهەژێنی نەمر کاک بێهرووز ئەردەڵان بەتایبەتی، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕۆح و بیر و باوەڕی شەهلا دانابوو.

دڵی پڕ لە دلۆڤانی ئەو نەمرە وەک کچە کوردێکی بە شەهامەت، لە ڕۆژی ٣٠ جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، بۆی بوو بە محەکی مرۆڤایەتی و نمونەی ئینساندۆستی. ڕێزدار “مینوو هومەیلی” نووسەر و گردەوەکۆی ئەو نووسینانە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و لە ئەنجامدا تیربارانکردنی نەمر شەهلا ئاوا دەنووسێت:

لەو ڕۆژەدا نەمر شەهلا بۆ میوانی و بۆ چەند کاتژمێران دەچێتە ماڵی کچێکی ڕەفێقی. بۆ میوانییەکە جلی کوردی لەبەر دەکات. لەپڕ خەبەر دێت کە ناو شاری قەزوێن شڵەقاوە و خۆپێشاندانێکی گەورە لە ئارا دایە. ئەویش بۆ ئەوەی نەکا ڕێگاکان بگیرێن، هەوڵ دەدات کە بە پەلە کۆتایی بە میوانییەکە بێنێت و بچێتەوە ماڵێ. لەناو شار دەبینێ کە دۆخەکە باش نییە و دەنگی تەققە و هەرای خۆپێشاندەران دێ. لە سەری کوچەیەک بادەداتەوە کە بچێتەوە لای ماڵی خۆیان، لەناکاو دەبینێ ژنێک بە برینداری کەوتووە و بە دەنگی بەرز داوای یارمەتی دەکات. دڵی کوردانە و تەژی لە بەزەیی شەهلا بەرایی نادات کە ئەو ژنە جێبهێڵێت و هەوڵدەدات تا یارمەتی بدات کە بیباتە نەخۆشخانە. ژنەکە کە پاسدارەکان بە باتوومی لێیاندابوو چەند شوێنێکی جەستەی ماسیبوو و لە هەمانکاتیشدا بە ماشێن وەبەریان دابوو، توانای نەبوو لە شوێن خۆی بجووڵێ.

شەهلا زۆر تەقەللا دەکات تا ماشێنێک ڕاگرێ تا ئەو ژنە ڕاگوێزن بۆ نەخۆشخانە بەڵام، هەموو کەس بەپەلەن تا خۆ دەربازکەن لەو کەشە و هەترە ناکەن بوەستن. بە هەر چەرمەسەرییەک بێ ئەو ژنە دەگەیێنێتە نەخۆشخانە و خۆیشی ئامادە دەبێ کە خوێنی پێ ببەخشێ. لە بەختی ڕەشی شەهلا ئەو ژنە بریندارە یەک لە خۆپێشاندەران بووە و جلی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی لەبەردا بووە. هاوکات شەهلاش جلی کوردی لەبەردا دەبێ. ئەو دیمەنە دەکەوێتە بەر چاوی دوو ژن (خواهران زینب) کە کارمەندی نەخۆشخانە بوون و لە ڕاستیدا جیرانی ماڵی شەهلاش بوون و ئەویان باش دەناسی، بە ناوەکانی “فاتمە و فریشتە دێهباشی”. ئەوان شەهلا دەورپێچ دەکەن و دەقیژێنن کە ئەوە کۆمەڵەیە و بیگرن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەکە پاسداران وەسەری دەگەڕێن و ڕاپێچی ئەشکەنجەگایەکی خۆیانی دەکەن بە ناوی “چووبین دەرە”.

مینوو خانم لە درێژەدا دەڵێ: لە بەختی ڕەشی ئەو کیژە نازدارە کوردە، دڵە پاک و بێگەردەکەی، لەو ڕۆژە دا بوو بە سەرتای کارەساتەکان و دەستپێکی ئەو ڕۆژە ڕەشانە کە کۆتاییان نەهات. کورد بوون و کوردیپۆشبوون لە شارێکی عەجەمستانی وەک قەزوێن بەس بوو تا شەهلا بخەنە ژێر دڕەندانەترین ئەشکەنجە و جەزرەبە و بەو شێوەیە قین و داخی خۆیان لە گەڵی کورد بەسەر ئەو پەرییە پاکەدا بەتاڵ بکەن.

ئەشکەنجەگەرەکەی بە ناوی (داود شکیب) بۆ ئەوەی تاوانی هاوکاری کردنی شەهلا بە سازمانی موجاهیدین و حیزبە کوردییەکان بەسەر شەهلادا بچەسپێنێ، لە هیچ ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی دەستی نەدەپاراست. دەنا تاوانی ئەوەیان دەخستە پاڵ کە چەک و چۆڵی بردۆتە شاری قوم و لەوێ داویە بە شانە نووستووەکانی کۆمەڵە و یارمەتی داون تا فێری شەر و بەکارهێنانی چەکیان بکات. ئەو بوختانەش تەنیا دەستکردی ئاوەزی لاوازی جەللادەکانی بوون و دوور بوون لە ڕاستی چوون، شەهلا لە هەموو تەمەنیدا شاری قومی نەدیتبوو. ئەو سەردەمە لە ئەشکەنجەدانی شەهلا هاوکاتە دەگەڵ تێرۆڕی (حەسەنی ئایەت) [1]

خۆ بێبەریکردنی شەهلا لەو بوختانانە بێ سوود بوو. شەهلا چەشنی قارەمانێک بەرگە ئەشکەنجەکان دەگرێت و قورس و قائیم بەرانبەریان دەوەستێتەوە. تەنیا شتێک کە جەللاد داود شەکیب‌ی زۆر ئازار دەدا، ئەو چاونەترسی و جوابەجەنگییە بوو کە شەهلا دەگەڵی دەکردەوە. کاتێک جنێو و سووکایەتی بە ڕابەرانی کورد دەدا، ئیتر شەهلا بێ وەڵام نەدەبوو و بە سەر و سەکتی خومەینی و بیر و باوەڕە گڵاوەکەیدا دەهاتە خوار. ئەو نەترسییە و جوابەجەنگییە کوردانەیە بوو بە هۆی ئەوە کە جەللادەکەی لێی بە قیندا بچێت و شەهلا بەرەو پیلی مەرگ بەرێ.

مینوو خانم لە درێژەدا ئاوا باس دەکات: هەرچەند شەهلا بە کردەوە پێشانی دابوو کە کوردێکی ڕەسەنە و بە نەتەوە و خاکی خۆی لەخۆباییە کەچی، ئێستا پاشی تێپەڕبوونی ئەوەندە ساڵ لە مەرگی شەهلا دەرکەوتووە کە تا ڕادەیەک پێوەندی تەشکیلاتی هەبووە و لە بواری فکرییەوە کەسێکی پێگەییشتوو و تێگەییشتوو بوو.

وەک باس دەکەن بەرپرسی تەشکیلاتی شەهلا کوڕە مامەکەی خۆی بووە بەناوی “سیاوەشی داداش پوور. (سیاوەش لە کارەساتەکەی کۆمەڵکووژکردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، لە ساڵی ١٣٦٧ دا لە سێدارە دراو و تەرمەکەی لە گۆڕستانی خاوەران داپۆشراوە).  سیاوەش چەند جارێک کە دەچێتە قەزوێن و میوانیان دەبێ، شەهلای بە سازمان و ڕێکخستنەکانی مارکسیستی ئاشنا دەکات. وەک دەرکەوتووە سیاوەش کەسێکی ناسراو بووە بۆ ڕژێم و بەردەوام بە شوێنییەوە بوون. هام‌وشۆی سیاوەش بۆ ماڵی شەهلا لەبەر چاوی جیرانەکانی شەهلا ون نابێت کە بەردەوام ئەو ماڵە کوردەیان لە ژێر چاوەدێری دا بووە. هەر ئەو کۆنتڕۆڵ کردنەی جیرانەکان بوو بە هۆی ئەوە کە کۆمیتەی پاسدارانی گەڕەک، ماڵی شەهلا بخەنە ژێر چاوەدێری تا کە سیاوەش هاتەوە ئەو ماڵە، بیگرن. ڕۆژێک کە سیاوەش دێتە ماڵی مامی، هاوکات پاسدار هەڵدەکوتنە سەر ماڵی شەهلا تا سیاوەش بگرن بەڵام، زیرەکی و وشیاریی شەهلا دەبێتە هۆی ڕزگاربوونی سیاوەش. ئەو ڕاوەدوونانە ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێ تا بە گرتنی عەباس‌ی برای شەهلا کۆتایی پێدێت. عەباسیش خۆی لە کۆچەی عەلی چەپ دەدات. کە پاسدارەکان چییان دەست ناکەوێ، پاش چەند ڕۆژێک عەباس بەردەدەن.

لە دیدارە جاربەجارەکان کە بنەماڵەکەی لە زیندان دەگەڵ شەهلا هەیانبوو، بۆیان دەرکەوتوبوو کە شەهلایان زۆر ئەشکەنجە داوە. تەنانەت گوێچکەیەکی بەباشی نەیدەبیست.  تەنانەت خزمەکانی دەگێڕنەوە کە شەهلا بۆی باس کردوون کە جەللادەکەی لە جیاتی پرسیار کردن لە دۆسییەکەم تەنیا جنێوی بە شێخ عیزەددین حوسەینی و باقی ڕێبەرانی کورد داوە. ئیتر کە پاسدارەکان دەزاننەوە کە شەهلا ئەو نەقڵانەی بۆ کەس‌وکارەکەی باس کردووە چاوپێکەوتن دەگەڵ خزمەکانی لێ دەبڕن.

وەک خزم و کەسی شەهلا دەگێڕنەوە، ڕەئیسی زیندان کەسێک بوو بە ناوی ” سەرهەنگ بێهزادپوور”. زیندانەکان تا ئەوکاتە بەباشی نەکەوتبوونە سەر ڕەهێڵەی سیستێمی خوێن و مەرگی کۆماری ئیسلامی بۆیە، بێهزادپوور دەرفەتی دیدار و چاوپێکەوتنی زیندانییەکان دەگەڵ بنەماڵەکانیان بە شێوەی حزووری لە یەک داڵان دا دەدا بە زیندانەکان. ئەوکات بە شێوەی هاوکات دەرفەتی دیداریان لەو داڵانە دەدا بە بنەماڵەکانی محەممەد شەقایقی و حەمید مورادی و شەهلا چەمەن‌ئارای.  هەر ئەو تێکەڵاوییەی زیندانییە ژن و پیاوەکان، لە ژووری دیدارەکان، دەبێتە هۆی ئاشنابوونی شەهلا دەگەڵ حەمید مورادی. حەمید کەسێکی باڵابەرز و کەشخە و سپیکەڵە کە لە چارەنووس و حوکمی لەسێدارەدانی سەپێندراو بەسەریدا، ئاگادار بوو. لەو ڕۆژانە کە دەرفەتی دیداری دەبوو دەگەڵ بنەماڵەکان، بە تۆبزی و بە کورتی بنەماڵەی شەهلا ئاگادار دەکاتەوە کە جاریکی تر کە هاتنەوە بۆ دیدار، تیغی ڕدێن تاشینی بۆ بەرن تا کاتێ دەیبەن بۆ بەردەم سێدارە یا تیرەباران کردن، پاک و خاوێن و ڕدێن تاشراو بێ.

لەو ماوەیەدا کە چاوەڕوان دەبن تا حوکمی محاکەمەکەی شەهلا لە دیوانی ئەحکام بێتەوە، دەیگوازنەوە بۆ ژووری زیندانیانی گشتی. لەوێ تێکەڵ بە هەموو چەشنە زیندانییەکی دەکەن. لە دز و جەردە و تریاکفرۆش ڕا تا قاتڵ و لەشفرۆشی تێدا بووە. لەوێ زیندانییەکان فێر کرابوون بۆ ئەوەی کارە ئاساییەکانیان ڕاپەڕێنن، لەشفرۆشی بکەن لەگەڵ پاسدار و پاسەوانەکان. ئەو ماوە کورتە کە شەهلا دەنێردرێتە ئەوێ، دەتوانێ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر ئەو زیندانییانە دابنێ کە ورەیان هەبێت و چی تر  بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانیان لەشفرۆشی نەکەن. ئەو کردەوەیەی شەهلا بە دڵی پاسدار و پاسەوانەکان نەبوو بۆیە، سەر لە نەوێ بۆیان تێچاند و شەپۆلێکی تر لە ئەشکەنجە و ئازاریان لەسەر شەهلا دەستپێکردەوە و ڕەوانەی زیندنای تاکەکەسییان کردەوە.

ماڵی شەهلا لە بەڕانبەری دادگای ئینقیلاب بوو لە قەزوێن. لە ڕۆژەکانی کۆتایی لێپرسینەوەکان، شەهلا دەبەن بۆ دادگای ئینقیلاب تا لە بەرنابەر (بەناو) قازی بوەستێ. لە ڕێگا بە پاسەوانەکەی[2] دەڵێ کە لێمگەرێ چەند چرکەیەک تێر بە دڵ چاو لە دار و بەرد و پەنجەرە و دیواری ماڵەکەمان بکەم و کوڵی دڵ دەرکەم کەچی، پاسەوانەکەی بە ناجوامێرانەترین شێوە بێڕێزی بە شەهلا دەکات و لێیان دەبێتە دمەقاڵە و قەپپاڵێک لە دەستی شەهلا دەگرێ کە تەنانەت کاتێک کە لەشی بێگیانی شەهلا دەدەنەوە بنەماڵەکەی، برینە قووڵەکە و جێی ددانەکانی ئەو بوونەوەرە گڵاوە لەسەر جەستەی پیرۆزی شەهلا بەدیارەوە بوو.

ورەی پۆڵایین و چاونەترسیی شەهلا وەها ترسنۆکان و سپڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەهری کردبوو کە بە کورتترین کات حوکمی ئێعدامی شەهلایان دایە دەستی شەهلای بێتاوان و مرۆڤدۆست و بێ کوشتنی کات، کوشتنی شەهلایان تەدارەک دیت و نەمر شەهلا لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی هەمان ساڵ واتە بە ٤٥ ڕۆژان هەم گیرا، هەم ئەشکەنجە درا، هەم حوکم درا و هەم دەگەڵ دوو کەسی تر بە ناوەکانی “محەممەد شەقایێقی” و “حەمید مورادی” تیرەباران کرا و گیانی پیرۆزی بەخشی بە کەرامەتی ئینسانی و بە نەتەوەی خۆی.

یای مینوو هۆمەیلی لە بەشێکی تر دا، لە زمان خزم و کەسەکانی شەهلا ئاوا دێتە گۆ:

دوایین شەوی ژیانی شەهلا بوو. دەرفەتی چاوپێکەوتنیان دا بە بنەماڵەکەی. شەهلای لە پشتی ئەستووندەگی ئاسنین دەیبین. دایکی گێڕابوویەوە کە تا دوایین ساتەکانیش، داوایان لە شەهلای قارەمان دەکرد کە دەگەڵیان بچێتە سنە و لەوێ خەڵک بە گرتن بدات. تەنانەت بە بەڵێنی پوڵ و پارە و ژیانی ئاسوودە ویستبوویان لە خشتەی بەرن بەڵام، شەهلای بەورە، مەرگی شەڕافەتمەندانەی هەڵبژارد نەک خیانەت بە مرۆڤایەت و بە خاک و نیشتمانیی.

باوکی کە ئەو قسانە لە زمانی شەهلا دەبیسێت، بە ورەیەکی پۆڵایین و کوردانە ڕوو لە شەهلا دەکات و پێیدەڵێ:

  • کچم؛ سەرم پێت بەرزە، شانازییت پێدەکم، ئێمە ئازادیمان بە هەموو نرخێک ناهەوێت و فێر نەبویین کە ئەو نانە قووت بدەین کە بە خوێنی خەڵک و هاونیشتمانیانمان پەیدا دەبێ.

کۆتا وتە و کۆتا قسەکانی شەهلا ئەو دێڕانە بوون کە شەهلا تێیدا پەژارە دەربڕینی بۆ داهاتووی خوشکەکەی تێدا دەگونجاند. سوور دەیزانی کە دواساتەکانی ژیانێتی کەچی، ئێستاش خەمی بنەماڵەکەی دەخوارد و بۆیان بەخەم بوو.  ویستی بزانێ خوشكی پاش ئەوەی کە کارەکەیان هەڵپەساردبوو، گەراوەتەوە سەر ئیش و کارەکەی؟ خوشکی شەهلا لە وەڵامدا دەڵێ:

  • نا، نەیانهێشت بچمەوە سەر کارەکەم.
  • شەهلا: بۆ خەم نابێ. ئیتر پێ لەو کارە مەنێوە و کارەکەت بشدەنەوە، مەچۆوە.

دوا ماڵئاواییان نەک دەئامێزگرتن بەڵکوو، گووشینی پەنجە پاک و ناسکەکانی شەهلا لەپشت میلەی ئاسنەکان دەبێ و بە هاوار و ئاهی دایکانە لێک دوور دکەونەوە. ئاخ… ڕۆح لە چ شوێنێکی ئاستەم دایە کە دەرنایەت؟ دڵی دایک و باوک دەبێ لە چ درووست کرابێ کە دەبێ بەرگەی ئەو ئازارە گەورەیە بگرن؟ بۆ دڵ لە جەستە دەرنایەت کاتێک دەبینێ جەللادان جگەرگۆشەکەیان لێ دەستێنن تا بیبەنە بەر ڕێژنەی فیشەکان و گیانی پیرۆزی لێ بستێنن؟

بەڕیز مرێم یەزدانی، ئەو ژنەی کە لە دواچرکەکانی ژیانی شەهلا، هاوژوور وهاودەمی بووە ئاوا باس لەو چرکەساتە هەناسەبڕ و دڵتەزێنانە دەکات:

ڕێک دوو مانگ بوو کە من لە ژووری تاکەکەسییان کردبووم و لە ژێر ئەشکەنجە و لێپیرسینەوە دا بووم. بە تەنیا لە ژوورێکیان کردبووم. تاقە پێوەندییەکی کە هەم بوو بە دونیای دەرەوە، دەلاقەیەک بوو کە بە کاخەزی ڕۆژنامە داپۆشرابو بەڵام، کەلێنێکی بچووکی هەبوو کە دەمتوانی دەرەوە ببینم. بەرانبەر بە ژوورەکەم دوکاندارێکی پیر هەبوو. بەیانیان بە دەنگی کردنەوەی دەرگای دوکانەکەی وەخەبەر دەهاتم و دەمزانی کە کاژمێر ٨ی بەیانییە. شەوانەش کە دەنگی دەرگاکەی دەهات دەمزانی ئەوە کاتژمێر ٨ی شەوە. دەنگی دەرگای ئەو دوکاندارە کاتژمێری من بوو. کە ئەو دوکاندارە دەرگای دادەخست، دەماینەوە من و دیوارەکانی ژوورەکەم. نە کەس هەبوو بیدوێنم، نە کەس هەبوو فرمێسکی بۆ هەڵوەرێنم.

ڕێک دوو شەو پێش ئەوەی ڕاگوێزم کەن بۆ زیندانی گشتیی، هێندە لە کاتژمێر هەشتی شەو لای نەدابوو کە، دەرگای ژوورەکەم کرایەوە و پاسدارەکان بە تووڕەییەکی هۆڤانە کچێکیان لە ژوورەکەم هاویشت. دەتگوت ئەو دونیایەیان بە دیاری پێ بەخشیوم کە کەسێکم گیر کەوتبوو تا بیدوێنم. داخەکەم نەمدەزانی کە ئەو ساتانە کورتە و تەنیا بەرامە دڵڕفێنەکەی لە ژوورەکەمدا، ئەویش بۆ چەند کاتژمێران بۆم بە یادگار جێدەمێنێ و ئەو کیژە نازدار و بێگەردە بۆ هەتایە جێم دێڵێ.

پانتۆڵێکی کوردی و بلوزێکی کوڕانەی لەبەردا بوو و خۆی بە “فرمێسک” بە من ناساند. نێوچاوانی هاوار بوو، هاوارێک لە قین، لە ژان، لە تۆڵە. چاوەکانی دەدرەوشانەوە چەشنی ئەستێرەی شۆڕش. بەو چاوە نیان و ژیرانەی، لێی ڕوانیم و گوتی:

  • ئەتۆ بۆ لێرەی؟ خۆ تۆ زۆر لاویی؟

ئەوکات ١٨ ساڵم بوو. پێمگوت کە:

  • لاو بوون خاڵی هاوبەشمانە و تۆش وەک من لاوی.
  • شەهلا: بەو جیاوازییە کە ئێرە بۆ من کۆتایی ژیانە بەڵام تۆ دەبێ بژی و زیندوو بمێنییەوە.

ئیتر بەو قسانە لە گابۆڕێمان دا و ڕێژنەی فرمێسکەکانمان شەستی بەست و یەکترمان لە ئامێز گرت. بە دەم گریانەوە بۆی باسی بەسەرهاتی خۆی کرد کە چۆن بەبێ تاوان گیراوە، چۆن جەللاد داود شەکیب ئەشکەنجەی داوە (کە ئەشکەنجەگەری منیش بوو)، کە چۆن سووکایەتییان بە بیر و باوەڕی کردووە. ئەوەشی درکاند کە لە یەکەم ڕۆژەوە کە گیراوم و هەڵسوکەوتی وەحشییانەی ئەو پاسدارانەم دیوە، بەڵێنم بە خۆم داوە کە بۆیان دانەشکێنم و دژی ئەو زوڵم و بێدادییانە بوەستمەوە تەنانەت گیانیشم لەسەر دانابێ، ئامادە نیم سەریان بۆ دابنوێنم.

باسکی بۆ هەڵکردم تا شوێنی قامچییەکان ببینم. پشت و جەستەی یەکترمان هەڵدەدایەوە و ئاسەواری ئەشکەنجە و قامچی و تێهەڵدانەکانمان بە یەکتر نیشان دەدا. بە هەنسیک و گریانەوە وەها لە ئازارە هاوبەشەکانمان ڕۆچووبووین، دەتگوت سەت ساڵە یەکتر دەناسین. شیوی شەویان کە بۆ هێنابووین، لەبەر دەرد و گریان لەبیرمان چووبۆوە کە بیخوۆین.

لەو قسانەدا بووین کە لەپڕ دەنگی دەرگای ژوورەکەمان هات، کەسێک دەرگای کردەوە و گوتی:

  • کاتژمێر ١٢ی نیوە شەوە.

یەکترمان لە ئامێز گرتبوو. دەمویست گەرمی کەمەوە. بۆنم پێوە دەکرد، پەنجەکانییم تووند گووشی تا کەمێکی دڵخۆشی دەمەوە بەڵام، دەتگوت لەمێژساڵە دەستەکانی سارد بوونەوە و تینیان لەبەردا نەماوە. خۆش‌خۆش لە ئامێزم دەگرت و بە قسان ورەم دەدایەوە. دڵم هێندەی نەمابوو لە جەستەم بێتە دەر. دیمەنێکی تا بڵێی دڵتەزێن بوو. بە دەنگی بەرز دەمدواند و زیاتر لە ئامێزم وەردێنا و بەرمنەدەدا. داخەکەم لە ئامێزیان دەرهێنام و بردیان و ئیتر نەهاتەوە، نەمدیتەوە تا جارێکی تر بۆنی کەمەوە. ئەو ڕۆییشت و ئەوەی لێی بەجێ ما بۆنێکی خۆشی شەهلایانە و پانتۆڵ و کەوشەکانی بوو.

پاش دوو ڕۆژان منیان بردە ژووری گشتیی. لەوێ هەموو جۆرە کەسێکی لێبوو. قاچاغچی، پیاوکوژ، دز و خەراپە. لەوێ تەختی شەهلایان دا بە من. هەموو دەیانزانی من هاودەمی دواساتەکانی ژیانی شەهلا بووم، دەیانزانی کە من لە دوا چرکەکانی ژیانیدا، بینەری ئەسرین و بزەکانی بووم و من هەنیسکم لە هەنیسکی داوە و شانم وەبەر سەری ناوە.

ئەوەندەی لە زیندان بووم زۆر هاوڕێم بەڕێکردن، ماڵئاواییم دەگەڵ زۆر کەسان کرد بەڵام هیچ ماڵئاواییەکم بەژانتر لەو چەند ساتە کە دەگەڵ شەهلا بووم، نەدیوە. ناتوانم بریقەی چاوە گەشەکانی فەرامۆش بکەم، ئەدی بزە نازەکانی، ئەدی پێستە سپی و ناسکەکانی کە فرمێسک لەسەری، وەک شەونم لەسەر پەلکی گوڵ دەینواند! هیچیان، هیچیان ناتوانم فەرامۆش بکەم. هەنووکەش لەبەر چاومە و دێت و دەچێ چەشنی بووک و وەک تابڵۆیەکی ڕازاوە لە ئاوەزمدا وێنای گرتووە.

لە ناو ژوورە گشتییەکە، پاش تێپەڕبوونی چەند مانگان لە تیرباران کردنی شەهلا هەر باسی بوێری و چاونەترسی شەهلا بوو کە چلۆن بە گژ پاسدارەکاندا دەهاتەوە؟! چۆن جنێو و سووکایەتی بە خومەینی و هەموو پیرۆزییەکانیانی دەدا؟! باسیان دەکرد کە چلۆن کاریگەری لەسەر ئەو ژنە قاتڵ و دز و قاچاغچییانەی ماددە هۆشبەرەکان دانابوو کە نەهێڵن پاسدارەکان کەڵکی نابەجێیان لێ وەرگرن و لەشیان پێ بفرۆشن و لە مافی خۆیان داکۆکی بکەن!

مینوو خانم لە بەشێکی تر لە نووسینەکەیاندا باس لە ڕووداوێک دەکات لە زمان پیرەپیاوێکی وەڕزێر کە مەزراکەی لە پشت زیندانی چووبیندەری قەزوێن بووە. ئەو جوتیارە پیر و دونیادیدەیە، پاشی دوو ڕۆژان بە پرس کردن و گەڕان، ماڵی شەهلا دەدۆزێتەوە و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەیان بۆ دەگێڕێتەوە کە بۆخۆی بینەری بووە. پێاندەڵێ کە:

هێشتا تاو لە ئەستێرەی نەدابوو.  پاسدارەکان کچێک و دوو کوڕیان هێنان بۆ باغەکەی پشتی زیندان. دەست و چاوەکانیان بەستبوون. تووڕەیی و بەتاڵووکەبوونی پاسدارەکان بە ڕوونی پێیانەوە دیار بوو کە دەیانهەویست زوو ئامانجە گڵاوەکەیان بپێکن و کارەکە تەواو کەن. چاویان کردنەوە. تا کچەکە بینەری تیرەباران کردنی کوڕەکان بێ. کچەکەش زیاتر قینئەستوورتر دەبوو زیاتر بە گژ پاسدارەکاندا دەهاتەوە. وای لێهات کە پاسدارەکان پرچی کچەکەیان

گرت و بە ڕاکێشان و تێهەڵدان بردیان بۆ بەردەم دیوارێک تا وەبەر دەستڕێژی فیشەکانی دەن. جەستەی کچەکە پێش ئەوە گوللەبارانی کەن، شەتڵی خوێن و خۆڵ بوو. لە هەموو جەستەی خوێن و خۆڵ تێکەڵ ببوو. بەو شێوە خەمناک و دڵتەزێنە بنەماڵەی شەهلا بیسەری بەسەرهاتی دوا هەناسەکانی کچەکەیان بوون.

بۆ بەیانییەکەی دایک و خوشکی شەهلا دەچن بۆ دادگای ئینقیلاب و حاکمەکە بەوپەڕی ئاسوودەیی، کاخەزەکان هەڵدەداتەوە و دەڵێ: بەڵێ شەهلامان تیرباران کردووە و دەتوانن بچن تەرمەکەی وەرگرنەوە.

بەو چەشنە ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠ کاتێک کە تەرمە پیرۆزەکەی شەهلا وەردەگرنەوە، بنەماڵەکەی بینەری لەشی شەقارشەقار کراو، بە سیغار سووتێنراو، شین و ڕەش بووە و تێکشکاوی شەهلا دەبن، تەنانەت بە قەپپاڵان گۆشتی دەستیان لێکردبۆوە[3] و شوێنی گوشاری دەستبەند بە جومگەیەوە دیار بووە و شوێنی دوو فیشەکیش بە جەستەیەوە بینرابوو، یەکیان لەسەر دڵی و ئەوەتریان لە مێشکی.

زڕدایەگەورەی شەهلا کە دەبێتە دایەگەورەی سیاوەش داداشپوور، لەشە بێگیان و بریندارەکەی شەهلا دەشوات و کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، تەرمە پاک و پیرۆزەکەی شەهلا چەمەن‌ئارای لە گۆڕستانی قەزوێن دەشارنەوە. باوکی کە بە کەسێکی شاد و شۆخ دەناسرا، لەدوای خەمی لەدەستدانی شەهلا تووشی خەمۆکی دەبێت و لەدوای ماوەیەکی کەم، ئەویش لەتاوان دڵی دەتۆقێ و گیان دەدا.

هەواڵی مەرگی شەهلا بە ناجوامێرانتەرین شێوە لە ڕۆژنامەکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرایەوە و بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانی و پێی مەست بووون و ئاوا نووسیبوویان کە:
( ئەندامی کۆمەڵە، لایەنگری دیموکڕات و هۆکاری پالیزبان ئێعدام کرا!!).[4]

با ئەوەش بگوترێ کە ماڵی شەهلا لە قەزوێن لە مزگەوتی جامیع نیزیک بوو. ئیتر هەموو جومعان کە خەڵک لە نوێژی جومعان دەبوونەوە بە درووشمدان بەبەر دەرگای ماڵی شەهلادا دەهاتن و خۆپێشنادانیان دەکرد و درووشمی مەرگ بۆ دژی شۆڕشیان دەدا (مرگ بر ضد انقلاب). تەنانەت ئەو نەخۆشانە بەوەش ئۆخەیان نەدەهاتێ و چەند جارێک کێڵ و بەردی گڵکۆی نەمر شەهلایان شکاند و بێڕێزییان پێ دەکرد.

یادی شەهلا چەمەن‌ئارای بەخێر و یادی هەرمان

نووسین و گردەوەکۆی: مینوو هومەیلی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: ماڵپەڕی نەمران

سپاس بۆ هاوکاری کردنی لاپەڕەکانی هەرمانەکانی سنە (جاودانەهای سنندج)  و لالەکان

گەر دەخوازن دەقی فارسییەکە کە یای مینوو هومەیلی نووسیویەتی بخوێننەوە، کرتە لەسەر ئەو دێڕانە بفەرموون. 

نووسەر: مینوو هومەیلی

تێبینییەکان:

[١] حەسەن ئایەت (٣/٤/١٣١٧ – ١٤/٥/ ١٣٦٠) ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەناویشی دا قانینی ویلایەتی فەقیه. یرواند آبراهامییان سازمانی موجاهیدینی خەڵق بە بەرپرسیاری تێڕۆڕی ئایەت دەزانێ.

[٢] پاسەوانەکەی شەهلا لە کاتی بردنی بۆ بەردەم دادوەر کەسێکی بەنوبانگ بوو بە ناوی محەممەد یەتیم بە بە ڕواڵەت چلوورە فرۆش بوو بەڵام پیاوی نهێنی پاسدارەکان بوو.

[3] لە گێڕانەوەی کاک خزمێکی نەمر شەهلا کە لەبەر هۆی تایبەت ناتوانین ناوی بنووسین.

[4]  ڕۆژنامە ئیتلاعات ژمارەی ١٦٤٩٥ ڕێکەوتی شەممۆ ١٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠

ڕۆژنامە ئیتلاعات ژمارەی ١٦٤٩٥ ڕێکەوتی شەممۆ ١٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠