ڕاگواستنی مووجاهیدەکان لە بەندی (نیسوان) و ڕاگواستنی ئێمە بۆ زیندانی ورمێ.
نووسینی: کەژاڵ بلوری
بەشی پێنجەم
ڕۆژەکان و شەوەکانی بەندیخانە بە هەموو ئازار و دووری و دۆزینەوەی هاوڕێی باش و دڵەڕاوکێ هاوبەندییەکان تێدەپەری. ڕۆژ نەبوو شتێکی تازە ڕووی نەدا. زیندانی تازەیان کەم دێنا بۆ لامان. تەنیا کولانەیەکی کە ئێمەی بە دنگ و باسی دەرەوەی زیندان موتوربە دەکرد، تێلێڤیزیۆنێکی شڕ بوو کە ڕۆژ نەبوو زیندانی نەهێننە سەر شاشەی و لێدوان و و ئیقڕاری درۆیان لێ بڵاو نەکەنەوە. جاروبار فیلمی شەڕی دووی جیهانی بڵاو دەکرایەوە کە ئێمە پارتیزانەکانمان وەکوو پێشمەرگە چاو لێدەکرد و ئەگەر ئەوان سەرکەوتبان لە خۆشیان پێدەکنین و کاتی سەرنەکەوتن دەگریاین. جارێک کچێکی “پەیکار” لە منی پرسی: هۆی چییە کە ئێوە بە سەرکەوتنی لەهێستانییەکان شاگەشکە دەبن؟ گوتم: ڕۆژێک وڵامت دەدەمەوە. ئەو ڕۆژە دوایین ڕۆژم بوو لە بەندیخانەی تەورێز کە کاتی ماڵئاوایی لە گۆیچکەیدا گوتم:
(سەرکەوتنی پارتیزانەکانی لە ڕێی ئازادی وڵات، بۆ ئێمەچەشنی سەرکەوتنی پێشمەرگەیە بۆ کوردستان) و سۆێندم دا ئەوە وەک ڕازێکی نهێنی لای خۆی ڕایگرێ. دوای چەند ساڵ بیستم دوای ڕۆیشتنی ئێمە ئەویش بە دیتنی ئەو فیلمە شاگەشکە دەبوو و من زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەو نهێنییەی بەکەس نەگوتبوو.
ڕۆژێک بەیانی زوو کە هێشتا کەس لە خەو هەڵنەستابوو گوێم لە هەنیسکەی گریانێک بوو. گۆیچکەم ڕاگرت تا بزانم لە کوێ ڕا دێ؟ دیم دایە زارا لە بن لێفەکەیدا دەگری و هەول دەدا کەس تێینەگا. بە ئەسپایی پەتویەکەم لادا، دیتم چاوی سوور بۆتەوە، جەرگم ژانی کرد، وامزانی بۆ نەسرین کچی گیانبەختکردووی شین دەگێڕێ، توند لە باوەشم کرد و لە گەڵی گریام. دەمەویست خەمەکەی لە بیر بەرمەوە
گوتم: دایە زارا نوێژت کردووە؟
گوتی: ویستم دەستنوێژ بشۆم، کچێکی مووجاهید پاڵی پێوەنام و پێیگوتم: تۆ پیسی لێمان دووربەوە.
پرسیم: ناوی چییە؟
گوتی: نازانم.
خوێنم وەجۆش هات. ئەوان دەیانزانی دایە زارا جەرگی سووتاوە، تازە هەواڵی گیانبەختکردنی کچەکەی بۆ هاتووە، چۆن دڵیان هاتووە ئازاری بدەن؟ یەکێک لە کچەکانم هەستاند و پێمگوت کە چ قەوماوە. ئەویش زۆر توورە بوو. دەمپاییەکانمان لە پێ کردوو هەڵاتینە لای مووجاهیدەکان. هێندە تووڕە بووین ئاگامان لەخۆمان نەمابوو. دوایی زانیمانکە دەنگمان هێندە بەرز بوو کە هەموو لەخەو هەستاون. پرسیمان کێ پاڵی بە دایە زارایەوە ناوە؟ کەس خۆی نەکردە سێحەب! بەردەمۆرەکانیان لەسەر بەڕماڵە ڕاخڕاوەکان بوون و بە تووڕەیی شەقمان لێدان لەو کاتەدا هەموو کچەکان هاتنە خوار و ئیتر بەندکە بە تەواوی شێوا. لە ترسان کەس زاری هەڵنەپچڕی کە کێ پاڵی بەدایە زاراوە ناوە. بە دەنگە دەنگی ئێمە پاسەوانەکان هاتن و ڕق و پێداگریی ئێمەیان دیت. پرسییان چی بووە؟ کەس وڵامی نەداوە ئێمە تووڕەیی خۆمان دەربڕی و ئەوانیش زانیان کارەکەیان هەڵە بوو. دوو سێ رۆژ دوای ئەو کارەساتە مووجاهیدەکانییان بردە بەندێکی دیکە و بۆ ماوەیەکی کورت حەساینەوە.
ڕۆژێک کە بنەماڵەکەم هاتن بۆ ملاقات، دایکم گوتی: لەمێژە لێرە ڕاوەستاوین تا ملاقاتی هەر دووکتانمان بدەنێ. هەموو جەستەم وەلەرزین کەوت، کێ گیراوە؟ گوتی ئامینیان لە نەخۆشخانە گرتووە و ئێستا ئەویش لە زیندانی ئێرەیە. گوتم نا لێرە نییە. ئەو هەواڵە زەربەیەکی گەورەی تر بوو کە لە ڕۆحی هەموو ئەندامانی بنەماڵەمان دەکەوت بەتایبەت بۆ من کە لە بەندیخانە بووم. بۆ وا لە بنەماڵەی ئێمە دەکەن؟ ئاخر ئێمە چ تاوانێکمان کردووە کە وا ئازار دەدرێین؟ ئەو ڕۆژە نەیانتوانیبوو خوشکم ببینن.
ماڵئاوایی کردن ناخۆشترین بەشی بوون لە بەندیخانەیە. تا دێی لەو جێگەیە خۆت بگونجێنی بۆ جێیەکیتر دەگۆازرایەوە، جێگایەک کە پێت ناڵێن کوێیە و تا دەگەیە ئەوێ دڵەڕاوەکێ و نادیاری، هەناسەت لێ دەبڕێ! من، پەریزاد مورادی و خ.م یان سواری پاتڕۆلێک کردین. پرسیمان بۆ کوێمان دەبن؟ گوتیان دوایی خۆتان دەزانن. دوو پیاو کە یەکیان پاسەوان بوو و چەکی پێ بوو ئەوی دیکەش ماشێنی لێدەخووڕی. لە زۆر شاران تێپەڕین و کە چاومان کردەوە لەسەر تابڵۆیەک نووسڕابوو (ارومیە) دڵمان خۆش بوو کە دەچینەوە سابڵاغێ، بەڵام بەرەو ورمێ ڕۆیی گەیشتینە بەر ساختوومانییەکی گەورە کە نووسرا بوو (زندان سپاە پاسداران) چاویان بەستین و بێ هیچ قسەیەک بەدووای خۆیان دا ڕایان کێشاین. کاتێک چاویان کردمەوە خۆم لە ناو ژووری تاکە کەسی دا دیتەوە. دیسان ترس و خۆف. دیسان ئەشکەنجەیەکی تر. دیسان دونیای نابەڵەدی. ژوورەکانی ئێرە وەکوو تاکەکەسی مەهاباد نەدەچوون، دیوارەکانی زۆر بەرز و ئەستوور بوو، درگاکەی پان بوو بڕێکیش گەورەتر بوو، ماوەیەک لەوێ بووم.
جارێک چاوم بە نەرمین کەریمی کەوت کە ئەویش لەوێ بوو. چەند ڕۆژێک تێپەر بوو هەر سێکمانیان بانگ کردە ژوورێک و داوایان لێ کردین مووساحیبەی تێلێڤیزیۆنی بکەین. هەر سێکمان گوتمان ئێمە ناتوانین و زۆرمان بێانوو هێناوە. دووبارە بردیانینەوە ژووری تاکەکەسی. گوتیان ئەگەر مووساحیبە بکەین یا بڕۆینەوە شار لە مەدرەسەکان بۆ خەڵک قسە بکەین ئازادمان دەکەن. هەموو جارێ وڵامەکە نا بوو. هەڕەشەیان لێ کردین ئەگەر بەقسەیان نەکەین لێماندەدەن و ئەشکەنجەی رووحی زۆرمان دەدەن. من گوتم: حوکمی من دراوە و لێمگەڕێن با حوکمەکەم بکێشم. هەڵە نەبم دوو حەوتوو تێپەری بوو ئێوارێکی درەنگ چاویان بەستم و کاتێک چاوم کردەوە خۆم لە جێگایەکی سەیر دیت کە بۆم زۆر نامۆ بوو، ئەو جێگایە بەندی قاتڵ و دزەکان و مووعتادەکان بوو. ژنێکی ئەردەبێلی کە جلێکی زۆر سەیری لە بەردا بوو لەچکێکی وەکوو گێلگێلەی کوردی لەسەر بوو و کراسەکەی سێ چوار چین و گنجی هەبوو، چاوەکانی سوور و دەرپەڕیو بوو و لەخۆڕا خۆفت لێدەکرد. کاتی ناساندنی وتیان سەری مێردەکەی بە تەورداس بڕیوە ئەوانی دیکەش یان کەسیان کوشتبوو یان مادەی هۆشبەریان فرۆشتبوو، یان کێشابوو. جێگایەکی سەیر و عەجایب بوو! هەموو وڵات پیس بوو، ژنەکان بەدەنگی بەرز قسەیان دەکرد، قالۆچە و مێروولە لەسەر عەرز و دیوارەکان بەئاسایی ڕێچکەیان بەستبوو و ڕێژەیان دەدا. بۆنی پیسی ئەو بەندە وەکوو بۆنی زێراب دەچوو. ترسێکی زۆر تەواوی جەستەی داگرتم. وتم بۆمنتان هێناوەتە ئێرە؟ (خواهر زێنب) گوتی: بۆ ئەوەی تەنبێ بیت. لە دڵی خۆمدا گوتم ئاسایی دەبێتەوە و ئێرەش کۆتایی پێ دێ.
شەو هات و گوتیان کاتی خەوە. هەموو تەختەکان پڕ بوون دووپەتوویان دامێ گوتیان لەسەرعەرز بخەوە. عەرزەکە هەموو تەڕ بوو بۆنی برشی لێدەهات و زۆر رەق بوو. هەموو وڵات تاریک بوو تازە خەوم لێکەوت بوو بە بۆنی دووکەڵی تووندی سیگار وەخەبەر هاتم. کاتێک چاوم کردەوە لە تاریک و روونی ناو بەند چاوم بە دوو کەس کەوت کە لە بن سەرم دانیشتوون و جگەرە دەکێشن و ورتەورتیان دانابۆوە. هێندە ترسابووم گوێم لە دەنگی لێدانی دڵی خۆم دەبوویەوە. زانیم ئەوەش جۆرێک ئەشکەنجەیە و بۆ ئازاردانم ئەو کارە دەکەن. بە ئەسپایی هەستام و بەو زمانە عەجەمییە شل و شەوێقەم کە فێری ببووم لێیان تووڕە بووم و پرسیم بۆ وا دەکەن؟ هەر چاویان لێ دەکردم و پێم پێدەکەنین. پێکەنینەکەیان زۆر ژەهراوی بوو تا تاریک و ڕوونی بەیانی هەر بەخەبەر بوون، دووایی نووستن منیش بڕێک نووستم و بە دەنگە دەنگی ژنەکانی دیکە هەستام.
نیزیکی مانگێک لەو زیندانە سەیرەدا بووم و ئەشکەنجەی ڕووحی زۆر درام، هەستم بە کەم بوون دەکرد هەموو شتەکانم دوای دوو ڕۆژ دزڕان تەنانەت دەفتەرێک کە بیرەوەریم تێدا دەنووسی دڕا بوو و لە سووچێک فڕێدرابوو. بەو شێوە چۆار حەوتوو تێپەڕی هەستم بە سووکایەتێکی زۆر دەکرد من کەسێکی سیاسی بووم بۆ دەبێ لەگەڵ قاچاقچی و دز و قاتڵ لە بەندێک دابم؟ (ئێستا وابیر ناکەمەوە)
دوای مانگێک بردیانمە بەندی (نییەسۆانی) دەریای ورمێ. لەوێ زۆر ئاشنام دیت و هێندە دڵخۆش بووم شاگەشکە ببووم کە هاتوومەتەوە بەندی سیاسێکان. دڵخۆشییەکەم هێندەی نەخایاند کە دوای پرسینی وەی کە کێ ئازاد بووە؟ کێ لێرەیە؟ هەواڵی گووللەبارانی مەعسووم سەرهەنگی، نەسرین پاکنیا، سەفیە محەمەدی و مرێمی فارووقیان پێدام. گوتیان چەند مانگە لە نێوماندا نەماون. هەواڵی ناخۆش لە زیندان زۆر بوو بەڵام، ئەو هەواڵە هەناسەی لێ بڕیم. ئەو کۆمەڵە کچەی لەگەڵ یەک بووین هەمووی یەکترمان دەناسی و هاوتەمەن بووین، دڵساف و جۆان و پڕ لە ئاوات. ئاخر رژیمی سێدارە تۆ بە چ حەقێک و بە چ تاوانییەک ئەوانەت گووللەباران کردووە؟ هەی تەخت وبەختت وەڕگەڕێ، تاوانیان تەنیا ئەوەبوو کە حەولیان دەدا ژیانییەکی پڕ لە بەختەوەری بۆ وڵات وخەڵکەکەمان بەدی بێت؟ سەر و گیان و ماڵ و بنەماڵەیان دانا بۆ ڕزگاری خەڵک، بۆ خەبات بە دژی داگیرکەر و نەزانی. دڵیان پڕبوو لە هیوا و هومێد و هەزاران ئارەزووی پێنەگەیشتوو. کچەکان بۆیان گێڕامەوە چۆن بەرەو پیری مەرگ چوون سەریان بەرز بوو، دڵیان گەورە بوو، بریا زانیبام کە کاتی بەڕێکردنمان بۆ تەورێز ئەوە ئاخرین دیدارمان دەبێ. لەگەڵ پۆلێک لە کچەکان شینمان گێڕا و زۆرمان بیرەوەری گێڕایەوە. ئەوان جاڕێک ڕۆیشتن و لە نێوماندا نەمان بەڵام، ئێمە زیندوو بووین و ڕۆژێ هەزار جار رووح و ڕەوانمان دەمرد. زۆر جاران ئارەزوومان دەخواست بمرین، نەمان خۆشتر بوو لەو ژیانەی کە هەموو کات بەهەر شێوەیەک ئازارت دەدەن. (پرشەنگ بلوری لەبیرەوەرێک دا باسی ئەو ڕۆژەی کردووە کە چۆن چوار ئەستێرەی گەشیان بۆ گووللە باران بردووە).
لە بەندیخانەی ورمێ جێگایەکی تازە و خەڵکانێکی تازەم ناسی. مووجاهیدەکان لێرە هێندە باش و مێهرەبان بوون کە نەتدەتوانی باوەڕ بکەی! ئیدئۆلۆژی و بیرو بڕوا بە سەر ژیان و ئەخلاق و کرداریاندا زاڵە یا بنەماڵە وای پەروەردە کردوون؟ یان هەڵکەوتنی ورمێ لە نیزیکی شارە کوردییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە لەوێ کوردەکان بە جۆرێکی دیکە ببینن؟ لەگەڵ کچە مووجاهیدەکانی ورمێ پەیوەندیمان زۆر خۆش بوو تەنانەت وای لێهاتبوو کاتی ئازادبوونیشمان هەر پێوەندیمان بەیەکەوە هەبوو.
لەو کاتە دا بڕێک کەسیان ساز کردبوو کە دانپێدانانی تێلێڤیزیۆنی بکەن و تاقولۆقیش چوونەوە شارەکان و لە مەدرەسەکان قسەیان بۆ قوتابییەکان کرد کە خەڵک دەیانزانی بە زۆری و بە هەڕەشە هێناویانن. بەندیخانەی دەریای ورمێ لەگەڵ تەورێز چەند جیاوازی هەبوو!؟ هەموو بەیەکەوە بوون، دۆعای کوومێل نەبوو، هەرکەس نۆێژی دەکرد بۆخۆی ئارام لە گۆشەیەک دۆعا و نۆێژی خۆی دەکرد. چەپ و مووجاهید جیاوازی نەبوو. بۆ بنەماڵەکان زۆر دوور نەبوو. لێرە هەستت دەکرد تەنیا یەک دوژمنت هەیە بەڵام لە تەورێز نەتدەزانی دووژمنی سەرەکی تۆ کێیە؟؟؟ سێ ژووری گەورە پڕ بوو لە کچانی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ١٤-١٨بوون. هەموو جۆرێکی تێدابوو . هەر یەک لەو کچانە بەسەرهات و بیرەوەری تایبەتی خۆیان هەیە.
درێژەی هەیە