کۆتاییەکانی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی بوو، بۆنی بەهار و هاتنی ساڵی تازە خەڵکی دڵخـۆش کردبوو، کە زستانی سارد و دڵ ڕەق جێ خۆی دەدات بە وەرزی بەهار، خەڵـک خۆیان تەیار دەکرد تا بەرەوپیری بەهاری جوان و ڕازاوە بچن، سەرئەنجام بەهار هات، بەهاری ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی (ساڵێک کە بیرەوەرێکەی هەتا هەتایی وەک خەنجەرێک کە لە دڵی مەهاباد و خەڵکی مەهاباد چەقیبێ ئازار دەدات و برینێک وەبیر دێنێتەوە کە هەنووکەش لە دڵی بنەماڵەی قوربانیانی جنایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەتەوە)
هەڵبەت دەبێ ئەوش بڵێم کە وەرزی بەهار لە کوردستان، هەمووکات بە جێگەی گوڵ و شکـۆفە، بارانی تۆپ و گوللە و بۆنی باڕووت و ترس و دڵەڕاوکە میوانی خەڵکی کوردستان بووە و هەیە، تاریک پەرستان و شەمشەمەکوێرەکانی چەوسێنەر هەموو کات لە بۆسەی ڕاوی ئاسک و مامزی کورد (گەنج و لاوانی کورد) دان.
بە هاتنی وەرزی بەهار، تاریک پەرستان کەوتنە جموجۆڵ. گەشتەکانی ساڕووڵلا وەها کەوتبوونە جموجۆڵی ڕاو کە دەتگوت ئەو خوێنمژانە تینوون بە خوێنی لاوانی ئەو مەڵبەندە، بە درێژایی زستانی سارد و سەهۆڵبەندانی مەهاباد، لە ڕاوی گەنج و لاوان سەرکەوتوو نەبوون.
ترس و دڵەڕاوکە هەموو مەهابادی داگرتبوو، گەنج و لاوەکان دەستبەسەر دەکرێن و سواری پاترۆڵ دەیانگۆزنەوە بۆ کوشتارگە و سیاچاڵەکانیان.
ساڵی نوێی هەتاوی و ئەو نەورۆزە بەدشومە چەند ڕۆژی لێ تێپەر بوبوو، دەچمەوە ماڵەوە و لەگەڵ بنەماڵەکەم پارۆ نانێکی وەک خواردنی شەو دەخوم، دوا بە دوای خواردنی شەوێ هەر کامێک لە ئەندامانی بنەماڵە لە سووچی تەنیایی خۆمان ڕۆدەنیشتین و چووین لە خەیاڵ و بیری خۆمانەوە. هەستێکی ناخۆش و ترسێنەر چوارچێوەی ماڵێ داگرتبوو، دەتگوت ڕووداوێکی دڵ هەژێن و ناخۆش ڕوو دەدات. کاتی نووستن و خەو کە هات، هەر کامێکمان سەرمان لە سەر سەنیر دانا و خەومان لێ کەوت.
بیرم لە بار و دۆخی زاڵ بە سەر شار دەکردەوە کە چلۆن ڕۆژێک پێشتر لە ناو شەقامەکان چەند گەنج و لاوی بێ تاوان دەستبەسەر کراون، هەر کە چوو بووم لە ناو ئەو خەیاڵ و بیرۆکانە خەوم لێ کەوت، ئەو شەوە مانگ و ئەستێرەش خۆیان لە پشت هەوری ڕەش مات دابوو، لە خەو دابووم کە لە ناکاو دەنگێکی بڵیندم بە گۆی گەیشت، وەخەبەر هاتم دەنگی گریان و لالکەی دایکم بوو، ئەو نیوەشەوە تاریک پەرەستانی نەزان و دواکەتوو لە سەربانی ماڵی ئێمەوە هاتبوونە ناو ماڵ. دایکم کە لە ژووری پێشەوە خەوتبوو هەستی کرد و بە چاو دیتی کە چەند کەس هاتبوونە ماڵی ئێمە، ترسا بوو و هاواری دەکرد و ئەوانیش هەڕەشەیان لێ کرد کە بێ دەنگ بێت، لە ژووری من دەگەران دوو کەسییان هاتنە سەر سەرم و بانگی منیان کرد ڕەحیم؟ منیش کە شڵەژابووم وڵامم داوە من ڕەحیمم، گووتیان هەستە جلەکانت لەبەر بکە، بە هەر دووکیان دەستیان گرتم و بەدوای خۆیان دا ڕایانکێشام، کە هاتم لە گەڵێیان وەدەر کەوم، دایک و بابمم دیت کە لە سوچێکی ژوورەکە چاو بە گریان لەبەریان دەپاڕانەوە کە من لەگەڵ خۆیان نەبن بەڵام چ سوودی نەبوو بێجگە لە بێ حورمەتی و هەرشە و گوڕەشە، هیچییان بۆ گوتن پێ نەبوو، جل و بەرگەکانم لە بەر کرد، بە تەمابووم لە دەستیان ڕابکەم، چاوەڕوانی دەرفەتێک بووم کە ڕاکەم، لە پڕ دەستم کە گرتبوویان، لە دەستییان دەرهێنا و بۆ لای حەسار ڕام کرد، ناو حەسار و سەر سەربانی ماڵمان پڕ بوو لە پاسدار بە جلی سەوز کە هەموویان بە تێکرایی لولەی چەکەکانیان ڕوو لە من کردبوو، چارەم نەبوو، دەبوایە خۆم ڕادەستیان کردبا.
لە ماڵ هاتینە دەرەوە، لە سەر شەقامی نزیک ماڵی ئێمە ماشێنێکی توویتای لێ بوو کە پڕ بوو لە پاسدار، پاتڕۆڵێکیشی لێ بوو کە چەند کەس لە ناوی دابوون. یەکێکیانم ناسی جیرانمان بوو، زوو چاوەکانیان بەستم و لە ناو پاتڕۆلەکەیان خستم، پاش کەمێک پاتڕۆڵەکە ڕێ کەوت، لەو کەسەیان کە دیتبووم و جیرانمان بوو پرسیار کرد لە کۆێیە؟ ئەویش ئادرەسێکی پێ گووتن کە لەپڕ واقێکم برد، ئادرەسی ماڵی براکەم قادر بوو، ئەو کات دەتگوت دونیا بۆ من تەواو بووه
نەمر قادر بایەزیدی مامۆستای قوتابخانە بوو و لە ئاوایی ئاختەتەر سەر بە شاری بۆکان و هەروەها لە مەهاباد خزمەتی بە مناڵانی کوردستان دەکرد، ناوبراو لە ساڵی ۱۳۳۱ هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی چاوی بە دونیا هەڵێنا. مناڵی گەوەرە بنەماڵەکەیان بوو و خۆشەویستی دایک و باوک و خوشک و براکانی بوو. پاش تەواو بوونی پۆلی کۆتایی خوێندن لە ئیدارەی پەروەردە و فێربوون دامەزرا و بوو بە مامۆستا لە ناوچەکانی هەژاری کوردستان خزمەتی بە مناڵانی بێبەش لە خۆشی و چاوگەشی کوردستان دەکرد، ناوبراو پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی نیگریسی ئاخوندەکان، زەماوەند دەکات و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیری سێ کوڕ دەبێت. قادر بایەزیدی نەک تەنیا باوکێکی دڵسۆز بۆ مناڵەکانی بوو بەڵکوو، هاوسەرێکی بەوەفا و هەروەها برایەکی دڵسۆز بۆ خوشک و براکانی بوو. بە شایەدی هاوڕیانی، بە تایبەت ئەوانەی بە خۆشییەوە لە دونیادا ماون، دۆستێکی ڕاستگۆ و خۆشەویستی پۆلی هاوڕیانی بوو.
سەرەتاکانی بەهاری ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی لە کاتی نیوەشەودا هێرشییان بردە سەر ماڵی نەمر قادر بایەزیدی و لەبەر چاوی هاوسەرەکەی و مناڵە کەمتەمەنەکانی دەستبەسەری دەکن. ماڵباتی ناوبراو چەند مانگ هیچ چەشنە ئاگادارییەکیان لە خۆی و براکەی ڕەحیم نەبوو. زیاتری ئەو گیراوانەی کە دەستبەسەر دەکران دەیانبردن بۆ بەندی گشتی گرتووخانە بەڵام، نەمر قادر بایەزیدی بە هۆی ئەوەی کە دانی بەو تۆمەتانە نەنابوو کە بە سەریاندا سەپاندبوو، لە ژووری تاکەکەسی و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بوو.
ئەو کات کە لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد بە تەما بوون ئەو دەستبەسەر کراوانە دان بە تۆمەتەکانیان بێنن، قادر بایەزیدی وەک ئاخر کەس هات و گوتی کە:
من بێ تاوانم و تەنیا من وەک لایەنگر بووم،
هەر لە شۆێنی دانپێدانان ئەشکەنجەگەر (قاسم سەللاخ) هەرەشەی لێ دەکات کە ئەگەر دان بە تۆمەتەکانی نەهێنێ ئازاری پتری دەدات و تەنانەت سەری دەبرێ!
دووبارە ناوبراو دەبەنەوە ژووری تاکەکەسی گرتووخانە و ئەگەر چی قادر بایەزیدی نەخۆشی دڵی هەبوو و نەشتەرگەری کراوەی دڵی بۆ کرابوو ئەشکەنجەدەرەکانی ڕێژیم بێ هیچ چەشنە ڕوحم و بەزییەک و بێ ڕەچاو کردنی دۆخی سڵامەتی ناوبراو ئازاری جەستەییان دەدا، شێوازی مەحکەمەی قادر بایەزیدی وەک گیراوەکانی دیکە لە لایان قازی شەرع خەڵخالی بە ئەنجام گەیشت، لە چەند چرکەدا حوکمی ئەو کەسانەی دەستبەسەر کرابوون پێیان ڕادەگەیاندن، تەنانت کورسی وەک جێ دانیشتن بۆیان دابین نەکرابوو، تەنەکە جێ نەوتێک داندرابوو کە لەوێ دادەنیشتن و حوکمی لە سێدارەدانیان پێ ڕادەگەیاندن بێ ئەوەی کە ئیزنی قسە کردن یا بەرگری کردن لە خۆیان هەبێ.
بنەماڵەی نەمر قادر بایەزیدی وەک زۆربەی ماڵباتی گیراوەکان بە ڕۆژ دەچوونە پێش دەرگای گرتووخانە و بە دوای هەواڵێک لە کەس و کارەکانیان دەکەوتن، بەشێکی زۆر لە گیراوەکان گوێزراونەوە بۆ گرتووخانەی ورمێ، قادر بایەزیدیش لەو گیراوانە بوو کە بۆ گرتووخانەی ورمێ گوێزرایەوە، بنەماڵەی ناوبراو هەر لەوێ بە پێی ڕاپۆڕتێکی (دوکتور شەیخ) کە لە تاران وەریانگرتبوو، ئێزنیان پێ درا کە بۆ چەند خولەک چاویان پێی بکەوێ، ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە بە ڕوخساری ناوبراو دیار بوو، هەر لەو چاوپێکەوتنەدا نووسراوەیەک کە لەگەڵ گیراوانی دیکە نووسیبوویان و لەوی دا ئاماژەیان بە بێتاوانبوونی خۆیان کردبوو و هەموو واژۆیان کردبوو بە دەست بنەماڵەکەی گەیاند. ناوەرۆکی نووسراوەکە کە زۆر گرینگ و پڕبایەخ بوو ئەوە بوو کە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دانیان بەو تۆمەتانە داناوە کە بەسەریاندا سەپاندبوون.
ئەو شەوەی کە بێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان گیراوەکانیان لە ورمێ بۆ تەورێز گۆاستبووە کەسێک کە دواتر ڕوون بووە یەک لەو پاسەوانانەی گرتووخانەی ورمێیە، نووسراوەیەک کە لە لایان قادر بایەزیدی نووسرابوو گەیشتە دەست بنەماڵەکەی کە نووسیبووی ئێمە بۆ جێبەجی کردنی حوکمی لە سێدارەدانمان دەمانبەن بۆ تەورێز و زوو خۆتان بگەینە ئێمە.
هەر ئەو شەوە لە لایان بنەماڵەی قادر بایەزیدی ماڵباتی گیراوەکانی دیکە ئاگادار کرانەوە و بڕیاریان دا کە بەیانی زوو لە پێش دەرگای (خانەی جوانان)کۆ دەبنەوە.
ئەو گیراوانەی کە بەڵێن دراوە ببەن بۆ تەورێز ناویان نووسیون و بە بنەماڵەکانیان ڕادەگەینن، هەر ئەو ڕۆژە ماڵباتی گیراوەکان چوون بۆ تەورێز، تەنیا کەسێک لە سێدارە نەدرابوو ئەویش یایەک بوو. [ناوی ئەو یایە لای ماڵپەڕی نمران پارێزراوە] ئیزنی چاوپێکەوتنیان دا بە بنەماڵەکەی و بە ئەوانی دیکەیان گوت کە بچن بۆ گۆڕستانی (وادی رحمت)ـی تەورێز.
بنەماڵەکانی گیراوەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی و بە تێکرایی بەردیان بە دەرگای گرتووخانە دادەدا، پاسدارەکان پێشیان پێ گرتن و هەموویان گرتن و سێ کەسییان لێ دەستبەسەر کردن و هەرەشەیان کرد کە ئەگەر ئێرە چۆل نەکەن ئەو سێ کەسەش لە سێدارە دەدەن، هیچ کەس ئەوێی جێ نەهێشت و هەموو مانەوە، باوەریان نەدەکرد ئاوا بە زوویی ئەو گیراوانە لە سێدارە درابن.
لە چایخانەیەکی بەرانبەر بە گرتووخانە دانیشتبوون کە کەسێک بە جلی نیزامی و بە زاراوەی کوردی سنەیی قسەی دەکرد هات بۆ لایان. پێی گووتن تەنیا هاتووە لەگەڵ دوو کەس قسان بکا، دایک و برای نەمر قادر بایەزیدی لەگەڵی ڕێ کەوتن و لەوانی دیکە دوور کەوتنەوە، ئەو کەسە سوێندی بۆ خواردن کە خۆی دیتوویەتی کە گیراوەکان کە ئەژماریان ۳۳ کەس بوون لە سێدارە دراون، پێی گووتن کە لە ناو گیراوەکان گەنجێک کە تەمەنی لە ئەوانی دیکە کەمتر بوو لە پێشەوە بوو کە سروودی ئەی رەقیبی دەخوێندەوە بەو ئاماژانەی کە کردی ئەو لاوە نەترسە (نەجات ماملێ)بووە، هەروەها گوتی کە کەسێکی دیکە کە نەشتەرگری دڵی بۆ کرابوو و نەیدەتوانی لە سەر پێ ڕابوەستێ و دەستییان گرتبوو،(قادر بایەزیدی) و کەسێکی کە باڵابەرز بوو(قادر کاکەمەمی). لە کۆتایی دا ئەو کەسە گوتی کە چیدیکە تاقەتی نەماوە و ئەوە ئاخر دیداری لەگەڵ ئەوان دەبێت و دەبێت بە پێشمەرگە و دەچێ بۆ ناو حیزبی دێموکرات بەو ئاماژانەی کە ئەو کەسە کردی ڕوون بووە کە شەوێک پێش، هەر هەموویان لە سێدارە دراون. ئەندامانی بنەماڵەی لە سێدارەدراوان بە تێکرایی شەوێ لە ناو ئۆتوبووس مانەوە و بۆ بەیانی چوونەوە پێش دەرگای گرتووخانە و داوایان کرد کە ئەو سێ کەسەی کە بە بارمتە ڕۆژێک پێش گرتبوویانن وەرگرنەوە، دەستەبەریان لێ ئەستاندن و لە هەر یەک لە کەس و کاری لە سێدارەدراوەکان داوا کرا کە بۆ وەرگرتنی کەلوپەلی قوربانییەکان بچنە ناو گرتووخانە.
کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بنەماڵەکان بە تێکرایی ڕێ کەوتن بۆ لای مەزارگەی وادی ڕەحمەتی تەورێز، باوەڕیان نەدەکرد کە ئازیزەکانیان لە ناو ئەو گۆڕانە دا بە خاک ئەسپێردراون.
پێویستە ئەوەش باس بکەم ڕێژیمی ئێران پاش لە سێدارە دانی ئەو ۳۳ کەسە بێ تاوانە بنەماڵەکانیشیانی هەر ئازار دا و تەنانەت ئیزنی پرسە و سەرەخۆشی بە هەرشە کردن پێ نەدان، پاش ۳۷ ساڵ لە تێپەربوونی ئەو کارەساتە دڵهەژێنە هەنووکەش ڕێژیم بە تەمایە ئەو ڕووداوە لە بیر بکرێ و ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە بسرێتەوە و ئیزن بە بنەماڵەکانیان نادات کە کێڵ و بەردی گۆرەکان نۆژن بکەنەوە تا بەڵکوو ئاسەوار و ناوی ئەو نەمرانە پاک ببێتەوە و دیار نەبێ.
نە لێیان خۆش دەبین نە لە بیری دەکەین
ئەو نووسراوەیە بەسەرهاتێکی کورتە کە لە لایان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو پەڕی جنایەت و سەرەڕوویی لە ئاست بنەماڵەی قادر بایەزیدی و هەروەها چەند بنەماڵەی بێ گوناحی دیکەی مەهابادی ڕووی دا، دیارە زۆر بابەت لەو ڕووداوەدا کە ڕووی دا هێندە دڵتەزێن و ناخ هەژێنە بە زمان نایەت بەڵام، دەبێت بۆ ڕوون کردنەوەی ڕاستییەکانی ئەو تڕاژێدی و کارەساتە کە ڕێژیمی تاریک پەرەست و دەسەڵاتدارانی کۆماری پەت و سێدارە بە ئەنجامی گەیاندووە دەبێ بنووسین و باسی لێ بکەین و بێدەنگی بشکێنین.
نووسینی: خەبات بایەزیدی کوڕی نەمر قادر بایەزیدی
بەشێک لە وێنە یادگارییەکانی مامۆستای نەمر عەبدولقادر بایەزیدی