رۆژی ٧ی خەرمانانی ساڵی١٣٥٩ی هه‌تاوی كۆماری ئیسلامی ئێران دوو كچی كوردی شاری سه‌قزیان له زیندانی سنه ئێعدام كرد. تاوانی ئه‌و دوو كچه كورده تیماركردنی برینی مرۆڤ بوو. نه‌مران “شه‌هلا و نه‌سرین كعبی” نهخۆشیاربوون و كاری ئه‌وان پێڕاگەییشتن و تیماركردنی خه‌ڵكی زامدار بوو. له یاسای نهخۆشیارانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هاتووە كه وه‌ک پڕه‌نسیپی نه‌خۆشیاری هه‌موو بریندارێک، ته‌نانه‌ت گەر سه‌ر به نهیارهكهشت بێ، ده‌بێ تیمار بكرێ. تاوانی نه‌مران شه‌هلا و نه‌سرین كعبی تیماركردنی خه‌ڵکانێک بووە کە له ئاكامی هێرشه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر كوردستان، بە فیشەک و بۆمبی ئەو ڕژێمە بریندار ببوون!
دوای هێرشی هەمەلایەنەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر كوردستان له پائیزی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی، گوشارەکان لەسەر ئەو دو خوشکە قارەمانە زیادیان کرد و دوورخستنەوەی زۆرەملییان بەسەردا سەپاندن. نەمر شەهلا کەعبییان بۆ شاری قەزوێن و نەمر نەسرین کەعبییان بۆ شاری ماهان لە کرمان ڕاگواست.
له به‌هاری ساڵی ١٣٥٩دا و به دوای وتووێژ و ڕێككه‌وتنی نۆێنه‌رانی خه‌ڵكی كورد لەگه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، وێڕای دوورخراوهكانیتر گه‌ڕانه‌وه كوردستان. هه‌رچه‌ند شاره‌كانی سه‌قز، سنه و چه‌ند شاری دیكه‌ی كوردستانیش كه‌وتبوونه ده‌ستی كۆماری ئیسلامی ئێران کەچی جارێکی تر له ٢٤ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٥٩ی هه‌تاوی نه‌مران شه‌هلا و نه‌سرین كعبی ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كرێن و له زیندانه‌كانی سه‌قز، سنه و زیندانی “ئێوین”ی تاران بۆ سێ مانگ زیندانی ده‌كرێن. مخابن کە له شه‌وی ٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ی هه‌تاوی كاتژمێر٤:٣٠ شه‌و له زیندانی پادگانی شاری سنه ئێعدام ده‌كرێن.
حوكمی ئێعدامی ئه‌و نه‌مرانه‌ش چەشنی هەموو قوربانیانی دەەستی ئەو ڕژێمە به‌بێ دادگایی کردنێکی عادڵانە و مافی داکۆکیکردن لە خۆیان بەڕێوە چوو. یه‌ك له هاوزیندانیانی ئه‌و نه‌مرانه كاتی له‌سێداره‌دانی ئه‌و دوو یایە قارەمانە، ئاوا ده‌گێڕێته‌وە:
( شەو درەنگانێک پاسدارە زیندانوانەکە به بێ هیچ روونكردنهوهیهکی پێشوەخت، نه‌مران نه‌سرین و خوشكه گه‌وره‌كه‌ی شه‌هلای به ده‌ست به‌ستراوی له زیندان ده‌به‌نه ده‌ڕێ و پشت له دیوار ڕایان ده‌گرن. کاتێک دەیانهەوێ تیرەبارانیان بکەن پاسدارێک دوو په‌ڕۆی ڕه‌ش بۆ چاوبه‌ستنی چاوی ئه‌و دوو نه‌مره دێنێ. نەمر نەسرین دەڵێ:
من نامهەوێ چاوەکانمم ببەستن.
شەهلا: من دەمهەوێ؛ چاوم ببەستن.
مەئموری بەڕێوەبردنی ئێعدامەکە بە تیزەوە ڕوو لە نەمر شەهلا دەکات و پێیدەڵێ: ئه‌وه تۆ ده‌ترسی کە دەتهەوێ چاوەکانت ببەستن؟
شەهلا: نا، خیاڵت خاوە، من نامهەوێ مه‌رگی خۆشكم به چاوی خۆم ببینم.
دوای ئه‌و وەڵامە بەپێز و پڕبەپێستە کە لێوڕێژ بووە لە ورە و ئیمان، نه‌مر نه‌سرینیش ڕازی ده‌بێ چاوی ببه‌ستێ و بە مەئمور دەڵێ: چاوی منیش ببەستە.
رۆژنامه‌ی جمهوری اسلامی له بڵاوكراوه‌ی رۆژی ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ تاوانی ئێعدام كردنی ئه‌و دوو نه‌مره به هاوكاری له‌گه‌ڵ هێزهچهكدارهكان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی نێو ده‌با، به‌ڵام به وته‌ی هەموو ئەو مرۆڤە ویژدانزیندوویانەی کە ئەو دوو قارەمانەیان دەناسی و بەپێی وتەکانی هاوزیندانیانی ئه‌و دوو نه‌مره، تەنیا تاوانی ئەوان بەجێگەیاندنی ئەرکی ئینسانی، ئەخلاقی، قانونی، شەرعی و عورفی خۆیان بووە، تیماری زامی مرۆڤەکانیان کردووە بەبێ جیاوازی.
لەبەر چاوی هیچکەس شاراوە نییە کە بوختانپێکردن و بیانووداتاشین بۆ نەیاران و جیابیران، لەلایەن ڕژێمی مەلایانەوە کارێکی ئاسایی و ڕۆژانەیە. ئەوان بۆ سڕینەوەی فیزیکی نەیارانی خۆیان لە هیچ کردەوە و پاساواێکی نامرۆڤانە سڵ ناکەنەوە، خافڵ لەوە کە ئەو مرۆڤانە دەبنە هەرمانی گەلی خۆیان و یاد و ڕێبازە مرۆڤدۆستانەکەیان دەبێتە مەشخەڵی ڕێگای هەزاران کوردی بەشەڕەف. ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەمێنێتەوە ڕووڕەشییە بۆ مێژوو و مرۆڤایەتی.
یادی نەمران شەهلا و نەسرین کەعبی پیرۆز ڕادەگرین و سەری کڕنۆش بۆ گشت تێکۆشەرانی کوردی ڕێگای ئازادی و مرۆڤایەتی، دادەنوێنین.
ناوەندی نەمران
ئاڵبۆمی وێنەکان
هۆنراوەی: بۆ لالەکان
ئەسمەر مێعماری
ئەم هۆنراوەیە لە بەرنامەی ٩ی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٠ له شاری ستۆکهۆلم پایته‌ختی سوئید لە بەرنامەیەکدا کە بۆ ڕێزگرتن لە یادی نەمرانی ژن، کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێعدام کران، خوێندرایەوە.
چۆن دڵیان هات
چۆن دڵیان هات،
که نەهێڵن تامی هه‌ڵفڕین له‌بن ئاسمانی شینی ئازادیەوه بچێژی؟
چۆن دڵیان هات،
که داستانی ئەوینی تۆ، شیرین دەگەڵ فەرهاد،
له‌بن ئاسمانی ئەستێرهبارانی بێستون،
به‌رنه بن دنیایەکی ڕەشی بی ئاسمان و بێ ئەستێرهوه؟
چۆن دڵیان هات،
که نەهێڵن جارێکی دیکه له شایی و چۆپی،
ده‌گه‌ڵ کوڕانی گه‌ڕه‌ک بەزم و شایی بگێری؟
چۆن دڵیان هات،
دڵەکهت که پار لێیدابوو بۆ شۆڕهجۆانێک،
ڕابوه‌ستێنن؟
چۆن دڵیان هات،
که چاوه‌ڕێی ڕۆژی شاییت نەبن،
که نەهێڵن دایکت،
تارای سووری بووکێنییهکهت به‌سەر چاودا ببینێ؟
چۆن دڵیان هات،
که لەچکه ته‌سکه که‌سکه‌که‌ت، به خوێنت سوور که‌ن؟
چۆن دڵیان هات،
به جێی تارای سووری بوکێنیهکهت،
تارای سووری سه‌ر مه‌زارت ببینن؟
نازانم،
نازانم چۆن دڵیان هات،
به کێ بڵیم چۆن دڵیان هات!
به فرهادکەت، که دوای تو دڵی ویش ئێدی لێینەدا بۆ کەس!
یا به دایکت،
که ئێستاش هه م‌و رۆژێک،
دڵه بریندارەکەێ دەکولێتەوه دیسان!
یا به بابت،
که هەموو شه‌وێ درەنگان،
به تەنیایی فرمیسکی خه‌م هەڵدهوهرێنی!
یا بە خوشک و براکانت،
کە بیرەورییەکانی منداڵیتان بوته خەمێکی شیرین له لایان!
یا به دستهخوشکەکانت،
که ئێستاش بۆنی گوڵه‌مێخه‌کی له‌سه‌ر جێگای به‌تاڵت،
تۆ وه‌بیر ئەوان و فه‌رزاده‌کان ده‌خاته‌وه،
چونکه بۆنی مێخک یادئاوه‌ری بۆنی ژنه بۆ ئه‌و!
یا خۆ به کوردوستانهکهت بلیم،
که ڕه‌شپۆش و تازیه‌باره بۆت،
گوڵم،
نێوتان بو به لاله‌کانی ولاته‌که‌مان،
بوو به باخی گوڵبهرگه پهڕپهڕکراوکانی لاله‌کان!
ئێمه‌ش پێبهپێی لاله داخداره‌کانی وڵاته ئههوراییهکهمان راده‌وستین و نا به‌زین
پیشکه‌ش به لاله‌کانی کوردوستان 9/10/ 2010
ئەسمەر مێعماری