Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر سەفیە محەممەدی

سەفیە محەمەدی کچێک لە وێنەی ئەڵماس و ناوێک بۆ هەمیشە وەک قارەمان دەمێنێتەوە.

بەداخێکی زۆرەوە ‌‌ ئەو کاتەی سەفیەیان لێ ستاندین، من تەمەنێکی ئەوتۆم نەبوو. ماوەیەکە دەمەوێ لەسەر داوای هاورێیانی سەفیە بیرەوەرێک بنووسم، بەڵام کەسایەتی بەرزی ئەو مرۆڤە، خۆڕاگری و قارەمانێتی لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا قەڵەم لە ئاستی پێناسەکردنی کەسایەتی سەفیە دەلەرزێ. زۆر جار بیر لەوە دەکەمەوە، کێ تووانی بڕیاری لە سێدارەدانی کەسێکی وەک سەفیە بە تەمەنی ١٩ ساڵێوە بدا؟

سەفیە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی (١٩٦٤ی زائینی) لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکیش لە دایک بوو. بەڵێن وابوو، سەفیە بە لێهاتوویی قۆناغەکانی خۆێندن تێپەڕکا و بچێتە زانستگا بۆوەی لە داهاتوودا بتوانێ یارمەتی بنەماڵەی بدا.

نەمر سەفیە حەممەدی

لە کاتی شؤرشی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی، سەفیەش وەک زۆربەی هاوتەمەنانی بە گڕ و تینێکی شۆرشگیرانەوە روویان کردە هەڵسووڕانی سیاسی. دووای هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستی بە هاوکاری لە گەڵ تەشکیلاتی کۆمەڵە کرد و لە کەرتە نهێنێکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە مهاباد چالاک بوو.

سەفیە بە لێهاتوویەکی بێ وێنە کاری تەشکیلاتیشی دەکرد و دەرس خۆێندنەکەشی زۆر بە باشی تێپەڕ دەکرد. سەفیە کچێکی چاونەترس و ئازا بوو.

لە چالاکی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٦٢ کاتێک هێزێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە هاتنەوە مهاباد و شەڕ دەستی پێکرد، سەفیە بە هەوڵێکی جیددی وەک یارمەتیدەری هێزەکانی پێشمەرگە هەڵسووڕانی هەبوو. لەوشەڕەدا کۆمەڵێکی زۆر لە جاش و پاسدار کوژران. دوژمن، دووای وەیکە لەو شەڕەدا گورجێکی باشی وێکەوت، هەرچی ماڵی بنەماڵە کۆمەڵەیەکان بوو دەس‌نیشانی کرد و سەفیەش یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەسگیر کرا. ئەو ڕۆژەی سەفیە خۆ بۆ چوونە قوتابخانە حازر دەکا، بە دەنگی ژنێک ئاگادار
دەکرێتەوە کە هاوار دەکا “ئەی هاوار هاتوون کێ بگرن؟”

لەو کاتەدا نەمر واحید ئامۆزای سەفیە کە بە داخەوە چەند ساڵ دوواتر لە ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا گێانی بەخت کرد و چەند هاوڕی دیکە لە ماڵی ئەوان دەبن، بە هاواری ئەو ژنە ووشیار دەبنەوە، دەست بەجێ خۆیان دەپێچنەوە و هەرچی کەل و پەل و نووسراوەیە هەڵێدەگرن، سەفیە دەڵێ ئێوە خۆتان دەرباز کەن من دەرگا دەکەمەوە و بە جۆریک ڕایان دەگرم تا ئێوە دەرباز دەبن. سەفیە دەرگا دەکاتەوە و دەڵێ: چیتان دەوێ؟ دەڵێن: هاتووین بە دووای سەفیە محمەمەدی، دەڵی من سەفیەم. پاسدارەکان سەفیە دەبن.

سەفیە دەی‌تووانی خۆی دەربازکا، بەڵام فیداکاری ئەو بۆ کاک واحید و هاوڕیکانی وا دەکا سەفیە خۆی دەدا بەدەستەوە. سەفیە لە بەندیخانەی مهاباد دەسبەر کرا و تا ماوەیەکی زۆر ملاقاتی نەبوو. لەو ماوەیەدا دایکی سەفیە هەموو رۆژی دەچوو بۆ بەردەرکی زیندان، بەڵام هەموو جاڕی بە نائومێدی دەگەڕاوە.

هاوڕییانی سەفیە دەگێڕنەوە کە سەفیە زۆر ئەشکەنجە دەکری، خوڕاگری و لە خۆبردوویی ئەو ئەستێرە گەشە وادەکا رێزێکی تایبەتی لە نێو دەسگیرکراوەکاندا لێ بگیرێ.

کاتێک ناوی سەفیە دێت ، کچێکی ڕووخۆش و‌دەم بە پێکەنین دێتە بەر چاوت کە وادەزانی ئەویش کچێکە وەک هەموو هاوتەمەنانی. کاتێک کە دەیناسی و هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکەی، هەتاوێک دەبینی کە بە تیشکیی خۆی دەوروبەری رووناک دەکات و نازانی ئەو هەموو گەورەیی و دڵپاکی  و ‌رووح سووکی و کەسایەتییە بەرزە و هیوا بەداهاتوو لە دڵی کچێکی  تەمەن (١٩) ساڵ دایە.

سەفیە لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی (ئۆکتۆبری ١٩٨٣) لە گەڵ سێ هاوڕێ‌تری نەسرین پاکنیا، مەعسومە سەرهەنگی و مرێم فاروقی لە بەندیخانەی دەریای ورمێ گوللەباران دەکرێن.

دەگێڕنەوە، کاتێک ئەو چۆار کچەیان هێنا بۆ بەندیخانەی دەریا پێیان کوتن بڕۆن حەمام بکەن، لەبەروەی ئێوە دەبەنە جێگەیەک حەمامی لێ نێ. کاتێک ئەو کارە دەکەن خۆ بە خۆ بە یەکتر دەڵێن، ڕەنگ بێ بە رووخساری جوانەوە بەرەو مەرگ بچین. پێکەنین و ورەی بەرزی ئەو چۆار نەمرە، ئێستاش وێردی سەرزاری هاوڕێ‌کانێیانە.

کاتێک هەواڵی گوللەباران کردنی سەفیە بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیندرێت، دایکی باوەڕ ناکا و دەڵی قەبری کچەکەم پیشان دەن، ئەوانیش جلەکانی نەمر سەفیە دەدەنەوە و پێیان ڕادەگەیەنن کە لە گۆرستانی “ریزوانی” ورمی ناشتراون. دایکی سەفیە و چەند دایکێکی دیکە، باوەڕ ناکەن لاوەکانیان کوژرابن. بە هاودەنگی گوڕەکان هەڵدەدەنەوە، دایکی سەفیە دەستی خۆێناوی سەفیە کە لە نایلۆنێکەوە پێچراوە دەبینێ و بە دیتنی ئەو دیمەنە هەر لە جێوە لە سەرخۆی دەچێ. دووای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، دایکی سەفیە باری تەندرستی و دەروونی تێک دەچێ و تا ئەو کاتەی کۆچی دووایی کرد، فرمێسک لە چاوەکانی وشک نەبوون و بە هەڵبەست و لاوانەوە بەو شێوەیە یادی کچەکەی دەکردەوە:

“سەفیە گێان، نازانم چۆن بت لاوێنمەوە، تەرمی خۆێناویتیان لە نایلۆنێکەوە پێچاوەتەوە و لە ژێر گڵدا ئارامت گرتووە. ئاخر تاوانی تۆ چی بوو؟ ئازیزەکەی دایە، کچە شیرنەکەم، فریا نەکەوتی تارای سوور بە خۆت دادەی، بەڵام، بە وێنەکەتی دادەدەین. جەرگم سووتا، پشتم شکا رۆڵە هەناسە ساردەکەم. ئەو دەستە بشکێ ئازاری داوی، ئەو دەستە بشکێ تۆی لە من کرد، ئەو دەستە بشکێ رووحی شیرینی لێستاندی رۆڵەی شیرن لای لایە، بنو بۆخۆت کەس بە …. هانامەوە نایە!

چۆن دڵیان هات گوللەت پێوەنێن؟

نازدارەکەم، رووح سووکەکەم، قەت لە بیرت ناکەین

ناو و یادت بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندووە”

تۆ هەم ئامۆزام بووی، هەم خوشک.

هەموو کات لە ناخی دڵەوە بیرت دەکەم.

هەستی کەژاڵ بلوری پێشکێش بە نەمر سەفیە:

تۆ هەتاو بووی

گووڵێکی هەڵوەریوی کاتی مێر منداڵیم بووی

تۆ ڕوبار بووی

ڕووبار لە کۆێ دەمرێ؟

دڵی دایکت ودایکم ودایکان قەت نابورێن لە دەستی ڕەشی ئەوانە کە گووللەیان باراندە سەر لەشی تۆ

تۆئەستێرەی گەشی ڕێگامان بووی

تیشکی تۆ گووڵی زۆری لە خەو هەستاند

سەوزاییت دا بە گووڵ وگیا

سەفیەی چاوگەش و جوان.

یادت بەخێر

نووسینی: نیشتمان محەمەدی