ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە سەرەتای لەدایکبوونی ڕا دژایەتی نەشاردراوەی خۆی بەرامبەر بە کورد بە کردەوە دەرخست. هێرش بۆ سەر کوردستان و دەستدرێژی نیزامی بۆ سەر گەلی کورد، کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە. جگە لە وێران کردنی گوند و شارەکان، سەدان لاوی کورد بە کوڕ و کچ، پیر و لاو، بە کۆمەڵ یا بە تاک، بە ئاشکرا یا شاراوە، ئێعدام کران. گەر ١١ لاو لە ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨ بە ئاشکرا لە سنە تیرەباران دەکرێن یا ٥٩ لاوی مەهابادی لە ١٢ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ لە زیندانی تەورێز بە بێ هیچ گوناهێک لە سێدارە دەدرێن و دەسەڵاتدارانی ئیسلامی ناوەکانیان ڕادەگەیەنن، لە هەمانکاتدا سەدان کەسی تر بە شاراوە و بە بێدەنگی لە سێدارە دروان و بوونە قوربانی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. خاڵی جێی داخ ئەوەیە کە بکەران و پلاندارێژەرانی ئەو جینایەتانە، چ ئەودەم و چ ئێستا، حەول بۆ پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ئەم کردەوە دژە ئینسانییانەی خۆیان دەدەن. ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووانە، کە بێتاوان لەسێدارە دراون یان بزر کراون، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و سەربەخۆیانە، پێمان باش بوو تا لە ڕێگای دامەزراندنی ماڵپەڕێک بتوانین ببینە پێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی گشت زانیارییەک لەسەر ئەو شەهیدانە و کۆسنەکردنەوەی لیستێکی باوەڕپێکراو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بتوانین لە داهاتوودا بە کردنەوەی کەیسێکی حقوقی لە ناوەندە حقوقییەکانی ناودەوڵەتیدا، بەرۆکی بکران و پلاندانەرانی ئەو جینایەتانە بگرین و نەهێڵین وا بە هاسانی مرۆڤ بکوژن و جەرگی خەڵکانی بێدەرەتان بسووتێنن و وا پێشانیش بدەن کە هیچیان نەکردووە.
ئێمە جیلی هەنووکە و خزم و کەسی ئەو شەهیدانە، مەتمانەپێکراوترین کەسانێکین کە دەتوانین زانیاری باوەڕپێکراو و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و درووست سەبارەت بەو کەیسانە بدەین بە دەستەوە. بۆیە گرینگە ئێمە، تا ماوین مێژوو و بەڵگەی ئەو شەهیدانە ساغ بکەینەوە و بە شێوەیەکی سیستێماتیک ئاڕشیویان بەکەین تا بتوانین بیاندەین بە کەسانی شارەزا و کاری لەسەر بکەن بۆ پەلکێشکردنی جینایەتکاران بۆ بەردەم دادگایەکی دادپەروەر. لەبیرمان نەچێ کە ئێمە جیلی ئێستا کە لە ژیاندا هەین، دەتوانین قۆڵێک بۆ ئەم گرینگە هەڵماڵین دەنا، گەر ئەو جیلە کۆچیدوایی بکەن و لە ژیاندا نەمێنن، خوێنی ئەو شەهیدانەش بە فیڕۆ دەڕوات و جیناتەیکارانیش بێخەمانە ژیانی خۆیان دەکەن.
پێویستە بگوترێ کە ئێمە سەربەخۆین و بێلایەن. هیچ ئەجیندایەک و بیرێکی سیاسی لە پشت هەوڵەکانی ئێمە نییە و خۆشمان بە ڕێکخراو نازانین. لە بواری داراییەوە دەستمان دە گیرفانی خۆمان دایە و لە هەمو ڕێکخراو، حیزب، سازمان، دەوڵەت و حکومەت، بێمنەتین.
داوا لە هەرکەس و هەر لایەنێک دەکەین کە بۆ ساغکردنەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ئێعدام کراون، هەر لە ساڵی ١٣٥٧ تا ئێستا کە ئەو ڕژێمە لەسەر حوکمە، یارمەتیدەرمان بن. مەبەستمان تەنیا ئەو کەسانەیە کە بە بێ تاوان (سیاسی، وەک زیددی ئینقیلاب یان بە بیانووی لایەنگری لە حیزب و ڕێکخراوێکی کوردی) ئێعدام یا بزر کراون.
داوا دەکەین لە ئێوە خوێنەرانی ئەو دیڕانە یان میوانانی ماڵپەڕی (www.nemiran.com), بۆ خوێندنەوەی زیاتر و زانیاری زیاتر سەردانی بەشی (پێناسە) بکەن یان بۆ ناردنی زانیارییەکانتان چاوێک لە بەشی (ناردنی زانیاری )بکەن.
داواکاری لە هەموو کوردستانیان دەکەین کە ئەو کارە بە کارێکی نەتەوەیی بزانن و بە هەر چەشنە شێوەیەکی گونجاو و دەرفەتی بندەستتان، هاوکارمان بن.
ئیمایلی info@nemiran.com بە شێوەیەکی بەردەوام وەڵامدەری پرسیارەکانتان و وەرگری زانیارییەکانتان دەبێ.