Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەسەندکرانی حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی بەندکراوی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار

ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی لەلایەن لقی ۱٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئەبولقاسم سەڵەواتی حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی بۆ دووهەمین جار پشتڕاست کراوە.
یەک لە پارێـزەرەکانی وریشە مورادی بە ناوی ئەمیر سەجادی ڕۆژی چوارشەممە ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو حوکمه، ۲۰ ڕۆژ دەرفەت هەیە تا پێـداچوونەوە بەسەر ئەو بڕیـارەدا بـکرێ.
وریشە مورادی هاووڵاتی کوردی خەڵکـی سنە لە ڕێکەوتی ۱۰ی گەلاوێـژی ساڵی ۱٤۰۲ ی هەتاوی لەکاتی گەڕانەوەی لە کرماشان بۆ سنە لە لایەن سەرکوتکەرانی سەر بە ناوەندی ئیتلاعات دسبەسەر دەکرێ و پاش ۱۳ ڕۆژ لێـپڕسێنەوە و ڕاگرتنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕادەگوازرێ بۆ گرتووخانەی اویـن لە تاران و لە بەندی ۲۰۹ی ئەو گرتووخانەیە دەخرێتە ژێـر چاوەدێری و ئازار و ئەشکەنجەی ڕوحی و جەسەتەیی بۆ دانپیانانی زۆرەملـێ بۆ ئەو تۆمەتانەی بەسەری داسەپاوە.
وریشە مورادی به تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێـکخراوەی کەژار ” ژنانی ئازادی کوردستان” و هەروەتر کردەوەی شەڕخوازانە و شەڕ لەگەڵ خودا بە ئێـعدام محکووم دەکرێ.
لەسەر بڕیاری دادگای شۆڕشی تاران و بە حوکمی قازی سەڵەواتی بۆ دووهەمین جار حوکمی وریشە مواردی لەحاڵێـکدا پەسەندکراوەتەوە کە لە ماوەی ڕابردوو و بە تایبەت لە نێـوان سەرهەڵدانی جەماوەری بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی و هەروەتر شەڕی ئەمریـکا و ئیسرائیل دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، شەپۆلێـکی بەربڵاوی دەسبەسەرکردن و دەرکردنی بڕیاری ئێعدام و جێبەبەجێ کردنی ئەو حوکمە دژە مرۆڤانەیه, کۆی ولاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیـوە بەچەشنێک کە زۆر لە وڵاتانی ڕوژاوایی, ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەرەڕای هوشداری بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە حوکمی ئێعدامی هاووڵاتیان ڕابـگرن. بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی وڵاتی ئێران و بۆ پێشگرتن لە ئەگەری سەرهەڵدانی خەڵکی ناڕازی کە لە بارودۆخێـکی یەکجار نالەباری ئابووریدان بە ئێعدام کردنی بەندکراوانی بەتایبەت سیاسی و دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، درێـژه بە پەسەندکردنی حوکمی ئێعدام و جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە ناڕەوایە دەدات.
ناوەندی نەمران وێـڕای مەحکووم کردنی پەسەندکرانی حوکمی دووبارەی ئێعدامی چالاکوانی کورد وریشە مورادی بەتوندترین شێـوە, داوا لە هەمووان دەکات بۆ پێشـگرتن لە جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعـدامی وریشه مورادی دەنگ هەڵـبڕن.

نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهرابی