ئاژانسی هەواڵدەری میزان پێوەندیدار بە دەسگای دادی ڕێژیمی ئێران ئەوڕۆ سێشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۱٤۰۵ی هەتاوی ڕایگەیاند دوو گیراوی سیاسی کورد, خەڵکی سەلاس باوەجانی بە تۆمەتی ئەندامێتی ڕێکخراوەی تیرۆریستی داعش ئێعدام کراوان.
هەواڵدەری میزان له درێژەدا ئاماژەی بەو خاڵانە کردووە کە محەیدین عەبدووڵاهی و حوسێن پاڵانی تۆمەتی ئێعدامیان بەسەر دا سەپاوە و حوکمی ئێعدامیان, جێبەجێ کراوە. میزان باس لەوە دەکات نابراوان دوای ڕووخان و نەمانی ڕێکخراوەی داعش له سووریا و عێراق, لە ناوچە سنوورییەکانی بەمـۆ لە نێوان سنووری وڵاتانی عێراق و ئێران, نیشتەجێ بوون. هەڵس و کەوت و چالاکاییان کردووە و بە تەمای کۆ کردنەوەی هێز و خۆ تەیار کردن و چوونەوە بۆ ناوخۆ و ئەنجامی کردەوەی تیرۆریستی لە ناوخۆی ئێراندا بوون.
محەیدین عەبدووڵاهی و حوسێن پاڵانی لە ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی دوابەدوای شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران هاوڕێ لەگەڵ گرووپێکی چەکدار, لە بەرزاییەکانی بەمۆی سنووری نێوان وڵاتی ئێران و عێراق دەسبەسەر دەکرێن و دوای دادگایی کردن و لێپرسینەوە بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا بە ئێعدام مەحکووم و دواتر دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران حوکمی ئێعدامی ناوبراوانی پەسەند کردووە.
بە هۆی نەبوونی بەڵگەی سەڵمێنەر و جێی متمانە, ئەو تۆمەتانەی کە بۆتە هۆی پەسند کردن و جێبەجێ کردنی
حوکمی ئێعدامی محەیدین عەبدووڵاهی و حوسێن پاڵانی ناکرێ دان بەو ڕاستیە دابندرێ کە ئەو تۆمەتانە ڕاست یاخود درۆن!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەسگای دادی ئەو ڕێژیمە بەردەوام بە پێشێلکاری مافی مرۆڤی تاوانباران لە هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ بێ بەری دەکات. بە دەیان جار بینراوە کە ڕژێم هەم تۆمەت درووست دەکات و هەم حوکم دەردەکات و هەم خۆی حوکمەکە جیبەجێ دەکات و بەبێ بەشداری پارێزەری تاوانبار، خۆی بڕیاری کۆتایی دەدات!
ناوەندی نەمران هاوکات کە جێبەجێ کردنی حوکمی محەیدین عەبدووڵاهی و حوسێن پاڵانی بە توندترین شێوە مەحکووم دەکات, داوا لە هەمووان دەکات لە ئاست پەسند کردن و جێبەجێ کردنی حوکمی دژەمرۆڤی ئێعدام دەنگ هەڵبڕن.
نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهراب





