بۆ سەرجەم ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و گشت کوردستانیانی تاراوگە
هەروەک ئاگادارن، کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەشنی مێژووی ٤٧ ساڵەی تەمەنیی، بەردەوامە لە ئێعدامکردنی لاوانی کورد. لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چەند لاوێکی کورد بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە، یەعقوب کەریمپوور و میحڕاب عەبدوڵازادەی لە ورمێ ئێعدام کرد. ئەو نەمرانە لە پەیامێکی دەنگیدا داوایان لە سەرجەم ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و هەموو کوردانی تاڕاوگە کردووە تا بە دەنگیانەوە بێن و بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نەبن.
ماندووبوونی گشتتان بۆ پشتیوانی لە گیراوانی سیاسی لەبەرچاوە و جێگای ڕێزە، بەڵام وا وێدەچێ چالاکییەکانمان لەبەرانبەر چڕبوونەوی ڕادەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ئێعدامکردنی لاوانی کورد، کە لەو دواییانەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە گوێرەی پێوەیست نەبێ. بۆیە وەک ناوەندی نەمران، داوا لە ئێوە، لە هەرچی مرۆڤی ئازادیخواز، لە هەر ویژانێکی زیندوو و لە گشت کوردستانیان دەکەین، بە یەک دەنگ و بە چالاکییەکی هاوبەش، دەنگی زیندانیانی سیاسی بین.
بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار دەکەین بۆ هاوئاهەنگی کردن، ڕێکخستنی چالاکییەکی ئارام و مەدەنی، لەبەر دەرگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژێنێڤ، ناڕەزایەتی خۆمان پێشان بدەین و هاواری دەنگی زیندانییانی سیاسی بین، بەڵکوو کاریگەری هەبێ.
ناوەندی نەمران ئەو داواکارییە دەنێرێت بۆ گشت ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و هەروەها لە ماڵپەڕەکەمان دایدەنێین بۆ ڕای گشتی، تا هەر کەس ویستی پێوەندیمان پێوە بگرێ، بۆ هاوفکری و هاوئاهەنگی.
بە سپاس و ڕێزەوە
ناوەندی نەمران
ئیمایل: info@nemiran.com
تەلەفۆن: 004794368817





