لە کورتە فیلمێک کە بڵاوە بۆتەوە دایک و باوکی ناسر بەکرزادە ڕوو لە ڕای گشتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەن و داوا دەکەن سەبارەت بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ناسر بەکرزادە بۆ سێهەمین جار دەنگ هەڵبڕن تا پێش بە جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ناسر بگیرێ.
ناسر بەکرزادە گیراوی سیاسی کورد, هەوەڵ جار لە ڕێکەوتی ۱٨ی گەلاوێژی ساڵی ۱٤۰۲ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمـێ دەسبەسەر دەکرێ و پاش ماوەیەک کە لێپرسینەوەی لێ دەکرێ بە دانانی بارمتە ئازاد دەکرێ بەڵام دواتر لە ۱۲ی بەفرانباری ۱٤۰۲ی هەتاوی دەسبەسەر دەکرێتەوە. ناسر بەکرزادە لە گرتووخانە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دەبێ تاکوو دان بەو تاوانانە دابنێ کە بەسەریان داسەپاندبوو و ئەو دانپیانانە زۆرەملێ بوو بە بەڵگەی بەرپرسانی دادگا تاکوو حوکمی ئێعدامی بەسەر دا بسەپێندرێ. سیخۆری و هاوکاری کردنی ئیسرائیل تاوانی سەرەکی ناسر بەکرزادە بووە.
ناسر بەکرزادە پێش دەسبەسەر کرانی لە پیشەی گەشتیاری له پارێزگای ورمـێ چالاک بووە, هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەڵیـن کە ناسر مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و هیچ پێشینەیەکی سزایی نەبووە. گیرانی ناسر به تۆمەتی سیخۆری بۆ ئیسرائیل هەر لەسەرەتاوە گومانی زۆری لەسەر بووە چونکە هیچ بەڵگەیەک کە سەلمێنەری ئەو تاوانە بێت و هیچ پێـوەندی دەرەکی ناوبراو لە لایەن ناوەندەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ڕوو نەکراوە.
چالاکانی مافی مرۆڤ لەو باوەرە دان ئەو تۆمەتانەی بەسەر ناسر بەکرزادە سەپێندراوە گوشار خستن و پەرەپێدانی ترس و دڵەڕواکێە لەسەر لاو وگەنجان و چالاکانی سیاسی ناوچەکە.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری حوکمی ئێعدامی ناسر بەکرزادە, ناوبراو ناڕەزایەتی دەردەبرێ کە بەوتەی شایەت حاڵانی ناو گرتووخانەێ ورمـێ, وێڕای بێ ڕێزی پێ کردنی لە لایەن مەئموور و بەرپرسانی گرتووخانە, به توندی بەڕەوڕووی دەبنەوە و لێدەدەن. پێویستە ئاماژە بکرێ کە ناسر بەکرزادە پێشووتریش لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمـێ بە تۆمەتی سیخۆری بۆ ئیسرائیل بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران پاش ۱۰ ڕۆژ لە گەڕانەوەی دۆسیەی ناسر بەکرزاده, حوکمی ئێعدامی ناوبراوی پشت ڕاست کردۆتەوە. سیداد شێرزاد یەک لە پارێزەکانی ناسر بەکرزادە پێشووتر ڕایگەیاندبوو لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمـئ سەرەڕای ڕخنە و عەیبداربوونی فەننی لقی ۳۹ دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران, بەبێ ڕەچاو گرتنی بەڵگاندنی یاسایی بۆ سێهەمین جار, بڕیاری حوکمی ئێعدامی ناسر بەکرزادەی داوەتەوە.
ناوەندی نـەمران سەرەڕای مەحکووم کردنی بڕیاری حوکمی ناڕەوای گیراوی سیاسی کورد ناسر بەکرزادە بۆ سێهەم جار لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران, داوا له هەمووان دەکات بۆ سەرکۆنە کردنی بڕیاری حوکمی ئێعدامی ناوبراو دەنگی خۆی و بنەماڵەکەی بن.
نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهرابی




