Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مەترسی لە سێدارەدانی موحسین ئیسلامخا لە گیراوانی سەرهەڵدانی ۱٤۰۱ی هەتاوی ” ژن ژیان ئازادی”

موحسین ئیسلامخا تەمەن ۲۰ ساڵان و خەڵکی بۆکان کە لەنێوان سەرهەڵدانی جەماوەری ۱٤۰۱ی هەتاوی لە بۆکان دەسبەسەر کرابوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا حوکمی ئێعدامی بۆ پەسەند کرا.
گوشاری هێزی ئەمنی و ئیتلاعاتی شاری بۆکان بۆ موحسین ئیسلامخا و بنەماڵەکەی کە وێڕای خەڵکی ناڕازی ئەو شارە بە هۆی بەشداری بەرچاوی لە سەرهەڵدانەکانی بۆکان بەشداری دەکرد, بەڕادەیەک بوو کە موحسین مەترسی گرتنی لەسەر بوو بەناچار ڕووی کردە باشوور, جێی ئاماژەیە کە تەمەنی موحسین ئەوکات ۱٦ ساڵ بووە.
دوابەدوای گەڕانەوەی موحسین بە هۆی دۆخی ناخۆشی ژیانی لە باشوور بۆ ناوخۆی ئێران لە ڕێکەوتی ۱۰ی گەلاوێژی ۱٤۰٤ی هەتاوی ڕۆژێک دواتر کە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ناساند دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ دانپێنانی زۆرەملێ لەسەر بەشداربوون لە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج کەوتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە, دواتر گەرێندراوە بۆ گرتووخانەی بۆکان و دوای ۱۱ ڕۆژ بەدانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد دەکرێ.
دۆسیەی موحسین ئیسلامخا وێڕای چەند گیراوی ناڕەزایەتییەکانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی لە بۆکان وەک ڕەئووف شێخ مەعرووفی بەتۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و گەندەڵی سەر زەوی سپاردەی دادگای سزایی میاندواو کرا. له ڕێکەوتی ۲٨ی ڕێبەندانی ۱٤۰٤ی هەتاوی حوکمی ئێعدامی موحسین ئیسلامخا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد ڕاگەیەندرا و بە گوشارخستنە سەر بنەماڵەکەی لە ڕێکەوتی ۳ی ڕەشەمە خۆی به دادگای شۆڕشی مەهاباد ناساند.
موحسین ئیسلامخا هاوڕێ لەگەڵ دوو گیراوی سیاسی بەناوەکانی ڕەئووف شێخ مەعرووفی و محەممەد فەرەجی کە ئەوانیش حوکمی ئێعدامیان بۆ پەسەند کراوە لە بەندیخانەی شاری بۆکان دەسبەسەر کراون.
پەسەندکردنی حوکمی ئێعدام بۆ موحسین ئیسلامخا لەحاڵێکدایە کە ناوبراو لە کاتی ناڕەزایەتییەکان تەنیا ۱٦ ساڵی تەمەن بووە و لەسەر بنەمای دەستووری دادپرسی سزایی و یاسای جەزاکانی ئیسلامی, دادگاکانی شۆڕش, دەسەڵات و سەلاحییەتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کەسانی ژێـر ۱٨ ساڵانەیان نییە.
ناوەندی نەمران سەرەڕای هوشداری لە ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی موحسین ئیسلامخا بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤی پەسەند کردنی حوکمی ئێعدام بۆ ناوبراو بە توندترین شێوە مەحکووم دەکات و داوا لە هەمووان دەکات بۆ سەرکۆنە کردنی بڕیاری حوکمی ئێعدامی موحسین ئیسلامخا دەنگ هەڵبڕن.
نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهرابی

Aslamkhah