سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ۱۲ی ڕەزبەری ۱٤۰٤ی هەتاوی سامان محەممەدی خیارە گیراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج ئێعـدام کرا.
سامان محەممەدی خیارە لەڕێـکەوتی ۱۱ی ڕەزبەری ۱٤۰٤ی هەتاوی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام ڕاگوازرابوو ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی قزڵحیساری کەرەج.
سامان محەممەدی خیارە له ڕێـکەوتی ۲٤ی سەرماوەزی ۱٤۰۳ی هەتاوی گوازرابووە بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی قرڵحیسار تاکوو حوکمی ئێعدامی جێبەجێ بکرێ بەڵام دوای ئەوەی کە ئەوکات جێجەجی کردنی حوکمی ئێعدامی ناوبراوا دواخـرابووە, گواستبوویانەوە بۆ بەندی گشتی گرتووخانەی قزڵحیسار.
لە کاتی دەسبەسەر کرانی سامان, تەمەنی بیست ساڵانە بووە, سامان تاقە کوڕێـکی هەبوو کە دوای چەند ڕۆژ لە گیرانی, چاوی بۆ دونیا هەڵێـناوە و ئێسـتا تەمەنی بەقەت ئەو ساڵانەیە کە باوکی لە گرتووخانە تێپەڕی کردبوو. دۆسیـەی سامان گەلێـک ناڕوون و لێڵ بووە کە پشکنینی زیاتری پێویست بوو.
سامان خیارە ساڵی ۱۳٨٨ی هەتاوی دەسـبەسەر کرا بەڵام گیرانی سامان, پێـوەندی بە جووڵانەوەی جەماوەری ئەوساڵە کە بە بزووتنەوەی سەوز ناسراوە نەبووە بەڵکوو دۆسیەی سامان خیارە پێـوەندی بە کوشتنی پێش نوێـژی مزگەوتی قەبای شاری سنە بوو.
سامان خیارە لە سەرەتادا لە لایەن لقی پازدەی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قاسم سەڵەواتی بە ئێعـدام مەحکووم کرا بوو, دواتـر و بە هـۆی نەبوونی بەڵگەی سەرومڕ حوکمی ئێعدامی سامان لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات هەڵوەشایەوە و بۆ بە دواداچوونەوەی دووبارە بۆ لقیـکی دیکەیان نارد.
له کۆتایی ئەوکاتدا بڕیاری دادگایی نوێ سامان وەک تۆمەتباری ڕیـزی دووهەم دۆسیەکەی به تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردەکانی دژبەری ڕێژیم بە پازدە ساڵ حەپس مەحکووم کرابوو.
بۆ وەئەسـتۆگرتنی ئەو حوکمە, سامان خیارە حەوت ساڵ لەژێر ئەشکەنجە دابوو تاکوو لە ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی بە ناچاری لە کاناڵی تەلەویزیوون سنە دانی بەو تۆمەتانە دانا کە بەسەریان داسەپاندبوو, دوای تێپەربوونی پازدە ساڵ دەسبەسەر بوونی سامان و لەژێـر گوشاری هێـزە ئەمنییەکان دۆسیەی سامان دیسان لە دیوانی بەرزی وڵات پێداچوونەوەی لەسەر کراوە و گەڕاندیانەوە بۆ سەر حوکمی پێشـووی کە ئێعدام بووە, ڕەوتی پێداچوونەوە بەبێ ئاگاداری سامان و بنەماڵەکەی بووە.
دۆسیەی سامان سکاڵاکەری تایبەتی لەسەر نەبووە و هەرەوەک باسی لێـکرا لێڵ و ناڕوون بوو و ئێعـدامی سامان وەک زۆر لە ئێعدام کردنی مەحکوومانی سیاسی, ئێعدامێکی حکوومەتی بووە.
ناوەندی نەمران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سامان محەممەدی خیارە, ئێعدامی ناوبراو بە تووندترین شێوە مەحکووم دەکات و داوا له هەمووان دەکات بۆ مەحکووم کردنی ئێعدامی سامان خیارە دەنگ هەڵـبڕن و بۆ هاوخەمی لەگەڵ ئێعدام کراوان و بنەماڵەکانیان دەنگـی ئەوان بن.
نووسین و ئامادەکاری : قادر سۆهرابی






