ژینۆ بەیگزادە بابامیری, کچی گیراوی سیاسی کورد ڕزگار بەیگزادە بابامیری کە لە گرتووخانەی ورمێ دەسبەسەر کراوە ڕۆژی پێنجشەممە لە لاپەڕی ئیکسی خۆی ئاشکرای کردووە کە بڕیاری حوکمی ئێعدامی باوکی پشت ڕاست کراوەتەوە.
ژینۆ لەو نووسراوەیەدا, ئاماژەی بە تۆمەتی سەپێندراو بەسەر باوکی نەکردووە بەڵام پێشـتر ڕاگەیندرابوو کە ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە دادگای شۆڕش,تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و هاوکاری لەگەڵ دوژمن و… بەسەردا سەپێـندراوە.
ڕزگار بەیگزاده بابامیری لە مانگی ڕێبەندانی ۱٤۰۳ی هەتاوی له لایەن دادگای تاوانەکانی لقی یەکەمی ورمێ و بە تۆمەتی بەشداری له کوشتن لە ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی جەماوەری ۱٤۰۱ی هەتاوی بە ۱٥ ساڵ حوکمی زیندانی, حوکم درابوو.
ڕزگار بیگزادە بابامیری لە ڕێـکەوتی ۲٨ی خاکەلێوەی ساڵی ۱٤۰۲ی لە نێـوان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هاوڕێ چەند کەسی دیکە بەهۆی بەشداری کردن لە سەرهەڵدانی جەماوەری شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتووخانە ئیتلاعاتی سپای ورمێ.
ڕزگار چەند مانگ لەچاو پێـکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەری کرابوو و ئیزنی پێ نەدرابوو کە پارێزەر بۆخۆی هەڵبژێرێ لە زیندانی تاکەکەسی بۆ دان پێهێنانی زۆرەملی لەژێر ئەشکەنجە دابووە و دواتر ڕاگوازرا بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمـێ.
ئیددیعانامەی ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە دۆسیەکی هاوبەش لەگەڵ پێژمان سولتانی, کاوە سالحی, سۆران” عەلی” قاسمی و جەوانمەرد مام خوسرەوەی بۆ تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا, کۆبوونەوە و سەروساخت, هاوکاری لەگەڵ دوژمن و قاچاخی کەرەستەی پێـوندیدار ئینترنێتی سەتەلایتی ئیستارلینک حوکم درابوو.
۲٤ی پووشپەڕ ساڵی ۱٤۰۳ی هەتاوی, ئاژانسی هەواڵدەری سەربە سپای پاسداران فیلمێکی لە دانپیانانی زۆرەملێ ڕزگار بەیگزادە بابامیری و ۳ کەس کە دۆسیەی هاوبەشیان هەبووە بڵاو کردەوە.
لەمەودای ۱۳۰ ڕۆژی سەرەتایی دەسبەسەر کرانی ڕزگار بەیگزادە بابامیری, لەژێـر ئەشکەنجەی بێ بەزەیانە دابووە, هەڕەشەی کوشتن, ئێعدامی دەسکرد, شۆکی کارەبایی بێخەوی زۆرەملـی لەو ئەشکەنجانە بووە کە لەسەر ڕزگار و بۆ چاوترسێن کردنی بەتاقی کراوەتەوە.
لە نامەیەکدا کە ڕزگار لە ڕێـکەوتی ۲۱ی خاکەلێـوە لە گرتووخانەی ورمێ نووسیبوو و بڵاو کراوە باسی لەوە کردووە کە لەلایەن مەئموورێکی ئیتلاعاتی بۆکان بەناوی سەعیدی فریـو دەدرێ تا لەگەڵ خۆی بیباتە شوێـنێک لەدەور و بەری بۆکان و دواتر بە زۆر لەو شـۆێنە دەسبەسەری دەکەن و دەیبەن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و لەوێ ئەشکەنجەی زۆری جەستەیی و ڕوحی دەکرێ، لە نامەکەی دا باس لە ناوی شەش لێکۆلەر دەکات کە ئازاریان پێ گەیاندووە.
سەعیدی, قوربانی و حوجەتی کە دەگوترێ بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بووە لەو چەند کەسە بوون کە ئازاریان پێ گەیاندووە و لێپرسینەوەیان لێ کردووە.
ناوەندی نەمران بە توندترین شێـوە ڕاگەیاندنی حوکمی ئێعدامی ڕزگار بەیگزادە بابامیری ئیدانە دەکات و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ناوبراوە و داوا دەکات دەنگی بنەماڵەی ڕزگار بەیگزادە بابامیری ببن.
نووسین و ئامادەکاری :قادر سۆهرابی






