بە پێ هەواڵێک کە لە گرتووخانەی ورمێ دەرکەوتووە حوکمی ئێعدامی گیراوی سیاسی کورد حەمید حسێن نژادحیدرانلو بەشێـوەی نەهێنی جێبەجێ کراوە, بنەماڵەی حەمید حوسێن نژاد لەڕوژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ گواستنەوە حەمید بە زیندانی تاکەکەسی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە بەرامبەر گرتووخانەی ورمێ مانیان گرتـبوو, هەروەتر ڕێکخراوەکانی ئەمنی و ئیتلاعاتی سپای پاسدران بەهەڕەشە کردنە بۆ سەر کچی حمید حوسێن نژاد ” ڕوناهی حوسێن نژاد” هوشداریان پێ دابوو کە ئەگەر زانیاری سەبارەت بە چۆنێتی دۆخی باوکی بدرکێنی بە چاڕەنووسی باوکی دوچار دەبێت, هەڕەشەی کچی سێزدە ساڵانەی حەمید حوسێن نژاد لە لایەن هێـزی چاوەدێری گرتووخانەی ورمێ و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی چالـدران کراوە.
حەمید حوسێن نژادحەیدرانلو, لەدایک بووی گوندی سگریک سەر بە شاری چالدرانی پاڕێزگای ورمێ لە ساڵی ۱۳٦٤ چاوی بۆ ژیان هەڵیـنابوو, خێـزاندار و خاوەنی سێ مناڵ بووە کە ساڵانی ڕابردوو بە کاری ڕاگواستنی سوتەمەنی نێـوان سنووری ئێران و تورکیا بژێوی ژیانی دابین دەکرد.
لەڕێـکەوتی ۲٤ی خاکەلێـوەی ساڵی ۱٤۰۲ی هەتاوی لە لایەن هێـزی سنووری ئێران هاوڕێ لەگەڵ چەند شارومەندی ئەفغانی لە سنووری چالدران دەسبەسەر دەکرێ و دەگوازرێ بۆ گرتنگەی هاووڵاتیانی خاریجی لە چالدران.
چەند کاتژمێر لە گرتنگەی چالدران لێپرسینەوەی لێ دەکەن و دواتر بڕیاری گرتنی حەمید دەبێت بە بڕیاری بارمتە, بەڵام لەسەر داواکاری وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی دەرچوونی بڕیاری گیرانی حەمید بارمتەیان لێ قەبووڵ نەکرد و گوازراوە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمـێ.
حەمید حوسێن نژاد, ماوەی یازدە مانگ و دە ڕۆژ له گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێـر ئەشکەنجە بۆ دان پێ هێنانی زۆرەملـی بە بەشداری کردنی لە تێـکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان حیزبی کرێکارانی کوردستان” پ ک ک” لەگەڵ هێزەکانی سنوورپارێزی کە کوژرانی هەشت کەسی هێزی سنووری لێ کەوتەوە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری ڕوحی و جەستەیی لەسەر بوو.
حەمید حوسێن نژاد بەهـۆی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر و لەحاڵێـکدا کە سەوادی خوێندن و نووسینی نەبووە ناچاریان کرد کە هێندێک نووسراوە کە لەلایەن پرسـکەرانی ئەمنی پێشووتر نوسرابوو, واژۆ بکات .
حەمید حوسێن نژاد لەو ماوەی دا لە هەبوونی پارێـزەر بێ بەری کرابوو و تەنانەت ئیزنی چاوپێـکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی پێ نەدرابوو, دوای هەشت مانگ پێـوەندێکی کورتی تەلفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو. دوای یازدە مانگ و دە ڕۆژ لە گرتنگەی سەر بە ئیتلاعاتی ورمـێ گوازراوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمـێ.
ناوەندی نەمران جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی حمید حوسێن نژادحیدرانلو بە توندترین شێـوە ئیدانە دەکات و داوا لە ڕای گشتی و هەمووان دەکا کە دەنگی بنەماڵەی حەمید حوسێن نژاد ببن و حوکمی ئێعدامی ناوبراو مەحکووم بکەن.
نووسین و ئامادەکاری : قادر سۆهرابی
