Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر محەمەد حاجی حەسەنـی

نووسین و گردەوەکۆی: هومایون ئەردەڵان
وەرگێـڕان لە فارسی بۆ کوردی: قادر سۆهرابی

دوابەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران: بەندیخانە, ئەشکەنجە و سووکایەتی کردن بە ژنان و ئیعدامی بە کۆمەڵ چی دیکەی بۆ خەڵک پێ نەبووە..

ئێـعدام و سەرکوت کەرەستەیەک بوو کە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بۆ پتەو کردنی دەسەڵاتی, کەڵکـی لێ وەردەگرت و بەبڵاو کردنەوەی هەواڵـی ئێعدامی نەیارانی و بە ڕاگەیاندن کردنی لە ڕاگەیاندە گشتێـکان و ڕۆژنامەکان, ترس و دڵەڕاوکـێ خسـتبووە ناو کۆمەڵگا تاکوو کەس ڕەخـنەی لێ نەگرێ و دژایەتی نەکات.

کوردستان لەسەرەتاکانی بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەپشت کردن بەو ڕێژیـمه, نای پێ گوت و بڕیارێـکی مێژوویی دا کە ڕەگەڵ ڕێژمێـک نەکەوێ کە بێـجگە لە سەرکوت و کوشت و کوشتار و کۆنەپەرستـی چی پێ نەبووە. خۆڕاگـری خەڵک و جەماوەری کوردستان لەهەمبەر سیاسەتی چەوت و مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەنووکەش بەردەوامـە و مێژووی تەژی لەشانازی ئەو گەلە بە خوێـنی لاوان و گەنجانێـک سوور بووە کە گیانیان فیدای ئازادیـخوازی و یەکسانی کردووە.

دەسـپێکی دەیەی شەستی هەتاوی هاوکاتە لەگەڵ سەرەڕوویی و جنایەتکاری ڕێژیمی ئاخوندەکان کە لەودا ئەژمارێـکی زۆر خەڵکی ئازادیـخواز بە تایبەت گەنج و لاو بەبێ دادگایی کردنێـکی عادڵانە و بەبێ ئەوەی کە پارێـزەر بەرگریان لێ بکات قوربانی سیاسەتی توندئاژۆیانە و کۆنەپەرستی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون.

محەمەد حاجی حەسەنی یەک لەو هەزار گەنج و لاوە بووە کە دوابەدوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران دڵـی بۆ دونیایەکی گەش و خۆش لـێدەدا بەڵام بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر زوو ئاوات و خۆلیاکانیان بە گرتنی گیانی لێ ئەستاند. محەمەد حاجی حەسەنی لە ساڵی ۱۳۲٥ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی پر حەشیمەت و مام ناوەندی لە شاری بانە لەدایـک بووە.  محەمەد لەسەرەتای مناڵێـەوە لەگەڵ خوشک و براکانی جیاواز بوو, مناڵێـکی بە گوڕوتین و بە جمووجۆڵ بوو. پرسـۆکی لە هەموو بابەتێکدا هەبوو.

تاکوو پۆلـی دە, خوێـندنی لە بانە درێـژە پێ دا و ئەگەرچی پێـوستی بۆ بژێوی ژیان بەکار کردن نەبوو بەڵام بە هاتنی وەرزی هاویـن کاری دەکرد تاکوو پێـداویستی قوتابخانەی خۆی دابین بکات و هاوکات لە گەڵ چیـنی چەوساوە و کرێکاری کۆمەڵگا هەڵس و کەوتی هەبێ و لە ئازار و نایەکسانی کۆمەڵگا باشتـر تێ بگات.

کاتێـک بۆ درێـژەی خوێـندن ڕێـگەی سنـەی گرتە بەر, گەنجێکی چوارشانە و خۆشـپۆش بوو و یانەی وەرزشی والیـبالی بەباشی دەکرد و لە هەڵاتنی بەپەلە خاوەن پلە بوو و توانایی باشی هەبوو.

محەمەد لە ماڵە براکەی لە گەڕەکی چوارڵانی سنە نیشتەجێ بوو و بەزوویی تێـکەڵ بە لاو و گەنجانی گەڕەک بوو, لە لایەن خەڵکی گەڕەک ڕێـزی زۆری لێ دەگیـرا و هەروەتر لە قوتابخانەش ببوو بە خۆشەویستی هاوپۆلەکانی, خۆشەویستی و ئەو ڕێزەی کە لە محەمەد دەگیـرا دەگەڕاوە سەر هەڵس و کەوتی باش و خاکەڕابوونی لەگەڵ هاوڕێکانی, هاوکات کەسایەتی ڕووناک بیرانەی محەمەد درزی کردبوو سەر چۆنێـتی ئاخافتن و تەنانەت جل و بەرگ پۆشیـنی.

محەمەد لە ساڵی ۱۳٤۷ی هەتاوی وەک سپای دانش چوو بۆ باکووری ئێران و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئاوایی و گوندەکانی باکووری ئێران وانەی بە خەڵکی گوندی دەگوتەوە و دوای کۆتایی خزمەتی سەربازی لە سپای دانش گەڕاوە بانە و لە ئێدارەی پەروەردە دامەزرا و لە قوتابخانەکانی شاری بانە وانەی بە قوتابیان دەگوتەوە.

ساڵی ۱۳٥۰ی هەتاوی ژیانی هاوبەشی پێکهێنا کە دواتر بوو بە باوکی دوو کچ, ژیانی محەمەد بە هاتنی ئەو دوو کچـە, ئەوێنـێکی لە ڕادەبەدری بۆ درێـژەی ژیان پێ بەخشی, بێ بڕانەوە تێـدەکۆشا ژیانێـکی خۆش و گەش بۆ بەرهەمەکانی ژیانی هاوبەشی ساز بکات. بەپێ هەڵس و کەوت و کردەوەی باشی محەمەد وەک مروڤێـکی خاوەن کەسایەتێـکی تایبەت ناسرابوو, لە ناو بنەماڵەکەشی یەکجار خۆشەویست بوو, پێـوەندێـکی باش و هاوڕیانەی لەگەڵ هاوژیـنەکەی هەبوو, ڕێـزی لێ دەگرت و لە ئیش و کارەکانی ناوماڵ هاوکاری خێـزانی دەکرد لەگەڵ کچەکانی نەک تەنیا باوکێـکی دڵسـۆز بەڵکوو هاوڕێـکی گەرموگوڕ بوو.

جووڵانەوە و سەرهەڵدانی جەماوەری لە ئێران بۆ گۆڕانی ڕێژیـم دەرگایەکی کراوەی لە هیـوا بۆ گەیشتن بە ئاواتێکی دوور بەڵام گەش کردبووە. محەمەد ڕەگەڵ کەوت و بۆ وەدی هاتنی خۆلیا و ئاواتەکانی شەو و ڕۆژی بەیەکەوە گرێ دابـوو, دەسکەوتە کەم بەڵام بەنرخەکانی لا گرینـگ بوو و شێـلگیر بوو تاکوو ڕیـگای ئەو بەهارەی کە بەڵێـنی پێ درابـوو بپێـکێ و پێ بگات.

چەک کردنی ناوەنەدە نیـزامێـکان دەرفەتێـکی خوڵقاندبوو تاکوو زۆربەی خەڵک بە تایبەت لاو و گەنجەکان دەستیان بە چەک و تەقەمەنی ڕابگات, لە کوردستان و بەپێ مێـژووی بەرگری لەگەڵ دوژمن و ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی بەبەردەوامی بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتبوو لەگەڵ ناوچەکانی تری ئێـران جیاوازی هەبوو, خەڵک لە کوردستان شارەزاتر بوون لە کەڵک وەرگرتن لە چەک و شێـوازی شەڕ و بەرگری کردن.

Mohammad Haji Hasani
نەمر محەمەد حاجی حەسەنـی

لە شاری بانەش خەڵک چەکدار کران و بە بڕیارێـکی شۆڕشگێـرانە :هێمنایەتی و ئارامی  شار, پاراستن و ئاگاداری لە بانک و ئێدارەکان, چاوەدێـری هاتووچۆ و زۆر هەنگاوی دیـکە بە بەشـێک لە خەڵک ئەسپێردرا. محەمەد هاوڕێ لە گەڵ ئەو خەڵکە, بوو بەشێـک لەوان, کاتەکان تەژی ببوون لە گۆڕانکـاری سیاسی, کۆمەڵایەتی و سازدانی پێشانەگە و کۆروکۆبوونەوە و وتار خوێـندنەوە… گەڕانەوەی برایم یونسی نووسەر و وەرگێـڕی بەتوانای کوردستان,   گیراوی سیاسی پێشوو و ئەندامی دێـرینی حیزبی تودە بۆ بانە فەزایەکی تایبەتی خوڵقاندبوو و هەرکات لە کۆروکۆبوونەوەکان بەشداری دەکـرد خەڵـکانێکی زۆر لەوێ حازر دەبوون.

بەشـێک لەو لاو و گەنجانەی چەکدار بوون خۆبەخشانە چاوەدێـری و پارێزگاریان لە برایم یۆنسی بەئەسـتۆ گرتبوو کە محەمەد یەک لەوان بوو بە بەژنێـکی ڕێک و پێـک و ئەندامێکی چوارشانە چاوەدێـری دەکرد.

ئەو کاتەی وەزارەتی ناوخۆ لێک بڵاو بوو  برایم یۆنسی چوو بۆ شاری سنە تا دەسەڵاتی پارێـزگا بگرێـتە دەست و کۆنتڕۆڵی ئەو دۆخە ئاڵـۆزە بکە, هاوڕێ لەگەڵ برایم‌ یۆنسی پۆلێـک گەنجی بانەیی بۆ یارمەتی و هەروەتر پارێزگاری کردنی هاتنە سـنە و چاوەدێـریان لێ دەکرد کە محەمەد یەک لەوان بوو.

خەڵـکی شاری سنە دوای هێـور بوونەوەی شار پاش شەڕی خوێناوی نەورۆزی سنە و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی تازە بەدەسڵات گەیشتوو, بەڕێـوەبردن و ئیدارەی شاریان بە شورایەک کە یازدە کەسی لەخۆوە دەگرت ئەسپاردبوو ئەو چەشنە ئیدارە کردنە هێـمای کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و یەکسانی پێشان دەدا کە لەودا خەڵـک ڕاستەوخۆ بەشداریان دەکرد لەبەڕێـوە بردنی کاروباری ئیداری و کۆمەڵایەتی شار.

بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەڕێـوە بردن و کۆنترۆڵی کۆمەڵگا بەوجۆرە دژایەتی دەکرد چونکە دەسڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە دژی هەر چەشنە ئازادی و یەکسانێـک بوون کە لەودا خەڵـک خۆیان بۆ بەڕێـوە بردن و ئیدارەی وڵات نەخشیان هەبێ و بە هەر جۆرێـک بۆی دەکرا پێشی لێ دەگرتن.

لە ڕێـکەوتی ۲٨ی گەلاوێـژی ۱۳٥٨ی هەتاوی لە لایەن خومەینی حوکمی هێـرش کردن بۆ سەر کوردستان درا و خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع کە لە لایەن خومەینی ئەمری پێ کرابوو بێ بەزەیانە و بێ بڕانەوە حوکمی ئیعدامی بەسەر لاو و گەنجانی کوردستان داسەپێنێ, پۆل پۆل لاو و گەنج بوون کە قوربانی بیر و هـزری کۆنەپەرستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەهاتن و گیانیان لێ دەستێـندرا. هێـرشی بەربڵاوی هێـزی نیزامی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای سێ مانگ شکەستی پێ هات و هەمیسان خەڵک دەسەڵاتی شارەکانی کوردستانی گرتەوە دەست, محەمەد وەک پێشـوو زۆربەی‌ کاتی‌ خۆی لەدەرەوە و بە خزمەت کردن لەناو کۆمەڵگا تێـپەڕ دەکرد.

شاری بانە هەڵکەوتەیکی جوغڕافیایی تایبەتی هەبوو, لە لایەن ڕێژیم گریـنگی پێ دەدرا و هەر بەو هـۆیە لە ڕێـگەی زەوی و ڕێگای نێـوان سەقـز بۆ بانە یا تەنانەت ڕێگەی ئاسمانی هێـزی نیزامی دەگواستەوە کە لەگەڵ پەرچەکرداری بەپەلەی هێـزی پێشمەرگە و خەڵک ڕووبەڕوو دەبووە و پاشەکشەی پێ دەکـرا.

ئەگەر چی محەمەد چەکدار بوو بەڵام لە ڕیـزی پێشمەرگەکان دا نەبـوو, کۆنترۆڵ و چاوەدێـری شاری پێ ئەسپێردرابوو و لە تێکهەڵچوونی نێـوان هێـزی پێشمەرگە و بەکرێـگیراوانی ڕێژیم بەشداری نەدەکرد.

زۆرن ئەو کەسانەی کە لەبیریان ماوە ئەو ڕۆژەی پتـر لە دە هەزار کەس لە خەڵکی بانە و ناوچەکانی دەوروبەری بانە بۆ پشتیـوانی کردن لە مانگرتنی گشتی خەڵکی سنە لەسەر داواکاری چوونە دەروەی هێزی پاسداران لە سنە, ڕژانە سەر شەقامەکانی بانە, محەمەد ماندوو نەناسانە سەردانی هەموو شـوێنکی دەکرد و کۆبوونەوەکانی ڕێـک دەخست.

ئامادە بوونی لەناکاوی فرووهەر, سەباغیان و سەحابی کە بە بیـانووی دانوستان لەگەڵ وەفدی نوێـنەرایەتی گەلی کورد لە کوردستان بوون, لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا و خوێـندنەوەی وتار لە لایەن فرووهەر فەزایەکی تایبەتی خوڵقاند کە ئەرکی محەمەد و هاوڕیـانی بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە قوورستر کرد. ڕەنگـبێ هەر لە قەرەباڵغی ئەو ڕۆژە بووبێت بەکرێـگیراوێـک کە هاوڕێ وەفدی ناوەند لەوێ بوو وێـنەی محەمەدی گرتبێ کە چەکی بەشانەوە بووە, ئەو وێـنەیە پاساوی سەرەکی بوو بۆ بەتاوانبار کردنی محەمەد له کاتی دەسبەسەر کردنی.

ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرکوت و کوشتاری نەیاران و ئازادیـخوازان گەیشتە لووتکەی خۆی, ڕێژیم سەرەتا هێرشی کردە سەر سنە و دواتـر هێـرشی بەربڵاوی کردە سەر هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کە لەگەڵ بەرگری خەڵک و هێـزی پێشمەرگە بەرەوڕوو بووە. لە بانە و ڕیـگاکانی دەور و پشتی بانە دۆخ یەکجار ئاڵوز بوو و ڕێـژیم هێزێکی زۆری لەوێ بڵاوە پێ دابوو, هـێزەکانی ڕێژیم زەبری قوورسی لێ کەوتبوو.

لە ڕۆژەکانی چوار و پێنجی جۆزەردان سەیاد شیرازی خەو بەچاوی دانەهات تاکوو پاشەکەشە بە هێـزی بەرگری خەڵک و پێشمەرگە بکات, بە چەکی قورس هێـرشیان دەکردە سەر شار و زۆر خانووبەرەی خەڵکی بەر ئەو هێـرشانە کەوتن له ئاکامی ئەو هێرشە ناجومێـرانە خانووی بنەماڵەی محەمەد وەبەر هات و خەساری دیت. محەمەد وێـڕای بنەماڵەکەی خۆیان لە شوێـنێک هاوڕێ لە گەڵ چەند بنەماڵە حەشار دابوو تا بەر هێـرشی چەکی قوورسی ڕێژیم نەکەون. ڕۆژی شەشی جۆزەردان محەمەد لە حەشارگە وەدەر کەوت تاکوو ئاگاداری دۆخی ناو شار ببێ کە چاوی بە خەڵکانێـک کەوت کە وێـڕای هێزی پێشـمەرگە بەرەو دەروەی شار کۆچیان دەکرد و خۆی لەناو وان دا دیـتەوە.

دوای ئەوەی کە لە شار دوور کەوتنەوە هەر کەس ڕیـگەیەکی دەگرتە بەر و هەڵدەهاتن هێـزەکانی پێشمەرگەش بۆ بەرگری کردن لە هەمبەر هێـرشی هێزی نیزامی ڕێژیم خۆیان تەیار دەکردەوە.

ئەو خەڵکانەی دواتر لەشار وەدەر کەوتبوون هەواڵی زاڵ بوونی هێزی پاسدارەکان بۆ سەر شاریان دەدا و دیانگوت پاسدارەکان لە هەموو کۆڵان و شەقامەکانی شار هێـزیان بڵاوە پێ داوە و مۆڵگە و مەقەریان ساز کردووە, خەڵکی دەسبەسەر دەکەن و ئازاریان دەدەن.

محەمەد بە بیستنی ئەو هەواڵانە دڵـی ناخۆش بوو, بۆ ساتێـک بیر و هۆشی لە خێـزان و دوو کچەکە دوور نەدەبووە لە لایەک پەرۆشی ئەو خەڵکە بوو کە ئاوارە بوون و لە لایەک هـۆشی لەو خەڵکە بوو لە شار مابوونەوە و برگریان دەکرد حەزی دەکرد بگـڕێتەوە و بنەماڵەکەی لە ئامێـز بگرێ “گوریسـکێ پێ بوو ئەوسەر ئەوسەری پێ دەکرد!” ساغ نەدەبووە چ بڕیارێک بدات ڕۆژەکان تێـدەپەڕین و تێـپەڕینی تەمەن دۆخەکە ناخۆشـتر و ئاڵۆزتر دەکـرد.

دوای ماوەیەک بەنەهێـنی چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت بەڵام دۆخی ئاڵۆزی ژیانی بەردەوام ئازاری دەدا, چەند مانـگ دواتر دۆخی ئاڵۆزی شار کەمێـک هێـور ببوو و ژیانی خەڵک ئاسایی ببووە.

محەمەد کە هەستی بە هیـچ تاوانێـک نەدەکرد گەڕاوە بۆ شار و دڵـی بنەماڵەکەی بە گەڕانەوەی دووبارەی شاد کردەوە, چەند ڕۆژ مابوو بۆ کـرانەوەی قوتباخانەکان و محەمەد پێ دەرفەت بوو دەستـێک بە دار و دیواری خانووکەیان دابێـنێ کە بە هۆی تەقەی هێـزی نیزامی پاسداران کەلێـن و قوژبنی تێ کەوتبوو.

دەسـپێکی ساڵی نوێ خوێندنی ئەوساڵ جیاواز بوو, چاوەدێـری ئەمنی لەسەر قوتابخانەکان بە چڕی هەبوو و بەشێـک لە هاوڕیانی محەمەد نەگەڕابوونەوە و بیستنی ناوی گیانبەختکراوەکان خەمێـکی زۆری دەخستە ناو دڵـەوە. چەند ڕۆژ لە دەسپێـکی کرانەوەی قوتابخانەکان تێ نەپەڕیـبوو هێـزەکانی ئەمنی ڕێژیم و پاسدارەکان لەناکاو ڕژانە ناو قوتابخانە و پێرستێکیان لەگەڵ خۆ هێـنابوو کە ناوی چەند مامۆستای ژن و پیاوی تێـدا نووسرابوو و بە بیانووی لێـکۆڵیـنەوە لەسەریان چەند مامۆستایان دەسبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردن.

بەکرێـگیراوانی ڕێژیم دوای دەسبەسەر کردنی محەمەد گواسـتیانەوە بۆ سەربازگەی شاری بانە لە ژوورێکی بچووک وێـڕای چەند کەسی دیکە ” بانە شارێـکی چکۆلەیە و هەموو یەکتری دەناسن” ڕۆژانە چەند کەس لەوانەی دەسبەسەر کرابوون بۆ لێـپرسینەوە لەگەڵ خۆیان دەبردن و دواتر لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە و چۆنێـتی لێـپرسینەوەکانیان بۆ یەکتـری باس دەکرد, محەمەد تێـگەیشتبوو کە بێ گوناحە و بەم زوویانە ڕزگاری دەکەن.

ڕۆژ و حەوتوو و مانـگ تێ دەپەڕیـن و ڕێـژەی گیراوەکان لە کەمی و زیادی دەدا وێـنەی گیراوەکان دەگۆردران و ئەوەی گۆڕانی بەسەر نەدەهات دیـوارە بێـتۆنێـکانی چوارچێـوەی بەندیخانە و سیمای گرژی بەندیـوانەکان بوون .

شەڕ لە نێـوان عێراق و ئێران دەستی پێ کردبوو,خەڵـکی بانە بەهۆی سنووری بوونی شار ترسیـان لێ نیشتبوو, محەمەد ئەو هەواڵەی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بیستبوو کە هەر دوو حەوتوو جارێک بۆ سەردانی دەهاتن بۆ بەندیـخانە, ئەو بابەتە زەین و هـۆشی محەمەدی شێـواندبوو و بیری لەوە دەکـردەوە ئەگەر لە لای بنەماڵەکەی بوایـە ورەی پێ دەبـخشین و ئاگاداری لێ دەکردن.

ئەو ترس و دڵـەڕاوکەیە زۆری نەخایاند وەڕاست گەڕا و فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێـراق هاتنە سەر ئاسمانی بانە و چ شوینێک ڕوونتر و بەرچاوتر لە سەربازگەی شاری بانە کە لە داوێنی چیای سەرکەشی ئاڕبابا هەڵکەوتبـوو.

سەربازگەی بانە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق پێـکرا و ئاداری لەسەر پاداری نەما نە پاسدار ما و نە پاسەوان ئەوەی کوژرا کە کوژرا ئەوەی دی خۆی لە کەلێن و قوژبن و حەشارگەی ناو سەربازگە جێگیـر کرد.گیراوەکانیش کەل و پەل و شتوومەکی خۆیان دەست دایە و هەر کامیان ڕێـگەی ماڵی خۆی گرتە بەر و چوونەوە لای بنەماڵەکانیان.

محەمەد یەک لەو گیـراوانە بوو کە گەڕاوە ماڵەوە, بنەماڵە و کچەکانی بە دیتنی کەیف خۆش بوون ئەو لەسەر بێ گوناحی خۆی لەگەڵیان دەدوا و دڵنیا دەکردنەوە بەم زوویانە ئازادی دەکەن محەمەد بە ڕادەیەک دڵنیا بوو لەسەر بێ گوناحی خۆی کە پێشنیاری براکان و خزمەکانی نەگرتە گوێ کە داوایان لێ کردبوو لە شوێـنکی نەهێنی خۆی حەشار بدا یا تەنانەت لە ناو شار نەمێـنێ. دوای هێـور بوونەوەی دۆخی شار پاش بۆمباران چۆوە سەربازگەی بانە و خۆی تەحویل داوە و پاش چەند ڕۆژ وێـڕای چەند گیراوی دیـکە ڕایانگواستن بۆ گرتووخانەی شاری سـنە.

هەڵس و کەوتی ویشک و جیددی بەندیوانان, لێـکۆڵیـنەوە و ئەشکەنجەی شێـوازمەند کە جیاواز بوو لەگەڵ بەندیخانەی سەربازگەی بانە, مەترسی بۆ محەمەد چێ کردبوو, هیـواکانی بۆ دەرباز بوونی لە گرتووخانە بەیەکجاری ڕووخابوون, تەنیا کەسێکی جێ متمانە هاوڕێ و هاوشارێـکەی, جەماڵ ڕەحیـم زادە بوو کە بە یەکەوە هاوکووپە بوون و ئازار و زامەکانیان لەگەڵ یەکتری هاوبەش دەکرد و لە دەرەوە گرتووخانە باجی, دایـکی بوو کە بەردەوام سەردانی دەکرد و ورەی پێ دەبخشی و بۆ دیتنی کوڕەکەی گوشاری دەخستە سەر بەندیـوانان.

هەر لە هەوەڵ لێـپرسینەوەی کە لە محەمەدیان کرد, مەترسی حوکمی ئێعـدامی لەسەر خۆی هەست پێ کردبوو لەگەڵ دایـکی باسی کرد, باجی دایـکی ئەمانی لێ هەڵـگیرابوو و هاوڕێ لەگەڵ براکانی یەکجار حەولیـان دا و ڕوویان لە زۆر کەس نا تاکوو بەڵـکوو چارەیەک بدۆزنەوە و حوکمی ئێعدامی محەمەد هەڵـبوشێـتەوە. تەنانەت چوون بۆ نووسینگەی مونتەزیری لە نەجەف ئاوای ئیسفەهان بەڵام داواکاری جێـگرەوەی خومەینیش کاریـگەری نەبوو, لەو هاتووچۆیانە دا جارێـک پاسدارێـک لە دادگای شۆڕشی سـنە بێ ئەوەی کەس بزانێ پێیان دەڵـێ کێشـە لە ڕادەست کردنەوەی ئەو چەکەیە کە لای محەمەدە ئەو چەکەیان تەحویل بدەنەوە.

دۆزینەوە و ڕادەست کردنی یەک قەبزە چەک ئاسان بوو بەڵام دوو پرسیاری بۆ بنەماڵەی محەمەد ساز کردبوو, ئاخـۆ ئەو پاسدارە چ دەسەڵاتێـکی هەیە و زانیاری لەسەر محەمەد هەیە؟! یاخود ڕادەست کردنی چەک دۆخەکە لەوەی کە هەیە ئاڵـۆزتر دەکات و دەیسـملێنێ کە محەمەد چەکدار بووە و تاوانی محەمەد زیاتر دەکات!؟

ماڵباتی محەمەد بەیەکەوە و بە هاوبیری کەسانی نزیک و شوناسیان بڕیاران دا ئەو داوایە جێبەجێ نەکرێ باشترە و وازیان لێ هێنا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە مانەوەی خۆی لە سەرکوت و گوشار خستنە سەر خەڵک دەدیت و بەرگری کردنی خەڵک و هێـزی پێشمەرگەی پێ ڕەوا نەبوو بە کوشتن و ئێعدامی دەسبەسەر کراوان هێـزی و دەسەڵاتی خۆی نیشان دەدا, ڕێـژەیەکی بەرچاوی گیراوانی سیاسی و تەنانەت بێ گوناحیش لە ساڵی شەستی هەتاوی ئێعدام کرد و ئەوپەڕی جنایەت و مرۆڤ کوژی لەوساڵەدا بەئەنجام گەیاند.

خۆری بێ هێـزی پاییزی ئەو ڕۆژەی کە دوو ژنی ماندوو و شەکەت لەبەر دەرگای بەندیخانەی دادگای شۆڕشی سـنە چاوەڕوانی چاوپێـکەوتنی ئازیزەکانیان بوون چ تیـنی پێ نەدەبخشین باجی, دایکی محەمەد و ناسکە خوشکی جەماڵ چاوەڕوان بوون چاویان بە محەمەد و جەماڵ بکەوەێ تاکوو جل و بەرگی خاوێن و ئەو خۆراک و چێشـتانەیان بدەنێ کە بۆیان هێنابوون بەڵام چاوەڕوانی لەڕادەبەدەری ئەو ڕۆژە و چاوپێـکەوتنی کەسانێک لەگەڵ کەسانی گیراویان کە دوای ئەوان هاتبون نیـگەرانی کردبوون. سەرەنجام دەرگایان لێ کردنەوە و پاسەوانی بەردەرگا بە ئەسپایی پێ گوتن گیراوانی ئێـوەیان بردووە بۆ قـوڕوە و پاکەت نامەیەکی پێ دان و داوای لێ کردن ئەو پاکەت نامەیە ببەن بۆ سوپای پاسدارانی شاری قـوڕوە ئەوان هاوکاریتان دەکەن و پێ گوتن لە خوار شەقامی سیرووس مینی بووسی سنە بۆ قـوڕوەی لێیە و زوو لە لای وان نەما تاکوو پرسیاری لێ نەکەن.

دوو ژنی ماندوو و تینوو و یەکجار نیگەران کە ئۆقرەیان لێ هەڵـگیرابوو لەسەر کورسێـک دانیشتبوون چاویان لە دەرگای سپای پاسداران بڕیـبوو کە چەند خولەک پێشووتر پاکەت نامەکەیان ڕادەستی پاسداران کردبوو. چاوەڕوانی زۆری نەخایاند  سەیارەیەک هات بۆ لایان و هەردووکیانی لەگەڵ خۆی برد. لەبەر نیـگەرانی لەڕادەبەدەر زمانیان شکابوو تاکوو پرسیار له شۆفیر بکەن, سەیارەکە لەدەرەوەی شار لە چۆلگەیەک ڕایـگرت چەند کەسی لێ بوو جلی ڕەشیان لەبەر دابوو. کاتێـک پاسدارەکە تەپکەیەکی نیشان دان کە بە دوو بەرد دیاری کرابوون هێـزیان لێ بڕا و خۆیان بەعەرز دادا و ئەژنۆیان شل بوو و دەنگی گریان و ڕۆڕۆ بێـدەنگی ئەو شوێنەی شێواند پاسدارەکە لەوێ نەما و ئەو ژن و پیاوە ڕەش پۆشانەی لەوێ بوون هاتن بۆ لایان, ئێـرە لەعنەت ئاوایە!..

بە بیستنی هەواڵی مەرگی محەمەد و جەماڵ, خزم و کەس و کار لە بانە وەڕێ کەوتن, هاتن بۆ لای باجی و ناسکە تاکوو بێنە سەر گۆڕی ئازیزەکانیان و خەم و پەژارەیان لەگەڵ باجی و ناسـکە دابەش بکەن.

محەمەد و جەماڵ لە ڕێـکەوتی ۲٥ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی ئێـعدام کران, تۆمەتی جەماڵ ڕەحیـمی زادە لایەنگری لە کۆمەڵە بوو بەڵام محەمەد حاجی حەسەنی بە تۆمەتی چەندپاتکراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی, دژایەتی لەگەڵ خودا و ” مفسد فی الارض”  ئێعدام باجی, دایـکی محەمەد تا ئەو کاتەی لەژیاندا مابوو سەرەڕای پیـر بوون و پەکەوتوویی هەموو پێـنج شەممەیەک موسافری مینی بووسی قـوڕوە بوو.

ناوی محەمەد حاجی حەسەنی و چیـرۆکی ژیانی لە نێـوان کتێبی ئەستووری ئێعدام کراوانی کۆماری ئیسلامی ون بووە

ئەو نووسراوەیه لە زمان و گێـڕانەوەی هاوڕیان و خـزم و کەسی محەمەد وەرگیـراوە.

وەرگێـڕان لە فارسی بۆ کوردی : قادر سۆهرابی