دیـوانی بەرزی وڵات حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی گیراوی سیاسی کوردی کە لە گرتووخانەی اوین دەسبەسەر کراوە له لقی ۳۹ی دیوانی بەرزی وڵات پەسەند کردەوە, جێ ئاماژە پێ کردنە پەسند کردنی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی نوقسان و ئاڵـۆزی زۆری یاسایی پێـوە دیارە و سەرەڕای ڕێـژەیەکی زۆری نوقسانی یاسایی ئەو حوکمە لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات پەسەند کراوەتەوە.
پارێـزەری پەخشان عەزیزی ” ئەمیر ڕەئیسیان ” بە ئاماژە بە نوقسانی یەکجار زۆر کە لە پرۆسەی دادپرسی پەخشان عەزیزی هەبووە ڕایگەیاندووە کە هیچ سرنج نەدراوە بەو بەڵگانەی کە دەرخەری چالاکی ئاشتی خوازانەی پەخشان عەزیزی بووە. ئەمیر ڕەئیسیان پشت ڕاستی کردەوە کە پەخشان عەزیزی لە کاتی هێرشی هێزی تیرۆریستی داعیش بۆ سەر سووریا بە تایبەت کوردستانی سووریا “ڕۆژاوا” وەک کەسێکی خۆبەخش یارمەتی مرۆڤی بەو کەسانە داوە کە خەساریان بەرکەوتووە و لەو بوارە دا چالاکی بەرچاوی هەبووە کە ئەو چالاکییانە چ پێـوەندی سیاسی یاخود نیزامی نەبووە.
پەخشان عەزیزی تەمەن ۳۷ ساڵان, خەڵکـی مەهاباد لە ڕێکەوتی ۲ی گەلاوێژی ساڵی ۱٤۰۲ی هەتاوی لە لایەن لقی ۲٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی یاخیبوون و ئەندامێتی لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چوار ساڵ زیندانی و ئێعدام حوکم درابوو.
پەخشان عەزیزی هاوڕێ دەگەڵ باوکی, عەزیز عەزیزی تەمەن ٦۷ ساڵان,پڕشەنگ عەزیزی و هاوژینی خوشکەکەی حوسێن عەباسی, لە ڕێـکەوتی ۱۳ی گەلاوێـژی ۱٤۰۲ی هەتاوی لە تاران و لە لایەن مەئموورە چەکدارەکانی سەر بە هێزی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر دەکرێ و دەگوازرێـتەوە بۆ بەندی ۲۰۹ی گرتووخانەی اوین. پەخشان عەزیزی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەسبەسەر کرانی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گرتووخانە, مانی لە خواردن گرت و پاش ئەوەی کە بنەماڵەکەی بە دانانی بارمتە, ئازاد کران کۆتایی بە مانگرتن هێـنابوو.
کاتێـک پەخشان عەزیزی لە ژووری تاکەکەسی دەسبەسەر کرابوو, تۆمەت گەلێکی تری بەسەردا پەسەند کرا, ئەو تۆمەتانە, بریتی بوون لە ئاژاوە نانەوە لە گرتووخانە و هەروەتر تێکهەڵچوون دەگەڵ مەئموورەکانی ناو گرتووخانە کە بوو بە هـۆی درووست بوونی دۆسیـەی نوێ دژ بە پەخشان عەزیزی.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی پەخشان عەزیزی باسی لەوە کردووە کە ناوبـراو چ پێـوەندی یا ئەندامێتی له ئۆپۆزسیۆنی دژبەری ڕێژیمی ئێران نەبووە و بۆ ماوەی دە ساڵ وەک ئاریکار لە کەمپی هەڵـوەداکان, یارمەتی دەرێـکی چالاک بووه. چوارچێـوەی چالاکی پەخشان عەزیزی لەو ناوچانەی سووریا کە شەڕی چەکداری لێ له ئارا دابووه تەنێ ئاریکاری لەخۆی گرتووە و هیـچ تێکهەڵچوونی شەڕکەری و نیزامی ڕاستەوخۆی لە گەڵ هێـزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە.
پارێـزەری پەخشان عەزیزی بە ئاماژە بە دژکاری حوکمی پەخشان لەگەڵ بنەماکانی دادپرسی دادپەروەرانە و سیاسەتەکانی دادی وڵات, ڕایـگەیاندووە کە داوای پێداچوونەوەی بۆ دیوانی بەرزی وڵات دەنێـرنەوە و هیوا دارن کە دۆسیـەی پەخشان عەزیزی له پرۆسەیەکی نوێ, پشکنینی ڕێـکوپێکتر و وردتری بۆ بکـرێتەوە.
پێشـووتر لە ساڵی ۱۳٨٨ی هەتاوی پەخشان عەزیزی بە هۆی چالاکی سیاسی دەسبەسەر کرابوو و دوای چوار مانگ بە دانانی بارمتە ئازادیان کردبوو. پشت ڕاست کردنەوە و پەسەند کردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی, نیـگەرانی زۆری لەهەمبەر گوشار خستن بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی لێـکەوتۆتەوە.
ناوەندی نەمـران سەپاندن و پشت ڕاست کردنەوەی حوکمی ئێعدام بۆ سەر پەخشان عەزیزی به توندترین شێوە ئیدانە دەکات و بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو حوکمە ناڕەوایە پێـویستە خەڵک بەگشتی دەنگ هەڵـبڕن.
نووسین و ئامادەکاری :قادر سۆهرابی