Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تاکوو ئێـستا شەش کەس لەو حەوت کەسە لەلایەن ڕێژیمی ئێران ئیعدام کراون

بابەتێک سەبارەت بە حەوت کەس کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە تاوانی ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفیەکان و کوشتنی مامۆستا عەبدولڕەحیم تینا بە تاوانی و هەڵسوکەوتی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و تا ئێستا ٦ کەسیان لە سێدارە دراون:

دوای هێرشی هەمەلایەنەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی گرنگی شەڕ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەعس لە عێراق بۆ چەندین ساڵ ڕزگارکراوهێزە کوردییەکان توانیان لەوێ حوکمڕانی بکەن، ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان لە دەسەڵات و داگیرکردنی حزبی بەعسی عێراق وەربگرنەوە. لەو سەردەمەدا چەند گرووپی ئیسلامی توندڕەو لە هەندێک ناوچەی کوردستانی عێراق سەریان هەڵدابوو.

لە دەڤەری هەورامانات و بەتایبەت دەوروبەری هەڵەبجە ئەم هێزە ئیسلامییە توندڕەوانە لەژێر نازناوی ئەنساروڵڵا هەڵوێستی خۆیان هەبوو و ببوون بە هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی کوردستان. یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پاککردنەوەی ئەو هێزە ئیسلامییە توندڕەوانە، هێرشی سەربازیی کردە سەریان وئەو ناوچەیەی لە بوونیان سڕیەوە. لەو هێرشەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆ ئێران ڕایان کرد و چوونە ناو کوردستانی ئێران و لە سەربازخانەیەک لە دێزلی مەریوان نیشتەجێ بوون.

کۆماری ئیسلامی کە هەمیشە دەرفەتەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە چەوتەکانی کەڵک وەردەگرێت، بە باوەشی کراوە پێشوازی لێکردن و پشتیوانی لێکردن. دامەزراندنی هێزێکی توندڕەوی ئیسلامی بەرچاو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئامانجێکی دیاریکراوی هەبوو و ئەوەش پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە بوو لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئێران بۆ شێواندنی بیری نەتەوەیی گەلی کوردستانی ئێران.

بزووتنەوەی بەناو سەلەفی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دروست بوو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ڕێگری لێ نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕێگەی بە خەڵک و کۆمەڵگای کوردستانی ئێران دا کە زیاتر لەم بزووتنەوەیەدا بەشدار بن.

هەرچەندە ڕێژیم لەو سیاسەتەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام بەشێک لە گەنجانی کوردستانی ئێران، بە تایبەت سوننەکان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی شیعەوە ڕێگەیان پێنەدرابوو بە ئاشکرا کار بکەن، بە هۆی نەزانی و بێ ئەزموونی خۆیانەوە پێوەندییان بەو گرووپانەوە کرد. ئەم دەستە و گرووپانە لە کۆبوونەوەو و وتارەکانیاندا باوەڕە کانیان تەبلیغ دەکرد و هەوڵیان دەدا خەڵکێکی زیاتر بۆ خۆیان ڕابکێشن.

کۆماری ئیسلامی گەشەسەندنی ئەو گرووپانەی وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی دەبینی و ئەو ترسەی هەست پێدەکرد کە ئەو گرووپانە بە یارمەتی وڵاتانی سوننە و بە تایبەت عەرەبستان، سەلەفیزم بکەنە هەڕەشەیەک  کە ڕێژیمی ئێران نەتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ڕێژیم دەستی کرد بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی ئەندامانی بزووتنەوەی سەلەفی و زۆریان دەستگیرکران  و زۆرێکیان بە تۆمەتی دوژمنایەتی لەگەڵ خودا و مامەڵەکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی و لەسێدارە دا دران.  

حەوت کەس لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە سەلەفییەت و کوشتنی مامۆستا عەبدولڕەحیم تینا ئیمامی مزگەوتی خولەفا ڕاشیدین مەهاباد دەستبەسەر کران. پێویستە بگوترێ مامۆستای تینا کەسێکی ناسراو و خۆشناو بوو و لەلایەن جەماوەرەوە بە ڕێزەوە چاوی لێدەکرا.

ئەیوب کەریمی، قاسم ئابستە، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خوسرەو بێشارەت و کامەران شێخە بە تۆمەتی کوشتنی مامۆستا عەبدولڕەحیم تینا، ئەندامی گرووپێکی سەلەفی، هەڵسوکەوتی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەم حەوت کەسە لە ڕێکەوتی ١٦ی ئازەری ساڵی  ١٣٨٨ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران. دوای چەند ساڵ لێپرسینەوە و دادگاییکردنیان، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئێرانەوە بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە باوەڕە پیرۆزەکان و کوشتنی مامۆستای تینا، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا.

تاکوو ئێـستا شەش کەس لەو حەوت کەسە لەلایەن ڕێژیمی ئێران ئیعدام کراون.

ئێـعدامی ئەیووب کەریمی, قاسم ئابستە, داوود عەبدووڵاهی, فەرهاد سەلیمی, ئەنوەر خزری و خوسرەو بەشاڕەت جێبەجێ کراوە و کامڕان شێـخە چاوەڕوانی جێجەجێ کردنی حوکمی ئێعدام کردنێتی.

کۆماری ئیسلامی ئێران لەو دەگمەن وڵات و حکومەتانەیە کە سەرەڕای سەرکۆنە کردن و گوشار خستنە سەری لە لایەن وڵاتانی دێموکراتی جیهان و ناوەنده جیهانییەکانی مافی مرۆڤی و ڕێـکخراوەی لێبووردەیی گشتی نێونەتەوەیی, بە بەردەوامی حوکمی ئێعدام بۆ تۆمەتبارانی پەسند و جێبەجێ دەکات. حوکمێـکی دژەمرۆڤی و دژەئەخلاقی کە لەگەڵ بنەماکانی دونیـای پێشکەوتووی ئەمـڕۆ گونجاو نییە.

هەروەک لەناوەرۆکی ئەو وتارە ئاماژەی پێـکرا ئەو حەوت کەسە کە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا و هەروەتر کوشتنی مامۆستا عەبدوولڕەحیـم تینا دەسبەسەر دەکـرێن و دواتر حوکمی ئێعدامیان بەسەر پەسەند دەکـرێ و تاکوو ئێستا تەنیا یەک لەوان حوکمی ئێعدامی بەسەردا جێبەجێ نەکـراوە, بەرهەمی پەروەردە و تەنانەت پشتگیری خودی ڕێژیمی ئێران بوون بەڵام دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ڕێژیمی ئێران سەلماندوویەتی ئەوەی بۆی گرینـگ بێت درێـژەدانی سیاسەت و دەسەڵاتی خۆیەتی و هەرکات هەست بە مەترسی لەسەر خۆی بکات هیـچ بنەمایەک ڕەچاو ناگـرێ.

ناوەندی نەمـران دژی حوکمی دژە مرۆڤی ئێـعدامە و جێبەجێ کردنی ئێعدامی ئەو شەش کەسە مەحکووم دەکات., بەڵام پێـویستە ئاماژە بکرێ

کە خەڵک و بەتایبەت لاو و گەنجەکانی وڵات, فـریوی پروپاگەندەی ڕێژیمی ئێران نەخـۆن و لەژێـر ناوی ئایین و هەر ڕەوتێـک کە لە نەتەوەیی بوون دوریان دەخاتەوە, خۆیان بپارێـزن.

نووسین و ئامادەکاری: قادر سۆهرابی