Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

عەباس حوسێنپوور وێنەی کوڕێکی نیشتمان پەروەر

نەمر عەباس حوسێنپوور کوڕی ئامین و غوڵامحوسێن، لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و پڕحەشیمەت لە گەڕەکی (سێ ئاشان) چاوی بە ژیان هەڵێناوە. لەناو بنەماڵە و گەڕەکدا بە کەسێکی نەترس و بە غیرەت ناوبانگی هەبووە. هیچکات سەری بۆ کەس دانەنواندووە. حەزی لە یارمەتیدانی خەڵک کردووە و هەر لەبەر ئەوەش لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا خۆشەویست و لەبەردڵان بووە. پرس و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد کەڵکەڵەی ژیانی بووە و وەک لە زمان ئەو دەگێڕنەوە، ژیانی دیلێتی پێ قەبوڵ نەکراوە. تا پۆلی سێهەمی ناوەندی .دەرس دەخوێنێت و پاشان لە کارگەیەک، دەبێتە بەردەست و شاگرد مێکانیکی ماشێنی گەورە
هەر لەو تەمەنەدا دەبێ کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەردەکەوێ و ئەویش تێکەڵ بە ڕەوتە سیاسییەکانی ئەو سەردەم دەبێت و خۆی لەناو حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێراندا دەبینێتەوە.


هاوسەنگەرانی، ئەو بە کەسێکی چالاک، ماندوویینەناس و نەترس دەناسێنن و بۆ هیچ کارێک لە شلەی نەداوە و بەوپەڕی ئازایەتییەوە ئەرکەکانی بەجێ گەیاندووە. لەپاش دەرکردنی حوکمی جیهادی خومەینی دژ بە کوردستان، ئەویش ناچار دەبێ وێڕای حیزبەکەی شار بەجێ بهێڵن و لە شاخ درێژە بە خەبات بدات. لەو ماوەیەدا چەند جاران لە عەمەلیاتی گەورەدا بەشداری کردووە و ئازایەتییەکی بەرچاوی خوڵقاندووە

.
لە چالاکییەکی نهێنیدا دەنێردرێتەوە بۆ ناوچەکە و لە ڕێگای شاری پیرانشارەوە بارێک چەک و تەقەمەنی بۆ شانەکانی ناو شار دەباتەوە مەهاباد. ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕادەستییان دەکات، ئینجا دەخوازێ تا شار جێبهێڵێ کە بە داخەوە لەلایەن خۆفرۆشێکەوە ئاشکرا دەکرێ و لە جلشۆرییەکی مەهاباد لە لایەن پاسدارانەوە دەگیرێت و چەند ڕۆژێک نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکانی لەسەر تاقی دەکەنەوە. تەنانەت لە گەرمەی ئەو ئەشکەنجانەدا دەیهێننەوە گەڕەکی سێ ئاشان و (گەڕەکی یەرغوو) تا هاوڕێکانی بە پاسداران بناسێنێ. ئەو کە دەیزانی هاوڕێکانی لەو چەند ڕۆژەدا شاریان جێهێشتووە یا خۆیان حەشار داوە، بۆیە هیچکەس لەسەر وتە و دانپێدانانی ئەو نەگیرا.


بنەماڵەکەی دەیگێڕنەوە کە وەهایان ئەشکەنجە کردبوو کە گۆشتیان لە لەش کردۆتەوە و لە گیرفانەکانیان هاویشتووە.
بەداخەوە نەمر عەباس حوسێنپوور هاوڕێ دەگەل ٥٨ قارەمانی تر لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە تەورێز ئێعدام دەکرێن تەرمەکانیش نادەنەوە بە بنەماڵەکانیان و بە وتەی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەرمانداری مەهاباد، لە شاری تەورێز و لە گۆڕستانێک بە ناوی (وادی رحمت) دەیانشارنەوە. بنەماڵەی نەمر عەباس بە شێوەیەکی نهێنی و لە نیوەشەودا دەچنە ئەو گۆڕستانە و گۆڕەکەی نەمر عەباس دەدەنەوە بەڵام ئەو تەرمەی کە لەناو گۆڕەکەدابووە، تەرمی نەمر عەباس نەبووە.


ڕوحی شاد و یادی هەرمان