بە داخەوە سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردانی (١٤٠٢) واتە ٢١/٦/ ٢٠٢٣، سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی (کانی دینار) سەر بە شاری مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.
هێمن مستەفایی، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٠، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنە ئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بوو.
ناوەندی نەمران وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو تاوانە، داوا لە ناوەندە مرۆڤدۆستەکان دەکات تا سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دابنێت. ڕۆحی هێمن مستەفایی شاد و یادیان هەرمان