Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گیانی پەرهام پەروەری لە مەترسی دایە

پەرهام پەروەری، تەمەن ٢٦ ساڵ و لەدایکبووی شاری سەقزە. پەرهام تاکە منداڵی بنەمەڵەکەیانە. پاش کۆتاییپێهێنانی قۆناغەکانی خوێندن، دەچێت بۆ سەربازی. لەپاش تەواوبوونی سەبازییەکەی لە تاران دەگیرسێتەوە. چەند مانگێک پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی، لە دامەزراوەیەکی کەرتی تایبەت وەک ئەندازیار دادەمزرێ و سەرقاڵی کارکردن دەبێ. ئەو براوەی چەندین خەڵاتی قارەمانەتی لە وەرزشی مەلەوانی بووە و لەو بوارەشدا پلەی ڕاهێنەری وەدەست هێناوە. هێندێک لە مەلەوانانی شاری سەقز لەسەر ئەو باوەڕەدان کە پارێزگاری کوردستان بەهۆی کەسایەتی و ڕۆڵی پەرهامەوە، کۆمەڵێک مەلەوانی باشی تێدا هەڵکەوتووە.

پەرهام پەروەری

بەپێی ئەو هەواڵە پشتڕاسکراوانە، لە حەوتووی سەرەتایی دەسپێکی ناڕەزاییەتێکان لە تاران، کاتێک هێزە سەرکوتگەرەکان هێرشە دەکەنە سەر ئۆتۆمبیلەکانی خەڵک، کاتێک دەگەنە ئۆتۆمبیلی پەرهام، بە زۆرەملی دایدەبەزێنن و بە لێدان و کوتان دەستبەسەری دەکەن و گشت کەرەسەی کارەکەی و لەپتۆپەکەی دەست بەسەردا دەگرن.

وەک لە بنەماڵەکەی دەبیسترێ، ماوەیەک بوو کەس لە چارەنووسی پەرهام هیچ زانیارییەکیان نەبوو، تا لە دوای چەند ڕۆژێک لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەدی دێت و بە بنەماڵەکەی دەلێت کە گیراوە و تووشی لێدانی و ئەشکەنجەیەکی زۆر بووە. کەسوکاری پەرهام دەرفەت نافەوتێنن و بەپەلە خۆ دەگەیێننە بەردەم زیندانی ئێوین لە تاران.

کەسێکی نیزیکی لە بنەماڵەی پەروەری درکاندی کە بەرپرسانی ئەو زیندانە، بنەماڵەکەیان ئاگادار کردبۆوە کە کوڕەکەیان بە زەمانەت ئازاد دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە بنەماڵەکەیان هەموو پێویستییەکانی دەستەبەرنامەیان ئامادە کردبوو، تەنانەت بنەماڵەی پەرهام لەگەڵ چەندین وەکیل قسەیان کردووە کە دیفاع لە کوڕەکەیان بکەن، کەچی دادگا ئەو وەکیلانەی پەسەند نەکردووە و بنەماڵەکەی ئەرخەیان کردبوو کە پارێزەری دەستنیشانکراویان بۆ دیاری کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێ وەکیل پەرهامی دیتبێت.

بەداخەوە بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، هیچ کە ئازادیان نەکرد،  پەرهام خۆی لە ڕێگەی تەلێفوونەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەدەگەیێنێ کە ڕۆژی چوارشەممۆ ١٨ی خەزڵوەر بەبێ بەشداری لە وەکیل دادگایی کراوە و تاوانی “محاربە”ـیان داوەتە پاڵ. هەروەها ئەوەشی درکاندووە کە ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو دەستبەسەر کرابوون هەموویان بە زەمانەت ئازاد کراون، بەڵام ئەو هەر دەستبەسەرە.

موزەفەر پەروەری باوکی پەرهام بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە پاش چل ڕۆژ دەسبەسەر کردنی کوڕەکەی، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە جگەرگۆشەکەی بە تاوانی “محاربە” حووکم دراوە و داوای لە ڕای گشتی و گشت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد تا دەنگی پەرهام بن.

بە گوێرەی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، تاوانباری سیاسی پاش دەسبەسەرکردن و تا کاتی دادگایی حەقی وەکیلی هەڵبژاردنی هەیە، بەڵام پەرهام لەو حەقە یاسایی خۆی بەشدار نەبووە.

هێندێک خاوەن بۆچوون لەو باوەڕەدان کە پەرهام سەبارەت بە ناڕەزاییەکان دەسبەسەر نەکراوە بەڵکوو ئەو گرتنە بە داتاشینی تاوان پێناسە دەکەن بۆ کەسانی بێتاوان تا بەو شێوەیە خەڵکی تری پێ چاوترسێن بکەن. بۆ ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە خەڵکانی بێپشت‌وپەنا باشترین قوربانی و نێچیرن.

هاوڕێیانی نیزیکی پەرهام ئەو قارەمانە بە کەسێکی وشیار و لە کۆمەڵگادا بە کەسێکی خۆشەویستی دەناسن و هەروەها لە شوێنی کار و لە وەرزشیشدا خاوەن پێوەندێکی باشە لەگەڵ گەورە قارەمانانی وەرزشی مەلە.

ئەرکە لەسەر شانی هەر مرۆفدۆستێک و ئازادیخوازێک کە دەنگی لێقەوماوانی وەک پەرهام پەروەری و بنەماڵەکەی بن.