Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سامان یاسین ئێعدام مەکەن

سامان صیدی ناسڕاو بە سامان یاسین گۆرانیبێژ و ئاهنگسازی خەڵکی کرماشان، تەنیا سێ حەوتوو پاش دەسبەسەرکردنی لە لایەن دەزگای یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە “محاربە” تاوانبار کراوە. ناوبراو کە نیشتەجێی تاران بوو، رۆژی یەکشمەمۆ ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە هۆکاری پشتیوانی لە ڕاپەڕین لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی جمهوری ئیسلامی ئێران لە ماڵی خۆی ڕفێندرا و تا ڕۆژی دادگایی کردنەکەی کەس هیچ هەواڵێکی لێ نەزانی. کۆبوونەوەی دادگای سامان یاسین‌ی تەمەن ٢٧ ساڵە رۆژی شەممۆ ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی (٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە تاران بە شێوەیەکی شانۆیی ڕێکخرا و لەسەر داوای داواکاری گشتی بە “محاڕەبە” تاوانبار کراوە.
بەڵگەکان باس لەوە دەکەن کە سامان یاسین لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا بووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت سامان یاسین دانی بەتاوانەکانی داناوە و کاتی دەسبەسرکردن چەکدار بووە، هەموو بەڵگەکانی ئەو کەیسە و مێژووی ئیعدامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێژیم لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی رووحی و جەستەییدا، دانپێدانانی زۆرەملی بە گیراوەکان دەکات.
سامان یاسین وەک لە ڕێگای هونەرەکەیەوە لە ئازارە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەییەکان دەدوا و زۆر جاران ڕووی قسەی لە کاربەدەستانی ڕژێم بووە. لە سەرەتای سەرهڵدانی شۆڕشی ژینا، پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکان کرد و بە کردەوە دژی نادادەوەرییەکان لەسەر شەقام بووە.
ناوەندی نەمران بە تووندی حوکمی سەپێندراو بەسەر هونەرمەندی کورد سامان یاسین سەرکۆنە دەکات و داوا لە هەموو ناوەدەکانی مافی مرۆڤ و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخۆاز دەکات هەوڵی جیددی بدەن بۆ ئەوەی پێش بە ئێعدامکردنی سامان بگرن. هەر لەو ڕێڕەوەدا ناوەندی نەمران دەگەڵ ڕێکخراوی لێبوردنی ناونەتەوەیی پێوەندی گرتووە تا بەڵکوو بە هاوکاری ئەو ڕێکخراوە دەنگی ئەو هونەرمەندە بین.
ژیان سەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێکە
ژن ژیان ئازادی