نەمر ڕەحمان شەنگەپوور، کوڕی میکائیل و خەدیجە، لە ڕێکەوتی ٢٦/٦/١٣٣٩ لە شاری مەهاباد، گەڕەکی ڕزگیان لە مەیدانی حەسەن زادە لەدایک بووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، بە هۆی حەز و ئارەزووی وانەوتنەوە لە دانیشسەرای مەهاباد ناوی خۆی تۆمار دەکات و درێژە بە خوێندن دەدات. دوای کۆتایی هاتنی خولی ڕاهێنانی مامۆستایان، ساڵی ١٣٥٦-٥٧، وەک مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندەکانی (باجوەند) و (کانی تومار)ـی سەر بە مەهاباد دامەزرا.
مامۆستایەکی بەتوانا، بەمشوور، خەمخۆر و پابەند بوو. لە هەڵسووکەوتی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە گشتییەکاندا، کەسایەتییەکی کاریگەر و خۆشەویست بوو. هەر بۆیە زوو خۆی لە دڵی خەڵکی ئەو گوندانە دا جێ کردەوە. بە هەوڵێکی زۆر توانی حەز و خولیای خوێندن لە ناو بەساڵاچووەکان دا دروست بکات. هەرچەند مامۆستای شەوانە نەبوو و دەیتوانی ئەو کاتانە بۆ ژیانی تایبەتی خۆی تەرخان بکات، بەڵام هەستی بە بەرپرسیارەتی دەکرد و بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی دەزانی کە بەشداری بکات لە بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و کلتوری میللەتەکەی، هەر بۆیە شەوانەش لە گوند دەمایەوە و وانەی بە بەساڵاچووەکان دەگوتەوە. مانگانە تەنیا دوو سێ ڕۆژ دەچووەوە مەهاباد بۆ دیتنی بنەماڵەکەی، حەمام کردن و بازار چوون.
هەرگیز خۆی لە گووندنشینەکان جیا نەدەکردەوە و چالاکانە لە کێشە و خۆشیەکانیاندا بەشدار بوو. هەروەها لە کاتی پشوو دا لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کر و کاری تر دا هاوکاری دەکردن. بۆیە لە لای گوندنشینەکان ڕێزێکی تایبەتی هەبوو. بە چەشنێک کە دوای ساڵانێکی زۆر لە هەڵفڕینی ڕوحی ئاسمانی ئەم مامۆستا خۆنەویست و بلیمەتە، ناو و یادی بەردەوام لە ناو دڵی دانیشتووانی ئەو گوندانە دا زیندووە.
ڕۆژی ١٧/١/١٣٦٠ ئەم مامۆستا بێ تاوانە وەکوو هەمیشە لەو گوندەی کە ئیشی لێ دەکرد، گەڕایەوە شاری مەهاباد و هەر لەو ڕۆژەدا بەبێ هیچ هۆکارێک لە لایەن پاسدارێکی خۆجێیەوە بە ناوی (خالید بوڕاقی) لە بەردەم سینەمای ئاریا دەستبەسەر کرا. ئەم زیندانییە بە وریایییەکی وەسف نەکراوەوە لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە بەندیخانەی سپای پاسدارانی مەهاباد، بەسەرهاتەکەی لە تێنووسێکدا دەنووسێتەوە کە دوای لە سێدارەدانی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە جانتای تایبەتی خۆیدا دۆزرایەوە.
ناوەرۆکی ئەو نووسراوانە تەژین لە زانیاری گرینگ و بایەخدار.
نەمر ڕەحمان، مشوورێکی ئهدهبی جوانی ههبووه و له ژووری تاکهکهسیەکەی خۆیدا شیعری زۆر جوانی هۆنیوەتەوە، که وێنای کهشێکی ئەنگوستەچاو و نامرۆڤانهی زاڵ له زیندانی ئەودەم دەکات. بەپێی وتەکانی نەمر ڕەحمان شەنگەپوور کە لە تێنووسەکەی دا ئاماژەی پێکراوە، بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراوە، بەڵام ئەو بە توندترین شێوە و بەڵگەمەند، ئەو تاوانانە ڕەتدەکاتەوە. بەپێی بیرەوەریەکانی، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو، دانپێدانانی بەشێک لە منداڵەکانی گەڕەکەکەیان بووە کە ناوی ئەوانیشی تۆمار کردووە، بەڵام ئێمە لە ناوەندی نەمران بە هۆکارگەلێکی دیاریکراو و بە ڕەزامەندی بنەماڵەی نەمر، ناوەکان لە ئێستادا بە نادیار دەهێڵینەوە.
نەمر ڕەحمان لەسەر دەستگیرکردنەکەی ئاوا دەنووسێت:
(ڕۆژی دووشەممە ١٧/١/٦٠ دەستگیرکرام.
کاتێک کە بە (…)-م وت، ئەو گوتی من گوتوومە بۆیە ئەو باوەڕی کردووە و نووسیویەتی (هاوڕێی منداڵی) پێش هەموو شتێک، ئەو کەسانەی بەگرتیان دام منداڵی گەڕەکی خۆمان بوون.
2. خالید کە واژۆی لەسەر ڕاپۆرتەکە کردووە، بۆچی پێشتر کە منی دیتووە دەستبەسەری نەکردووم (ناخوێندرێتەوە) بە (…) لە “تەپەی قازی و سێ ئاشان”.
لە بەردەم “سینەما ئاریا” گرتیانم، کەچی لە لێپرسینەوەکە دا گوترا، لە گەڕەکی “سێ ئاشان ” دەستبەسەر کراوم.
ئەو ڕۆژەی “خالقی” منی دەگەڵ (…) ڕووبەڕوو کردەوە، ناوبراو پێداگر بوو لەسەر وەیکە من لە پشت تۆپی ١٠٦-ەوە بووم و کاتێک کە ئەڕتەش هات بەرامبەری ڕاوەستام. بەڵام دوای ئەوەیکە زانی نەچوومەتە سەربازی، ڕاپۆرتەکەی گۆڕی و گوتوویەتی کڵاشینکۆفێکی قۆنداخداری پێ بووە و دەستی لە پێکدادانەکەدا هەبووە.
من پێشمەرگە نەبووم، لەبەر ئەم هۆکارانە: چۆن دەتوانم ٣ مانگ هاوکاری حیزب بکەم و چەکێکیش وەربگرم لە حاڵێک دا کە بە پێی ئەو بەڵگانەی ئیدارەی پەروەردە لە ٢٣ جۆزەردان خوێندنگاکان داخراون.)
لەم نووسینانەدا دەردەکەوێت کە ناوبراو لە دوای شۆڕشیش بە پێی دەستوری بەشی پەروەردە ئیشی کردووە. هەروەها بە پێی ئەو شتانەی کە لە تێنووسەکەی دا نووسراوە، بەم شێوەیە و بە بەڵگە بێتاوانی خۆی دەسەلمێنێت و تاوانەکانیش رەت دەکاتەوە، ناوبراو دەنوسێت:
(جگە لەوەش بەرپرسە باڵایەکەم لە بەشی پەروەردە ڕا چاودێری دەکردم . بەپێی داواکارییەک کە لە بەشی پەروەردەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە پێم گەیشت، بودجەیەکی ١٥ هەزار تمەنم وەرگرت. لە ڕێکەوتی ٢/٤/٥٩، چوومە ئەو گوندەی کە ئیشم لێ دەکرد. کرێکارم گرت و دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە کرد لە ژێر چاودێری مندا. نۆژەنکردنەوەکە لە ڕۆژی ٢٦ تەواو بوو.
(بەڵگەکان بەردەستن) و بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهابادەوە پەخش کرایەوە، مامۆستایانی گوندەکان بۆ فێرکاری تەندروستی دەبوو پەیوەندی بکەن بە بەشی تەندروستیەوە. من ناوم تۆمار کردووە، لە ڕێکەوتی ١/٥/٥٩ وانەکان دەستی پێکردووە. دوو هەفتە وانەی نووسراو و زارەکی و دوو هەفتە کاری پراکتیکی دەرزی لێدان لە بەشی تەندروستی گەڕەکی ئەفشار، دەتوانرێت بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە قسەکانم پشتڕاست بکرێتەوە.)
بەپێی نوسراوەکانی نەمر ڕەحمان کە لە ١٧/١/٦٠ دەستبەسەر کراوە، تا ڕۆژی چوارشەنبە ٢/٢/٦٠ لێپرسینەوەی دەگەڵ نەکراوە و هۆکاری دەستبەسەر کردنەکەیان پێ ڕانەگەیاندووە. لەم نووسینانەدا هەرگیز باسی ئەشکەنجەی جەستەیی ناکات، کە ڕەنگە وەک خۆپارێزییەک گرتبێتیە بەر لە ئەگەری ئاشکرا بوونی نووسینەکانی، بەڵام لە هەندێک لە نووسینەکانیدا ئاماژە بە زیندانی تاکەکەسی دەکات، کە نموونەیەکی ڕوونی ئەشکەنجەی دەروونییە لە بەندیخانەکانی ئێراندا. دەنووسێت و دەڵێت:
(چوارشەنبە ٩/٢/٦٠ کاتژمێر ٧ بەیانی چوومە بەندی تاکەکەسی بۆ شتێک کە نازانم چیە.)
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بە لێپرسینەوەی دووهەمی خۆی دەکات لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨/٢/٦٠ کە پاش ١٩ شەو و ڕۆژان، ڕاستەوخۆ لە ژووری زیندانی تاکەکەسی خۆیەوە بردراوە بۆ ژووری لێپرسینەوە. بێ ئاگا لەوەیکە ئەوە هاوکات هەم لێپرسینەوەی ئەو بووە و هەم دادگایی کردنەکەی. بەپێی نووسراوەكان، ناوبراو لە ٣١/٢/٦٠ گەڕێنراوەتەوە بۆ ژووری گشتیی بەندیخانە، و لەم دوو لێپرسینەوەدا، بە نایاسایی، دوور لە ڕەوتی ئاسایی دادگاییكردن، بەبێ پارێزەر و مافی بەرگری، و لە هەمان کاتدا، بەو پەڕی قینلەدڵیەوە حوکم دراوە.
ئەو كات بارودۆخی ئەمنیی شار و ناوچەكە نائاسایی بوو و بەردەوام شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان پێشمەرگە و سپای پاسداران ڕووی دەدا. سەرەتای مانگی پووشپەڕ ١٣٦٠ (خالید بوڕاقی)، ئەو پاسدارە خۆجێییەی کە لە دەستبەسەرکردنی ڕەحمان شەنگەپوور و چەندین لاوی بێ تاوانی دیکەی شاری مەهاباد چالاک بوو، لە کاتی شەڕ و پێکدادان لە ناو شار لە شوێنی “پردی یەرغو” کوژرا. ئەم ڕووداوە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران هان دەدات تۆڵە لە زیندانیانی بێتاوان و سزادراوەکان بکاتەوە.
سپای پاسداران بۆ تۆڵە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، ژمارەیەک لەو بەندکراوانەی هەڵبژارد و لە سێدارەی دان کە بە بێ تاوان لە لایەن “خالید بوڕاقیەوە” دەستبەسەر کرابوون کە بەداخەوە یەکێکیان نەمر مامۆستا “ڕەحمان شەنگەپوور” بوو. خوشکی زیندوویاد ڕەحمان شەنگەپوور، کە لە ئێستا دا نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتە، زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بۆمان دەنووسێت و دەڵێت:
(لە ڕێکەوتی 4/4/1360، هەشت کەس کە لە لایەن “خالید بوڕاقیەوە” دەستبەسەر کرابوون، لە تۆڵەی مەرگی ناوبراو بە پەنجە هەڵبژێردران (بەبێ ئەوەی ناویان بزانن یان یاداشتێکیان هەبێت) و بە هێلیکۆپتەر ڕەوانەی ورمێ کران. بە وتەی یەکێک لەو زیندانیانەی کە لەگەڵ ئەم هەشت کەسە لە بەندییەکەدا بووە، سەرەتا دە کەس هەڵدەبژێرن، کە ئەو کەسەش یەکێک لەوان بووە، بەڵام یەکێک لە بەندکراوەکان بریندار بووە و ئەو کەسەش قۆڵی گرتووە بۆ ئەوەی بتوانێت بڕوات. لە بەر وەیکە ئەم دوو کەسە ناتوانن بە پێی ئەوانی دیکە بڕۆن و لەوان جێ دەمێنن، پاسدارێک دێت و دەڵێت:
هەشت کەس بەسە و ئەم دوو کەسە دەگەڕێننەوە. بە خۆشیەوە دوای ماوەیەکی ئەو دوو کەسە ئازاد دەکرێن ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆخۆیان دەڵێن تاوانەکانی ئەوان قورستر بووە لە هی ئەوانی کە ئەو ڕۆژە لە سێدارە دراون.)
نەمر ڕەحمان لە بیرەوەرییەکانیدا، دواساتەکانی ژیانی خۆی و ئەو هاوڕێیانەی کە دەگەڵی لە سێدارە دراون ئاوا دەگێڕێتەوە:
(سێشەممە، کاتژمێر ٦:٤٥ دەقەی پاشنیوەڕۆ:
ئەمڕۆ لێپرسینەوە نەبوو. پاشنیوەڕۆ، دوای نانخواردن، تاقەیەکی گچکەم بۆ شمەکە زیادەکان دروست کرد و بە هاوبەندییەکانم گوت: بەختی خۆم باش دەناسم، هەر کات لە جێیەک شتێک ساز بکەم، وای لێ دێت کە ئەو جێیە جێ دەهێڵم و هەرواش بوو. کەترییەک ئاوم گەرم کردبوو بۆ ئەوەی سەرم و جلەکانم بشۆم، بەڵام هێشتا ئاوەکە گەرم نەبووبوو کە دەرگای زیندان کرایەوە و “ئاغای خالقی” هاتە ژوورەوە و من و ٦ کەسی تری هەڵبژارد بۆ ئەوەی دوای نانخواردنی ئێوارە شوێنەکەمان بگۆڕن.
نانی ئێوارەی چی؟ کەس تاقەتی خواردنی نەبوو. هەموو بەندکراوەکان بە بیستنی ئەو هەواڵە پەشۆکا بوون. بەبێ نان خواردن شتەکانمان کۆ کردەوە و کاتژمێر ٧:١٠ ماڵئاواییمان لە بەندکراوەکان کرد. خودایە هۆگر بوون و هاوڕێ بوون چەند ئاسانە. بەڵام بە پێچەوانەوە، دووری و دابڕان گەلێک دژوار و بە ئازارە.
کاتی ماڵئاوایی لە بەندکراوەکان، هەموویان دەگریان و زۆربەیان لە دایکی منداڵمردوو دەچوون. لە نێو ئەم شەش بەندکراوە دا کە شەش مانگ یان کەمتر پێکەوەن و تاکە هاوڕێ و خەمخۆری یەکتر بوون لە گۆشەی ئەو زیندانە (ناخوێندرێتەوە). دابڕانی ئەو هاوڕێیانە زۆر جێگەی داخ و پەژارەیە. تەمی خەم بەندیخانەکەی داگرتووە و لە هەموو کەلێن و قوژبنێکەوە دەنگی گریان دەبیسترێت. کاتێک ماڵئاواییم کرد، لە بەر قوورسی خەمی دابڕان، بە زەحمەت توانیم کۆنتڕۆڵی خۆم بکەم هەتا نەگریم و پەژارەی زیاتر نەخەمە ناو دڵی ئەوانی تر.
بەهەر کلۆجێک بوو، کاتژمێر ٧:٢٥ دەقە، پاش شین و شەپۆڕ، ماڵئاواییمان لە هاوڕێکانمان کرد و بەرەو ئەو ژوورە ڕۆیشتین کە پێشتر بۆیان ئامادە کردبووین. ئێستا حەوت کەس لەم ژوورەدا دانیشتوون و بیر لە داهاتوو دەکەینەوە. کەس هۆ و هۆکاری گواستنەوەمان لە بەندی گشتی بۆ بەندی تاکەکەسی نازانێت. هەموو پەشۆکاو و نیگەرانین. کەس قسە ناکات و هەموو پەنایان بۆ جگەرەکێشان و بێدەنگی بردووە. کاتژمێر ١٠:٢٠ دەقەی شەو دەرگاکەیان کردەوە و یەک یەک بردیانین بۆ ئاودەست. هەموومان سەرمان سوڕماوە لەو ئیشە، چونکە ئێمە دراوینەتە دادگا و زیندانی تاکەکەسی بۆ ئەو کەسانەیە کە تازە دەستبەسەر کراون. هەموومان دەستمان بەرز کردۆتەوە بۆ بەردەم دەرگای خودایی بێ هاوتا و هیوادارین عاقیبەتمان وەخێر بگێڕێت.)
٢/٤/٦٠
کاتژمێر ١١:٥٢-ی شەو، بەندی تاکەکەسی
بەو شێوەیە ئەو نەمرە لەگەڵ ٧ گەنجی تری بێتاوانی کورد لە ٥/٤/١٣٦٠ لە سێدارە دەدرێ، کە ڕۆژنامەی کەیهان ٦/٤/١٣٦٠ لە لاپەڕەی ١٤ ئاوا دەنووسێت:
(بە فەرمانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کوردستان و مەهاباد لە شاری ورمێ، ٨ چەکدار و چالاکی کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات لە سێدارە دران.
ورمێ – پەیامنێری کەیهان – ٨ سزادراوی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی مەهاباد لە سێدارە دراون و یەکێک لە مەحکوومەکان وەبەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئەماننامەکەی پێگەییشت و هەروەها ٤ سزادراوی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی مەهاباد بە دانانی بارمتە و پاش پەشیمانییەکی زۆر ئازاد کران.
بە بڕیاری دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کوردستان و مەهاباد، ٨ کەس بە تاوانی یاخیبوونی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکاری لەگەڵ گرووپە هەڵوەشاوەکانی کۆمەڵە و دێموکرات و دوژمنی کردن لەگەڵ خودا و پێغەمبەری خودا و گەندەڵکاری سەر زەوی، ناسراو و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپا.
ئەو بڕیارانە دوای ڕەزامەندی دادگای قوم، دوێنێ ٥/٤/٦٠ لە شاری ورمێ جێبەجێ کران. ناوی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون بەم شێوەیەن: کەریم بلووری، سەعید مکائیلی، مستەفا بەکری، ڕەحمان شەنگەپوور، جەعفەر سیگاری، سەعد عەباسی، ئیسماعیل ئاقچە مەسجدی، مستەفا پورئازەر. هەروەها لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ١٠ بەندکراوی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی مەهاباد، کە هاوکاری گرووپەکانی دژە شۆڕشیان کردبوو و حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپابوو، پاشی پەشیمانی و بە دانانی بەڵێننامە لە بەندیخانە ئازاد کران. )
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هەشت کەسە، بنەماڵەکان بەرەو دادگا و زیندانی شاری ورمێ وەڕێ دەخات و داوای گێڕانەوەی تەرمی پاکی کوڕەکانیان دەکەن. بە داخەوه له لایەن بەرپرسانی ئەو ئۆرگانەوه سووكایەتییان پێ دەكرێت و هەر زوو گرژی دەکەوێتە نێوانیان و سوپای پاسداران ناچار دەبێت تەقەی هەوایی بکات. تەنانەت چەند کەس لە کەسوکاری لە سێدارەدراوەکان دەستبەسەر دەکەن کە دواتر بە هۆی گوشاری بنەماڵەکان و ترسی سپای پاسداران لە بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناو خەڵک دا، ئازاد دەکرێن و تەرمی لەسێدارەدراوەکانیش، بە مەرجی ئامادەبوونی چاوەدێری ئاسایش دەگەڕێندرێتەوە بۆ بنەماڵەکانیان تا لە گۆڕستانی باخی ڕێزوان، لە شاری ورمێ بە خاک بسپێردرێن.
هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، نەمر ڕەحمان شەنگەپوور، تا ئەو جێیەی کە بۆی دەکرێت، زۆربەی ڕووداوەکانی ناو بەندیخانە لەسەر پارچە کاغەزێک دەنووسێتەوە و لە ژێر چانتاکەیدا دەیشارێتەوە، کە دوای لە سێدارەدانی و هەروەها دوای گەڕاندنەوەی کەلوپەلەکانی، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە دەدۆزرێتەوە. ئازایەتی و وریایی ئەو مامۆستا بێ تاوان و لەسێدارە دراوە، گرینگ و جێگەی بایەخ و پێزانینە. ئێمە لە ناوەندی نەمران لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەو دەسنووسانە کۆ دەکەینەوە و پۆلێنیان دەکەین و دەیانخەینە بەردەم ڕای گشتی.
ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان.
وەرگێڕ: سارا شەرارە شەمامی
ژمارە | ناو | ناسناو | ناوی باوک |
١ | کەریم | بلوری | عەبدوڵڵا |
٢ | حامید | مستەفا پورئازە (شاریکەندی) | کەریم |
٣ | سەعید | میکائیلی | |
٤ | ڕەحمان | شەنگەپوور | میکائیل |
٥ | مستەفا | دێبۆکری | ئەبووبەکر |
٦ | سەعد | عەباسی | |
٧ | جەعفەر | سیگاری | |
٨ | ئیسمائیل | ئاخچە مەسجیدی |