نەمر عەتائوڵڵا موفقی (عەتا مۆفەقی) کوری حاج محەممەد خەلیل موفەقی (کتێب فرۆش) و سیدزادە فاتمە سەیدی لە ڕێکەوتی ٢٠/٠٦/١٣٤٢ لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. هەر لەو شارە درێژە بە خوێندن دەدات. کەسێکی زیرەک و دەرسخوێن بوو و ئەو ساڵەی کە دەگیرێت، لە پۆلی دووهەمی دواناوەندی لە بەشی بەرق لە هونەرستانی پیشەسازی مەهاباد خوێندکار بووە. لە ١٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بەبێ ھیچ تاوانێک دەیگرن و ڕەوانەی زیندانی مەهابادی دەکەن. تەنانەت بۆ یەک چرکەش ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی نەبووە و هیچ چالاکییەکی سیاسی ئەنجام نەداوە. پاشی دوو مانگ دژوارترین ئەشکەنجە و ئازارەکان ڕەوانەی شاری ورمێی دەکەن و دەگەڵ ١٤ کەسی تر کە سەرجەم دەبوون بە ١٥ کەس لە ڕێکەوتی ٨/١٠/١٣٦٠ تیرباران دەکرێن. مەودای نێوان گیران، دادگایی کردن و تیرباران کردنی نەمر عەتا تەنیا ٤٠ شەو و ڕۆژ بووە. ڕۆژنامەی ئیتلاعات رۆژی ١٠ی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە زمانی دادگای شۆرشی ئیسلامی لە ورمێ سەبارەت بە ئێعدام کردنی ئەو نەمرانە ئاوا دەنووسێ:
- (بە ناوی خوداـ تاوانی ئەوانەی کە لەگەڵ خودا و ڕەسووڵی خودا کەوتوونەتە شەر و لەسەر زەوی گەندەڵی پەرە پێدەدەن، کووشتنە. قوڕعانی کەریم.
پازدە کەس لە لایەنگرانی چەکداری گرووهی نایاسایی و ” موحاربی” دیمۆکڕات بە تاوانی شۆڕشی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامێتی لە گروپی سڕاوەی دێمۆکڕات و بەشدارییان لە چالاکی چەکداری و شێواندن و ڕێپێوانی نایاسایی و کوشتار و سووتاندنی برایانی پاسدار و ئەرتەشی بە بۆسەدانانەوەی پێشوەخت و شەهید کردنی ئەوان لە دارەلەک، کۆسەکەرێز، ئیندرقاش، تەپکەی سەفایی، بەردەڕەشان و تێکهەڵچوونەکانی نێوشاری مەهاباد بۆ وێنە لە گەڕەکەکانی مەیدانی ئاردی، سەرپردی چۆارڕێی ئازادی، مەیدانی ئاسکەکان و شارەبانی مهاباد لەسەر ئەساسی دانپێدانانەکانی خۆیان و بەڵگە و شاهیدانی ئامادە لە پەروەندەکانیان، کە لەبەر دەستی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ دایە، دژی خودا و ڕوسووڵەکەی وەساتونەوە و بە کافر دەناسرێن و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێت. حوکمی دەرکراو لە رۆژی دووشەممۆ ٧ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ئیجراکرا. ناوی ئێعدامکراوەکان بەو شێوەیە:
. ١. شەریف یۆسفی کوڕی ئەحمەد
٢. ڕەحمان عەلیڕاست کوڕی عەلی
٣. جەعفەر لالەعباسی کوڕی قادر
٤. ڕەحمان سوارە کوڕی خدر
٥. محەممەد حوسێنپوور کوڕی عەزیز
٦. عەلی بلوری کوڕی مستەفا
٧. خوسرەو خاوەریان کوڕی ئیبراهیم
٨. عەزیز حاج عەبدوڵڵا کوڕی عەبدوڵڵا
٩. کەماڵ مۆغەمی کوڕی محەممەد
١٠. عەزیز سابونچی کوڕی مستەفا
١١. عەتائوڵڵا مۆفەقی کوڕی محەممەد خەلیل
١٢. ڕەسوڵ حەسەنزادە کوڕی محەممەد
١٣. سەید حەمید حوسەینی کوڕی سەید ئیبراهیم
١٤. حەسەن بامداد کوڕی متەلیب
١٥. ڕزگار خاتمی کوڕی یۆسف)
نەمر عەتائوڵڵای ١٦ ساڵان لە زیندانەوە وەسیەتنامەیەک بۆ بنەماڵەکەی دەنووسێ کە دەقەکەی بەو چەشنەیە:
(بۆ بنەماڵەی بەڕێزم
دایک و باوکی ئازیزم، لە کۆتاساتەکانی ژیانمدا پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوەم خۆش ویستووە، خۆشم دەوێن و تا کۆتایی ژیانم هەر بەردەوام دەبم لە خۆشەویستیتان. هیوادارم ئێوەش لە من ببوورن و حەڵاڵم کەن. سڵاو و ڕێزم بۆ خوشکە ئازیزەکانم نەسرین و نەشمیل هەیە و هیوادارم گەردنم ئازاد کەن. داواکارم هەموو خزم و دۆستان و درواسێکانم حەڵاڵم کەن. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ئێوە لە هەموو بەڵا و چەرمەسەرییەکی ڕۆژگار بەدوور بن. لە خوای گەورە تەمەنا دەکەم خوشکەکانم بپارێزێ و نەسرین و نەشمیل لە ژیانیاندا بەختەوەر بن. شکوور بۆ خودا کە لە بارەگای ئەودا ڕووسپیم. هەموو دۆستان، دراوسێکان و براکانم و سەرجەم خزمان، هەرچەند گازندەیەکم لێیان نیە، حەڵاڵ دەکەم. لە هەموو کرێکارانی دووکانەکەمان داواکارم حەڵاڵم کەن. سەعات، پووڵ، جلوبەرگ، کارتی پێناسە و پێنووسەکەم لە لای سپای پاسدارانە.
عەتا مۆفەقی 08/10/1360)
بەداخەوە پاش ماوەیەکی کورت دوای لە سێدارەدانی نەمر عەتا، دڵی سەیدزادە فاتمە سەیدی دایکی نەمر عەتا لە حەسرت ئەو خەمە گەورەیە ڕادەوەستێ و کوچی دوایی دەکات. ڕوودانی ئەو ڕووداوانە وەها کوتوپڕ بوون کە کاتی بۆ بنەماڵەکان نەدەهێشتەوە تا لە ئەگەرێکی کز و کەمدا، ڕێکارێکی قانوونی بگرنە بەر تا بەڵکوو بتوانن لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیاندا دەور بگێڕن.
بەڕێز کاک خەلیل مۆفەقی کە کەسێکی خوێندەوار و خاوەن ڕێزێکی کۆمەڵایەتی بوو لە مەهاباد، هەروەها تا ڕادەیەکیش لە ڕێکارە قانوونییەکانی دەزانی، بۆیە بە زووترین کات وەخۆ دەکەوێت و هەندێک نامە بۆ چەند شوێنێکی دەستەڵات دەنووسێ تا بەڵکوو وەڵامێک وەرگرێتەوە سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەی. پێشەکی بەڵگەیەک لە خوێندنگاکەی نەمر عەتائوڵا وەردەگرێ بەو ناوەرۆکە کە ئەو نەمرە کەسێکی بەڕێز و ئارام و هێدی بووە و هیچ ئاکارێکی ئەوتۆیان لێ نەدیوە.
ئینجا شایەدینامەیەک لە شارۆمەندان مەهابادی بە واژۆوە کۆ دەکاتەوە کە شایەدی دەدەن نەمر عەتا کەسێکی بێتاوان بووە و لەخۆڕا تیربارانیان کردووە.
لەپاشان پێوەندی بە نووسینگەکانی ئایەتوڵڵا مونتەزیری و ئایەتوڵا سید محەممەد شیرازی لە شاری قوم دەگرێ و سکاڵایان بۆ دەبات کە پاسدارانی ئیسلام کوڕەکەیان بەبێتاوان گرتووە و کوشتوویانە.
نووسینگەی ئایەتوڵا سید محەممەد شیرازیش نامەیەک بۆ کاک خەلیل دەنووسن تا بیبات بۆ نووسینگەی (حوجەتولئیسلام سەید مستەفا موحەقێق داماد) کە ئەوکات سەرۆکی ڕێکخراوی چاوەدێری کردنی گشت وڵات بووە. (سازمان بازرسی کل کشور). لە نامەکەدا ئاوای دەنوسێت:
(بە ناوی خودای گەورە و دلۆڤان
بۆ خزمەت حوجەتولئیسلام موحەقق داماد
سڵاو و دروودی خوداتان لێبێ
هەڵگری ئەو نامەیە کە دێنە خزمەتتان، گرفتێکیان هەیە بە دوور و درێژێ بۆتان باس دەکەن. هەڵبەت ئەو گرفتانەیان بۆ ئایەتوڵڵا شیرازی باس کرد، بەڕیزیان فەرموویان کە ئەو نامەیەتان بۆ بنووسم. هەرچەند دەزانین گرفتەکانی ئێوە سەبارەت بە ڕێکخراوی چاوەدێری کردنی گشت وڵات (سازمان بازرسی کل کشور) یەکجار زۆرە، بەڵام بەو شێوەیەی کە ئەوانە باسی دەکەن گرفتەکانیان بووەتە هۆی کێشەیەکی زۆر لە ژیانیاندا کە هیوادارین بەڕێزتان بەو ورەبەرزی و دڵگەورەییەی کە هەتانە گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.
ئاغای شیرازیش سڵاوی هەیە لە خزمەتتان و هیوادارین خودا هێز و تواناتان بدات بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی وڵات
بە سپاسەوە
موحسین سانعی(ئەو ناوی جوان ناخوێدرێتەوە)
مۆر و ئیمزا
قوم – ٣ی ڕەبیعولسانی ١٤٠٢ هیجری)
ئەوسەردەم لە ئێران دوو بۆچوونی مەزهەبی بوونیان هەبوو کە یەکیان مونتەزیری جێگری خومەینی ڕێبەڕایەتی دەکرد و پێیانوابوو کە ئەوان شۆڕشیان کردووە کە زوڵم و بێدادی نەمێنی و نابێ ئەو کارەی کە ڕژێمی پێشوو دەیکرد ئێمە بیکەین، بە پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیە بۆچوونێکی تر هەبوو کە خومەینی ڕێبەڕایەتی دەکرد و پێیوابوو بۆ ئەوەی دەستەڵاتی ئیسلام لەسەرپێ بمێنێتەوە نابێ دەست لە هیچ کارێک بپارێزن و، بۆ ئێسلام پاک و پیسی پێکەوە بسووتێنن. ئەو دوو بۆچوونە لە زۆرخاڵیتردا ناکۆک بوون. وا وێدەچێ کە موحەقیق داماد لەسەر داوای شیرازی بەدواداچوونی بۆ داواکەی میرزا خەلیل کردووە توانیوێتی هەندێک جومگەی دەوڵەتی بێنێتە سەر هێڵ و داوا لە دادگای ئینقیلاب دەکرێ کە چارەنووسی ئەو ئێعدامکراوانە ڕوون ببێتەوە و لانیکەم تەرمەکانیان بدەنەوە. بە خۆشییەوە ئەوسەردەم داواکارییەکەی میرزا خەلیل و بەشێک لە بنەماڵەکان بە هێند وەرگیرا بەڵام گەر ئێستا کە حکومەت یەکدەست بووە و مونتەزیری لایەنگرانی لە دەستەڵاتدا نەماون، وەها داواکارییەک بەرز کرابایەوە ڕەنگبوو بە تاوانیش ئەژماردە بکرێ.
بە هەرحاڵ بەرهەمی ئەو بەدواداچوونە دەبێتە هۆی هاتنی کۆمیتەیەک لە ڕێکخراوی چاوەدێری کردنی گشت وڵات (سازمان بازرسی کل کشور) بۆ شاری ورمێ و دادگای شۆڕشی ئەو شارە ناچار دەکەن کە تەرمی ئەو ١٥ ئێعدامکراوە بدەنەوە بە بنەماڵەکانیان. پاشان بە چاوەدێری ئەو کۆمیتەوە و بەشێک لە بنەماڵەکان و نوێنەرانی دادگای شۆڕش تەرمەکان پاشی ٧ مانگ کە لە تیرەبارانکردنیان تێپەڕیبوو لە شوێنێک لە پەنا دەریاچەی ورمی دەردێننەوە و دەیانبەن لە گۆڕستانی باغی ڕیزوان لە ورمێ بە خاکیان دەسپێرن.
لە نامەیەکی دەگمەن کە کەوتۆتە دەستی ناوەندی نەمران، کە کەمتر وا هەیە نامەی لەو چەشنە لە دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بدرێتە دەرەوە، تێیدا بەڕوونی دانپێدادەنێن کە چارەنووسی ئەو ١٥ کەسە بە دەستووری ئەوان نووسراوە و لە ڕێکەوتی ١٣/٥/١٣٦١ بە ژمارە ٢٩٧٦ – ٦ فەرمان دەدەن بە بەرپرسانی گۆڕستانی ڕیزوانی شاری ورمێ تا بەڵگەی ناشتنی تەرمەکان بدەنەوە بە بنەماڵەکان تا بۆ سڕینەوەی پێناسەی ڕۆڵەکانیان هەنگاو هەڵێننەوە. لە ژێرەوەش ناوی ١٥ ئێعدامکراوەکان بە ناوی بابیانەوە نووسیوە کە بەو چەشنەن:
(بەناوی خودا
دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
(ورمێ)
بەرپرسی بەڕێزی گۆڕستانی باغی ڕیزوان لە ورمێ. تکایە بەڵگەی ناشتنی ئەو ناوانەی لە ژێرەوە ناویان هاتووە بدەنەوە بە بنەماڵەکانیان تا بۆ سڕینەوە پێناسەکانیان کەڵکی لێوەرگرن.
- ڕەحمان عەلیڕاست کوڕی عەلی
- جەعفەر لالە عەباسی کوڕی قادر
- ڕەحمان سیسەواری کوڕی خدر
- محمد حوسێنپوور کوڕی عەزیز
- عەلی بلوری کوڕی مستەفا
- خوسرەو خاوەریان کوڕی ئیبراهیم
- عەزیز حاجی عەبدوڵڵا کوڕی عەبدوڵا
- کەماڵ مۆغەمی کوڕی محەممەد
- عەزیز سابونچی کوڕی مستەفا
- عتائوڵڵا مۆفەقی کوڕی محەممەد خەلیل
- ڕەسوڵ حەسەنزادە کوڕی محەممەد
- سید حەمید حوسێنی کوڕی ئیبراهیم
- حەسەن بامداد کوڕی متەلیب
- ڕزگار خاتەمی کوڕی یۆسف
- شەریف یۆسفی کوڕی ئەحمەد
واژۆ و مۆری دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕێکەوتی ١٣/٥/١٣٦١)
لە نامەیەکی گرینگدا کە نمونەیەکی کەوتۆتە دەستی ناوەندی نەمران و تێیدا میرزا خەڵیل مۆفەقی بەدەستی خۆی دەینووسێت و زۆر بوێرانە بەرانبەت بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەدوێ و کوشتنی کوڕەکەی بە کارێک پێناسە دەکات کە بە دوور لە بایخ و بڕگەکانی ئیسلام بووە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی ئەو لاوانەیان بە تاوانی کافر بوون و دژ بە خودا و ڕەسوڵی خودا تیرەباران کردبوو. لە بڕگەیەکی تر لە نامەکەدا میرزا خەلیل دیسان نەترسانە و بەوپەڕی غیرەت و بوێرییەوە کوڕەکەی بە شەهیدێکی زوڵملێکراوی دەناسێنێ و داوا دەکات تا تاوانی تەڵەکەبازان و شۆڤاران، ڕوون ببێتەوە و ساختەبوونی دۆسیەکە و ئەو تاوانە بێبنەمایانەی داویانەتە پاڵ کوڕەکەی ئاشکرا بکرێت و دانی پێدابنێن کە ئەو حوکمەی بۆ کوڕە زوڵملێکراوەکەی دەرکراوە نایاساییە و بە دوور لە شەرعی ئیسلام بووە و قەبوڵ بکرێ کە کوڕەکەی بێتاوان بووە و شەهیدە. دەقی ئەو نامەیە کە بۆ «دەستەی بەدواداچوونی فەرمانی ٨ بڕگەیی ئیمامی ئومەت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی – ورمێ» نووسراوە بەو شێوەیەیە:
(بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێز دەستەی بەدواداچوونی دەستووری مادەی هەشتەمی ئیمامی ئوممەت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ)
وێڕای ڕێز
لە بەدواداچوونی ئەو سکاڵایە زۆرانەی کە دوای لە سێدارەدانی ناڕەوا و غەیری ئیسلامی کوڕی بێ تاوانم، شەهید عەتاوڵڵا مۆفەقی، خوێندکاری پۆلی دووهەمی دواناوەندی لە خوێندنگای تەکنیکی مەهاباد لە گرووپی ١٥ کەسی، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی. پانزە بنەماڵە بەرەو تاران و قوم بەڕێکەوتین و ڕاستەوخۆ بە خزمەتی حەزرەتی ئایەتوڵڵا مونتەزەری و ئایەتوڵڵا شیرازی و حوجەتولئیسلام موحەقیقی داماد و دەسەڵاتدارانی تری دادوەری گەییشتین و سکاڵامان پێشکەش کردن و بە دەستووری چاوەدێری گشتی وڵات، تاوانەکەمان ڕاگەیاند و سەید حوجەتوڵڵا موسەوی برینج ئابادی… دادگای مەدەنی تایبەت لە ورمێ سکاڵاکەی لە بنەماڵەی ئەو ١٥ بەناحەق کوژراوە وەرگرتووە و ڕەوانەی ناوەندی کردووە.
دوای ٧ مانگان پشکێنەرانی باڵای دادوەری و پشکێنەری گشتی شاری هاتنە ورمێ و لە شوێنێکی نادیارەوە تەرمەکانیان دەرهێنا و لە گۆڕستانی باخی ڕیزوانی ورمێ دایاننەوە بە بنەماڵەی جگەرسووتاو و زوڵملێکراوەکانیان و لە کەرتی ژمارە ٦ لەو گۆڕستانە سەرلەنوێ بە خاکیان ئەسپاردنەوە. هاوکات چاوەدێر و پشکێنەرەکان دڵنیابوون لەوەی کە فایلەکان دروستکراون و دوورن لە ڕاستی. بڕیار بوو بێنە مەهاباد ولە مزگەوتێک قسە بۆ خەڵک بکەن و دڵی دایک و باوکەکان چاک بکەنەوە و ئەو بەناحەق کوژراوانە وەک شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامی بناسێنن و بیانخەنە ژێر چاودێری دەزگای شەهیدان.
بەداخەوە دیسان کەسانێک بۆ ڕێگریکردن لەم کارە ئایینی و خواپەرستانەیە چەتیان لە کارەکە خست. بە هەر حاڵ بەڵگەی بێتاوانی کوڕە ستەملێکراوەکەم شەهید عەتائوڵڵا مۆفەقی کە لەسەرەتای دەستبەسەرکردنیدا ڕادەستی سپای پاسداران کرابووبە شێوەیەکی تایبەت و بە ئانقەست هاوپێچی دۆسیەی لێبوردنەکەیان نەکردبوو و لەجیاتانی بە دۆسیەیەکی تەژی لە بوختان و هەڵبەستراو بۆ ورمێیان ڕەوانە کرد و بەداخەوە دادگاش بەبی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی شەرعی و قانوونی بڕیاڕێکی دا کە لە شان و شکۆی بەرزی ئیسلامدا نەبوو.
بەڵگەکانی بێتاوانی کوڕە ستەملێکراوەکەم شەهید عەتائوڵڵا مۆفەقی بە ئەسڵ و لاوەکی بەو شێوەیەن:
- شایەدی ئیمامانی مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی و هاوسێکان و متمانەپێکراوەکانی شاری مەهاباد
- داواكاری گەڕانەوەی دۆسیەكە لە ژمارە 385916 ڕێکەوتی 29/9/61
- 3. تۆماری بڕوانامەی خوێندن لە ساڵەکانی ٥٨- ٥٩ / ٥٩ – ٦٠ی عەتائوڵڵا مۆفەقی زوڵم لێکراو کە لە خەزەڵوەری ساڵی 1٣61 لە تاقیکرنەوەکاندا قەبوڵ دەبێت و لە ١٨ی ئەو مانگەشدا دەیگرن.
- 4. كتێبی (نوێژ، فهرمانی خودا) كه به وێنهی عەتائوڵڵای ستهملێكراوه و دهقی پرسیار و وهڵامی كتێبهكهش هەر بە ناوی عهتائوڵڵایە
- ڕەزامەندی خوێندنگای تەکنیکی مەهاباد ژمارە 1845 لە ڕێکەوتی 29/9/61 لە وەڵامی ژمارە 385676 لە ڕێکەوتی 29/9/61 ئیدارەی پەروەردە.
- 6. فۆتۆکۆپی ناسنامەی عەتائوڵڵا، کە لە هەموو تاقیکردنەوەکاندا ئەرکی ئایینی خۆی بەجێ هێناوە.
- دەقی وەسیەتنامە تەواو ئیسلامی و بە ئیمانەکەی عەتائوڵڵا کە تەنیا موسوڵمانێکی ڕاستەقینە دەتوامێ لە کۆتا خولەکەکانی ژیانیدا بینووسێت و تێیدا یادی خودا و پەسنی خودا بکات و وەسیەتنامەکەی بەو ناوە بڕازێنێتەوە و لە گشت ناسیاوان گەردن ئازایی داوا بکات و لە دەرگای خودادا دۆعایان بۆ بکات. سەرەڕای ئەوەش بە پێچەوانەی ئەو وەسیەتەی کە کردبووی نە پارە، نە کاتژمێرەکەی، نە جل و بەرگەکانی، نە ناسنامە و پێنووسەکەیان نەداینەوە.
- فۆتۆکۆپی ناسنامەی خۆم وەک بابی شەهید عەتائوڵڵا مۆفەقی کە پێشانی دەدات لە تەواوی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریم کردووە و ئەرکی ئیسلامی خۆم بەجێگەیاندووە.
- 9. نامەی شەهید مەلا عەبدولکەریم شەهریکەندی و زانایانی دیکەی بەشداربوو لە هەفتەی یەکڕیزی ساڵی 1٣60 لە قوم و تاران.
- نامەی حەزرەتی ئایەتوڵڵا مونتەزیری لە دادگای شۆڕشی ورمێ
- 11. نامەی ئایەتوڵڵا شیرازی بۆ حوجەتولسلام موحەقیق داماد سەرۆکی ڕێکخراوی پشکێنەری گشتی وڵات. (سازمان بازرسی کل کشور)
- 12. نامەی ژمارە 297661 لە ڕێکەوتی 13/5/61، دادگای شۆڕشی ورمێ بۆ گۆڕستانی باخی ڕێزوان پاشی 7 مانگان کە لە سێدارەدانی ئەم ستەملێکراوەتێپەڕ ببوو.
- نوسراوی ژمارە 629 لە ڕێکەوتی 6/5/61ی گۆڕستانی باخی ڕێزوان سەبارەت بە پێدانی بەڵگەی ناشتنی تەرمەکان پاشی 7 مانگان.
- 14. فۆتۆكۆپی ناسنامەی حاجی سەیدزادە فاتمە سەیدی، دایكی جەرگسووتاوی عەتائوڵڵای بەناحەق کورژراو كە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا هاوڕێ دەگەڵ گشت ئەندامانی بنەماڵەكەدا ئەركی ئایینیی خۆی بەجێ هێناوە، پێشكەش بكرێت بەجۆرێك تاوانی تەڵەکەبازان و شۆڤاران، ڕوون ببێتەوە و ساختەبوونی دۆسیەکە و ئەو تاوانانە بێبنەمایانەی داویانەتە پاڵ کوڕەکەم ئاشکرا بکرێت و دانی پێدابنێن کە ئەو حوکمەی بۆ کوڕە زوڵملێکراوەکەمیان دەرکردووە نایاسایی و بە دوور لە شەرعی ئیسلام بووە و قەبوڵ بکەن کە کوڕەکەم بێتاوان بووە و شەهیدە، بەو شێوەیە دەتواندرێت ببێتە هەتوانێک بۆ دڵی شکاو و خەمۆکی دایک و باوکی جەرگسووتاو و ژمارەیەکی زۆر لە خزم و دۆستانی بنەماڵەمان.
حاج محەممەد خەلیل موفەقی باوکی شەهیدی چەوساوە عەتائوڵڵا مۆفەقی
حاجی فاتمە سیدی دایکی شەهیدی چەوساوە عەتائوڵڵا مۆفەقی
بیست و هەشتەمی ڕەبیعولئەوەلی، ساڵی ١٤٠٣ی کۆچی)