Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کۆمەڵکوژی کورد لە دەرەوی یاسا لە ڕۆژهەڵات

ئامادەکردن و نووسینی: عەلی سەوجەیی

پێشەکی

مێژوی کورد، لە هەر چوار پارچەدا و لە زێدی باو باپیرانی، مێژویەکی خوێناویە و پڕە لە روداوی تراژیک و خەمبار. ئەو مێژوویە پێمان دەڵێ کە ڕوداوە تڕاژێکەکانی ناو ئەو کۆمەڵگەی کوردەواری ئەوەندە زۆرو پەیتا پەیتا بوون  کە ئەو کۆمەڵە پێش ئەوەی دەرەتانی ساڕێژی برینی کارەساتێکی بۆ بڕەخسێ وا کارەساتێکی نوێی بە سەردا سەپاوە.

لە نێو ڕوداوەکان و کارەساتە خوێناوێکانی ناو مێژوی کورد، بە سەرهاتی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی ئێستا دا بە گشتی و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا بە تایبەتی سرنج ڕاکێش و زەقن. ئەو بەسەر هاتانە خاپۆرکردنی دێ و شارۆچکە تا تیرەباران و لەسێدارەی بە کۆمەڵی خەڵکی نیشتەجێ ئەو بەشە لە وڵاتی کوردان دەگرێتەوە. لە نێو ئەو ڕوداوانەدا کۆمەڵکوژی دانیشتوانی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان یەکێک لەو ڕوداوانەن کە پێشێلکاری مافی مرۆڤ بە دەستی کۆماری ئیسلامی زۆر زەق دەکاتەوە. ‌ەرچەندە چەند کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوی چەپ ئەوکات پاش ڕوداوەکە ڕاپۆرتیان لە سەر ئامادە کرد و تەنانەت بە شی کردنی ئەو ڕوداوانە هەستان، بەڵام نە کۆماری ئیسلامی، نە ڕێکخراوە ناو نەتەوەییەکان هەرگیز بە شی کردنەوە ڕوداوەکان هەڵنەستان و مافی ئەو کەسانەی لەو ڕوداوەدڵتەزێنانە تا ئێستا پێشێلکراوە و لەو بارەوە تاوانبارێک پەلکێشی دادگا نەکراوە و یا خود لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە. 

عەلی سەوجەیی

دیارە پێشێلکارێکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات تەنیا خۆی لە جنایەت و کۆمەڵکۆژی لە قاڕنێ و قەڵاتان (ساڵ؟) دا نابینێتەوە، بەڵکو تیرەباران و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد بە دەستە دەستە و بە کۆمەڵ لە تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵات بوون بە دیاردە و ڕەسم و ڕسوماتی کۆماری ئیسلامی بۆ چاو ترسێنی خەڵک و بۆ تۆڵەی ئەو پاسدار و بەسیجەی کە لە ڕۆژهەڵات و بە دەستی پێشمەرگەی حیزبەکان دەکوژران. بۆ وێنە لە شاری مهاباد، چەند جار تێکهەڵچوونی قورس و خوێناوی لە ناو شار و لە دەرەوەی شار ڕویانداوە و لەو تێکهەڵچونانەدا مناڵی مەلا بە ناوبانگەکانی شێعە کوژراون. هەر دوا بەدوای ئەو تێکهەڵچوونانە، خەڵکی زیندانیکراوی ئەو شارە بە کۆمەڵ و دەستە دەستە تیرەباران کراون. ێانی وا وێدەچێ کە ئەو تیرەباران و لە سێدارەدرانانە بە تؤڵەی کوژرانی ئەو کەسانە بوە کە لە تێکهەڵچونەکان دا کوژراون.

سرنج ڕاکێشی و زەقیەتی ئەو تیرەباران و لە سێدارەدرانانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئەو کەسانەی لە “دادگای شۆڕشی ئیسلامی” دا دادگایی دەکردو و ئەو دادگایەش بڕیاری سێدارە و تیرەبارانی دەردەکرد. ئەو دادگایانە بە هیچ پێوەرەیەکی ئەو سەدەیە دادگایەکی داپەروەرانە نەبوون و بڕیارەکانیان زۆر جێگای تانەو وڕەخنەیە. هۆکارەکانیشی ئەوەیە:

ئەو دادگایانە یاسایەکی پەسەندکراوی نەبوە. خومەینی لە ڕۆژی ٥ ی ڕەشەممەی  ١٣٥٧ دا بە بێ ئاماژە بە هیچ یاسایەک و تەنیا بە فەرمانێک “دادگای شۆڕشی ئیسلامی” دامەزراند. لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٨ دا پڕۆژە یاسای “دادگاکانی شۆڕش” لە لایەن “شوڕای شۆڕش” پەسەند کرا. ئەو پڕۆژە یاسایانە، بڕیارانە، پەسەندی خومەینی لە سەر بوو. بە ۆپێ گێڕانەوەی کاربەدەستانی ئەوسا، بەشێک لە کاربەدەستان هەوڵیان دا خاڵەکانی ئەو بڕیارە لە ژێر کاریگەری خومەینی و مەلاکان دانەبێ، بەڵام لە ئاکام دا بە پێچەوانەی مەرسوماتی وەزارەتی دادگوستەی ئیران لەو کات دا، ئەو پڕۆژە بریارانە دەرچوون. ئەوە بەو مانایەیە کە تەواوی بڕیارەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تا ڕۆژی ؟؟ خوردادی ١٣٥٨، نایاسایی بوونە و ئەوکەسانەی بڕیاریانداوە وەک دادوەر ناکرێ پێناسەیان پێبکرێ. ئەوەی کە ئایا “شوڕای شۆڕش” بۆی هەیە بە بێ پارلمان یاسایەک پەسەند بکات و ئەرک بۆ بەشی دادی وڵاتێک داڕێژە، ئەوەش خۆی جێگەی مشت و مڕ و تانەیە. تا ئێستا، نوسەری ئەو دێڕانە نەیتوانیوە نمونەیەک بێنێتەوە کە لەو دا شوڕایەک لە دەرەوەی پاڕلمان کۆمەڵە یاسایەکی دەرکردبێ و بیخستبێتە بواری جێبەچیکردنەوە. ئەوە باوە کە “شوڕای شۆڕش” پاش سەرکەوتنی شۆڕش بڕیار دەرکات، بەڵام لە مێژوو دا هیچ “شوڕای شۆڕشێک” تا ئێستا یاسای دادوەری دەرنەکردوە، بەڵکو ئاماژەی بە کۆمەڵە یاسای پێشوو یان پێششوتری ئەو وڵاتە کردوە.

لە دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی دا، بەتاینبەت لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی دا، سەڕۆکی دادگا خۆی ڕۆڵی تری گێراوە. ئەوانەی لە ئەوکات دا چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە بەسەکانی تری جوگرافی ئێران دا، شاهیدیان داوە کە زۆر جاران سەرؤکی دادگا بازجوویی زیندانی بوە. یان خود ئەوەی کە سەرۆکی دادگا ئەندامی سپای پاسداران بوەو بە پێی فەرمانی سپای پاسداران دادگای بەڕێوە بردوە. ئەوە بەو مانایەیە کە دادگا وەک مێکانیزمی دادپەروەری لە مکانیزمی ئیجرایی جیا نەبوە. هەر بۆیەش بڕیارەکانی ئەو دادگایانە نایاسایی و دوور لە میکانیزمی دادپەروەرانە بوە.

هەروەک لە سەرەوە باسکرا، بنەمای ئەو دادگایانە، تەنانەت پاش دەرچوونی بڕیاڕی شوڕای شۆڕش بۆ دامەزراندنی دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، بیر و باوەڕی دینی شیعە و داسەپاندنی هێژمۆنی مەزهەبی بە سەر میکانیزمی داپەروەری وڵاتی ئێران بوو. بڕیارەکانی ئەو دادگایانە تا ساڵی ١٣٧٢ کە یاسای پاڕلمانی بۆ دادگای شۆڕش دەرچوە لە سەر بنەمای کتێبە دینێکانی شیعە بوونە. دیارە کتێبەکانی دینی، وەک یاسای جەزایی ناچنە سەر وردەکاری و بە پاراگراف کردنی سەزاکان وە یا خود ئەو کردەوانەی دەبێ سەزا بدرێن. زیادە لەوەش خوێندنەوەی هەر سەرۆک دادگایەک، مەلایەک، لە کتێبی دینی دەگەل ئەوانی تر جیاوازی هەیە و بۆیەش بڕیارەکانی ئەو دادگایانە لە جێی جیاواز بۆ “تاوانی” جیاواز جیاوازن. بۆ وێنە ئەگەر لە ڕۆژهەڵات بەیانیە و نوسراوەی سازمانێکی ڕۆژهەڵاتی سەزای سێدارەی دەگەڵ خۆی دەهێنا، هەر ئەو “تاوانە” لە ئیسفەهان سەزای زیندانی لێدەکەوتەوە. بە پێی ئاماری ساخ کراوە لە ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی دا بەلانی کەم ١١٦ کەس بە بڕیاری “دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی” تیرەباران کراون. بۆ وردەکاری بڕوانە دیاگرامی خوارەوە.

هەر وەک لە دیاگرامەکەوە دەردەکەوێ، سەقز بە ٢٧ کەس، سنە و کرماشان بە ١٧ کەس و پاوە بە ١٣ کەس لە سەرووی لیستە کە دان. هەرچەندە فەرمانی خومەینی بە دژی کورد لە ڕێکەوتی ٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨ دەرچوو بەڵام ڕوداوەکان و ئەو ئامارەی سەرەوە دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی بە بۆ لە بەین بردنی هێژمونی سیاسی و نیزامی ئەو ڕێکخراوانە و داسەپاندنی هێژمۆنی خۆی، پەنای بردۆتە بەر دادگای شۆڕش و تیرەباران و لە سێداراە دانی بە کۆمەڵ. وە ئەو ڕوداوانە پێش ئەوەی کە وا “فتوای” خومەینی بۆ “جیهاد” بە دژی کورد دەربچێ.

فتوای جیهادی خومەینی لە دژی کورد، ئەو ڕۆژی بۆ دەسپێکێک بۆ ڕژتنی خوێن بە پێی حوکمی ئیسلام

ڕوداوەکانی پێش و پاش دەرچونی فتوای خومەینی دەریدەخات کە هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵات و قەڵاچۆی کورد بەرنامە داڕێژراو و سیستماتیک بوە. هەوڵ و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهەڵات، بە پێی بەڵگەو سەنەد، بۆ چارەسەری دۆزی کورد نەیتوانی کەش و هەرایەکی ئارام بێنێتە ئاراوە و پێش بە تیرەباران و لە سێدارەدانی خەڵک بگرێ.

ئێستا ئەوە بە باشی پشت ڕاست کراوەتەوە کە هەوڵی کوردەکان بۆ چارەسەری کێشەکان لە ڕیگای دانوستان دەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت بە گشتی شکستیان پێ هێندرا و ناسەرکەوتوو بوون. دوایین هەڵ بۆ دوزینەوەی چارەسەر هەوڵی پێک هێنانی “هیئت نمایندگی خلق کورد” بوو. ئێسا پشتڕاست کراوەتەوە و کە شکستی ئەو وتووێژانە دوو خاڵی سەرەکی بوون:

  • لە نێو کۆڕی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دا، نوێنەرانی بیر و بۆچوونی خومەینی، واتە داسەپاندنی هێژمۆنی دینی شیعە، تەنیا بە مەبەستی کۆ کردنەوەی هێزی زۆرتر و خۆ ئامادە کردن بۆ هێرشێکی بەربڵاوتر لە جاران، وتووێژیان دەکەرد. ڵەو نێوە دا، ئەو نوێنەرانەی تری کۆماری ئیسلامی کە بیر و بۆچوونی جیاواز لە خومەینیان هەبوو، دەرەتانی درێژە پێدان بە وتوو وێژەکانیان نەبوو.
  • لە نێو کۆڕی نوێنەرایەتی کورد دا، ئەندامان وەک نوێنەری ڕێکخراوی سیاسی جۆرواجۆر دەرکەوتن. هەوڵ و تێکۆشانی کەسانی بێلایەن، کە ببونە هۆی هاتنە ئارای وتووێژەکان، بۆ گۆڕینی پێکهاتەی کۆڕەکە،  وە یان بۆ شێوەی ناساندنی ئەوان لە کاتی وتووێژدا سەر ناگرێ.. ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە لە شەوی پێش دانیشتن دەگەڵ کۆڕی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی، لە دانشتنی نێو خۆی کۆڕی نوێنەرایەتی کورد لە نیزیک مهاباد، تا ڕادەیەک مشت و مڕ و دمەقاڵە دەکەوێتە نێوان ئەو کۆڕە و لە ئاکام دا کۆری نوێنەرایەتی کورد لە کاتی دانیشتن دەگەڵ کۆڕی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی، خۆیان وەک نوێنەری سازمان و ڕێکخراوە چەکدارەکان دەناسێنن وە ئەوە چێگای پەسەندی نوێنەرانی دەوڵەت نەبوو.

لە ئاکامی شکستی وتووێژەکان دا کۆماری ئیسلامی هێرشی خۆی بەربڵاوتر، دڕندانەتر و بە هێزتر لە پێشوو ددەست پێدەکات وە ئەوە دەبێتە سەرەتای شەڕێکی خوێناوی و تیرەباران و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی خەڵکی گوندوو و شارەکانی ڕۆژهەڵات. بە پێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان لە ساڵی ١٣٥٩ دا ٩٣ کەس تێرەباران کراون کە بەشی زۆریان پاش شکستی وتوو وێژەکان تیرەباران کراون. ڕێژەی تیرەبارانەکان لە ساڵی ١٣٦٠ دا دەگاتە ٢٠١ کەس واتە ١١٦٪ بەرز بونەوە بە خۆیەوە دەبینێ. ‌لە ساڵی ١٣٦١ دا بەلانی کەم ١٧٩ کەس تیرەباران کران و لە ١٣٦٢ دا ئەو ڕێژەیە دەگاتە لوتکە و لەو ساڵە دا ٢٦٨ تیرەباران کراون. 

دیارە ئەو ئێعدام و لەناو بردنە تەنیا شارێک و یان تەنیا ڕەگەزێک ناگرێتەوە. ئەو ئێعدامانە ژن و پیاو، گەورەو و مێرمنداڵ و منداڵ لە خۆ دەگرێت.

هەروەک ئەو ئامارەی سەرەوە نیشان دەدات، لە کۆی گشتی ١٠٩٢ کەس کە ئامارەکەی پشتڕاست کراوەتەوە کە ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٧٠ ئێعدام کراون، ١٠٠٨ کەسی نێرینە و ٨٤ کەسی مێینە بونە. واتە رێژەی نێرینە ٩٢،٣٪ و مێینە ٧،٧٪ بوە. بە داخەوە لە کاتی ئامادەکردنی ئەو نوسراوەیە دا، تەمەنی ئێعدامکراوەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە، هەر بۆیەش لە سەر پشکی منداڵانی بەرنبەر بە کۆی گشتی، نوسەری ئەو دێڕانە ناتوانێ ئامارێک پێشکەش بکات. ئاماری ئەە ١٠٩٢ کەسەی لە ساڵی ١٣٥٧ تا ساڵی ١٣٧٠ ئێعدام کراون، خۆر بە باشی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو ئێعدامانە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردوستانی گرتەوە و شارێک نیە کە لەو بابەتەوە پارێزراو بوبێت.

تێبینی: ١٠٣ کەس لەو ئامارەدا شوێنی لە دایک بونیان پشتڕاست نەکراوەتەوە و ئەو تاقمە بە “ڕۆژهەڵاتی” لە قەڵەم دراون

هەر چەندە ئامارێکی پوخت و پشتڕاستکراوە بۆ بەراوەردکردنی ڕێژەی تیرەباران لە ناوچە کوردێکان بەرانبەر بە ناوچەکانی تر لە بەر دەست دانیە، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەو ڕێژە لە تیرەباران و لەناو بردنەی خەڵکی مەدەنی کورد زۆر زۆرترە لە ڕێژەی تیرەباران لە ناوچەکانی تر. ئەوە ڕادەیە لە خۆینرێژی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکار:

  • فتوای جێهادی خومەینی بەرانبەر بە کورد و پاساوی دینی بۆ خوێنڕێژی
  • تەلاش و هەوڵی سیستمی نوێ بۆ داسەپاندنی هێژمۆنی خۆی
  • چاوترسێن کردنی خەڵک بۆ کشانەوە لە هێزە سیاسێکانی کورد

بە هۆی بەربڵاوی سێنتیمێنی دژ بە ڕژیم و سۆز و دڵخوازی کورد بۆ وەدیهێنانی بەشێک لە مافە پێشێلکراوەکانی، دژایەتی بەرانبەر بە ڕژیم بەربڵاو و هەمەگیر بوو واتە تەواوی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە خۆوە دەگرت. ‌هەر بۆیەشە ڕژیم بۆ بەرنامەیەکی تۆکمە و سیستماتیکی بۆ سەرکوت کردنی خەڵک پیویست بوو. شوێنەواری ئەو سیستێماتیک بوونە، زۆر بە جوانی لە ئامارەکانی تیرەباران و سێدارەی بە کۆمەڵی خەلکی ڕۆژهەڵات دا دیارە. ئاماری تیرەباران و سێدارە، واتە ئێعدامی زیاتر لە دوو کەس لە لەدایکبووانی شاریک لە یەک ڕۆژ دا، نیشان دەدات کە ئەو دیاردەیە لە ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٦٧ زۆر بە بەربڵاوی زۆربەی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی گرتۆتەوە.

بە پێی ئاماری باوەر پێکراو و پشتڕاستکراوە، دیاردەی تیرەباران و لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ هەر لە ساڵی ١٣٥٨ وە دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٣٧٠ بەلانی کەم  ٦٢٥ کەس لە خۆدەگرێ کە دەکات بە ٥٧٪ لە کۆی گشتی تیرەباران و لە سێدارەدانی خەڵک لەو ماوەیە دا. واتە لە هەر دوو کەس کە بە پێی “دادگای شۆڕش” لە ماوەی ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٧٠ تیرەباران کراوە، یەک کەس کۆمەڵکوژ کراوە. لوتکەی ئەو کۆمەڵکوژیە لە ساڵی ١٣٦٢ دا بوە کە لەو ساڵە دا ٢٠١ کەس بە کۆمەڵ تیرەباران کراوەن یان لە سێدارە دراون. بە پێی ئامار، ڕیژەی ئەو کۆمەڵکوژیە لە مهاباد زۆر لە شارەکانی تری ڕۆژهەڵات لە سەر تر بوە. لە ساڵی ١٣٦٠ دا ٤٤ کەس (٤١٪ ئێعدامی بە کۆمەڵی ساڵی ١٣٦٠) و لە ساڵی ١٣٦٢ دا ١٢٢ کەس (٦١٪ ئێعدامی بە کۆمەڵی ساڵی ١٣٦٢) بە کۆمەڵ تیرەباران کراون. بڕوانە ئاماری خوارەوە.

ئەوەی جێی سرینج و ئاماژەیە ئەوەیە کە بە پێی ئاماری باوەرپێکراو و پشت ڕاست کراوە، لە ڕیکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ دا ٨٨ کەس لەدایک بووی مهاباد  تیرەباران کراون یان لە سێدارە دراون. واتە بە پێچەوانەی ئەوەی کە باسی ٥٩ لە سێدارە دراوی لەدایک بووی مهاباد دەکرێ بەڵام ئاماری پشتڕاوتکراوە نیشان دەدات کە لە ڕاستی دا ئەو کۆمەڵکوژیە ٨٨ کەس بوە کە ٥٩ کەسیان لە تەورێز، ٢٦ کەسیان لە ورمێ و ٢ کەسیان لە مهاباد بوە. کەسێکیش شوێنی ئێعدامەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە. ىروانەی ئاماری خوارەوە.

ئەو ئامارەی سەرەوە دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵکوژێکی سیستماتیک و بەبەرنامەداڕێژراوی ڕەچاو کردوە. لەو ٦٢٥ کەسەی لە ساڵی ١٣٥٨ تا ١٣٧٠ کۆمەڵکوژ کراون، ٢٧ کەسیان ژن بوون کە ڕێژەکەی دەکات بە ٥٪ لە کۆی گشتی. ىڕوانە ئاماری خوارەوە (ئەوکەسانەی شوێنی لەدایک بونیان پشتڕاست نەکراوەتەوە بە لەدایک بووی ڕۆژهەڵات ناوزەد کراون)

کاریگەری کارەسات لە سەر کۆمەڵگا

لێکدانەوەی کاریگەری ئەو کارەساتانە لە سەر کۆمەڵگای رؤژهەڵات یان نەکراوە، یانیش ئەگەر کرابێت نوسەری ئەو دێڕانە لێی بێخەبەرە. زەخت و زەبر لە سەر کۆمەڵگا تایبەت بە کۆمەڵگای رؤژهەڵاتی ناوێن نیە و لە دونیا دا کەم نین ئەو نەتەوانەی وڵاتانی دوور و نیزیک کە رۆژێک لە رۆژان لە مێژو دا توشی کارەسات هاتوون. ‌هۆلۆکاست، ژینۆسایدی هەرمەنێکان، فڕاندن و ئەشکەنجە و لە ناوبردنی روناکبیران بۆ وێنە لە ئامریکای لاتین لە دەهەی ٧٠-ی زاینی دا وێنەی بەرچاوی ئەو ڕاستیانەن، هەرچەندە تەنیا وێنە نین. چاو خشاندن بە ئەزمونی ئەو کۆمەڵگایانەی ناویان برا وە بیرمان دەێنێتەوە کە وا کارەساتی تراژیک لەو چەشنەی کە مەبەستی ئەو نوسراوەیە چەند قۆناخ دەبڕێ و هەر قؤناخەش ئاکام و دەرەنجامی خۆی هەیە و لە هەر قۆناخەش دا چەند لایەن ڕۆڵ دەگێڕن. بە کورتی ئەو قۆناخانە، دەرئەنجامەکانیان و ئەوانەی رؤلی تێدا دەگێڕن ئەوانەن:

  • قۆناخی یەک، قۆناخی مەرگ و ژیان

لەو قۆناخەدە کە تاکێک توشی گرتن و زیندان و ئەشکەنجەی بێوچان دەبێت. ڵەو قۆناخە دایا کە تاکێک لە بەر بیروڕای جیاواز، یان مەزهەبی جیاواز، یان خۆ سەر بە ئتنیکێکی جیاواز، … دەکەوێتە بەر پەلامار و بە بێبەڵگە وە یان خۆ دادگایەکی یاسایی، پارێزەر، وە هتد سەزای بە سەر دادەسەپێندرێ. بە پێی دادگاکانی شۆرشی ئیسلامی ئێران ئەوانەی لە سێدارەدران وە یا خۆ تیرەباران کران هەمو “مفصد فی الارض” و “محارب با خدا” و “خلق خدا” بوون. ئەوە بێ ئەویکە لە سەر ئەو تاوانانە بەڵگەیەک لە ئارادابێت وە یان خۆ بەندیکراو پاریزەرێکی هەبێ کە لە سەر یاسایی بوون ئەو تۆمەتانە و لە باری یاسایی پارێزگاری لێبکات. سیستەمی ئیجرایی بەرپرسی گرتن و بازجوویی، سیستمی یاسایی بەرپرسی دادگایی و بڕیاردانن و ئیجرای بڕیارن. زۆر بە زۆقی دیارە کە لەو قۆناخەدا، زیندانی و حکومەت (سیستمی ئیجرایی و یاسایی)  رؤلی سەرەکی دەگێڕن. ئەو قۆناخە بە لە سێدارەدان وە یا خود تیرەبارانی زیندانی بە دەستی حکومەت تەواو دەبێ.  

  • – قۆناخی دوو، قۆناخی خەم و پەژارە و شۆک

لەو قۆناخە دا بنەماڵەی لە سێدارەدراو لە ژێر باری خەم و پەژارە دا نەقم دەبێ. کۆمەڵگا توشی ترس و رەحشەت بوەو حکومەت ئامانجی خۆی پێکاوە. هەر لەو قۆناخەدا ئەرکی لە قاودانی کارەسات دەبێ لە ئەستۆ بگرێ و ڕاپۆڕتی ئەو کارەساتە بە تەواوی وردەکارێکانێوە بە کۆمەڵگا و بنکەکانی نێونەتەوەیی ڕابگەینێ. بە دۆکۆمینت کردنی ئەوکارەساتە گەرماوگەرم وە لە کاتێک ڕوی داوە دەتوانێ بۆ دومەبەست لە داهاتوو دا کەڵکی لێ وەرگیرێ، بۆ نوسێنەوەی مێژو و بۆ پەلکێشکردنی کارگوزارانی حکومەت بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە. 

  • قۆناخی سێ، قۆناخی لێکدانەوە، لێکۆڵینەوە

لەو قۆناخە دا، بنەماڵەکان بەدواداچون دەکەن. دەگەڵ ئەوانەی لە زێندان دێنەدەرێ وت و وێژ دەکەن. لە چۆنیەتی ڕوداوو کارەساتەکە دەکۆڵنەوە. هەر لەو قۆناخەدا بەشێک لە زیندانیانی پێشو بە نوسینەوە بیرەوەرێکان بە دزی یان بە ئاشکرا (لە دەرەوەی وڵات) یارمەتیدەری زیندو ڕاگرتنی کارەساتەکە دەبن. یەکێک لە تایبەتمەندێکانی ئەو قۆناخە ئەوەیە کە کۆڕ و کۆمەڵی جیاواز بۆ بەرگری لە مافی زیندانیان، پارازتنی مافی مرۆڤ، بۆ پەلکێش کردنی تاوانباران، بۆ لەقاودانەوەی کارەساتەکان ساز دەبن. واتە لەو قۆناخەدا بنەماڵەکان، زیندانیانی پێشو و کۆڕو کۆمەڵەکان رؤڵ دەگێڕن.

  • قۆناخی چوار، قۆناخی دادخوازی

لەو قۆناخەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان، تاکێک، یان چەند کەس وە یان خود ئەو سیستمەی کارەساتی خوڵقاندوە پەلکێش دەکرێ تا خواب بداتەوە.دیارە ئەو پەلکێش کردنە پەیوەستە بە بارودۆخیکی جیاواز و لە بارودۆخی جیاواز شێوەو و فۆڕمی جیاواز بە خۆوە بگرێ. یەکێک لەو شێوانە، پەلکیش کردنی تاوانباران بە تاک وە یان خۆ وەک حکومەت بۆ دادگاکانی دەرەوەی وڵاتە. ڵە دوو دەهەی ڕابڕدوو دا، چەند دادگا لە ئۆروپا و ئامریکا وەک ئاسۆیەک، هەرچەند کەمڕەنگ بەڵام روون لە باری یاساوە، دەکاتەوە.

یاسا و ریساکانی نێونەتەوەیی

ئەم بەشە لە نوسراوەکە هەوڵ دەدات لە سەر ئەو یاساو قانونانەی کە وا دەکرێ کەڵکیان لێ وەربگیرێ، روون کردنەوە بدات.

یەکێک لەو چەمکە یاسایەنە کە ماوەیەکە مشت و مڕی لەسەرە و باسی دەکرێ، بنەمای دەسەڵاتی دادوەری گشتگیرە. بە پشت بەستن بەو بنەمایە، دەوڵەتان دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بە سەر هێندێک تاوان دادەسەپێنن. ئەو تاوانانە، تاوانی گشتگیری دڕندانەن و جێگەی سرینج و نیگەرانی نێودەوڵەتی، بۆ وێنە تاوان و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، تاوان و لە ژێر پێنانی یاسی جەنگ، تاوانی ژینۆساید. بە پشت بەستن بە بنەمای دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر، دەوڵەتێک دەتوانێ تاوانکاران و پێشێلکاران، بە بێ جیاوازی رەگەزنامە، وە بە بێ جیاوازی شوێنی تاوان لە وڵاتی زێردەسەڵاتی خۆی دەستگیر کات و بیدادتە دەستگای دادپەروەری خۆی بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لیکات. دیارە ئەوە تەنیا جەمکێکی تێئۆرئک نیە و لە پراکتیک دا بەکارهێندراوە، هەر چەندە لە پراکتیک دا، تەنگ و چەڵەمە و بەربەستی زۆری لەپێشە. ێەکێک لەو بەربەستانە ئەوەئە کە تاوانبار دەبێ لە وڵاتەی کە دەوڵەتەکەی دەسەڵاتی زاڵ بوونی هەیە دەستگیر بکری. واتە دەوڵەتێک کە یاسای دەسەڵاتی دادوەری گشتگیری لە ناو یاسای دادوەری وڵاتەکەی دا جێگر کراوە، ماف و دەسەڵاتی ئەوەی نیە کە تاوانبارێک لە وڵاتی تاوانبارەکە خۆی دەستگیر بکات، هەرچەندە دەتوانێ تاوانبارەکە داوا بکات. ىەڵام کام دەوڵەت هەیە کە هاووڵاتی خۆی ڕادەستی دڵاتێکی تر بکات؟ بە تایبەت ئەگەر ئەو تاوانبارە هاووڵاتی وڵاتێک بێ کە لەوێ رێزیمیکی سەرکوتکەر و پێشێلکار لە سەر کارە و تاوانەکان لە سیستمی ئەو رژیمە دا ڕویان داوە.

بەڵام دیسانیش ئەو یاسایە، بەرەو پێش چونێکە بۆ بەرگری لە پێشێلکاری و بۆ ئاسۆیەک کە تاوانبار لە ترس و دڵڕاوەکی پەلکێش کردن بۆ دادگا بۆ ئەو وڵاتانی کە دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر دادەسەپێنن سەفەر نەکا. لە ڕاستی دا دەسەڵاتی دادوەری گشتی، دەتوانێ پێش بەوە بگرێ کە تاوانبارانی وڵاتێک، ڵاتانی تر وەک پەناگاە و شوێنی خۆ حەشاردان و خۆ شاردنەوە بەکار بهێنن.

بەشێک لە بیرۆکە و مێژوی دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەری جیهانی ٢ و کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ. ‌هەرچەندە مێژوی کۆنوانسیۆنی ژێنیڤ کۆنترەو دەگەرێتە بۆ جەنگی سۆلفێرینۆی ناپێلئۆن لە ١٨٥٩، بەڵام کۆنوانسێۆنی ژێنیڤ وەک پەیماننامەیەکی نێونەتەوەیی لە دوای شەری ٢ی جیهانێوە واتۆتە ئاراوە. ئەو کۆنوانسێنە لە ٤ رێکەوتننامەی سەرەکی پیکهاتوە کە پاشان بە سێ پرۆتۆکۆلی هەموارکردنەوە (١٩٧٧، ١٩٧٧، ٢٠٠٥) دەستکاری کراون. بەیاننامەکان ئەوانەن:

  • رێکەوتنامەی ژومارە یەک لە ساڵی ١٨٦٤ دەرچوە کە ڕێساکانی چارەسەرکردنی سەربازی بریندار و نەخۆشان و دامەزراوە پزیشکییەکانی لە کاتی شەڕەکانی لەخۆدەگرێت.،
  • رێکەوتنامەی ژومارە دوو لە ساڵی ١٩٠٦ دەرچوە وە چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆش و کەشتی نوقمبوو لە شەڕ لە دەریادا بە شێوەیەکی هاوشێوەی رێککەوتننامەی یەکەم رێکدەخات. ئەم رێککەوتنە لە ساڵی ١٩٤٩ دروستکراوە و جێگەی رێساکانی پێشووی شەڕی دەریایی گرتەوە کە لە رێککەوتننامەی یەکەمی ژێنیڤ لە ساڵی ١٩٠٦دا هاتبوون لەگەڵ دەیەمین رێککەوتننامەی لاهە لە ساڵی ١٩٠٧
  • رێکەوتنامەی ژومارە سێ لە ساڵی ١٩٢٩ دەرچوە وە رێساکانی دیلی جەنگ لەخۆدەگرێت،
  • رێکەوتنامەی ژومارە چوار لە ساڵی ١٩٤٩ دەرچوەو وە لە ١٥٩ بابەت و ٣ هاوپیچ پیکهاتوە وە باسی پارازتنی خەڵکی مەدەنی لە کاتی شەر دادەکات.
  • پرۆتۆکۆلی هەموارکردنەوەی ژومارە ١ کە لە ساڵی ١٩٧٧ دا دەرچوە وە کە پەیوەندی بە پاراستنی قوربانیانی شەڕی چەکداری نێودەوڵەتییەوە هەیە
  • پرۆتۆکۆلی ژومارە ٢ کە لە ساڵی ١٩٧٧ دا دەرچوە وە کە پەیوەندی بە پاراستنی قوربانیانی شەڕی چەکداری ناوخۆی وڵاتێک هەیە.
  • پرۆتۆکۆلی هەموارکردنەوەی ژومارە ٣ کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا دەرچوە وە پەیوەندی بە پەسەندکردنی نیشانەیەکی جیاواز هەیە

بە پێی رێکەوتنامەو پرۆتۆکۆلەکانی ئەو کۆنوانسیۆنە پێشێلکاری رێکەوتنامەکان و پرۆتۆکۆلەکانی تاوانە و سەزا دەدرین.هەرچەندە پێشیلکاری رێکەوتنامە و پرۆتۆکۆلەکان وەک یەک مەزەندە ناکرێن. پێشێلکردنی رێکەوتننامەی ٣ و ٤ کە پەیوەستن بە مامەڵەکردن و پاراستنی دیلی جەنگ و مامەڵەکردن و پاراستنی خەڵک و موڵکی مەدەنی لە کاتی جەنگدا، بە تاوانی قورس و گران ناوزەدکراون و دەبێ پێشی پێ بگیرێ. لە رێکەوتنامەی ٣، ٤ دا کوشتنی بە ئامانج و بە ئانقەست، مامەلی نامرۆڤانە، توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی سڤیل، بەکارهێنانی چەکی بیۆلۆژیکی بڤەیە و دەبێ پێشی لێبگیرێ. هەر وەها بە پێی ئەو ڕێکەوتنامەیە، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، هەروەها ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی مەراسیمە ئایینییەکان، دەبێت تێپەڕبوونی ئازادیان هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکانی سیڤیل و مەدەنی بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان تێپەڕکەن وە خۆراک و پوشاک و ئاو بۆ منداڵانی خوار پانزە ساڵ و ژنانی دووگیان دەبێ گەرەنتی بکرێت. بە پێچەوانەی پرۆتۆکۆلەکانی هەموارکردنەوە، کۆی گشتی وڵاتانی جیهان هەر ٤ رێکەوتنامەیان واژۆ کوردوە، بڕوانە ئەو نەخشەیەی خوارەوە.

  • ئەو وڵاتانەی کە هەر ٤ رێکەوتنامە و هەر ٣ پرۆتۆکۆلیان واژۆ کردوە بە رەنگی کەسک/سەوز دیاری کراون.
  • ئەو وڵاتانەی هەر ٤ رێکەوتنامە  و پرۆتۆکۆلی ١ و ٢ یان واژۆ کردوە بە رەنگی شین دیاری کراون.
  • ئەو وڵاتانەی هەر ٤ رێکەوتنامە  و پرۆتۆکۆلی ١ و ٣ یان واژۆ کردوە بە رەنگی بنەوش دیاری کراون.
  • ئەو وڵاتانەی هەر ٤ رێکەوتنامە  و پرۆتۆکۆلی ١ یان واژۆ کردوە بە رەنگی زەرد دیاری کراون.
  • ئەو وڵاتانەی هەر ٤ رێکەوتنامە  و پرۆتۆکۆلی ٣ یان واژۆ کردوە بە رەنگی نارنجی دیاری کراون.
  • ئەو وڵاتانەی هەر ٤ رێکەوتنامەیان واژۆ کردوە بەڵام هیچکام لە ٣ پرۆتۆکۆلەکانیان واژۆ نەکردوە بە رەنگی سوور دیاری کراون.

وڵاتانی جیهان کە ژێری کونوانسیۆنی ژێنێڤیان واژۆکردوە، یاسای تایبەتیان لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیان پەسەند کردوە وە بەشێک لە یاسای سزادانی وڵاتەکەیان تەرخان کردوە بۆ پێناسەکردنی ئەوتاوانانەی لە ڕێکەوتنامەکان دا دیاری کراون. دیارە واژۆ کردنی ژێر کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ وڵاتانی گیتی لە پێشێلکردنی رێکەوتننامەکە نەسڵەماندۆتەوە. هەرچەندە ڕێکەوتننامەکان تاوانەکان بەو شێوەیەی لە سەرەوە بە کورتی باسی لێکرا دیاری دەکات بەڵام مێکانیزمێکی گونجاو، واتە دادگایەکی نێونەتەوەیی، بۆ سەزادانی تاوانباران لە ئارا دا نەبوە. هەرئەوەش بو بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێمۆکراتیک بە هاوکاری سازمان و ڕێکخراوی لایەنگری مافی مرۆڤ هەوڵ بدەن بۆ دانانی ئەو مێکانیزمە پێویستە، بەشێوەیەک کە پێشێلکاران و تاوانبارانی مافەکانی مرۆڤ لە خۆ حەشاردان و خۆ شاردنەوەدا توشی تەنگ و چەڵەمە بن.

هەرچۆن بێت، دوای ساڵانێکی زۆر و هەوڵ و تێکۆشانێکی بێ وچان، لە ئاکام دا لە جولای ساڵی ١٩٩٨ دا کۆنفرانسێکی نێو نەتەوەیی لە ڕۆم پێتەختی ئیتالیا هاتە ئاراوەو لەو کۆنفرانسەدا بڕیاری دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ئای سی سی) دەرچوو. هەر لەو کۆنفڕانسەش دا پەیرەوی ناوخۆی ئەو دادگایە بە دەنگی ١٢٠ بەڵێ و ٧ دەنگی نەخێر و ٢١ دەنگی بێلایەن پەسەندکرا.

  • ڕێژەی ئەو وڵاتانەی میساقی نێودەوڵەتی ڕۆمیان پەسەند کردوە و لە نێو سیستمی دادی وڵات دا جێگیریان کردوە تا ساڵی ٢٠١٩ زیادی کرد و بوو بە ١٢٣ وڵات. ئەووڵاتانە بە وڵاتانی پەیوەندیدار ناو دەبردرێن و لە نەخشەی خوارەوە دا بە رەنگی سەوز دیاری کراون. وەک لە نەخشەکە وەدەر دەکەوێ تەواوی وڵاتانی ئۆروپا، ئامریکای باشوور، بەشی زۆری وڵاتانی ئەفریقا واژۆی ئەو میساقەیان کردوە و لە سیستمی دادی خۆیان جێگیریان کردوە.
  • ئەو وڵاتانانەی میساقەکەیان واژۆ کردوە بەڵام لە سیستمی دادپەروەری خۆیان دا جێگیریان نەکردوە، لە نەخشەکە دا بە ڕەنگی زەرد دیاری کراون. وەک لە نەقشەکەدا دیارە، ئێران، میسر و ئەلجەزایر لە ڕێژەی ئەو وڵاتانە دان.
  • ئەو وڵاتانەی لە واژۆی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە، و لە میساقەکەیان بەجێ هێشتوە بە رەنگی زەردی تاریک (مەیلەو قاوەیی) دیاری کراون. وەک لە نەخشەکەوە دیارە، ئامریکا یەکێک لەو وڵاتانەیە. جێی ئاماژەیە کە ئامریکا لە زەمانی سەرۆک کۆماری بیل کلینتن ئەو میساقەی واژۆ کرد و پاشان لە کاتی سەرۆک کۆماری جۆرج بووشی کوڕ – سەر بە کۆماریخۆزەکان – واژۆی خۆی وەرگرتەوە. هێنری کیسینجێر یەکێک لەوانە بوو کە ئامریکای بۆ وەرگرتنەوەی واژۆی خۆی هان دا.
  • ئەو وڵاتانەی کە لە واژۆی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە، و میساقەکەیان بەجێ هێشتوە بە رەنگی بنەوش دیاری کراون.
  • ئەو وڵاتانەی میساقەکەیان واژۆ نەکردوە بە ڕەنگی سوور دیاری کراون. هەروەک کە لە نەقشەکە دەردەکەوێ، وڵاتای چین، هیندوستان، عەرەبستان و عێڕاق لە ڕێژەی ئەو وڵاتانە دان.

بەپێی پەیرەوی پەسەندکراو، ئەو دادگایە کە بڕیار درا ناوەندەکەی لە شاری هاگ (هۆلەند) دابمەزرێ، دادگایەکی نێودەوڵەتی هەمیشەیی و سەربەخۆیە بۆ لێکۆڵینەوە، لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەن کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی ژێنۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی شەڕ و تاوانی دەسترێژی.

بە پێچەوانەی دادگا تایبەتێکانی نێودەوڵەتی، بۆ وێنە کەیسی یوگۆسلاوی و رواندا، کە لە چوارچێوەی نەتەوەیەکگرتۆکاندا بۆ دۆخێکی تایبەتی و ئەرکێکی تایبەتی دامەزران، دادگای نێودەوڵەتی بۆ بارودۆخێکی تایبەتی و سنوردارنیە، باڵکو ئەو دادگایە هەمیشەییە و ئەرکەکەی سنوردار بە کەیسێکی تایبەتی نیە. ‌هەروەها ئەو دادگایە بە پێچەوانەی دادگا تایبەتێکانی لاهە کە ئەرکی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان وڵاتان پێ ئەسپێردراوە، کەیسی ناکۆکی نێوان وڵاتان ناجوڵێنێ.

هەر چەندە ئەو دادگایە پێشکەوتنێکی بەرچاو و هەنگاوێکی گەورەیە بۆ داسەپاندنانی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و سەربەخۆ، بەڵام ئەو کەیسانەی لەو دادگایە دا دەجوڵێندرێن سنوردارن. ىۆ وێنە:

  • ئەو دادگایە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە تاکەکانی گومانلێکراو بکات و لە شوێنی پێویستدا لێپێچینەوە و دادگایی بکات کە دەوڵەتی پەیوەندیدار بە شێوەیەکی ڕاستەقینە نەیکات، نەتوانێت یان ئامادە نەبێت. مەبەست لە دەوڵەتی پەیوەندیدار لێرەدا ئەو دەوڵەتەیە کە تاکی گومانلێکراو ناسنامەی هاووڵاتی لێ هەیە.
  • ئەو دادگائە دەتوانێ دەسەڵاتی دادوەری خۆی بە سەر کەسانێک دابسەپێنێ کە ناسنامەی هاووڵاتی وڵاتیكی ئەندامی میساقی ڕۆم بێت یان خود تاوانەکە لە وڵاتی ئەو دەوڵەتە دا ڕووی دابێ. دیارە ئەو مەرجە ئەو دۆخانە ناگرێتەوە کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و بە پێی بەشی حەوتی میساقی نەتەوەیەکگرتۆکان ڕەوانەی داواکاری گشتی ئەو دادگایە دەکرێن.
  • پەیرەوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە رۆژی ١ی جولای سالی ٢٠٠٢ دا چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو ڕوداوانەی دوای ئەو بوارەوە دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ. بە پێی خاڵی پێشو وڵاتی پەیوەندیدار، واتە ئەو وڵاتەی گومانلێکراو ناسنامەی هەیە یان خود وڵاتێک کە تاوانەکە لەوێ ڕویداوە، دەبێ پێش ئەو بوارە بوبێتە وڵاتێکی ئەندام. بەڵام ئەگەر وڵاتێک پاش ئەو بوارە ببێتە ئەندام، داسەپاندنی یاسای دادگاکە لە ڕۆژی ١ی مانگێک دا دەست پێ دەکات بەو مەرجەی ٦٠ ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داوا تێپەڕبووبێت.

ئەو دادگایە کە لە شاری هاگ (هۆلەند) پێشکەوتنێکی بەرچاو و هەنگاوێکی گەورەیە بۆ داسەپاندنانی یاسای نێودەوڵەتی و سەزادانی تاوانبارانی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و لەوانە جێنۆساید، تاوانی دژ مرۆڤایەتی، تاوانی پێشێلکاری یاسای شەڕ و دەسترێژی. هەروەها دامەزراندنی ئەو دادگایە شوێنی خۆشاردنەوە و خۆ حەشاردان لە تاوانباران بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە، کە ئەوە خۆی لەوانەیە ببێتە هۆی کەم بوونەوەی ڕێژەی تاوان. تا ساڵی ٢٠٢٢ ئەو دادگایە سەرقاڵی ٣١ کەیسی تاوان بوە کە لە سەر ٤ کەیس بریاری سەزای تاوانبار دراوە و یەکلاکراوەتەوە. بڕوانە چارتی کەیسەکان:

درێژەی هەیە. ڵە بەشی داهاتوو دا چەند کەیس کە لەو دا یاسای گشتگیر سەپاندراوە دێتە بەر باس و لە ئاکام دا دەگەڕێنەوە سەر کوردانی لەسێدارەدراوی ڕۆژهەڵات و باری یاسایی کەیسەکان.

 کەیسی نمونە لە مەڕ دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر و داسەپاندنی یاسا

لەو بەشە دا دوو کەیسی نمونە کە بە پێی یاسای دادوەری گشتگیر، خەڵکانێک پەلکێش دادگا کراون و سەزا دراون باسی لێوە دەکرێ.

١- دادگای حەمیدی نووری لە ستۆکهۆڵم (سوئێد)

ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٣٥٩ بوو بە سەرەتای شەڕێکی خوێنانی لە بەینی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێڕاق. ئەو شەڕە، شەرێکی خوێناوی بوو کە ماوەی ٨ ساڵی خایاند و لەو ماوەیەدا تاقمێکی زۆر لە هەردووک لا کوژران، بریندار بوون و یان لە لایەنی بەرامبەر بە دیل گیران. لە ماوەی ئەو ٨ ساڵەدا نەتەوەیەکگرتۆکان و چەند وڵاتی بێلایەن هەولێکی زۆریان دا تا کۆتایی بەو شەڕە بێنن تا لە ئاکام دا لە ڕۆژی ٢٩ ی پوشپەڕی ١٣٦٧ خومەینی ئاگربەستی بە پێی بریارنامەی ژومارە ٥٩٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتۆکانی ڕاگەیاند. نوسینی ئەو بڕیارنامەیە لە ساڵی ١٣٦٦ دەستی پێکردبوو و لە ڕۆژی ٢٩ ی گەلاوێژی ١٣٦٧ دا، واتە مانگێک دوای ڕاگەیاندنەکەی خومەینی، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و عێڕاق واژۆ کرا.

یەکێک لەو ڕێکخراوانەی ئێرانی کە بە دژی کۆماری ئیسلامی هەوڵ و تیکۆشانێکی بەردەوام هەبوە و هەیە، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانە. ئەوڕێکخراوە لە ١٣٤٥/١٣٤٤ کە بەردی بناغەکەی دانراوە تا ئێستا ڕابردویەکی خوێناوی هەبوە چ ئەوکات کە بەرانبەر بە ڕژیمی پەهلەوی خەباتی دەکرد وە چ لە دەورانی كۆماری ئیسلامی ئێران دا. ئەو ڕێکخراوە بەشدارێکی بەرچاوی لە ڕوخاندنی ڕژیمی پەهلەوی دا هوبوو. ماوەیەک دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ناکۆکی کەوتە نێوان خومەینی و لایەنگرانی لە لایەک و ڕێکخراوی موجاهدین لە لایەکی تر. ئەو ناکۆکیە هەر دەهاتوو قوڵتر دەبوو تا ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە و بەنی سەدری سەرۆک کۆمارە ئێرانیان بە جێ هێشت و بەرەو فەرانسە هەڵهاتن. كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەستی دا لە سەرکوت و قەڵاچۆیەکی بێ وێنەی ئەو سازمانە، ئەندامان و لایەنگرانی.

لە کاتی شەڕی ئێران و عێڕاق دا سازمانی موجاهیدین چەند پێگەیەکی نیزامی لە ناو خاکی عێڕاق دا، بە ئیزنی دەوڵەتی عێڕاق، دامەزراند وە ڕێبەرایەتی ئەو ڕێکخراوەیە لەو پایگایانەوە هەوڵ و چالاکێکانیان بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕیبەرایەتی دەکرد. تا ئەو کاتەی بەڵێننامەی ئاگربەستی ٥٩٨ ی ئەنجومەنی ئاسایش واژۆ کرا، ڕێکخراوی موجاهیدین چەند جار بە دژی کۆماری ئیسلامی هێزی جوڵاند و لە ناو خاکی عێڕاق را هێرشی نیزامی ئەنجام دا. دواین ئۆپێراسیون بەناوی “فروغ جاویدان” لە ڕۆژی ٣ ی گەلاوێژی ١٩٦٧ دەستی پێکرد، واتە شەش ڕۆژ دوای ئەوەی کە خومەینی ئاگربەستی شەڕی ڕاگەیاند. هێرشی موجاهیدین چەند ڕۆژی خایاند و لە ئاکام دا کۆماری ئیسلامی هێزەکانی موجاهیدینی قەڵاچۆ کرد و بەشێکی زۆر لەو هێزانە یان بە دەستی هیضەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران وە یان بە دیل گیران. تاقمێکی کەم لەو هێزانەی لەو شەڕە خوێناویە دا بریندار بون یان ساخ مانەوە، بۆ پێگەی نیزامی موجاهیدین لە ناو خاکی عێڕاق پاشەکشەیان کرد.

     ئەو شەڕە بو بە هۆی ئەوەی کە خومەینی، فتوایەکی زۆر دڕندانە وە بە دژی تەواوی یاساکانی بەشەری بە دژی ئەندامان و لایەنگرانی موجاهیدین کە لە زیندانەکانی ئێران دا گیرابوون دەربکات. بە پێی ئەو فتوایە، ئەو زیندانیانەی کە لە سەر بیر و باوەڕی خۆیان پێداگر بوون، بە دژبەری ئیسلام هەژمار دەکرێن و دەبێ لە سێدارە بدرێن. ئەو فتوایە تەواوی ئێرانی گرتەوە و لایەنگران و ئەندامانی سازمانی موجاهدین زۆر دڕندانە و بەەر بڵاو کۆمەڵکوژکران.

ئەو کۆمەڵکوژیە، بە شەپۆلی هەوەڵ بۆ لەناوبردنی زیندانیە سیاسێکان ناوزەدکراوە. دەنگۆی ئەوەی هەیە کە خومەینی، چەند ڕۆژ پاش ئەو فتوایە، فتوایەکی تری بۆ لە ناوبردنی ئەندامان و لایەنگرانی سازمان و حیزبەکانی تری ئێران دەرکردوە کە شەپؤلێکی تری ئێعدام و سێدارەی بەدواوە بوو و بە شەپؤلی دوهەم ناسراوە.

لە قۆناخی سێی ئەو کارەساتە دا، ئەوانەی کە ڕزگاریان ببوو و وە بەر ئەو دوو شەپۆلە نەکەوتن، لە دەرەوەی ئێران دا دەستیان کرد بە هەوڵ و تێکۆشان بۆ وێنە نوسینی کتێب و مەقالە، ساز کردنی سمینار و … بۆ لەقاودانی ئەو کارەساتە. لە تاقمێک لەو کتێب، مەقالە و وتوێژانە دا چەند جار زێندانیانی ڕزگاربوو نێوی کەسێکان وەک دادیاری زیندانی گەوهەردەشت، بە نێوی نەهێنی “حەمیدی عەبباسی” کە نێوی ڕاستەقینەی “حەمید نوری” بوە هێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٩ دا، کوڕێکی کورد کە زڕ-زاوای “حەمید نوری” بوە (وا وێدەچێ حەمید نوری دوو ژنە بوە کە ژنی دوهەمی سیغەیە وەک ئەو ژنە کچێکی هەیە کە مێردی بە ئەو کوڕە کورد کردوە.) بە هۆی دوبەرەکی بنەماڵەی هاوکاری ڕزگاربویەکی زیندانی دەکات بۆ دەداو خستنی حەمید نووری لە ستۆکهۆڵم.

دادستێنی سوئێد بۆ کارەساتی مرۆیی بڕیاری گرتنی حەمید نوری دەدات و لە ئاکام دا کاتێک حەمید نوری لە فرودگای ئارلاندای ستۆکهۆڵم دادەبەزی، بە تۆمەتی بەشداری لە کارەساتی ئێعدام و سێدارەی زیندانیە سیاسێکان لە ساڵی ١٣٦٧ وە لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج دەست بە سەر دەکرێ. دیارە بە دوو هۆکارەوە ئەو دادگایە سرنجراکێشە:

  • ڕوداوی کارەساتی ئێعدامەکانی ساڵ ١٣٦٧ لە وڵاتی ئێران ڕویداوە و بە دەستی پیاوکوژابی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە کەسانی ئێرانی ئەو کارەساتەیان خوڵقاندوە. هەروەها تا ئێستا باسی ئێعدامی کەسێک بە رەگەرز یان ڕەچەڵەک سوئێدی کە وەبەر ئەو شەپۆلە کەوتببوبێ نەکراوە. لەو کارەساتە دا. لەوەش زیاتر، حەمید نووری بۆ سوئێد لە باری یاساوە، پیاوێکی بیانیە. جا بە لە چاوگرتنی ئەوانە، پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ چ یاساو ریسایەک ڕێگا دەدات بە سیستمی دادپەوەری سوئێد کە کەسێکی بەیانی بۆ کارەساتێکی ئەوتۆ کە لەو دا سوءێدێک زەرەمەند نەبوە دەستبەسەر بکات، بیگرێ و دادگای بکات؟
  • حەمید نووری لە ٩ی نوامبری ٢٠١٩ (کە دەکات بە ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ هەتاوی) لە فرودگای ئارلاندای ستۆکهۆڵم  کاتیک پێ دەنێتە ناو خاکی سوئێد دەستبەسەرکرا، واتە ئەو کاتەی حەمید نووری دەستبەسەرکرا ٣١ ساڵ بە سەرکارەساتی ئێعدامی زیندانێکان دا تیپەڕ ببو. ئاخۆ ئەو کارەساتە لە باری یاسایەوە کات بەسەرچوو ئاماژە پێ ناکرێ؟

پێش ئەوەی بچینە لێکدانەوەی ئەو دو پرسیار گەلە با ئەوە ئاماژە پێ بکەین کە گرتنی حەمید نووری لە سەر شکایەتی چەند زیندانی پێشوو بوو کە لە کاتی ئەو کارەساتە دا لە زیندانی گەوهەردەشت بوون. ئەو شکایەتە، لالیەن دەفتەرێکی وەکالەتی بە نێوی (McCue & Partners LLP) کە لە لەندەنە، پێشکەش بە بەشی دادستێنی گشتی سوئێد بۆ تاوانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کرا. لە سەر ئەو شکایەتە، دادستێنی سوئێد، لە ڕۆژی ٨ی نوامبر، واتە بڕیاری دادستێنی بۆ گرتنی حەمید نووری پێش گەیشتنی حەمید نووری بۆ سوئێد درا بە پولیسی سوئێد لە فرودگای ئارلاندا. 

بە پێی یاسای سوئێد دەستبەسەرکردنی کەس بە بێ پاساو ڕیگە پێنەدراوە. لەو یاسایە دا بە یەکێک لەو ٤ ئەگەرەیەی خاورەوەدا دا دادستێن بۆی هەیە کە داوای گیرانی کەسێک بکات. پاش گرتنی کەسەکە، لە ماوەی چەند ڕۆژان دا دادستێن دەبێ کەیسەکە پێشکەشی دادگا بکات تا دادگار بڕیاری دەستبەسەرکردنی کەسێک بدات. واتە ئەوە دادگایە کە بڕیار دەدات کە ئایا کەسەکە دەبێ دەستبەسەر بکرێ و تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوە لە زیندان بمێنێتەوە یان خود ئازاد بکرێ. کاتێک دادستێن کەیسی خۆی بە دادگا پێشکەش داەکات دەبێ یەکێک لەو پاساوانە بێنێتەوە.:

  • دەتوانرێت گومانی لێ بکردرێت
  • دەلیل هەیە کە گومانی لێبکردرێت
  • ئەگەرەی گومانلێکراوی هەیە
  • زەمینەی کافی بۆ لێهەڵپێچینەوە و دادگایی هەیە

حەمید نووری لە ڕۆژی ١٣ی نوامبری ٢٠١٩ واتە ٤ ڕۆژ پاش گیرانی لە فرودگای ئارلاندا بە پاساوی “دەلیل هەیە لە گومانلێکروی لە پێشێکردنی یاسای نێودەولەتی لە ساڵی ١٣٦٧ لە” دادگا بڕیاری دەست بەسەرکردنی دا. ئەو بڕیارە چەند جاران تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوە و دادگا کردن نوێ کراوە و لە نوێکردنەوەکان دا ئاماژە بە زیاد بوونی بەڵگە و شاهید و شاکی دەکرا.

دادستێنی کەیسی حەمید نووری، کریستینا لیندهۆڤ کارلسێن، لە بەشی دادستێنی تاوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دا ئەزموونی لە کەیسی تاونی دژمرۆیی ڕواندا و سوریا کە لە سوئێد بەڕیوە چوون هەیە و زۆر بە وشیاری و سیستێماتیک ڵێکۆڵینەوەکانی خۆی درێژە پێدا تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوە و ڕۆژی دادگایی.

بە پێی یاسای سوئێد، دەستبەسەرکراو دەبێ پارێزەری هەبێ. دەست بەسەرکراو دەتوانێ بە بێ پارێزەر خۆی لە جوابی پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە بپارێزێ. هەربۆیەشە، کاتێک حەمید نووری لە فرودگای ئارلاندا گیرا، دادستێن، دەست بەجێ نوسراوەیەک بۆ باڵوێزخانەی ئێران دەنێرێت کە وا کەسێکی ئێرانیمان لە فرودگای ئارلاندا گرتوە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەخوازێت خزمەتی کۆنسولی بدات بەو کەسە، فەرموون وەکیلێک دیاری بکەن. باڵویزخانەی کۆماری ئیسلامی جوابی ئەو نامەیە ناداتەوە و لە ئاکام دا سوئێد بە خەرجی خۆی پاریزەر بۆ نووری دیاری دەکات. دیارە نووری پاشان بەو پارێزەرە رازی نەبوو و لە ئاکام دا پارێزەرەکە گۆڕدراو و دوو پارێزەر لە دەفتەرێکی پارێزەری سوئێد بە ناوەکانی، توماس سۆدێرکویست و دانیێل مارکوس پارێزەری نووریان لە ئەستۆ گرت.

پاش تەواو بوونی لێکۆڵینەوەی دادستێن و پۆلیسی لە ڕۆژی ٣١ی ژانویەی ساڵی ٢٠٢١ دادستێن تومەتبارێتی خۆی و داخوازی بۆ دادگایی نووری پێشکەش کرد. وەکیلەکانی نووری داوای کاتی زۆرتریان کرد و لە ئاکام دا لە ڕۆژی ٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢١ کە دەکات بە ٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ ی هەتاوی، ئەو تۆمەتبارێتیە درا بە دادگاو و دادگاش بریاری دا تا لە ڕۆژی ١٠ی ئاگوستی ٢٠٢١ واتە لە ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕا دادگایی دەست پێبکات. ئەو دادگایە لە ڕۆژی ٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢ واتە ١٤ی گوڵانی ١٤٠١ پاش زۆرتر لە ٩٠ جەلەسە و ٩ مانگ تەواو بوو و دادگا بڕیاری خۆی لە ڕۆژی ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٢ واتە ٢٣ی پوشپەڕی ١٤٠١ بڵاو کردەوە.

    دادوەری سەرەکی کەیسەکە توماس زاندێر، ئەویش پێش ئەو دادگایە دوو کەیسی ڕواندا و سوریای بەڕێوە بردبوو و لەو بوارە دا شارەزایەتێکی تەواوی هەبوو. دادوەری یارمەتیدەرش ئاننا لیلیەنبەری ئەویش لەو بوارانەدا ئەزمونی دادوەری ڕاسپێردراوی لە بۆسنیا دا هەبوو. ئەو دادگایە ٣٤ شاکی و ٤٠ شاهیدی لە خۆ گرت، بەو چەشنەی لەخوارەوە هاتوون:

شاکێکان، لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەو جیهانەوە بوون. ئەوە خۆی نیشان دەدات کە دادستێن چەند بە وردی و شنەیی کاری لێکۆڵینەوەی بەڕیوە بردبوو:

دادستێن تومەتبارێتی خۆی لە سەر ئەو دوو خاڵە یاساییە ساخ کردبۆوە:

  • حەمید نووری بە هۆی بەشداری لە کارەساتی ئێعدامی زیندانێکانی سەر بە موجاهیدین لە گەوهەردەشت، یاسای نێودەوڵەتی پیشێل و تاوانی گەورەی کردوە.
  • حەمید نووری بە هۆی بەشداری لە کارەساتی ئێعدامی زیندانێکانی چەپ لە گەوهەردەشت، توشی تاوانی پیاوکوژی و قەتڵ بوە.

بۆیەشە دادستێن داوای وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە سەرەکیەی لە دادگا کرد کە ئەو پڕسیارە سەرەکیە لە بڕیاری دادگا دا زۆر بە ڕوونی جواب دراوەتە. ئەو پرسیارە سەرەکیە ئەوە بوو کە ئایا بناغەی یاسایەی ئەو داگایە چیە، واتە ئایا دادگای سوئێد دەتوانی ئەو کەیسە بجوڵێنێ؟ دادگا لە جواب دا زۆر بە ڕوونی دەڵێت:

  • بە پێی ڕێکەوتنامەی ژومارە ٤ی کونوانسیۆنی ژنێو، پڕۆتۆکۆلی تەکمیلی ١، خاڵی ٨٩ کە لە یاسای سوئێد دا ڕەنگیداوەتەوە، دادگای سوئێد بۆی هەیە ئەو کەیسە بجوڵێنێ.
  • بە پێی یاسای سوئێد، فەسڵی ٢، پاراگرافی ٣، خاڵی ٦، دادگەیەکی سوئێد بۆی هەیە کە ئەو کەسیە کە نە لە سوئێد ڕوی داوە وە نە تاوانبارەکانی سوئێدین، بجوڵێنێ.
  • بە پێی یاسای سوئێد، فەسڵی ٢، پاراگرافی ٥ داگایەکی سوئێدی کە بە تەمای جوڵاندنی کەسیسێکی ئەوتۆیە دەبێ داوای تاقیکردنەوە لە دەوڵەت بکات کە ئایا دادگا بۆی هەیە کەیسەکە بجوڵێنێت یان نا. دەوڵەت پاش تاقیکردنەوە .بڕیاری داوە کە دادگا ئەو ئیزنەی هەیە

واتە، کۆنوانسیۆنی ژنێو کە لە ساڵی ١٩٦٤ دا لە یاسای تاوانی سوئێد کە بە ١٩٦٤:١٦٩ ناسراوە، وەک بناغەی یاسایی ئەو دادگایە ئاماژەی پێکراوە. واتە ئەوکاتەی کارەساتەکە خوڵقاوە، ئەو کردەوەیە لە یاسای تاوانی سوئێد وەک تاوان ناساندراوە. هەر ئەو یاسایە مافی ئەوە دەدات بە سیستمی داپەروەی سوئێد کە تاوانبارێکی بەیان بگرێ و سەزا بدات. واتە بە پێی ئەو خاڵانەی سەرەوە، دادگای سوئێد بۆی هەیە کەیسەکە بجوڵێنێ و “دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر” داسەپێنێ.

دەوڵەتی سوئێد تا ئێستا بۆ بەرژەوەندی جیا جیای نەتەویی، ڕێگر نەبوە لە دادگاکانی لەو شێوەیە کە لەو دا کەسێکی بەیانی بە تاوانی پێشێلکردنی یاساکانی نێودەوڵەتی لە سوئێد دەستبەسەرکراوە. لە سەر کەیسی حەمید نووری دەوڵەتی سوئێد لە ٢٢ی دسامبری ٢٠٢٠ واتە ٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ هەتاوی دا لەو بارەوە جوابی دادگای داوەتەوە و پێی لە سەر مافی سیستمی دادپەروەری بۆ جوڵاندنی ئەو کەیسە داناوە.

دیارە باسەکانی ناو دادگا، پرسیارە کانی یاسایی دادستێن و جوابی دادگا لێرەدا کۆتایی نایەت. لە ئاکام دا، دادگای ستۆکهۆڵم، بە پشت بەستن بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر، بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بە سەر گۆمانلێکراو دا داسەپاند. بەڵام ئەوەی بۆ ئەو نوسراوەیە گرینگە ئەوەیە کە دونیای پێشکەوتو مێکانیزمی یاسایی بۆ جوڵاندنی کەیسی دژ مرۆیی هەیە و ئەوە ئەرکی بنەماڵە، ڕێکخراوە مەدەنیەکانی دادخوازی و دیاسپۆرای کوردە کە کەسانی تاوانبار بە بەڵگەو دۆکۆمێنت پەلکێشی دادگا بکات. لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ، کە ئەو دادگایە زۆر بە باشی و ڕوونی دەریخست کە بایەخ دان بە قۆناخی سێی کارەسات، واتە قۆناخی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە وە بە دۆکۆمێنت کردنی ئەو کارەساتانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵات دا خوڵقاندویەتی، بۆ پەلکێش کردنی تاوانباران بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە چەندە گرینگە.

کۆتایی

شک و گومان لەوە دا نیە کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە دانیشتوانی کوردی کوردوە ئەوا خاڵانە لە خۆ دەگرێ:

  • بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لەو نوسراوەیە دا هاتوون، کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا دا لە نێوان ساڵانی ١٣٥٧ تا ١٣٧٠ ی هەتاوی بە شێوەیەکی سیستماتیک، توندو تیأانە و دڕندانە هاووڵاتانی مەدەنی ناوچە کوردنشینەکانی کردە یامانج. ئەو ئامارە مێژووییانەی لە سەرەوە باسمان کرد، هۆکارن بۆ ئەوەی باوەڕی ئەوە بکەین کە ڕێکارەکانی دەرەوەی یاسا و دادوەری، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر گیراوان، سزادانی گروپی، ئاوارەبوون و چەندین ڕێوشوێنی نامرۆڤانەی دیکە بەرامبەر بە کورد بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانە، ئاوات و داوای ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی بوە. واتە کردەوەیەی دژ مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاکامی داوای کورد بۆ مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بوە.
  • کردەوەی دژ مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ئاکامی فەرمانی جیهادی خومەینی دا بوو. جیهاد فەرمانێکی ئاینیە و بنەمای یاسای نیە. ئەو فەرمانە بوو بە هۆی کاولکاری، وێرانکاری، سوتاندنی گوندەکان، وە هەروەک کە لە سەرەوە ئامارەکان ئاماژەیان پێکرد بو بە هۆی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکاری زەقی یاسا و ریساکانی نێونەتەوەیی و لە نێو وان دا کونوانسیۆنی ژنیڤ و پرۆتۆکۆلەکانی.
  • –          “دادگای شؤڕش” کە سزای تیرەباران وە یان سێدارەی بە سەر زیندانێکان دا دا سەپاندوە، ب پێی یاسای بنەڕەتی (دەستور) ئێران لەو کات دا خۆی فەرمانێکی نایاسایی بوە. واتە بڕیارەکان ئەو دادگایە نایاسایی بونە.
  • میساقی ڕۆم و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ئای سی سی) پێشکەوتنە بۆ دادپەروەری لە جیهان دا و لەوانەی پێش بە کردەوەی دژمرۆڤانە بگرێ، یاسای ئەو دادگایە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زاینی ڕا کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردن، واتە تاوتۆی کەیسی تاوانبار یان تاوانبارانی ئێعدام و لەناوبردنی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنی کورد لە ١٣٥٧ تا ١٣٧٠  دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی زەمانی ئەو یاسایەی دادگاکەی لە سەر دامەزراوە.
  • یاسای وڵاتانی دێمۆکرات و پێشکەوتوو، تا ڕادەیەک دەتوانێ پیشتیوانی دادخوازی بنەماڵەی ئەو کەسانە بێت کە لە ماوەی ١٣٥٧ تا ١٣٧٠ دا ئێعدام کراون. بەڵام ئەوە پێویستی بەوەیە کە تاوانبارێک کە دەستی لەو کۆمەڵکوژیانە هەبوە پەلکێشی دادگا بکرێ. ئەوە خۆی پیوسیستی بەوەیە کە تاوانبار لەو وڵاتە بێت، شکایەتی لێ بکرێ، و بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و دادگا پەسەندی لە سەر بێت.
  • لە شوێنی تر جیهان وەک ئافریکای باشور، کومیتەی دۆزینەوەی ڕاستێکان بۆ لێکۆڵینەوە و سەر هەڵدانەوە لە جینایەتەکانی ڕژیمی ئاپارتاید دامەزرا. ئەو کومیتەیە ئەزمونێکە کە دەکرێ پاش ڕۆخانی کۆماری ئیسلامی ئێران سودی لێ وەربگیرێ و پەردەی ڕەشی سەر ئەو جنایەتانە کە کوردوستان کراون هەڵبدرێتەوە. دیارە ئەوە پێویستی بە گوتاری هاوبەشی کۆمەڵگای مەدەنی کورد، دادخوازان، بنەماڵەی ئێعدام کراوان وە هیز و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵات هەیە. ئاخۆ گوتارێکی هاوبەش لەو بابەتەوە لە ناو ئەو کۆمەڵگایانە دا هەیە؟

سەرچاوەکان:

  1. The Secretariat of the Human Rights Council, United Nations:
https://www.ohchr.org/en/instruments-mechanisms/instruments/geneva-convention-relative-treatment-prisoners-war
  • The International Criminal Court’s Online Library
  • Assembly of States Parties to the Rome Statute online website and documentation
  • Rome Statute of the International Criminal Court, 17 July 1998
  • Stockholms TR B 15255-19 Dom 2022-07-14 (Court verdict on Hamid Noury’s trial)
  • All the raw data for statistic on victims of the Islamic Republic of Iran are are courtesy of Nemiran.com, a Norwegian based human rights group working on documenting atrocities of the Islamic Republic of Iran